مه‌نسوور جیهانی
ڕێوڕەسمی پەردەلادان لە ماڵپەڕی فێستیڤاڵی “ئاسمان” و ڕاگەیاندنی بانگه‌وازی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم، فیلمنامه (سیناریۆ) و وێنه‌ی فۆتۆگرافی “ئاسمان” لە کۆمەڵگەی فەرهەنگی و هونەریی هۆڵی وه‌حده‌تی شارەوانی مەهاباد بەڕێوەچوو.
هه‌ر بەم بۆنەیەوە گەلەری هەمیشەیی هونەرەکانی شێوه‌کاریی “ئاسمان” لە شوێنی تەلاری وه‌حده‌تی شارەوانیی مەهاباد، بە کردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌ک له بەرهەمەکانی مامۆستا “ئەنوەر یووسفی” هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافەری دێرینی مەهابادی و هەروەها ژمارەیەک لە مامۆستایانی فۆتۆگرافیی کوردستان، لەوانە؛ جەمشید فەرهجوهند فەردا، ئیبڕاهیم عەلیپوور، مەنسوور محەمەدی، ژاڵه بەهرامی و میکائیل بایه‌زیدی و … کرایه‌وه.
کردنه‌وه‌ی گەلەری هەمیشەیی هونەرە بینراوەکانی “ئاسمان“
یەکەمین پێشانگای وێنەی فۆتۆگرافی “ئاسمان” لە گەلەری هەمیشەیی هونەره بینراوه‌کانی “ئاسمان”، بە ئامادەبوونی “سەلام ستوودە”، نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکی مەهاباد، ئەندامانی شۆرای شاری مەهاباد، “جەلال وەتمانی” سەرۆکی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شورای شار، ئەندازیار “بابەک ڕۆستەمپوور” سەرۆکی شارەوانی شاری مەهاباد، بەرپرسانی دیکە، هونەرمەندان و هه‌روه‌ها خەڵکی هونەردۆستی مەهاباد و بە دەسته‌کانی مامۆستا “ئەنوەر یووسفی” کرایەوه.
رێزگرتن له مامۆستا “ئەنوەر یووسفی” هونه‌رمه‌ندی وێنه‌گری فۆتۆگرافەری مەهابادی
هاوکات لەم بۆنە هونەرییەدا ڕێوڕەسمی رێزگرتن له تەمەنێک هەوڵ و چالاکیی بەنرخی مامۆستا “ئەنوەر یووسفی” هونه‌رمه‌ندی فۆتۆگرافەر و پێشه‌نگی مەهابادی بەڕێوەچوو.
لەم ڕێوڕەسمەدا، کورتە فیلمێکی به‌ڵگه‌نامه‌یی دەربارەی تەمەنێک هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا “ئەنوەر یووسفی” و هەوڵی بێوچانی ئه‌و لە تۆمارکردنی بەرهەمە ناوازەکانی وێنه‌گریی فۆتۆگرافی له ژیانی خەڵکی مەهاباد و گوندەکانی دەورووبەری ئه‌و شاره لە ساڵانی پەنجاکانی هه‌تاویدا نمایش کرا کە سەرنجی ئامادەبووانی ئەم مەراسیمەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا.
لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمی رێزگرتن و یادکردنەوەیهدا، بە پێشکەش کردنی له‌وحه‌ی سوپاس و دیاری لە لایەن ئەندامان و کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی شار، شارەوانیی مەهاباد و نووسینگه‌ی هەمیشەیی فێستیڤاڵی “ئاسمان” له چه‌ندین ساڵ هەوڵ و تێکۆشانی هونەریی ئەم مامۆستا پایه‌به‌رزه‌ی فۆتۆگرافی رێز گیرا و به‌رهه‌مه‌کانی بەرز نرخێندرا.
درێژەی چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”
ئەم رێوڕه‌سم و بۆنە هونەرییە لە درێژەی چالاکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی هه‌رچی باشتری یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” لە مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٤٠٣ لە شاری مەهاباده کە به پاڵپشتی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی ئەنجومەنی شار و شارەوانی شاری مەهاباد و دامه‌زراوه‌ی ئینستیتیوتی “لاوان فیلم موکریان” و به هاوکاریی ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ڕۆشنبیریی مەهاباد لە شوێنی تەلاری وەحدەت، تەنیشت نووسینگه‌ی هەمیشەیی فێستیڤاڵی ئاسمان بەڕێوەچوو.
گرنگی پێداویستییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی مەهاباد
لەم بۆنە و رووداوه هونەرییەدا، “سەلام ستوودە” نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە مه‌جلیسی شۆڕای ئیسلامی و ئەندازیار “بابەک ڕۆستەمپوور” سەرۆکی شارەوانی شاری مەهاباد، سەبارەت بە گرنگی پێداویستییە فەرهەنگی و هونەرییەکانی شاری مەهاباد و دروستکردنی ژێرخانه‌کانی کولتووری و به‌ڕێوه‌چوونی بۆنە و رووداوه کولتووری و هونەرییە ناوازەکان لەم شارەدا بۆ ئاماده‌بووان قسه‌یان کرد.
دەستپێکردنی ماڵپەڕی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”
لە کۆتایی ئەم رێوڕه‌سمی پەردەلادانەدا، “بەختیار پەنجەیی” بەڕێوەبەری بەشی فیلمی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” له لایه‌ن نووسینگه و سکرتاریەتی ئەم بۆنە و رووداوه هونەرییە سەبارەت بە گرنگی و تایبەتمەندییەکانی بەڕێوەچوونی ئەم فێستیڤاڵە ڕوونکردنەوەیەکی پێشکەش کرد و له درێژه‌دا، “بانگەواز”ی فەرمی بۆ یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنەی فۆتۆگرافیی “ئاسمان” هاوکات له‌گه‌ڵ په‌رده‌لادان لە ماڵپەڕی فێستیڤاڵەکە و چۆنییەتی ناردن و پێشکەشکردنی بەرهەمەکان بۆ ئەم رووداوه هونەرییە راگه‌یاند.
لەگەڵ ڕاگەیاندنی بانگەوازی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنه‌ی فۆتۆگرافی “ئاسمان” له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌ییدا؛ ژمارە تەلەفۆنهکانی نووسینگه که بریتین لە 04442242740 و 09143421140 بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ هونەرمەندان به‌ر ده‌سته.
فێستیڤاڵی “ئاسمان” ئەمساڵ لەسەر ئاستی ناوچەییدا و بە ئامادەبوونی به‌رهه‌مه‌کانی هونەرمەندانی 10 پارێزگای وڵات لە نزیک فەلاتی زاگرۆس کە دەکەوێتە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێران، لەوانە؛ پارێزگاکانی کۆهکیلۆیە و بۆیەر ئەحمەد، لوڕستان، هەمەدان، ئیلام، کرماشان، کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، ئەردەبیل، زەنجان لە شاری مەهاباد بە شێوه‌ی فەرمی دەستی بە کار کرد.
بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی سیمپۆزیۆمی پەیکەرسازیی مەهاباد
دوای بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی سیمپۆزیۆمی پەیکەرسازیی مەهاباد، ئەمە دووهەمین بۆنە و رووداوی هونەری و فەرهەنگیی گرنگ و دیاری مەهاباد له‌م ساڵدایه که ده‌که‌وێته به‌ر سه‌رنج و لە لایەن خەڵکی تێگه‌یشتوو و هونەردۆستی ئەم شارەوە پێشوازیی لێدەکرێت. ئامادەبووان له‌م رێوڕه‌سمه‌دا، هیوای خۆیان دەربڕی کە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی شۆرای شار، شارەوانیی مەهاباد و ئەندامانی نووسینگه و سکرتاریەتی هەمیشەیی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان”، لە درێژەپێدانی ڕەوتی فەرهەنگی و هونەریی ناوازە لە شاری مەهاباد گرنگی هه‌یه.
به‌ڕێوه‌چوونی یەکەمین فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” هاوکات لەگەڵ ڕۆژی سینەما
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنه‌ی فۆتۆگرافی “ئاسمان” به به‌رپرسایه‌تی سینەماکاری به‌ئه‌زموونی مەهابادی “ئیبڕاهیم سەعیدی”، بە ڕێبازێکی هونەری، گەشتیاری؛ لە لایەن ئەنجومەنی شۆڕای شار و شارەوانیی مەهاباد و دامه‌زراوه‌ی ئینستیتیوتی “لاوان فیلم موکریان” و بە هاوکاری لەگەڵ ئیداره‌ی گشتیی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕۆژانی ١٨ تا ٢١ی مانگی خه‌رمانانی ساڵی ١٤٠٣ (٨ تا ١١ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠٢٤) هاوکات له‌گه‌ڵ رۆژی نه‌ته‌وه‌یی سینه‌ما له شوێنی پلازای گۆڕەپانی مه‌یدانی مەنگۆران لە شاری مەهاباد به شێوه‌ی سه‌رئاوه‌ڵا له ده‌ره‌وه‌ی هۆڵ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.
بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری زیاتر:
بەڕێوەبه‌رایه‌تی پەیوەندییە گشتییەکانی فێستیڤاڵی فیلمی “ئاسمان” لە مەهاباد.
Discussion about this post