بورھان شێخ ڕەئوف
دواجار سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بڕیاری دا کە ھێزێکی بچکۆلە کە پێکدێت لە دووسەد کەس لە باکوری سوریا و بە دیاریکراوی لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی فورات بھێڵێتەوەو ئەوانی دی کە دووھەزار کەس بوون بکشێنێتەوە لەو وڵاتە, جگە لەوەی کەوا بنکەی ( تەنەف) ی لە سەر سێگۆشەی سنوری عێراق و ئوردن و سوریا ھەیە لەوێش دووسەد سەربازی تر دەمێنێتەوە نزیک لەو ڕێگەیەی کە دیمەشق و بەغداد دەبەستێت بە یەکەوە .
ئەو بنکە زیاتر بۆ چاودێری ڕێگەی نێوان عێراق و شامە و جموجووڵی ئێرانە ھەروەھا سارە سەندرز وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە ئەو ھێزە بۆ پاراستنی ئاشتی یە بۆ ماوەیەکی تر لە سوریا دەمێننەوە کە خوازیاربوو ئەمەش ھاندەرێک بێت بۆ ئەوەی ھاوپەیمانە ئەوروپیەکانیش ھەمان ھەنگاو بگرنە بەر بە ناردنی ھێز بۆ پاراستنی ئاشتی لە سوریا لە کاتێکدا مەترسی سەرھەڵدانەوەی داعش لە ئارادایە .
ئەوەشمان لە بیر نەچێت ھەفتەی ڕابردوو وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت باتریک شاناھان شکستی ھێنا لەوەی ئەورەپیەکان قایل بکات بە بێ مانەوەی ھێزی ئەمریکا ئەوانیش لەوێندەرێ بمێننەوە , مانەوەی ئەوە ھێزە بچکۆلەی ئەمریکا لە ژێر فشاری زۆرێک لە جەنراڵە دیارەکانی پنتاگۆن دا بوو کە نەیانشاردەوە کە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی لە سوریا بواری تەواو بۆ ڕوسیا دەڕەخسێنێت کە تەواو ھەژموونی خۆیان بە سەر سوریادا بسەپێنن ھەروەھا دەرگا دەکاتەوە بۆ تورکیاو ئێران کە ئەجنەدای خۆیان بسەپێنن لە سوریادا کە تەواو پێچەوانەی بەرژەوەندی ھاوپەیمانە تەقلیدیەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو .
کاردانەوەی وڵاتان لە سەرمانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا
ڕوسیا زۆر نیگەرانە و نەیشاردەو تەنانەت لە زاری وەزیری دەرەوە سیرگی لافرۆڤەوە ڕایگەیاند کە ئەمریکا بە نیازە دەوڵەتۆِچکەیەک لە ڕۆژھەڵاتی فورات بۆ کورد دروست بکات و وتی ئەمریکا ڕێگری دەکات لە ھاوپەیمانەکانمان کە وەبەرھێنان بکەن بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێم .
تورکیا ھەر لە سەرەتاوە نیازی خۆی نەشاردەوە کە پەلاماری ناوچەکانی باکوری سوریا دەدات کە لە ژێر دەستەڵاتی ھەسەدە دان دواتر لە ژێر ھەڕەشەو فشاری ئەمریکیەکان پاشگەزبووەو داوای دامەزراندنی ناوچەی ئارامیان کرد بە ھەماھەنگی لە گەڵ ئەمریکا بەڵام کوردەکان قایل نابن بە ناوچەیەکی ئارام تورکیا سەرپەرشتی بکات بەڵکو دەخوازن ناوچە ئارامەکە لە ژێر چاودێری ھاوپەیمانان یان نەتەوەیەکگرتووەکاندا بێت .
ھەرچەندە ئەمریکیەکان لە ھەوڵی ئەوەدا بوون کە دڵنییایی بدەنە تورکیا کە کوردەکانی سوریا و ھەسەدە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا ھیچ مەترسییەکیان بۆ تورکیا نابێت بەڵام بێ ئاکام بوو , ھەر ھەڵوێستی توندی تورکیاش بوو ئەمریکیەکانی ناچار کرد کەوا پاشەکشەکەیان بۆ ماوەیەک دوا بخەن و دواتریش بەشێک لە ھێزەکانیان ئەگەرچی کەمیش بێت لە باکوری سوریا بھێڵنەوە .
ھەڵوێستی ھەسەدە و کورد لە مانەوەی ئەو ھێزە
کوردەکان خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی لە مانەوەی ئەو ھێزە بچکۆلەی ئەمریکا بەناوی ھێزی ئاشتی پارێز لە ناوچەکانیان و خوازیار بوون کە ببێتە ھەوێنی ئاشتی و ڕێگر بێت لە ئاژاوەوبەریەک کەوتنی گەورە و لە ھەمانکاتدا خوازیاربوون لە وڵاتانی تری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە ھەمان ھەڵوێست بگرنە بەر بە ناردنی ھێزی ئاشتی پارێز و دامەزراندنی ناوچەیەکی ئارام تاوە کو کاتی چارەسەرکردنی ھەموو قەیران و کێشەکانی سوریا .
لە ھەمان کاتدا کوردەکانی سوریا لەو باوەڕەدان کە بوونی ئەم ھێزانە فاکتەرێک دەبێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی و دایالۆگ کە ئێستا باسی لێوەدەکرێت لە نێوان کوردەکان و ڕژێمی ئەسەد بەرەو پێشەوە بچێت و لە ھەمان کاتدا وەکو کارتێکی فشار ڕۆڵی خۆی بگێڕێت .
ھەرچەندە کێشەی بوونی ھێزی ھاوپەیمانان چ ئەمریکی و چ ئەوروپیەکان لە سەر خاکی سوریا ھیچ دەق و داڕێژراوێکی یاسایی نی یە پشتگیری بکات , بۆ یە ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکانیش ڕووبەڕووی ئەو ئاریشە بوونەتەوە کە چۆن خۆیان لە لێپێچینەوەی یاسای و ڕەخنەی وڵاتان لابدەن و مۆڵەتێک لە کوێ وە وەربگرن بۆ ئەوەی لە سوریا بمێننەوە .
لە کۆتاییدا مانەوەی ئەو ھێزانە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ھەسەدەو کوردەکانی سوریا کە ھاوپەیمانی سەرسەخت و کاریگەری ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بوون لە شەڕی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی داعشدا و ھەروەھا دەبێتە ھاندەرێک کە ھاوپەیمانە ئەوروپیەکانی وەکو فەرەنساو بەریتانیاش ھەمان ھەنگاو بگرنە بەر بۆ مانەوە وەکو ھێزی ئاشتی پارێز ھەرچەندە ئەوان پێشتریش ڕایانگەیاندبوو کە کوردەکان بە تەنیا جێناھێڵن بە تایبەتی فەرەنسیەکان .