لەیادى چوار ساڵ تێپەڕبوون بەسەر مەرگى لەناکاوى هونەرمەندێک ، کە بۆ هونەر ژیاو لەپێناو هونەریشدا ژیانى بەخشى ، هونەرمەندێک هەمیشە دەم بەخەندە و هەست ناسک و پڕاو پڕ لە جوانى و لە هونەر ، هونەرمەندێک کە هەمیشە لەخەمى هونەرى نەتەوەکەیى و بزافى ڕزگارى خوازى نەتەوەکەیدا بوو
ڕۆژى 21/6/2005 ، ڕۆژێکى جیاواز لە ڕۆژەکانى تر ، ڕۆژى مەرگى ناوادەى هونەرمەند ( عوسمان عەلى ) ئەو هونەرمەندەى خاوەنى مێژوویەکى جوان لەکەسایەتى و لەهونەرى میوزیک و گۆرانى کوردى ، لەم یادە پڕ ناسۆرەو جەرگبڕەدا یادى ئەو ڕۆژانەى کەبۆ چەند ساتێکى کەم لەخزمەتى ئەو هونەرمەندە ئازیزو خۆشەویستەدابووم کە بەناوهێنانى ڕادەچڵەکێم و بەزۆر ڕاپێچم دەکات بۆ ئەوڕۆژانەى هونەرمەند عوسمان عەلى ،دەهاتە دوکانەکەم ( سەرتاشخانەى ڕەزازى ) بە مەبەستى سەرتاشین و لەدەرگاوە بەزەردەخەنەیەکەوە دەیوت ( بەرەلڵا شکور لەدوکانى ، پێم سەیرە لەلاى کاک ناسر نیت ) بۆیە واى پێدەوتم چونکە پێشتر چەند جارێکى تر هاتووە و من لەوێ نەبووم ، ئەگەر لە خزمەت هونەرمەند ناسرى ڕەزازى یشدا نەبووبێتم ئەو واى هەست دەکرد کە لەوێم ، بەهەرحاڵ ئەو کاتانە زۆر خۆش و بەچێژ بوو تا کارى سەرتاشینەکەم ئەنجام دەدا ، ناوەناوە هونەرمەندى شانۆکار ( عەبدوڵا حمە ێالح ) ناسراو بە ( عەبەى تەمە ) بەقسە خۆش و بەچێژەکانى تێکەلاوى باسەکانمان دەبوو لەگەڵ هونەرمەندى کۆچکردوو ( عوسمان عەلى ) لاپەڕەکانى ڕۆژانى کۆنى سلێمانى و هونەرو هونەرمەندان و ڕۆژە خۆشەکانى ڕابردوویان هەڵدەدایەوە ، ئاى کە ڕۆژانێکى خۆش بوو بەڵام بەداخەوە زوو ئاوابوون ،
کاک عوسمان لەو ماوەیەى پێش کۆچکردنى چەند جارێک تەشریفى هێنا بۆ دووکانەکەم ، بەڵام لەڕوخسارو وتەکانیدا نیگەرانیەک بەدى دەکرا ، هەمیشە بیرى لەوەدەکردەوە کە بۆئەو گەشتە هونەرییەى تیپى موزیکاى سلێمانى کەبەرەو ئەوروپا ئەنجامیان دابوو ، زۆر نیگەران بوو منیش بۆ ئەوەى ئەو خەمەى بڕەوێنمەوە ، پێم دەوت کاک عوسمان بۆهێندە مێشکت بەو گەشتە هونەرییەوە سەرقاڵ کردووە ، کاکە گیان ئەى بۆ باس لەوە نەکەین کە بەڕێزتان و (کاکە دیارى قەردەداخى و ئاڤان جەمال و لو قمان سەلیم و دڵسۆز عوسمان کێمنەیى ) بەشداریتان لەفیستڤاڵى شارى دیاربەکردا کردووە و لەبەردەم زیاتر دووسەد هەزارکەس بەجل و بەرگى کوردییەوە لەسەر شانۆ گۆرانى ( شیرینە سەوزە) ت خوێندووە ، ئەوەش گەورەییە بۆ بەڕێزتان هونەرمەندانى هاوسەفەرت ، چونکە لەشارێکى باکوورى کوردستانى داگیرکراودا ، لەژێرسیستەمى داگیرکەرێکدا کەهەرگیز باوەڕى بەمافە سەرەتاییەکانى گەلى کوردنیە ، ئێوە بەجلى کوردییەوە گۆرانى کوردیتان خوێندووە ، ئەوەش مێژوویەکە تۆمارتان کردوو سەربەرزى و گەورەییە بۆ بەڕێزتان هاوڕێ هونەرمەندەکانت و ژەنیارەکان ، بەڕەحمەت بێ کاتێک گوێى لەم قسانە دەبوو کەدڵ خۆشیم دەدایەوە ، ئارام دەبۆوە و دەیوت جەمال ڕاست دەکەیت ،
خاتوو مەرزیەى فەریقى ( ڕووحى شاد ) لەبەرابەر دەربڕینى ئەو عەشق و خۆشەویستیەى بۆ ناسرى ڕەزازى هاوسەرى و ڕێزگرتن و ئەنجامدانى مەراسیمى جەژنى لەدایکبوون بۆ ناسرى ڕەزازى ، ڕۆژى ( 15/6/2005) ژنە هونەرمەندى کۆچکردوو ( مەرزیەى فەریقى ) ئاگادارى کردم کەسەردانى بکەم لە شارۆچکەى دوکان ، هەمان ڕۆژ پاش نیوەڕۆیەکەى گەیشتمە خزمەتى ، وتى دەزانى کە ناسر لە هەندەرانەوە دواى چەند ڕۆژێکى تر لەگەڵ منداڵەکان دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان ، هەروەها ئاگاداریت کە (21/6) ڕۆژى لەدایکبوونى ناسرە و پێم خۆشە بۆ ئەو جێژنە ئاهەنگێک سازبکەم و بۆناسر ببێتە شتێکى کتوپڕ ، مەرزیە خانم لێمى پرسى و وتى بەڕاى تۆ لەکوێ ئەو مەراسیمە ئەنجام بدەین و کێ لە هونەرمەندان و کەسایەتى بانگ هێشت بکەین ،
دواى وتوێژو ڕاگۆڕینەو شوێن و هەندێک لەهونەرمەند و کەسایەتیمان دیاریکرد ،بۆڕۆژى دواتر شوێن گیراو و ئاگادارى کردمەوە کە هەندێک لەو کەسایەتى و هونەرمەندانە ئاگاداربکەم و پێیان ڕابگەیەنم کە بانگهێشت کراون بۆ ئەو یادى لەداکبوونە ،تا ڕۆژى 21/6 بەردەوام لەڕێگەى تەلەفۆنە لەگەڵ خاتوو مەرزیە پەیوەندیمان هەبوو ئاگادارى چۆنیەتى بەڕێوەچوونى کارەکان بووین ، ئەوەبوو کاک ناسر و منداڵەکانى گەڕانەوە کوردستان ، لەسەر داواى خاتوو مەرزیە ڕۆژى ( 21/6/2005) خۆم خێزانم زووتر بچینە شوێنى مەبەست کە ( یانەى کۆمەڵایەتى ) بوو لەبەر میوانەکان چونکە ئەوان لەشارۆچکەى دووکانەوە تادێن لەوانەیە کەمێک دوابکەون ، بەهەرحاڵ کاتژمێر ( 6:30) ئێوارە خۆم و خێزانم لەشوێنى مەبەست ئامادەبووین ،
کاتژمێر (7:15) خولەکى سەرلەئێوارە یەکەم خانەوادە کە هاتن خوالێخۆشبوو ( عوسمان عەلى و بێگەردخانى هاوسەرى و کاکە هەردى کوڕى) هاتن ، پاشان هێدى هێدى میوانانى بانگهێشتکراو دەگەیشتنە ناو یانەکە ، کاک عوسمان عەلى بانگى کردم وتى چیە هەرخۆت هاتوویت ، وتم نەخێر خێزانم و کاکە ئاریانى کوڕم لەگەڵدایە ، وتى بابێنە لاى ئێمە بەیەکەوە دادەنیشین ، سەرەتاى دانیشتنەکەمان دەرگاى وتوێژ و چۆنیەتى ئەنجامدانى ئەو مەراسیمە کرا بەباس و خواسمان ، دیسانەوە کاک عوسمان گلەیى و گازاندەى کردو نیگەرانیەکەى سەرى هەڵدایەوە سەبارەت بەو فەرامۆشکردنەى کە نایان بردبوو بۆ ئەوروپا ، دیسانەکەوتمەوە باسى فیستڤاڵەکەى ( دیاربەکر ) ، لەم قسانەدابووین ، هونەرمەندى ئازیز ( دیارى قەرەداخى ) هات و لەنزیکمانەوە دانیشت ، هونەرمەند عوسمان عەلى زوو زوو بەکاک دیارى دەگووت دیارى گیان وێنەکانى دیاربەکر ئەوانەى بەیەکەو گرتوومانە تکایە بیگەیەنە دەستى کاکە هەردى پێم دەگات ،
کات بوو بە (7:45) خولەک دادە مەرزیەو کاکە ناسر و منداڵەکانى گەیشتن ، زۆر خۆش حاڵ و بەختەوەربوون بەهاتنى میوانەکان و یەکەیەکە بەخێرهاتنى میوانەکانیان بەو پەڕى ڕێزو حورمەتەوە کرد، دواتر هاتنە لاى ئێمە و سەرەڕاى بەخێرهاتن هەردوکیان ڕوویان کردە کاک عوسمان و پێیان گووت ( هەمیشە دڵمان لاتەو تۆ زۆر گەورەو پیاویت ) ، ئێوارەیەکى زۆر خۆش بوو ، خەندەو بزە بەڕوخسارى تەواوى میوانەکانەوە بەدى دەکرا بەختەوەرى خۆشى شادى باڵى بەسەر ئەوناوەدا کێشابوو ،
ئاهەنگى جەژنى لەدایکبوونى هونەرمەند ناسرى ڕەزازى ، بەوتەیەکى خاتوونى هونەرمەند ( مەرزیە فەریقى ) دەستیپێکرد ،
لەگەڵ گوێگرتن لە میوزیک و گۆرانى پرسیارێکم لەکاک عوسمان کرد ( لەدرێژەى ژیانى هونەریتدا ڕۆژێک بووە ڕووبەڕوو پێت بڵێن دەنگت ناخۆشە و حەزمان لەدەنگت نیە ؟؟
لەوەڵامدا وتى … جەمال گیان ڕوویداوە و هەرگیز نیگەران نەبووم ، چونکە گۆرانى خۆراکە ناتوانى بەزۆر دەرخواردى خەڵکى بدەیت ، تاخۆیى ئارەزوویى لێ نەبێت ، بەهەرحاڵ دانیشتنەکەمان لەگەڵ گێڕانەوەى قسەى خۆش و میوزیک و گۆرانى ئاوێتە کردبوو ، تا ئەو کاتەى کاک عوسمان بەرەو شانۆ بەڕێ کەوت هیچ دیاردەیەک بەڕوخسارییەوە بەدى نەدەکرا و یان بڵێت ئازارم هەیە و بارى تەندروستیم تەواو نیە ،
هەروەها دەبێت ئەوەش بۆ مێژوو بڵێم لەنێو تەواوى ئامادەبووانى ئاهەنگەدا تەنها من و کاک عوسمان ( مەى) مان نەخواردەوە زیاتر کاتەکەمان بەقسەو گوێگرتن لەنوکتەو میوزیک و گۆرانى دەگرت ،
کاتژمێر ( 11:30) ى شەو کاکە ناسرى ڕەزازى بەو بۆنەیەوە چەند گۆرانی و مەقامێکى لەبەرهەمەکانى خۆى چڕى ، کات بوو بە ( 11:55) ى شەو ناسرى ڕەزازى بەکۆپلەیەک گۆرانى بانگى لە کاک عوسمان کرد و وتى ،
(( وەى لەبەر چاوى بەکلى ..کوشتمى دەسڕى لەملى ئاخ هەموومان لەگەڵ تۆینە ، وەرە کاک عوسمان عەلى ))
ناسرى ڕەزازى کۆتایى بەگۆرانیەکەى هێناو ، هاوڕێى هونەرمەند ( زاهیر جەلال ) بەرەو لاى ئێمەهات و وەک ڕێزو حورمەت بۆ گەورەیى عوسمان عەلى ، دەستى کاک عوسمانى گرت و بەرەو شانۆکەى برد ،
سەرەتا هونەرمەند عوسمان عەلى بە وتەیەک پیرۆزبایى لەکاک ناسر کرد و هیواى زیاتر سەرکەوتنى خواست بۆ دادە مەرزیەو کاک ناسر و منداڵەکانیان ،
کاک عوسمان ئاوڕێکى لەژەنیارە بەڕێزەکان دایەوە و گوتى ئازیزان مەقامێکى ( ڕاست ) ئەو ئازیزانەش بەدەست و پەنجە زێڕینەکانیان خواستەکەى هونەرمەندیان بەجێ گەیاند ،
کاک عوسمان بەمەقامێکى ڕاست دەنگى هەڵبڕى ، ئەم مەقامەى خوێند …..
(( تۆڵە بۆیە تۆم ناونا تۆڵە … ببى بە تۆڵەى ئەم خاک و خۆڵــــــە
ڕۆڵە قەت ژینى ژێر دەستیت نەوێ …. ئەو کەسەى ویستى بزانە زۆڵــــە ))
کاک عوسمان ئەم کۆپلەیەى خوێند و میوزیکژەنەکان بەردەوام بوون لەژەنین ، پاشان هونەرمەند دەنگى هەڵبڕى وتى (( ئــێمە ) ) یەکسەر کەوتە سەر ئەژنۆ بەڵام نەیدەویست چۆک دابدات و دەستى لەزەوى گیر کردو ویستى هەستێتەوە ، بەڵام مەرگ بوارى نەدا شەکەت بوو بۆ هەمیشە کەوتە سەرزەوى ،
خەم و پەژارەو دڵە ڕاوکێ باڵى بەسەر ئامادەبواندا کێشا و هەموو شتێک وەستا و دونیایەکى کپ و بێدەنگ شانۆکە خامۆش بوو ، بەپەلە گەیەندرایە نەخۆشخانەى بوژاندنەوەى دڵ ، هەزاران جار حەیف لەڕێگا بۆ نەخۆشخانە کۆچى دوایى کرد،دەنگى شین و گریان لەهەموولایەکەوە دەبیستراو خاتوو مەرزیە و کاکەناسر بەجارێک خەم و پەژارە دایگرتبوون و لەبەر هەنسک و گریان نەیان دەزانى چى بڵێن و چى بکەن ؟؟!!، بەبۆنەى تێپەڕبوونى چوار ساڵ بەسەر کۆچى دوایى هونەرمەند ( عوسمان عەلى ) ( 21/6/2005) کە بۆ هەمیشە ماڵئاوایى لەمەڵکەندى و شارە ئازیزەکەى سلێمانى و خانەوادەو هونەرو هونەرمەندانى گەلەکەى کرد و هەروەها چوارساڵ بەسەر تێپەڕبوون بەسەر کۆچى دوایى شاژنى گۆرانى کوردى ( مەرزیەى فەریقى ) ( 18/9/2005) ، ڕووحیان شاد و گڵکۆکانیان پڕنوور بێت و بۆ هەمیشە کەسایەتى و هونەرەکەى یان بەزیندوویى دەمێننەوە و بۆ هەمیشە لەگەڵماندا دەژین ،