ئه‌و پیَشتر وه‌ك گۆرانیبیَژیَك له‌كه‌ناڵه‌كاندا ده‌بینرا، به‌ڵام ئیَستا له‌به‌رنامه‌ی (ئه‌ژده‌ر شۆ)دا دهبیندریَت، ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه كه‌مه‌به‌ستی له‌به‌رنامه‌ی (ئه‌ژده‌ر شۆ) بۆ ده‌ركه‌وتن بیَت، به‌ڵكو مه‌به‌ستی له‌هاتنه‌وه‌ی بۆ كوردستان ئه‌وه بووه كهكاریَك بكاتء خزمه‌ت به‌هونه‌ری كوردی بكات، پیَشیوابوو كهدهبیَ له‌مه‌ودوا هونه‌رمه‌ندان هه‌موویان ده‌ست له‌ناوده‌ستی یه‌ك بیَنهوه كوردستانء كاری جوان پیَشكهشی هونه‌ری كوردی بكه‌ن.
ئه‌و وتی: پیَویستیم به‌و دهركهوتنء خۆده‌رخستنه نییه، چونكه چه‌ند ساڵیَكه سه‌رقاڵى هونهرمء به‌شی ئه‌وه‌ش له‌لایه‌ن خه‌ڵكییه‌وه ناسراوم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م ته‌نیا خزمه‌تكردنی هونه‌ری كوردیء هونه‌ره‌كه‌ی خۆمه، هیواداریشم بتوانم ئه‌وه بكه‌م، چونكه من ئه‌گه‌ر بمهویَ ده‌ربكه‌وم ره‌نگه كاری تریش ههبیَ بۆ ده‌ركه‌وتنم.
گله‌یی له‌دوو كچ هه‌یه
زۆر هونه‌رمه‌ند هه‌ن، هاوكاری هونهرمهندانء گه‌نجانی تازه پیَگهشیتوو ده‌كه‌ن، ئه‌ژده‌ر-یش به‌ده‌ر نه‌بووه له‌و هاوكاریكردنه، بۆ نمونه دوو له‌و كچه هونه‌رمه‌ندانه‌ی كه ئیَستا ناسراون، سه‌ره‌تا چوونه‌ته لای ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی هاوكاریان بكات، به‌ڵام گله‌یی له‌و دوو كچه كرد، چونكه تائیَستا به‌هیچ شیَوهیهكء له‌هیچ شویَنیَك ناویان نههیَناوه، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كهیهكیَك له‌و كچانه له‌كاتی خویَندكارییاندا له‌په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان، هه‌ر شیَتیَك كه‌خۆی فیَری بووایه یان بیخویَندبایه، ئه‌وا به‌و كچه‌ی ده‌وته‌وه، وتیشی پیَویستیم به‌وه نییه ئه‌وان ناوم بهیَنن یان نا، به‌ڵام بۆ میَژوو خۆشه كه‌خه‌ڵك بیزانن.
باسی له‌وه‌شكرد كهئیَستا (4) به‌رهه‌می بۆ كورِیَكی گه‌نج ئاماده‌كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی تۆماریان بكات، خۆشحاڵیشی دهبرِی به‌وه‌ی هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی تر بكات.
له‌شیعری كلاسیكی ناگه‌ن
ئه‌ژده‌ر له‌و ئه‌لبوومه‌یدا سوودی لهتیَكستهكانی هه‌ردی نوری شاعیری گه‌نج وه‌رگرتووه، بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌و پیَیوایه هه‌ردی گهنجیَكی تازه پیَگهیشتووی به‌توانایه، ئه‌و شیَوهیهی كه كاریشیان له‌سه‌ر كردووه له‌م ئه‌لبوومه‌دا پیَیدهڵیَن (تارانه سه‌را)، كه له‌سه‌ر ئاوازه‌كه تیَكست دهنووسریَ، ئه‌م زیاتر له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه دهنوسریَ كهشارهزاییان له‌بواری موزیكدا ههبیَ. پیَشیوابوو ئیَستا زۆربه‌ی گه‌نجه‌كانمان له‌شیعری كلاسیكی ناگهنء چیَژی لیَوهرناگرن، بۆیه پیَویستمان به‌و وشه ساده‌و ناسكانه هه‌یه.
ته‌نیا گۆرانی رۆمانسی نه‌وتووه
ئه‌ژده‌ر گۆرانییه‌كانی رۆمانسین بۆ سۆز‌و عه‌شق وتراون، به‌ڵام خۆی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كهتهنیا گۆرانی بۆ عه‌شق نه‌وتووه، به‌ڵكو گۆرانی بۆ منداڵانء هه‌ڵه‌بجه‌ء ئاینیش وتووه. له‌ئه‌وروپاش چه‌ندین ئاهه‌نگء كۆنسیَرتى بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك بۆ منداڵان كردووه.
ئه‌و وتی: له‌ساڵی (1993) یه‌كه‌م گۆرانیبیَژی گه‌نجی كورد بووم كه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داغی گۆرانی ئایینیم وتووه.
له‌كاری هونه‌ری دوور نه‌كه‌وتۆته‌وه
له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی كه ئیَستا به‌هۆی به‌رنامه‌ی ئه‌ژده‌ر شۆ-وه له‌كاری هونه‌ری خۆی دوورنه‌كه‌وتۆته‌وه، ئه‌و وتی: راسته ئیَستا زۆر ماندووم بهكارهكانمهوه، به‌ڵام ورده ورد كاره‌كان ده‌كه‌ونه سه‌ر سكه‌ی خۆیان، به‌نیازیشه له‌داهاتوودا له‌شاری ههولیَری پایته‌خت چه‌ند بهرههمیَك تۆمار بكات، بۆ ئه‌وه‌ی لهرِیَگهی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌وه بیسهلمیَنیَت كه چیتر هونه‌رمه‌ندان نه‌چنه توركیا‌و وڵاتانی تر بۆ كاری هونه‌ری، چونكه ئیَستا موزیكژه‌ن باشء ستۆدیۆی باشمان هه‌یه.
غروورى نییه
ئه‌ژده‌ر زۆر بهبرِوا به‌خۆبوونه‌وه قسه‌ی ده‌كرد، بۆیه لیَم پرسی ئه‌م برِوا به‌خۆبوونه بهشیَك نییه له‌غروری تۆ؟، له‌وه‌ڵامدا بهپیَكهنینهوه پیَیوتم: هه‌ر له‌سه‌رتاوه تائیَستا كه‌س ده‌ستی نه‌گرتووم، به‌ڵكو خۆم خۆمم پیَگهیاندووه، ئیَستاش كه برِوام به‌خۆمه، دهگهرِیَتهوه بۆ ئه‌وه‌ی كه دڵنیام ده‌توانم كاره‌كانم بكه‌م، چونكه ئه‌گه‌ر من یان هونه‌رمه‌ندانی هاورِیَم نه‌یكه‌ن ئه‌ی كیَ بیكات؟ بۆ یه ئه‌مه غروور نییه، به‌ڵكو برِوابوونه به‌خۆم.
خۆی دووره پهریَز دهگریَ
ئه‌ژده‌ر؛ زۆر ناچیَته ناو خه‌ڵك و هه‌میشه خۆشی دووره پهریَز دهگریَ، به‌بۆچوونی ئه‌و ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه كه تیَكهڵی خه‌ڵك نابیَت، به‌ڵكو حه‌ز ناكات تیَكهڵی هه‌موو جۆره كهسیَك بیَت، چونكه میلله‌تی ئیَمه به‌چاو حوكم ده‌دا بهبیَئهوهی بهمیَشك بیر بكاته‌وه.
ئه‌و وتی: كه نایه‌مه ناو خه‌ڵك مانای ئه‌وه نییه كه خۆم به‌كه‌م یان به‌گه‌وره‌تر بزانم له‌وان، به‌ڵام حه‌زناكه‌م خه‌ڵكی وا بیر بكهنهوهء هه‌موویان بهخوشكء برای خۆم ده‌زانم،
ئاخ له‌دڵی من
ئه‌ژده‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی خهمیَكی گه‌وره له‌دڵیدا بیَت، زۆر به‌حه‌سره‌ته‌وه لهگۆرانیهكیدا دهڵیَ (ئاخ له‌دڵی من)، بۆ ئه‌مه‌ش پیَیوابوو كه هیچ شتیَك به‌رامبه‌ر به‌دڵ ناكریَ، چونكه ئینسان ئه‌گه‌ر چاوی بیَشیَ، دهتوانیَ دهریبهیَنیَ، یان ده‌ستی بیَشیَ، دهتوانیَ بیبرِیَتهوه، به‌ڵام هیچ شتیَك به‌رامبه‌ر به‌دڵ ناكریَ، هه‌ر دڵیشه واتلیَدهكات هه‌ست به‌ئازارو خۆشییه‌كانی ژیان بكه‌یت، هه‌مووشمان ئازاریَك له‌دڵماندا هه‌یه، به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌مان بهشیَوهیهك، باسی له‌وه‌شكرد كه كهسایهتیء خۆشه‌ویستی وه‌كو جاران نه‌ماوه، بۆیه هه‌ر له‌و گۆرانییه‌دا باس له‌نه‌مانی كه‌سایه‌تی ده‌كاتء پیَیوایه هه‌موو شته‌كان به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه رۆیشتوون.
هیَندهی ده‌ریا شه‌پۆل ده‌ده‌م
ئه‌ژده‌ر ئه‌وه‌ی نه‌شارده‌وه كه گۆرانی (هیَندهی ده‌ریا شه‌پۆل ده‌ده‌م)ی بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی وتووه، ئه‌و وتی: خیَزانهكهم كه ده‌كاته خاڵۆزای خۆم، له‌ساڵی (1996 و 1997) هه‌ر كه بینیوومه خۆشمویستووه، بۆیه كاتیَك كه ئه‌و گهرِاوهتهوه ئه‌وروپا، گۆرانی (هیَندهی ده‌ریا شه‌پۆل ده‌ده‌م)م بۆ وت، چونكه ئه‌وكاته ئه‌و له‌ئه‌وروپا بوو، من له‌كوردستان، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه به‌و خۆشه‌ویستییه گهیشتمء له‌كه‌ناری خۆشه‌ویستی ئه‌و، له‌نگه‌رم گرت، ئه‌وه‌بوو له‌ساڵی (2000) ژیانی خیَزانیم له‌گه‌ڵی دروستكرد‌و ئیَستا دوو منداڵمان هه‌یه، به‌ناوی دییهمء دیَنی، كه هه‌ردووكیان كورِن، ئه‌ژده‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه خیَزانهكهی بهشیَكه له‌و، هه‌روه‌ها لهرِیَگهی ئه‌وه‌وه توانیویه‌تی چه‌ند گۆرانییه‌ك پیَشكهشی خه‌ڵك بكات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بوایه ئه‌وا ئه‌و گۆرانیانه‌ی كهوتوویهتی نه‌یده‌وت.
ده‌بوو به‌بازرگان
ئه‌و پیَیوایه ئه‌گه‌ر گۆرانیبیَژ نه‌بووایه ئیَستا بازرگان ده‌بوو، ئه‌و شانازی به‌وه‌شكرد كه به‌نزین فرۆشی كردووه له‌سه‌رجاده، هه‌روه‌ك له‌ئه‌وروپا دوكانی پیتزای هه‌بووه‌و كاریكردووه‌و سه‌ربه‌رزانه ژیاوه، هه‌روه‌ك خۆشی باسیكرد كه‌هه‌موو كاریَكی كردووه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی پیَبگهیهنیَتء بهرههمیَكی هونه‌ری پیَ تۆمار بكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گۆرانی نهوتبوایه، ئه‌وا بازرگانی ده‌كرد، ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه هونه‌ر زهرهریَكی گه‌وره‌ی ماددی لیَداوه، چونكه هه‌موو كاره‌كانی له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی كردووه، ته‌نانه‌ت بۆ سیدی یه‌كه‌می دوكانیَكی گه‌وره‌ی فرۆشتووه له‌دانیمارك.
له‌گه‌لڕ كچیَكى توركدا
ئه‌و حه‌زی لهدویَت هه‌یه، بهمهرجیَك ئه‌وه‌ی دویَتی له‌گه‌ڵ ده‌كات لهدهنگء ئاستی هونه‌ریدا له‌یه‌ك ئاستدابن، بۆئه‌وه‌ش حه‌زده‌كات دویَت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی میللهتیَكی تردا بكات.
باسی له‌وه‌كرد كه له‌و گه‌شته‌ی پیَشووتریدا ویستوویه‌تی له‌گه‌ڵ گۆرانیبیَژیَكی توركدا دویَت بكات، به‌ڵام نهگهیشتونهنه ئه‌نجام، ئه‌ویش له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌كی سیاسی، چونكه ئه‌ژده‌ر ویستوویه‌تی ئاڵای كوردستان بخاته ناو كلیپه‌كه‌وه، ئه‌وانیش رازی نه‌بوون.
ره‌خنه‌كان ناخویَنیَتهوه
ئه‌و ته‌نیا ئه‌و بابه‌تانه دهخویَنیَتهوه كه به‌باشه له‌سه‌ری دهنووسریَت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر شتی خراپی له‌سه‌ر بنووسن، ئه‌وا نایانخویَنیَتهوه، چونكه دڵنیایه له‌وه‌ی كه كاری خراپی نه‌كردووه تا له‌سه‌ری بنووسن.
بۆ ئه‌وه‌ش ئه‌ژده‌ر وتی: له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌به‌ناهه‌ق له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندان دهنووسریَء رووبهرِووی ناوزرِاندنیان ده‌كاته‌وه، به‌نیازم له‌داهاتوودا له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی هاورِیَی داواكارییه‌ك بۆ سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌رزبكاته‌وه، كه هه‌ر رۆژنامهنووسیَك ئه‌گه‌ر ناوی هونهرمهندیَك بزرِیَنیَ یان به‌ناهه‌ق له‌سه‌ری بنووسیَ، ئه‌وا سزا بدریَء بدریَته دادگا.
هه‌میشه رووخۆشه
هه‌ستمكرد ئه‌ژده‌ر ئه‌و ماوه‌یه قهڵهء بووه، به‌ڵام ئه‌و، ئه‌و قه‌ڵه‌وییه‌ی گهرِاندهوه بۆ كامیَرا، چونكه ئه‌و كامیَرایانه (7تا8) كیلۆ قه‌ڵه‌وتر ده‌ریده‌خه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و یهكیَكه له‌وانه‌ی كه ئه‌گه‌ر دوودڵ یان رارا بیَت ئه‌وا نان زۆر ده‌خوات و جوڵه‌شی كه‌متر بۆته‌وه.
هه‌میشه بهپیَكهنینیشهوه دهبیندریَت، بۆئه‌مه‌ش وتی: خۆم هه‌میشه رووخۆشم، به‌ڵام كهسیَك كه نه‌یناسم ناتوانم وا رووخۆش بم له‌گه‌ڵیدا، ئه‌وه‌ی لهبهرنامهكهشدا ده‌مبینن، ئه‌وا خودی ئهژدهره، هیچ تهسهنوعیَكی تیا نییه. زۆر كاتیش بهقهمیسی ره‌شه‌وه دهبیندریَت، به‌ڵام ئه‌و ره‌نگی ره‌شی زۆر به‌لاوه جوانه. تا ئیَستا چه‌ند جاریَك بۆ ریكلامكردن پیَیانوتووه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌نجام.
ئه‌و زۆر ناشچیَته ده‌ره‌وه، ته‌نانه‌ت تا ئیَستا به‌ر قه‌ڵای ههولیَری نه‌بینیووه‌و چهندجاریَكیشه دیَتهوه سلیَمانی كه‌چی تائیَستا نه‌چۆته بازارِ.
رۆژانه پاكهتیَكء نیو جگه‌ره دهكیَشیَء زۆر ساده‌یه‌و حه‌زی لهئهتهكیَت نییه. حه‌زی لهئۆتۆمبیَلی مارسیدسه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده به‌لایه‌وه گرنگ نییه كه‌ئایا هه‌ر دهبیَ ههیبیَت یان نا، چونكه به‌لای ئه‌وه‌وه ئۆتۆمبیَل ئه‌وه‌نده گرنگ نییه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بهتهكسیش هاتووچۆ بكات، ئه‌وا هه‌ر ئهژدهره.