دەشتی مەلا ئەسعەد : گومانی تێدانیە ساڵی (1436)ز بە ساڵی وەرچەرخان و گەشەسەندن دادەنرێت لە ژیانی ڕۆژنامە، ئەمەش لەکاتێکدا بوو کە زانای ئەڵمانی ولیام یوحەننا گۆتەنبەرگ یەکەمین دەزگای چاپەمەنی دۆزییەوە، ئیدی لەو ڕۆژەوە ڕۆژنامە وەک پێگەیەکی ڕاگەیاندن کەم تا زۆر ڕۆڵی خۆی گێڕاوە لە دیسپلین کردنی ڕووگەی فیکری و سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگا، بۆیە دەتوانین بڵێین گۆتەنبەرگ لەگەڵ دۆزینەوەی ئەم دەزگا چاپەمەنییە توانی ڕۆژنامە لە قۆناغێکی سەرەتاییەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی پێشکەوتوو، ئەمە حەقیقەتەکە ناتوانرێت نکوڵی لێ بکرێت……
ئەگەر سەیری ئەمڕۆی مرۆڤایەتی بکەین لەڕوانگەی ڕاگەیاندنەوە دەبینین مرۆڤ بۆتە خاوەن زۆر داهێنان و دەسکەوتی زۆر مەزن، کە ئەمەش هەمووی لە ئەنجامی بەرهەمی ئەم سوود وەرگرتنەیە کە لەڕابردوو بەدەست هاتووە، بەکۆکردنەوەی ئەزموونی مرۆڤەکان بووە هۆی ئەوە کە دنیای ئەمڕۆ لە لوتکەی پێشکەوتن بخولێتەوە، ئەگەر سەیری بزاوتی ڕاگەیاندن و پێشکەوتن و تەکنەلۆجای ئەمڕۆی جیهان بکەین دەبینین ڕۆژگاری ئەمڕۆی ڕاگەیاندن جۆرێک لە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە کەلەمەوپێش مرۆڤ قەد بیری لێ نەکردبۆوە، وەک بوونی ئینتەرنێت و ماڵپەرەکانی ئەلیکترۆنی کە هەموو ئاسانکارییەکیان ڕەخساندووە لەبەردەم تەوژمی ڕاگەیاندن…… زۆرجار گوێمان لێ دەبێ دەڵێین گرنگی و بایەخی ڕۆژنامە چاپەمەنییەکان لە ئاییندەیەکی نزیک نامێنێت و کەم دەبێتەوە، لەبەر بوونی کۆمەلًَێک وەسائیلی تری وەک ئەنتەرنێت و ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی، بۆیە لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا بوونی ئەو هەموو تەکنەلۆجیایە شانی بەشانی ڕۆژنامە چاپەمەنییەکان تەمسیلی ڕاگەیاندن دەکەن..؟ ئایا لە گرنگی و بایەخی ڕۆژنامەش کەم دەکەنەوە….؟!
بۆیە لێرەدا گەرهاتوو زۆر بەوریایانە لێکدانەوەیەکی پوختی بۆ بکەین لە ژێر ڕۆشنایی حەقیقەت و مەنتیقدا ئەوا بۆمان دەردەکەوێت ئەزموون و مێژووی ڕۆژنامە و بڵاوکراوە چاپەمەنیەکان زۆر لەمێژە ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە زۆر ئەستەمە ڕۆژنامە بەرەو لەناوچوون و فەنا بوون بچێت، چونکە ڕۆژنامە وەک پێگەیەکی ڕاگەیاندن و کایەکەی مەعریفی وابەستەن بەهۆکار گەلێک کە ڕاستەوخۆ هەڵقوڵاوی کۆمەڵگایە، چونکە گوزارشت لە واقیعی کۆمەڵگا دەکات و بەیەکەوە گەورە دەبن لەگەڵ خۆشی و ناخۆشیەکانی کۆمەڵگا، گرینگترین و سەرکیترین تایبەتمەندی کە پێویستە ڕەنگبداتەوە لەسەر ڕوپەری ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان ئەوەیە کە دەبێت بڵاوکراوەکانیان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەیاندا دابڕژێندرێتەوە. لەهەمان کاتیشدا ئەگەر بەتیڕوانینێکی وردو سەردەمیانە بڕوانیە بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژنامە، دەبینین سەرباری ئەو هەموو گۆڕان و پێشکەوتنانەی کە ئەمڕۆ لە شێوازی ڕاگەیاندنەکان دەبینرێت، دەبینین ڕۆژنامە لەموتیڤکردن و پێشکەوتنی خۆی نەوەستاوەو هەمیشە بۆتە میمبەرێک بۆ دەڕبڕینی حەزو ویستەکانی میللەت، لە کاتێکدا تاک بتوانێت بیروبۆچوونەکانی خۆی لێ واڵابکات و برەو بەبەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەی بدات، نموونەش بۆ زیاتر جەختکردن و لێکدانەوە و سەلماندنی ئەهمیەتی ڕۆژنامە جێ خۆیەتی ئەزموونی سەدەکانی ڕابردوو لەبەرچاو بگرین کە بەدرێژایی چوار سەدە ڕۆژنامە پێ تێپەڕیوە، سەرباری ئەو هەموو ئاستەنگانەی کەڕووبەڕووی بۆتەوە، دەبینین ڕۆژنامە لەپێشکەوتن و هینانە ئارای فۆڕمی نوێ و بیرکردنەوەی تازە دانەبڕاوە و هەمیشە وابەستەبووە بەمیللەت، سەرباری ئەو هەڕەشە کوشندەی کە گەورە دەوڵەمەندی جیهان (بیل گیتس) لە بواری (Software)ەوە بەرهەمی هێناوە، کە بۆتە ترسێکی گەورە لەبەردەم ڕۆژنامە و چاپەمەنی یەکان و کاری ڕۆژنامەنووسی، کە زۆرێک لە بیرمەندانی جیهان ئەو پێشکەوتن و تەکنەلۆجیایە کەکەسانی هاوشێوەی بیل گیتس بەرهەمیان هێناوە بە مەترسیەک و هەڕەشەیەکی گەورەی ناوزەند دەکەن لەبەردەم کاری ڕۆژنامەنووسی، ئەو ترسەش بەردەوام لەئارادایە، نموونەش بۆ ئەم ترسە فڕەبوونی ڕۆژنامە ئەلیکترۆنیەکانە، کەسەرنجی زۆرێک لەبینەریان بۆخۆیان ڕاکێشاوە، بەڵام دیسان بەپێچەوانەوە سەرباری ئەو هەموو ترسەی لە بەردەم کاری ڕۆژنامە و ڕۆژنامەگەری زەمینە خۆشکراوە، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ دەروازەو مەوداکانی کاری ڕۆژنامەگەری فراوانتر دەبن و بەرەو ئاسۆیەکی گەشترو فرراوانتر هەنگاودەنێن. لە کوردستانی خۆشماندا ئەگەر بەنموونە بزاوتی ڕۆژنامەگەری ئەمڕۆی کورد لەبەر چاوبگرین لەپاش تێپەڕبوونی 16 ساڵ بەسەر تێپەڕبوونی تەمەنی زێرینی خۆی دەبینین ڕۆژنامەکان کەم تا زۆر کۆڵیان نەداوە لەهاندان و جۆشدانی جەماوەر بۆبەشداریکردنی لەهەموو ئەو بڕیارە سیاسیانەی کەسەراپای گەلی پێوە گرێدراوە، وەک جێبەجێکردنی مادەی 140. بۆیە پێویستە مەبەستی سەرەکی ڕاگەیاندنەکانی ئەمڕۆی کورد بەتایبەتی ڕۆژنامە کە تەوەرەی سەرەکی بابەتەکەمە پێویستە بەرگی پۆڵایین بەبەرتاکی کورد بکەن، بۆ بەرزرکردنەوەی ورەی مرۆڤی کورد، بۆئەوەی ببێتە پارێزەرێک لە بەرامبەر داگیرکەران و ناحەزان کە چاویان تاریک بووە لەبەردەم ئەو پێشکەوتنە مەعریفی و ڕۆشنبیرییەی کەئەمڕۆ لەکوردستان فەراهەمکراوە.