ھونەرمەند یەحیا ئەربیللی: ئاستی خۆشنووسانی کوردستان لە ئاستی باڵای ھونەری خۆشنووسانی جیھان دا
ھەڤپەیڤین- کامەران حاجی ئەلیاس
ھونەرمەندی خۆشنووس پارێزەر”یەحیا ئیبراھیم ئەربیلی ” ساڵانێکە خزاوەتە نێو ھونەری خۆشنووسی، بەھۆی لێھاتووی دەست وپەنجەی کانی بەشداری چەندین پیشانگەی خۆشنووسی کردوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەروە، ئەربیللی ،لە قەڵای دێرینی شاری ھەولێر لە دایک بووە دەرچووی (کۆلیژی یاسا)یە، چەندین خۆشنووس لە ژێردەستی پێگەیشتتون، کە ئێستا لە گۆڕەپانی خۆشنووسی جێ پەنجەیان،دیارە بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەم ھونەرمەندە بە چەند پرسیارێک بەسەرمان کردۆتەوە.
*سەرەتا پێمان باش بوو باس لە چۆنییەتی ئاشنا بوونت بە ھونەری خۆش نووسی بکەیت.
– لە ساڵی ١٩٩٢کاتێک سەیری تابلۆی خۆشنووسیم دەکرد زۆر حەزم دەکرد بتوانم نووسین بە شێوازی ھونەری بنووسم ،ئینجا ھەوڵی لاسایی کردنەوە و قوڵ بوونەوەم دا لە جوڵەی پیتەکان لە شێوازەکان و جۆرەکانی نووسیندا ،دوای ئەوە لە ساڵی ١٩٩٣ چوومە لای مامۆستا نجات انور کە شێخی خۆشنووسانی کوردستانە،لەلای بەرێزیان فێری سەرەتای ھونەری خۆشنووسی بووم دواتر توانیم بە مەشق وراھێنانی بەردەوامی نووسین پەرە بە ئاستەکەم بدەم و لە ھەمان ساڵدا دەستم کرد بە نووسینی تابلۆی ریکلام و لافیتە بە شێوەیەکی بەردەوام.
*چی وای لە بەرێزتان کردووە ، بخزێنە ناوی ھونەری خۆش نووسی ئایا ھونەری خۆش نووسی حەزوو ئارەزووە یان پیشەیە ؟
– جوانی و رەسەنایەتی ھونەرەکە و شێوازی نووسینەکان وایان لێکردم بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرەوە دەست بەم ھونەرە بکەم، یەکێک لەم ھۆکارانەی کە بووە ھۆی بەردەوامی ئارام گرتنم بوو لەسەر زۆری مەشق و نووسینم کە رۆژانە زیاتر ل ٣ کاتژمێر ،مەشق و راھێنانم دەکرد بە بەردەوامی بە بێ ئەوەی ھەست بە ماندوو بوون بکەم،ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە بتوانم لە ماویەکی کەمدا ئەم ھونەرە بە شێوەیەکی زۆر باش لە ژیانم دا بەرجەستە بکەم ،ھونەری خۆشنووسی ھونەرێکی رەسەنە و چێژیکی زۆری روحی، دەبەخشێت بە خۆشنووس بە تایبەتی لەکاتی نووسیندا.
*ئەگەر باس لەجۆرەکانی خۆش نووسی بکەیت؟ تۆ زیاتر لە سەر کام جۆرە خۆش نووسی کاردەکەیت؟
– زۆر جۆر نووسین ھەیە کەپێان دەڵێن (خەت) ، بەڵام خەت یان شێوازی نووسینی چەند جۆری سەرەکیمان ھەیە، وەک خەتی ( پلپ) کە جوانترین و قورسترین جۆری نووسینە بۆ فێربوون ، لەبەر بوونی ئەندازەیەکی تایبەت بە پیتەکان، خەتی (نسخ) و فارسی (نستعلیق)و (دیوانی)کە تایبەت بوو بە دیوانی عوسمانی و خەتی (کوفی) کە کۆنترین خەتە و (روقعە- ریحانی – سنبلی- مغربی- مێحفی) زۆری تریش ، من زیاتر لە خەتەکانی ( نسخ و دیوانی و فارسی و روقعە) دەنووسم ،شارەزاییشم لە ھەموو جۆرەکانی خەت ھەیە.
*ئاستی خۆش نووسی لە کورسان لە چ ئاستێک دایە؟
– زۆر بەخۆشحاڵییەوە ئاستی خۆشنووسانی کوردستان لە ئاستی باڵای ھونەری خۆشنووسانی جیھان دا ،بەڵگەش بۆ ئەم بۆچوونەم بەشداریمان کردنە، لە پێشبڕکێیە جیھانییەکان و وەرگرتنی خەڵاتی سەرەکی پێشبرکێیەکان ، وە بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بە خۆش نووسانی کوردستان ، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتییدا، ئەمەش بە ھەوڵ و تەقەڵای خۆشنووسان بە ھاندانیان لەلایەن مامۆستایانی خۆشنووس ، بۆ برەودان وبەرزکردنەوەی ئاستیان ،نابێ ئەمەشمان لە یاد بچێت کە ھونەری خۆشنووسی بە یەکێک لە سیما ھەرەجوانەکانی شارستانیەتی ھەر وڵاتێک.
*پێتان وایە جۆری رەنگ،کاریگەری لەسەر خۆش نووسی دەبێت ؟ بۆنموونە رەنگی رەش؟
– رەنگ ، کاریگەرییەکی زۆری ھەیە لەسەر جوانی و شێوازی نووسین،بەڵام شێوازی نووسینی کلاسیک و تەنھا بە ڕەنگی ڕەش دەنووسرا بۆ ئەوەی زیاتر روون و دیاربێت ، لە کاتی خوێندنەوەیدا،بەڵام ھەنگاو بە ھەنگاو ڕەنگی تریش ھاتە نێو جیھانی خۆشنووسی ، رەنگی قاوەیی کە زیاتر فارسەکان ئەم ڕەنگەیان بە کار دەھێنا ،لە نووسینەکانیاندا وە ڕەنگەکانی تریش وەک ڕازاندنەوەی پیتەکان و پێدانی جوانییەکی زۆر بە تابلۆ، بە ھەمان شێوە بەکارھێنانی ڕەنگ لە نەخش بۆ تابلۆکان ، ئەمەش ھونەرێکی تایبەتە کە زیاتر لە جیھانی دەرەوە گرنگی پێدەدرێت.
*پێتان وایە سروشت کاریگەری لە خۆش نووسی دەبێت ، وەکو ھونەری شێوەکاری؟
– سروشت و کەشێکی ئارام ، کاریگەرییەکی زۆریان ھەیە لەسەر خودی خۆشنووس ، بەتایبەتی لە کاتی نووسیندا لەبەر ئەوەی نوسین زیاتر ھەستە ،لەھەمان کاتدا قوڵبوونەوە یەلەپیتەکان.
*کەسێکی دیاریکراو ھەیە، کە ھاوکارت بوو بێت، یاخود وەکو مامۆستایەکی خۆتی دابنێت؟
مامۆستا ئازیزەکان کاریگەرییەکی ، زۆریان ھەبووە لە سەر خودی خۆم لەوانەش مامۆستایان (نجات ئەنوەر و ئەحمەد عبدولڕەحمان ) کە بە کۆڵەگەی ھونەری خۆشنووسی دادەنرێن لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆرێکیش لە مامۆستایانی تر کە خزمەتێکی زۆر ھونەری خۆشنووسیان کردووە.
* بەرێزتان وەکو پیشە کاری زێرنگریش دەکەن ، تا چەندپەیوەندی بە خۆشنووسی یەوە ھەیە؟
-لە ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ برایەکانم دەستم کرد بە پیشەی زێڕنگری لە بازاری قەیسەری لە شاری ھەولێر، کە کارمان دروستکردنی ھەموو جۆرەکانی خشڵ بوو لە (پاشەسەر و میگلاد و عاشقبەند) وە شێوازەکانی تریش ، دواتر من لەبەر ئەوەی لە ھونەری خۆشنووسییدا کارم دەکرد حەزم کرد، بتوانم ئەم ھونەرە لەگەڵ پیشەی زێرنگریدا تێکەڵ بەیەک بکەم و ببێتە داھێنانێک لە جیھانی خشڵ دا،لە رووی ھونەری و دیزایین و شێوازی نوێ بە دروستکردنی پیت و نووسین لە سەر زێڕ و زیو وەک دروستکردنی مەدالیای ڕێزلێنان بۆ کەسایەتییەحکومییەکان و ھونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیران … تاکو ئێستا چەندین دیزاینی تایبەتم دروستکردووە ، وەک مەدالیا ی ڕێزلێنان و خشڵی تایبەت بە ئافرەتان، بۆیە ھونەری خۆشنووسیم کاریگەرییەکی زۆری ھەبووە لە سەرپیشەی زێڕنگریمدا ،لێرەدا توانیمان خزمەت بە شار و گەلی خۆمان بکەین لە ھەمان کاتیشدا گەشتیارەکانیش بە خۆشحاڵییەوە سەردانمان دەکەن بۆ کڕینی دیاری تایبەت بۆ ئازیزانیان.
* پرۆژەیەکی نوێتان ھەیە یاخود کردنەوەی پیشانگا؟
-پرۆژەی تایبەتیمان زۆر کردووە لە ڕووی فێرکردن و کردنەوەی خوولی خۆشنووسی لە ساڵی ١٩٩٧ تاکو ئێستا ،لە ھەمان کاتدا بەشداریم لە چەندین پێشبڕکێ و پیشانگالەسەر ئاستی ناوەخۆ و دەرەوە کردوە وەک لە وڵاتانی( ئەمریکا – ئیتاڵیا – قەتەر- مالیزیا- سعودییە- میسر – ئوردن – تورکیا – ئیماراتی عەرەبی..).
*ئێمە لە کۆتاییدا زۆر سوپاسی بەرێزتان ھەر سەرکەوتووبن.
-منیش زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەو بەسەرکردنەوەیە ئێوەش ھەر سەرکەوتووبن