چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی : رۆژین یەکێک لە دیارترین کچە گۆرانیبێژەکانی کوردستانی باکوورە، ئەگەرچی ئەو بەردەوام ھاتوچۆی کوردستانی کردووە، بەڵام ئەمساڵ لە فاملی مۆڵ لە ھەولێر دوانێکی فرۆشتنی مۆتە و قاوەی دروستکردووە، کە خۆیشی سەرپەرشتی دەکات، ھەر کسێک بچێتە فاملی مۆڵ دوکانەکەی رۆژین دەبینێ، کە بەردەوام قەرەباڵغە، وەک خۆی لەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) دەڵێت “ئەوەی دێتە فاملی مۆڵ دەڵێ بچین مۆتەیەکی رۆژین بخۆین”.
زانا دزەیی: بۆچی ئەلبوومەکەت دوا کەوتووە لە وادەی بڵاوبوونەوەی؟
رۆژین: لەبەرئەوەی بڕیارە گۆرانییەکان بگۆڕم، سێ کەس لەگەڵ من بەشدار بوون لەو کارەم دا، ئەوانیش کاری خۆیان ھەبوو نەیانتوانی بەردەوام لەگەڵم بن بۆئەوەی زوو کارەکە تەواوبێ، ئێستاش چاوەڕێی ئەوان دەکەم، ھەروەھا ئەلبوومەکەم لە ١٥ تراک بوو، بەڵام ئەو کۆمپانیایەی کە ئەلبوومەکەی بۆ چاپ دەکات، پێیان گوتم ١٥ گۆرانی زۆرە، پێیان باش بوو ٨ گۆرانی بێت، ئێستا لە دنیادا گۆرانیبێژەکان گۆرانی بەشێوەی سینگل دەکەن، بەڵام من نامەوێ بۆ جەماوەرەکەم تەنیا دوو یاخود سێ گۆرانی بکەم، بەڵام کۆمپانیاکە ھەر لەسەر قسەکەی خۆیان بوون گوتیان دەبێ ٨ گۆرانی بێت، منیش گوتم قەینا با ٨ بێت، گۆرانییەکان ئاواز و گوتنی ھی خۆمن، گۆرانییەکم بە شێوەزاری سۆرانی گوتووە، ھەروەھا بە فارسی و ئەرمەنی و تورکیش گۆرانیم گوتووە.
زانا دزەیی: ئێستا ئەلبوومەکەت چی ماوە و کەی بڵاودەبێتەوە؟
رۆژین: دوای مانگی رەمەزان کۆمپانیای dmc لە کوردستان و تورکیا بڵاوی دەکاتەوە، کە کۆمپانیایەکی زۆر گەورەیە و زۆربەی ھونەرمەندەکانی تورک لەو کۆمپانیایە ئەلبوومەکانیان بڵاودەکەنەوە، بەڵام بەداخەوە کوردستان بەھەشتی دزانە بۆ گۆپیکردنی ئەلبووم، ئێمەی ھونەرمەند سێدی بۆ دزان بڵاودەکەینەوە، بەتایبەت لە سوریا ئەلبوومەکانمان کۆپی دەکرێ، ئەوێ بنکەی کۆپیکردنە، لەوێشەوە بۆ کوردستانی عێراق دێت، ھێشتا ئەلبوومەکەم تەواو کارەکانی بەکۆتا نەھاتووە و تائێستا ٦٠ ھەزار دۆلارم تیدا خەرج کردووە، ئەوە جگە لە کلیپ ھێشتا کلیپم نەکردووە، چونکە دەبێ دوو یان سێ گۆرانی کلیپ بکەم کە پارەیەکی زۆری دەوێت.
زانا دزەیی: کەواتە زەرەرێکی زۆر دەکەی، واباشتر نییە گۆرانی بەشێوەی سینگل بکەی تاوەکو یاسایەک لە کوردستان بۆ رێگرتن لە کۆپی دروست دەبێ؟
رۆژین: بەتاکید زەرەر دەکەم، چونکە ئێمە بۆ دزان ئەلبووم دەکەین، ھەروەھا گۆرانیەکانیشم بۆ جەماوەرەکەمە نەک بۆ بەرژەوەندی پارە پەیداکردن، بەراستی کاری گۆرانی لە رۆژھەڵاتی ناوەراست تادێت ناخۆشتر دەبێ، کەچی لە ئەوروپا کەس ناتوانێ لە ئینتەرنێتیش گۆرانی کۆپی بکات، بۆ مەسەلەی گۆرانی سینگل، من پێم وایە لە نێوان ١٠ ساڵ جارێک سینگل باشە، دڵی من بە سینگل تێر نابێ، حەزم لێیە بۆ جەماوەرەکەم ئەلبووم بکەم و زۆرترین گۆرانیان پێشکەش بکەم.
زانا دزەیی: ئەلبوومەکەی ئەمجارە گۆرانی دوێتت کردووە؟
رۆژین: من حەزم لێ بوو، بەڵام لە تورکیا بە زۆر ھونەرمەندی تورکم گوت پێکەوە دوێت بکەین، بەڵام ترسان، چونکە دەترسێن بە کوردی گۆرانی بڵێن، بۆیە لەو ئەلبوومە گۆرانی دوێتم نییە، بۆ نموونە سەوسەن ئارسۆ بەڵێنی پێدام، بەڵام دواتر پەشیمان بۆیەوە و ھاتەلام گوتی: رۆژین خۆت دەزانی بارودۆخی تورکیا چەند خراپە دەترسم تووشی کێشە بم.. ھەروەھا گوتیشی تۆم زۆر خۆشدەوێت، بەڵام با کێشەی کورد و تورک خلاس بێ ئینجا پێکەوە گۆرانییەک دەڵێین، منیش گوتم: جا ئەو کێشەیە قەت خلاس نابێ.
زانا دزەیی: گۆرانییەکەت لەسەر توندوتیژی ئافرەتان گوتووە بەناوی “سەبرا ماڵا”. ئەوە راستەقینەیە یان تەنیا وەک بیرۆکەیەکە؟
رۆژین: ئەگەر تەماشا رۆژنامەکانی تورکیا بکەی ھەموو رۆژێک چوار پێنج ژن دەکوژێ، پیاو دەیانگوژن، باشە دەبێ ژن چی کردبێ بەمشێوەیە دەکوژرێن، بۆیە ئەو گۆرانییەم گوت، لە گۆرانییەکە زۆر بە مەبەست تەمسیل دەکەم، کە لە روومەتم دەدەم و دەڵێم گەڵێک شەرمە، مەبەستم ئەو ژنانە کە لە گوندن و ھیچ ئیشیان نییە باسی ئەم ژن و ئەو ژن دەکەن، بەڵام نابێ ژن بەبێ ئیش دانیشێ و بە خراپی و سووکی باسی ژنی تر بکەن، من ویستم لە گۆرانییەکە ئەوە نیشان بدەم، بۆیە حەزدەکەم ھەموو ژنێک کار بکات، بە ھیواشم لە کوردستانی باشوور کارێکی باش بۆ ژنان بکەم، وەک پەرتوکخانە یان سینەما یاخود شوێنێکی نانخواردن، شوێنێک بێت کە بەرھەمی وڵاتانی تێدابێ و ژنان لەوێ خۆیان فێری ئیش بکەن، دەمەوێ شتێکی وا بکەم.
زانا دزەیی: تورکیا بە دەوڵەتی خۆت دەزانی؟
رۆژین: تائێستا لە دادگای تورکیا ١٠ داوام لەسەر تۆمار کراوە، کوردستان بە وڵاتی خۆم دەزانم، نەک تورکیا.
زانا دزەیی: لەکارە ھونەرییەکانت چ شتێکت کردووە بۆ ئاشتی نێوان کورد و تورک؟
رۆژین: ئێمە بە گۆرانی شەڕی خۆمان دەکەین، بەڵام ئەو بینایەی ئێمە لە تورکیا دروستی دەکەین لێرە دەیروخێنن، ئێمە حەزناکەین ئەو شەڕە بەردەوام بێ، حەزمان کوردێک حەزی لە ئاشتییە، بەتایبەت ھونەرمەندان.
زانا دزەیی: چۆن بوو بڕیاتدا ئەو کافریایە لە ھەولێر لە فاملی مۆڵ بکەیتەوە؟
رۆژین: خۆ دەمتوانی لە تورکیا ئەو دوکانە بکەمەوە، بەڵام کوردستان ماڵی منە و پێم خۆشە جەماوەرەکەی خۆم لە نزیکەوە بمبینن، ئێرە ماڵی منە، ویستم مارکەیەکی زۆر باش بۆ ناو میللەتی خۆم بێنم، ئەو شتانەی ناو دوکانەکەی من ھەمووی مارکەی تایبەتن، بۆیەش وامکرد چونکە وڵاتان کوردستانیان زۆر بە بچووکی دەبینی و ھیچ شتێکی مارکەیان تێدا نەدەبینی، بڕیامدا و ھێناشم، نزیکەی ٢٣٠ مارکە لە دوکانەکەم ھەیە، کە لە دینا کەم شتی وا ھەیە لەیەک دوکان ٢٣٠ مارکە بفرۆشرێت، ئەو مۆتانەی لە دوکانی من ھەیە لە ٣٠٠ وڵات ھەیە، پێش من کەس نەیتوانی لە کوردستان ئەوە بکات، بەنیازم مارکەی تریش بێنم.
زانا دزەیی: ئەمجارەی مارکەی جلوبەرگ دێنی؟
رۆژین: نا.. ھەر حەزم لێیە خواردن بێنم، چونکە خەڵکی ئێرە دێنە مۆڵ ھەر حەزیان لە خواردنە و ھەر خواردنیش دەکڕن، بۆ شمەک کڕین نایەن، بۆیە جلوبەرگ ناھێنم، زەرەر دەکەم.
زانا دزەیی: موشتەری دوکانەکەت چۆنە؟
رۆژین: موشتەریم زۆر باشە، ھەمووشیان مۆتەیەکم لێ دەکڕن و رسمێکم لەگەڵ دەگرن، مۆتەیەک و رسمێک، لە ھەمووی خۆشتر ئەوانەی کە دێنە مۆڵ گوێم لێیە دەڵێن “بابچین مۆتەیەکی رۆژین بخۆین”. زۆربەی ھونەرمەندەکان ھاتوون لە دوکانەکەم مۆتەیان خواردووە، شڤان پەروەر و گوڵستان و ئەوانی تریش، بەڵام بۆ کەس بە خۆڕایی نییە، پارەم لە ھەموویان وەرگرتووە، چونکە من شەریکم ھەیە.
زانا دزەیی: بەھۆی ئەم کافتریایە ئیشی تۆ لە کوردستانە، بەڵام زۆر سەفەر دەکەی ئەوە بۆچییە؟
رۆژین: من ھونەرمەندم و دەشخوێنم، لە تورکیاش مامۆستای تیاترۆم، جگە لەوەی کە دوو دوکانم ھەیە، حەوت ھەشت کار بێکەوە دەکەم، بۆیە ناتوانم ھەفتەیەک زیاتر لە کوردستان بمێنم. زانا دزەیی: تیاترۆ ھونەرێکی جیھانییە، بەڵام لە کوردستان بە چاوێکی سووک سەیر دەکرێ، ئەو ئیشە کێشەی بۆ دروست نەکردووی؟
رۆژین: بێگومان لەناو کورد تیاترۆ شەرمە، پێشتر ئەگەر کەسێک جنێوی بە کەسێکی دیکە بدابوایە دەیانگوت “دەڵێی تیاترۆی.. بڕۆ ئەی تیاترۆ”. ئینشاڵڵا کوردیش دەگاتە ئەو قۆناغەی تیاترۆی ھەبێت، چونکە شانۆ شتێکی موھیمە.
زانا دزەیی: بۆچی تائێستا شووت نەکردووە؟
رۆژین: (بە پێکەنیەوە) ئەگەر مێرد بکەم دەبێ مێردەکەم لێم بترسێ، ھەموویان لێم دەترسێن! بەشی خۆم ھەیە، پارەی خۆم ھەیە، کار دەکەم، ھەموو شتێک بە خۆم دەیکەم چ پێویستم بە مێرد ھەیە و مێردم بۆ چییە. بەڵام ئەگەر بەجدی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، ئێمە ھونەرمەندین مێردکردن بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە، پڕکێشە و فێڵکردنە، با پێت بڵێم چوار جۆر پیاو ھەیە، پیاوی وا ھەیە لێمان نزیک دەبێتەوە دەڵێ ھونەرمەند پارەی ھەیە، چاوی لە پارەکەمانە، جۆری دووەم خۆی لێت نزیک دەکاتەوە بەس بۆئەوەی ئیشی بۆ بکەی، چونکە ئێمە لە کوردستان و لە تورکیا بەرپرس دەناسین دەیەوێ لەڕێگەی ئێمەوە بگاتە بەرپرسەکان. جۆری سێیەم وادەزانن ئێمە بێناموسی دەکەین، چاوی لە گۆشتی ئێمەیە، جۆرێکی تریش ھەیە بیر لە ھەمووی دەکاتەوە، باشە زانا پێم بڵی ئێمە چی بکەن و چۆن مێرد بکەین؟ ئەگەر پیاوێک لێم نزیک بێتەوە و منی خۆشبووێت وەک رۆژین وەک ئینسانێک تەنیا چاوی لە پارە و گۆشتی من نەبێت، ئەوکات منیش خۆشم دەوێت و ئامادەم مێردی پێبەکەم، بەڵام ئەوەی من تەجروبەم کردووە ھیچی بۆ خۆشەویستی نییە، بۆیە تائێستا مێردم نەکردووە.
زانا دزەیی: گەیشتییە ئەو تەمەنە، حەزت لە منداڵ ھەیە؟
رۆژین: دەمرم بۆ منداڵ، ھەموو ژنێک حەزی لە منداڵە.
زانا دزەیی: ئەی بۆ منداڵێک ناھێنی و بەخێوی بکەی؟
رۆژین: ئەیڕۆ زانا! مێردم نەکردووە چۆن منداڵ بێنم؟
زانا دزەیی: مەبەستم ئەوەیە منداڵێک تەبەنی بکەی؟
رۆژین: ئەھا، وەڵڵا حەز دەکەم، بەڵام بەخوا ھیچ وەختم نییە، زۆر پڕئیشم.
زانا دزەیی: چەند خوشک و بران؟
رۆژین: لەبنەڕەتدا ١٠ خوشک و برا بوون، بەڵام ئەوانی تر مردن، ئێستا چوار خوشک و یەک براین، براکەشم پۆلیس لێیداوە لە ماڵەوە کەوتووە.
زانا دزەیی: لە کلیپی گۆرانی “سەبرا ماڵا” وەک ئەسپسوارێکی زۆر باش دەردەکەوی، پێشتر ئەسپسواریت کردووە یان ئەوە یەکەمجارت بوو؟
رۆژین: بەڵێ ئەسپسوارم، لە تورکیا گێلگەیەکی زۆر گەورەی ئەسپ لە نزیک ماڵەکەی ئێمە ھەیە، لەوێ سواری ئەسپ دەبم، ھیوایەتمە، ھەروا بە ئاسانی فێر نەبوویمە، چەندینجار کەوتم و بریندار بووم.
زانا دزەیی: ئەو چەندجارەی کە چوویتە لای نێچیرڤان بارزانی، کەسێکی چۆنە و تاچەند ھاوکاری ھونەرمەندان دەکات؟
رۆژین: کاک نێچیرڤان ھاوکاری ھەموو ھونەرمەندێک دەکات، جا ئەو ھونەرمەندە داوا بکات یان نا.. کاک نێچیرڤان زۆر حەزی بە ھونەرە، بریا ھەموو کەس وەک ئەو بوایە.