توانا تەھا: “دەسەڵاتدارێتی کوردیی پێویستی بە ریفۆرم نەبووە، چونکی ریفۆرم تەنیا لەعەقڵییەتێکدا دەکرێت کە بڕوای بە کۆنبوون و پیربوونی خۆی ھەبێت و کار بۆ لەدایکبوونەوە بکاتو کۆمەڵگە لەئیفلیجیی بپارێزێت. لەھەر کوێیەک دابنیشی باس لەگەندەڵیە، ھیچ شوێنک نییە لەبەڕێوەبردن گەندەڵی تێدا نەکرابێت، دنیایەک پرۆژەی چاکسازی خرانەڕوو ھیچیان لێ شین نەبوو، ئەوەی ھەبوو تەنیا قسەو ھیچی تر نا!
بەداخەوە لەکوردستان شتێک ھەیە، کەسێک زات ناکات، ئەگەر یەکێک گەندەڵی بکات، یان کاری خۆی بەباشی ئەنجام نەدات، ئەوا رووبەڕووی دادگای بکەنەوە، یان لەکارەکەی دووربخەنەوەو سزای خۆی وەربگرێت! ئەمانە ھیچ نین، لەبەر ئەگەر وایانکرد ئەوا کەسەکە خۆی و بنەماڵە لێیان دەتۆرێت، ئەمەش لایەنگری حیزبەکانیان کەم ئەبێتەوە، ئەوەش دۆخەکەی مەترسیدارتر کردووە، چونکە بەڕێوەبەری زۆر ھەیە ئێستا لەکارەکەی سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام لە خۆدەوڵەمەنکردن و گەندەڵیکردن زۆر لێھاتووە! ئەمەش پێمان دەڵێت “ئەم دەسەڵاتدارێتییە خواستی ئەوەی ھەیە کە ئەبەدیی بێت و ھەموو کەرەسەکانی تۆقاندنیش بکات بە بەشێک لەستراتیژیی مانەوەی خۆی. تاکە شتێکیش کە لەڕێگایەوە خۆی دووبارە بەرھەمبھێنێتەوەو پەیوەندییەکانی دەسەڵاتی پێدابڕژێتەوە، بریتییە لەزیندوڕاگرتنی سیستەمە گەندەڵەکەی. چونکە ھیچ کەس سزانادات و کەسیش دوورناخاتەوە؟!
ئەو پرسەی لێرەدا جێگای سەرنجە ئەو “شەڕە پڕۆژانەیە” کە لەماوەی رابردودا بۆ ریفۆرم و چارەسەرکردنی خراپبەکارھێنانی دەسەڵات، پێشنیارکران. لەئێستادا پڕۆژەبەرھەمھێنان، لە لایەن سەرۆکی حیزبەکانەوە، بووە بە مۆدێکی سیاسیی و وەکو کاڵایەکی بێسود بۆ دژایەتیکردنی گەندەڵیی دەخرێنە ناو بازاڕی سیاسەتەوە. لەبانگەشەی ھەڵبژاردنەکانیشەوە زۆربەی لایەنەکان بنبڕکردنی گەندەڵیان بەخاڵێکی سەرەکی داناوە.
گەر بەوردی تەماشای ئەم دیاردە نوێیە بکەین، دەبینینین لەجەوھەردا ئەم ھەوڵانە، سەرەڕای نەزۆکییان بۆ چارەسەری ئەو قەیرانە قوڵانەی سیستەمی سیاسیی لەکوردستاندا، ھێمایەکن بۆ دۆخێکی ترسناکتر کە خودی دەسەڵات لەم چرکەساتەدا تیایدادەژی”…
یەک شت ھەیە کە لەم پڕۆژانەدا تازەییە، کە سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی حیزبەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە گەندەڵی لە کوردستاندا چۆتە ئاستێکەوە کە مەترسی بۆ خودی حکومڕانییەکەیان دروستکردووە. دەسەڵاتی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستاندا وەکو “پرتەقاڵ”ێکی لێھاتووە کە ناوەوەی رزیو بووەو سیستەمێکی کونکونی بەکەلێن و کۆسپی دروستکردووە. تا ئێستا نەمان بینیوە یەک بەرپرس یان بەڕێوەبەر کە بە ئاشکرا دەستی ھەیە لەبە تاڵانبردن و گەندەڵیکردن رووبەڕووی دادگا بکرێتەوە، یەکممان بینی ئەویش دادگا نیوەی کارەکانی ئەنجام نەداو کوشتیان، کەسێک لەنێو دەسەڵاتیشدا پەنجە بۆ بەرپرسێکی سەرووی خۆی درێژبکات و بڵێت فلان گەندەڵە یەکڕاست زیندانی ئەکەن، ئەوەش نموونەیەکی زیندووە ئێستا لەبەر چاوە.. ئیتر باسی سزادان و دەرکردن و لێپێچینەوە ناکەم، چونکە خودی بەرپرسە حیزبیەکانیش ئەوە ناکەن، نەوەکو ئەو کەسەی سزای ئەدەن بە بنەماڵەوە لێیان بتۆرێت؟!!