حەیدەر عەبدولڕەحمان :د. فازڵ جاف لە چوارچیوەی پرۆسە شانۆییەکی قوتابیانی کولێژی ھونەرە جوانەکان لە ھەولێر , وەک ئەزموونێک بۆ بە پراکتیک کردن و
راھێنانی ئەو قوتابیانە بۆ شانۆ , شانۆیی زریان-ی لە نووسینی گەورە شانۆ نووسی رووسی ( ئەلکسندەر ئەترۆفسکی ) لە سەر شانۆی ھۆڵی گەل لە ھەولێر نمایش کرد , شانۆگەرییەکە بە ھەر ئامانجێک بوو بێت , بەرھەمێکی د. فازڵ جافە و وەک ھەر یەکێک لە شانۆگەرییەکانی دیکەی ھەژمار دەکرێت , بە ھەمان پێوەریش دەخرێتە بەر تیشکی ھەڵسەنگاندن و نرخاندنەوە …
دروست کردنی ئەکتەر
دروست کردنی ئەکتەرو ھێنانە سەر شانۆی , لە ئەرکی دەرھێنانی شانۆگەرییەک سەختترە بۆ دەرھێنەرێکی شانۆیی , رەنگە ئەوەی یەکەمیان خزمەتێکی گەورەتر لەوەی یەکەمیان پێشکەش بە شانۆی کوردی بکات , چونکە ئەوانەی ئەکتەر دروست دەکەن و شانۆ لە نەزۆکی ئەکتەری نوێ ی شانۆیی رزگار دەکەن , بە تایبەت ئەکتەری ئەکادیمی , لە نێوەندی شانۆیی ئێمەدا بە دەگمەنن , د. فازڵ جاف لە شانۆگەری زریاندا خۆی لە ئەزموونێکی وادا , ژمارەیەک قوتابی بەشی شانۆی کولێژی ھونەرە جوانەکانی ھێنایە سەر شانۆ .. بێگومان ئەم ئەزموونەش بۆ د. فازڵ جۆرێک بوو لە سەرکێشی , کە رەنگە گرێنتی بەدی ھێنانی خواستەکانی دەرھێنەر لەگەڵ ئەو قوتابیانەدا سەقامگیر نەبووەو لە ھەر لەحزەیەکادا ئەگەری روخانی ھاوسەنگیەکە لە ئارادابوو, چونکە ئەزموونی ئەوان لە گەڵ روو بە روو بوونەوەی بینەر وەک ئەزموونی راھێنانی دوور لە بینەر نیە , زۆر جارانیش ئاستی ئەدای ئەکتەر بە بوون و نەبوونی بینەر دەگۆڕێت ..بەڵام وێڕای سەرکێًشیەکانیش دەرھێنەرانی ئێمە دەبێ خۆیان لە ئەکتەری سواو رزگار بکەن , لەوانەی چ لە رووی توانستی جەستەییەوە چ لە رووی ئەدا توانای داھێنانیان پێوە نەماوە بە ھۆی دوورە پەرێزییان لە راھێنان و وۆرک شۆپ و لابورو خۆ نوێ کردنەوە , خۆ ئەگەریش بمانەوێت کارگەیەک بۆ دروست کردنی ئەکتەردروست بکەین ئەوە وا باشترە لە قوتابیە ئەکادیمییەکانەوە دەست پێ بکەین , بۆیە ئەرکی د. فازڵ ھەرتەنھا بریتی نەبووەلە نمایش کردنی شانۆگەری زریان – بەڵکو بەر لەوە ئامادەکردنی کۆمەڵێ ئەکتەری قوتابی بووە ,کە رەنگە د. فازڵ بە ئامانجێک ئەوانی ھەڵبژاردووە بۆ ئەوەی رۆڵ لە شانۆگەرییەکەی دا ببینن , بەر لە ھەمووشیان وەک ئەزموونێک ھەوڵی ئەوەی داوە دەست پێشخەرییەک بکات بۆ دروست بوونی شانۆی زانکۆیی , کە ئێستا لە وڵاتانی جیھان تایبەتمەندی خۆی ھەیە و بایەخێکی زۆری پێ دەدرێت , بۆ ئەوەی شانۆ لە شوێنە ئەکادیمییەکاندا ھەر تەنھا بریتی نەبێت لە ئەزموونی دیزی قوتابیان , بەڵکو ھەوڵدان بێت بۆ روو بە روو بوونەوەی قوتابیان بە جەماوەرو راھاتن لە ھاتنە سەر شانۆو ترس شکانیان لەو تەختە شانۆییە , کە د. فازڵ لەو بوارەدا ئەزموونێکی دەوڵەمەندی ھەیە لە گەڵ شانۆی زانکۆیی و تا ئێستا لە چەندین وڵاتی جیھاندا بانگھێشت کراوە بۆ سازدانی وۆرک شۆپ و بەشداری بوون لە لیژنە تەحکیمییەکان و لە سەر ئاستێکی بەرز دا , بەڵام ئەمە لایەنێکەو لایەنی ھونەریی شانۆگەرییەکە لایەنێکی دیکەیە .. کە ئێمە لەو پەراوێزەدا دەمانەوێت باسی لێوە بکەین ..
تێکست ..
د. فازڵ بە ھەستیارییەوە ھەڵسو کەوت لە گەڵ ئەو تێکستانەدا دەکات کە بۆ شانۆگەرییەکانی خۆی تەوزیفیان دەکات , بەر لە ھەمووشتێک ھەلو مەرجی کۆمەڵگای کوردی و لێک وەشانەوەی ناواخنی تێکستە بیانییەکان لە گەڵ کۆمەڵگای کوردی لە بەرچاو دەگرێت . بۆ ئەوەی بینەری کورد پرسە کۆمەڵایەتییەکان بە نامۆ نەزانێت و ھەمان ئەو پرسانە لە ناو کۆمەڵگای خۆیدا بدۆزێتەوە , لەو تێکستەی نووسەری ناسراوی رووسی ( ئەلکسندەر ئەتروفسکی ) یشدا ئەو فاکتەرە لێک چووە کۆمەڵایەتیانە ھەن , بەڵام لە رووی فەلسەفی و ئایدۆلۆژیای کەسایەتیەکانی ھەردوو کۆمەڵگا جیاوازی ھەیە , ئەوەتا کاترینا ئەگەرچی گوناھێک دەکات بە خیانەت کردن لە گەڵ مێردەکەی , بەڵام ئەو لە حاڵەتێکی ھوشیاری ئەوتۆ دایە کە لە خۆی نەبوورێ و سۆز بە شێوەیەک بەسەر ھزری دا زاڵ نیە کە راستییەکان وەک خۆی نەبینێت , ئەم گوناھە جۆرێک لە فەلسەفەی تێدایە کە رەنگە کەسایەتییەکی لەم جۆرەی کۆمەڵگای ئێمە ئەم بۆچوونەی لا نامۆ بێت , لێرەدا ئاستی ھوشیاری لە نێوان ھەردوو کۆمەڵگادا بەدی دەکرێت … لەو تێکستەدا توندو تیژی فاکتەرێک نیە بۆ خۆ کوشتن , وەک لە کۆمەڵگای ئێمەدا ھەیە , بەڵکو ون بوونی خۆشەویستی لەو نێوەندەدا ئەلتەرناتیفی توندو تیژییەکەیە و نووسەر دەیەوێت پێمان بڵێ کە پێکەوە ژیان بەردەوام نابێت ئەگەر بونیاتێکی خۆشەویستی نەبێت , لە ھەردوو حاڵەتیشدا ئافرەت قوربانی یەکەمە .. رەخنە گری شانۆیی ( دویرو لیویوف ) لە باسێکی خۆیدا بە ناوی تەنیا تروسکاییەک لە مەملەکەتی تاریکیدا دەڵێت : نووسەر بە دوای دۆزینەوەی رێگا چارەیەکدا ناگەڕێت بۆ رزگار بوونی کاترینا لە تەنگە تاوییەکەی , بەڵکو ئامانجی سەرەکی دەرخستنی سروشتی ھەقیقی ئافرەتی رووسییە کە مردنی پێ باشترە لە ژیانی زەلیلی .
لە رووی ھونەرییەوە ھەر دەرھێنەرێکی کورد کاتێ تێکستێکی بیانی تەرجەمە دەکات یا بۆ شانۆ ئامادەی دەکات , گرنگە ئەگەر سروشتی دەروونی و تایبەتمەندی بینەری کوردو سەلیقە بوونی لە گەڵ دیالۆگ لە بەرچاو بگرێت , ,ئەو درێژە دادڕییەی لە دیالۆگدا ھەبوو کاریگەری زۆری بە سەر دابەزینی ریتمی شانۆگەرییەکەدا ھەبوو بە گشتی , ئەو دیالۆگە درێژ دادڕانە فایرۆسێکی کوشندەن بۆ شانۆ , چەند ئەوەندەی دیالۆگ درێژ بێت ئەوەندە زێتر دەسەڵاتی داھێنانی دەرھێنەر لە سەر پانتایی شانۆو ئەکتەردا کەم دەبێتەوە و مەودای لێک ترازانی بینەر بە شانۆوە بەر فرەوانتر دەبێت .. ھەر کاتێکیش بینەر بە حوکمی ئەو درێژ دادڕییەوە دەستی لە کەشو ھەواو رووداوەکانی شانۆ بەر بوو , بە شێوەیەک کە باوێشک بداو ھۆڵی شانۆی بەلاوە بە شێوەیەک تەسک بێتەوە کە وابزانێت پەلبەست کراوە, ئەوە دەرھێنەر ناتوانێت جارێکی دیکە دوای ئەو دەست لێک بەردانە کارێکی وا بکات بینەر لە ژێر روخانی شانۆگەرییەکە رزگار بکاتو بە شانۆی بگەیەنێتەوە ..
ریتمی شانۆگەرییەکە
لە بەر ئەوەی شانۆگەرییەکە پەیوەست بوونێکی زۆری بە حاڵەتە سایکۆلۆژییەکانەوە ھەیە و کەسایەتیەکان پێویستییان بە دیالۆژی ناخ ھەیە , بۆیە ریتمی ھێور پەردەیەکی بە سەر شانۆگەرییەکەدا کێشاوە , کە زۆر جاران بە بروسکە و باران و قیژەی ترسناک و لە ناکاوی کەسایەتییەکی تر ھێورییەکە لای بینەر دەڕەوێتەوە و بە قیژەو دەنگی بروسکەکان بە ئاگای دێنتەوە , بەڵام دەنگی بروسکەکان تا چەند لە رووی بە کارھێنانی ئامرازە ھونەرییەکانەوە بە تایبەت موئەسیراتی دەنگ و رووناکییەوە تەوزیف کرابوون بۆ بەرجەستە کردنی بروسکەکان و بە جێ ھێشتنی کاریگەری دەروونی بە سەرخەیاڵی بینەرو رەواندنەوەی حاڵەتە مەییووەکانی , بە شێوەیەک بتوانێت کاریگەری خۆی بەسەر ریتمی شانۆگەرییەکە بە جێ بێلێ؟ من پێم وابوو نەمانتوانی نە بە باران و نەبروسکە کار لە بەرز کردنەوەی ریتمی شانۆگەرییەک بکەین و یاریدەی بینەر بدەین بۆ ھوشیار بوونەوە .ئەگەرچی نووسەری تێکستەکە بایەخێکی زۆری بە بروسکەکان داوە چونکە بروسکەکان وێڕای ئامانجە ھونەرییەکان فەلسەفەیەکی سایکۆلۆژی کاریگەری تێدایە ھێمایەکە بۆ حاڵەتی دەروونی کەسایەتییەکان بە تایبەت کاترینا کە ناوە ناوە ئەو بروسکەیە لە ناخیدا رایدەھەژینێ و ئازارێکی ویژدانی و دەروونی پێ دەبەخشێت لە ئاست ئەو خیانەتەی دەیکات و جار جارەش وەک زەنگێک لە گوناھەکە بە ئاگای دێنتەوە ..
جەستەی ئەکتەرو ئەدای ئەکتەر.. لە ئامرازە ھەرە بە تینەکانی گۆڕانی ریتمن لە شانۆدا , کە ھەندێ جارجەستە , بە تایبەت لە بانتۆمایمدا دەبێتە توخمی بنەڕەتی ریتم , ئەگەر بە وردی لە ئەداو ریتمی جەستەیی ئەکتەرەکانەوە ورد بینەوە , پەیوەستی بکەین بە ریتمی گشتی شانۆگەرییەکە , ئەوە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین کە ئەدای لاوازی ئەکتەرەکان , بە دەر لە دوو سێ ئەکتەری سەرەکی نەبێًت , لە چەشنی فرمێسک مستەفاو گێڵاس ناسر کە بوون بە کۆڵەگە بۆ رزگار کردنی ھاوسەنگی شانۆگەرییەکە ئەوە رەنگە ریتمی شانۆگەرییەکە دەگەیشتە پلەی ژێر ناوەندی ..
بۆ بە زیندوو راگرتنی دیمەنکان و راگرتنی ھاوسەنگیەکە دەبوا دەرھێنەر قورسایی خۆی ئەوەندە نەخستایە سەر دیمەنە لاوەکی و ئەکتەرە لاوازەکان , چەند ئەوەندەی پشتی بە گێڵاس بەست ئەوەندەش تیشکی خستایە سەر فرمێسک کەمن پێم وایە ئەگەر بکرابوایە توخمێکی بەتینتری ململانێکە ئەوە ریتمی ململانێکە لەوەندە بەھێزتر دەبوو کە ئێمە بینیمان ..ئاستی ریتم و داھێنانی نواندنیش بە ھۆی رەخساندنی بواری زێتر بۆ فرمێسک ھەم ریتمی شانۆگەرییەکەی بەرزتر دەکردەوە , ھەم ئاستی نواندنیشی لە شانۆگەرییە زێتر بەرجەستە دەکرد , چونکە بینەر ھەستی بەوە دەکرد کە زۆرینەی ململانێکان لە ناخ کاترینا خۆیەتی و کاترینا ھەردوو جەمسەری ململانێکەی بە دەستەوەیە , نەک دایکەکە ..