كارزان حەیدەر : دەشتی كەلهوڕی. دەنگ و ڕووخسارێكی نوێ لە هونەری گۆرانی و میوزیكی كوردیدا، لە گەرمیان بە بێ دەنگی لە دایك بوو، لە غەریبیش چریكەی بیسترا، لە ماوەیەكی زۆر كورتدا زیاترین جەماوەری بە دەوری خۆیدا بە گۆرانی ( دلبەرا من ) كۆكردەوە، بەڵام ئەو دەمێكە خۆ ماندوو دەكات تا شتێك پێشكەش بكات شایستەی هونەری كوردی بێت .
دەشتی كەلهوڕی 12 ساڵ پێش ئێستا لە كەلارەوە بەرەو ئەڵمانیا بەڕێكەوت، ئەو كاتەش تەنها شەشەمی ئامادەیی تەواو كردبوو، لە غوربەتیش نەیتوانی درێژە بە خوێندنی زانكۆیی خۆی بدات، تەنها گرتنە بەری ڕێگەی هونەرێكی بەرز نەبێت كە ئەو چاوەڕوانی ئایندەیەكی گەشی لێدەكات.
* گۆرانی ( دلبەرا من ) یەكەم دەركەوتنی ئێوەیە لە هونەری گۆرانی گوتندا؟
دەشتی : نەخێر، یەكەم دەركەوتنی من لەو كۆنسێرتەدا بوو كە لە هۆڵەندا لەگەڵ تیپێكی سەمفۆنیایی هۆڵەندا بەشداریم كرد .
*پێشتر بارگراوندێكی هونەریتان هەبوو؟
دەشتی : من دەمێكە خۆم ئامادە دەكەم، نەمویستووە بێ ئاگایانە بێمە ناو هونەرەوە.
*ئێستا لە دەرەوە جگەلە هونەر كاری دیكە سەرقاڵی كردوون؟
دەشتی : زۆربەی كاتەكانی ژیانم بۆ هونەرە، كاری دیكەش بۆ بژێوی ژیانم دەكەم.
*چۆن خۆتان لە گۆرانی گوتندا تاقیكردەوە؟
دەشتی : زۆر هەوڵی شارەزابوون لە مەقامە كوردییەكان دەدەم، هاوكات فێربوونی ئامێری عود و تار، یەكەم كاری تایبەتی خۆم لە هۆنراوەی خۆم و ئاوازێكی فارسی تۆماركرد، مامۆستا عارف كاری دابەشكردنی بۆكرد، ئەو بەرهەمە بە تەنها دەنگ بڵاوبۆوە نەك ڤیدیۆ كلیپ، كەچی خەڵكانێكی زۆر، بەتایبەت هونەرمەندان، پێشوازیكی گەرمیان لێكرد و دەستخۆشیان لێكردم، ئەو كارە زۆر هانی دام كاری باشترو جوانتر بكەم.
*پێت وانییە زۆری و بۆرییەك لە بوونی گۆرانی بێژان هەیە لە كوردستان؟
دەشتی : هیوادارم ئەمە ببێتە ئەزموونێك و سوودی لێوەرگرین.
*ئایا ئەمە حزمەت بە هونەری كوردی دەكات؟
دەشتی : ئەمە نەك خزمەت ناكات، بەڵكو زیان دەگەیەنێ.
*ئەی كەناڵە هونەریەكان چۆن ەبینن؟
دەشتی : ڕۆژ بەڕۆژ باشتر دەبن.
*پێت وایە میزاجی شەخسی لە كوردستان ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر هونەری گۆرانی و میوزیك؟
دەشتی : بەڵێ ئەوە ئاشكرایە، بەڵام دەبێ كارەكان بۆ خزمەتكردنی هونەری كوردی بێت، نەوەك بۆ میزاجی شەخسی تاكە كەس.
*بۆ نازناوت كەلهوڕیە؟
دەشتی : من كەلهوڕیم و خەڵكی گەرمیانم، لە ئەلبوومە ( دەبا بەس بێ ) بە كەلهوڕی و بادینی و سۆرانی گۆرانیم گوتووە.
*یەكەم كۆمەڵە بەرهەمتان بڵاوبۆوە؟
دەشتی : بەڵێ، ( دەبا بەس بێ ) كارە هونەریەكانیم لە ئێران و توركیاو ئەوروپا بۆ كردووە، زۆربەی ئاوازەكانی هی خۆمن، ئاوازێكی هی مامۆستا نامدار قەرەداغی-یە و ئاوازێكیش فارسی-یە، هۆنراوەكانیشی بەشێكی حۆم نوسیومن، ئەوانی دیكەش ئەحمەد باوەڕو ئەحمەد محەمەد و ئەحمەد باڵەیی نوسیویانە، دابەشكردنی میوزیكەكەی كارزان قەرداغی وشاهۆ عەندەلیب و ئالان عارف و هیلال مەتیوە و ئازاد بەكر و ئەنەس ئیسماعیل و گروپی میوزیكی گوندەم و ئەرسەلان كامگار بۆیان كردووم.
*كاری نوێتان هەیە؟
دەشتی : خەریكی كلیپێكم بەم نزیكانە تەواو دەبێت، هاوكات كۆنسێرتێك لەگەڵ گروپێكی سەمفۆنیای هۆڵەندا لە 14/3/2011 سازدەكەین، تێیدا 150 موزیك ژەن و كۆرس بەشداردەبن، من بە 4 گۆرانی بەشداری لەو كۆنسێرتە دەكەم، ئەو كارەش بۆ من گەورەترە لەو كارەی ساڵی پار كردم.
*ئێستا لە كوردستان زیاتر خۆ نیشان دەدرێت ؟ یان هونەر؟
دەشتی : پێم وایە ئێستا خۆ نیشان دان زیاترە لە هونەر نیشاندان.
*كێ بەرپرسیارە لەو فەوزایەی لە هونەری كوردی هەیە؟
دەشتی : وەزارەتی ڕۆشنبیری لەهەر كارێكی باش و خراپی هونەری بەرپرسیارە.
*بەرهەمە نوێكەت لە كۆپی كردن پارێزگاری كرا؟
دەشتی : بەداخەوە نەپارێزرا، لەو ڕۆژەی بەرهەمەكەم بڵاوبۆوە، كەوتە سەر زۆربەی ماڵپەڕەكان و زۆر بە سانایی دەتتوانی دایبەزێنی، دوای چەند ڕۆژێكی دیكەش لە بازاڕەكاندا بە كۆپی كراوی دەفرۆشرا.
*پێت وایە لە كوردستان بە یەك چاو سەیری هونەرمەندان دەكرێت؟
دەشتی : نەخێر
*بڕوانامەیەكی خوێندنتان هەیە؟
دەشتی : من دەرچووی ئامادەییم لە شاری كەلار، بەداخەوە نەمتوانی خوێندنی كۆلیژ تەواو بكەم، چوومە دەرەوەی وڵات.
*دەخوێننەوە؟
دەشتی : بەڵێ، بەتایبەت ئەو كتێبانەی تایبەتن بە هونەر.
*چەند زمان دەزانی؟
دەشتی : كوردی، فارسی، عەرەبی، ئەڵمانی.
*وەرزش دەكەی؟
دەشتی : بەڵێ ڕاكردن و تێنس دەكەم.
*هاندەری چ یانەیەك و هەڵبژاردەیەكی؟
دەشتی : هاندەری یانەی شێروانەو هەڵبژاردەی ئەڵمانیام.