مەنسوور جیهانی ـ “جابر قاسمعەلی” و “محەمەدڕەزا گەوهەری” لە سیناریۆنووسانی ناودار و بەئەزموونی سینەمای ئێران؛ وەکوو ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی سیناریۆی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنەی “لاو” دەستنیشانکران.
لە پێناو ناساندن و بردنەسەرێی ئاستی سیناریۆنووسی ناوچەکە، ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بە بەرپرسیاریی “ئیبڕاهیم سەعیدی” سینەماکاری ناودار و بەرئەزموونی کورد، هەوڵیداوە کە یەکەمین خولی پێشبڕکێی سیناریۆنووسی کورتە فیلم لە نێوان سیناریۆنووسانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان لە شاری مەهاباد بەڕێوەببات.
ئەم پێشبڕکێیە بڕیاروابوو کە بە ناونیشانی یەکێک لە بەشە سەرەکییەکانی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنەی “لاو” بەڕێوەبچێت، بەڵام بە هۆی باروودۆخی نالەبار و هەروەها بەربەستەکانی ڕێکارە تەندروستییەکانی کۆڕۆنا، ئەم بەشە بە شێوەی سەربەخۆ و پێش لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنەی “لاو” بەڕێوەدەچێت.
بە لەبەرچاوگرتنی هەمووی ئەمانە، بانگەوازی ئەم ڕووداوە هونەرییە لە بەهاری ئەمساڵدا بڵاوکرایەوە و بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان”؛ بە گشتیی 92 سیناریۆی کورت، لە لایەن سیناریۆنووسانی ناوچەکە ڕوانەی نووسینگەی فێستیڤاڵ کرا کە لە نێوانیاندا لە لایەن لێژنەی هەڵبژاردنی ڕێکخراوەی لاوان فیلمەوە 12 سیناریۆی بەرچاو، دەستنیشانکران و چوونە قۆناغی کۆتایی دادوەرییەوە.
لە قۆناغی کۆتایی دادوەریی بەرهەمەکاندا هەوڵدراوە کە مامۆستایانی بیرمەند و پسپۆڕی بواریی سیناریۆنووسی ئێران، بەرپرسیارییەتی هەڵبژاردنی سیناریۆی سەرکەوتووی ئەم فێستیڤاڵەیان لە ئەستۆدابێت و لەم پێناوەدا “جابر قاسمعەلی” و “محەمەدڕەزا گەوهەری” لە سیناریۆنووسانی ناودار و بەئەزمووی سینەمای ئێران؛ بەرهەمەکانی ئەم خولەی فێستیڤاڵ هەڵدەسەنگێنن.
لە پێناو هاندانی سیناریۆنووسانی لاوی ناوچەکەدا لە لایەن ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” خەڵاتی سیناریۆی سەرکەوتووی ئەم خولە، بەشداریی لە قۆناغی بەرهەمهێنان و هەروەها سازکردنی سیناریۆی هەڵبژاردە لەبەرچاو گیراوە.
بڕیاروایە کە سیناریۆکانی دەستنیشانکراویی کۆتایی لە لایەن لێژنەی هەڵبژاردنەوە لە پێناو باشتربوونی بەرهەمەکاندا، لە کارگەیەکی کارای سیناریۆنووسیدا لە ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” بەشداریان پێبکرێت.
بۆ زانیاری زیاتر:
لاپەڕەی فەرمی ڕێکخراوەی فیلمسازی “لاوان فیلمی موکریان” لە ئینستاگڕام:
@lavanfilm_institute
لاپەڕەی فەرمی “ئیبڕاهیم سەعیدی” لە ئینستاگڕام:
@ebrahimsaeedi_official
بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فێستیڤاڵی فیلم، سیناریۆ و وێنەی “لاو”.