تابلۆ حه‌سه‌ن/ ماسته‌ر له سایکۆلوژی – ئه‌ڵمانیا: سه‌رۆک وه‌زیرانی ناوداری به‌ریتانی( وینستن چرچڵ ) له ته‌مه‌نی چل ساڵیدا کاتێک که له شه‌ری بوێر ده‌بێت له باشووری ئه‌فریقیا نامه‌یه‌ک ده‌نووسێت بۆ خێزانه‌که‌ی ، ناوه‌رۆکی نامه‌که له وه‌سیه‌تنامه ده‌چێ ، داوای ئه‌وه ده‌کات چاوی له منداڵه‌کان بێت و ئاگای له خۆی بێت و له کۆتاییدا ده‌نووسێت له‌دوای مه‌رگ یه‌کده‌گرینه‌وه.
که‌چی کاک چڕچڵ سی ساڵ دوای ئه‌و وه‌سیه‌تنامه‌یه ژیا و له زاری خۆیه‌وه کۆتایی جه‌نگی جیهانی دووه‌می ڕاگه‌یاند دوای ئه‌وه‌ش بیست ساڵی دی ژیا و له کۆتاییدا له ته‌مه‌نی نه‌وه‌د و یهکساڵیدا کۆچی دوایی کرد .
له روسیاش ژنێک بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی له چاپدا ، تێیدا باس له پیاوه‌که‌ی خۆی ده‌کات و ده‌ڵێ ئه‌و تاوانباره به زۆروزۆرداری له‌گه‌ڵمدا نووست و دواییش سواری ئه‌سپه‌که‌ی بوو و بیست مێلێک دوورکه‌وته‌وه و دیسان گه‌رایه‌وه و ئاهه‌نگی ههفتاساڵهی له دایکبوونی خۆی کرد و له هه‌مان کاتدا هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردم که ژنێکی ته‌مه‌ن چوارده‌ساڵ بێنێت ئه‌گه‌ر من به گوێره‌ی دڵی ئه‌و نه‌جوڵێمه‌وه ، سه‌یر ئه‌وه‌یه که ئه‌و تاوانباره رۆماننووسی به‌نابانگ و گه‌وره ( تۆڵستۆی) بوو.
فه‌یله‌سووفی به ناوبانگ (برتراند رسل) له هه‌شتا ساڵیدا وتی ، کاتێک گه‌نج بووم خولیای ماتماتیک بووم ، به‌ڵام که هه‌ستم کرد کارێکی زه‌حمه‌ته هاتمه سه‌ر فه‌لسه‌فه ، له دوایشدا سه‌یرم کرد ئه‌وه‌ش زه‌حمه‌ته که‌وتمه دونیای سیاسه‌ت ، جا ئه‌گه‌ر بێت به وردی له‌م دێره‌ی رسڵ قووڵ بینه‌وه ده‌ره‌نجامی سه‌یرمان ده‌ست ده‌که‌وێت، هه‌ر بۆ زانیاری رسل له هه‌شتاو پێنج ساڵیدا هه‌فته‌یه‌ک له به‌ندیخانه‌دا تووند کرا له به‌ر ئه‌وه‌ی پێش ئه‌و خۆپیشاندانانه ده‌که‌وت که دژ به چه‌کی ئه‌تۆمی ساز ده‌کرا، چوار جار خێزانی پێکهێنا و له له نه‌وه‌د و پێنج ساڵیدا کۆچی کرد (له کن خۆمان مرۆڤ دوای سێیه‌م وتاری سیفه‌تی فه‌یله‌سوف هه‌ڵده‌گرێت) هه‌ر وه‌کو فڵان و فیستان..
(ول دیورانت) گه‌وره مێژوونووسی جیهان و ئه‌مریکا به‌شی یانزه‌ی کتێبه به‌ناوبانگه‌که‌ی ( دیرۆکی شارستێنی) له گه‌ڵ خێزانه‌که‌ی (ئهریل دیورانت) نووسیه‌وه له کاتێکدا خۆی له ته‌مه‌نی نه‌وه‌د و شه‌ش ساڵیدا بوو ئهریلیش له ته‌مه‌نی هه‌شتاوسێ ساڵی، کاتێکیش ئهریل مرد دوابه‌دوای ئه‌و ولیش دوای ته‌نها یه‌ک هه‌فته سه‌رینایه‌وه . (له کن خۆمان له ته‌مه‌نی چل ساڵیدا مرۆڤ خانه‌نشین ده‌کرێت و له چل‌و یهکساڵیدا دوای هه‌موو کۆکینێکی ئاهه‌نگی پاشه‌وه‌ی هه‌یه).
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ته‌مه‌ندا ده‌ڵێن موسای په‌یامبه‌ر سه‌د و بیست ساڵ ژیاوه ، هه‌ر بۆیه جووه‌کان له ئاهه‌نگی له دایکبووندا به یه‌کتر ده‌ڵێن ته‌مه‌نت( سهدوبثت ساڵ) بێت ، ژماره‌ی ئه‌ندامانی کنێست (په‌رله‌مان)ی ئیسرائیلیش سه‌دو بیست که‌سه ، به‌ڵام ئاده‌م کاتێک یه‌که‌م کوری بوو ته‌مه‌نی سه‌د و سی ساڵ بوو کاتێکیش کۆچی دوایی کرد ته‌مه‌نی (940 ) ساڵ بوو ( خه‌رمان به‌ره‌که‌ت ) ، هه‌رچی نوحیشه کاتێک که که‌شتیه‌که‌ی له کوردستان دروست کرد ته‌مه‌نی ( 500) ساڵ بوو و خاوه‌نی سێ کوڕ بوو‌و ( سام و حام و یافت ) له کۆتایشدا ( 950 ) ساڵ ژیا ، به‌ڵام ( مه‌توشالح ) ی کوره گه‌وره‌ی ئاده‌م ( 969) ساڵ ژیا . شیعهمهزهوهکانیش ده‌ڵێن که ( ئهیمامی نادیار- مه‌هدی ) نه‌مردووه و ماوه، که وا بێت ده‌بێت ئێستا ته‌مه‌نی هه‌زار و سه‌د و هه‌فتا ساڵێک بێت .
گرنگترین وته له‌مباره‌یه‌وه وترابێت قسه‌یه‌کی پزیشکی یۆنانی ( جالینووس ) که ده‌ڵێت ئه‌و که‌سه‌ی هه‌ست به پیری ناکات زۆر ده‌ژی و به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ی که هه‌ست بکات که تازه پیر بووه و قاچه‌کانی هێزی هه‌ڵگرتنی لاشه‌یان نه‌ماوه و دڵیان وه‌کو پێویست کار ناکات ئه‌و که‌سه به گه‌نجی ده‌مرێت با ته‌مه‌ن درێژیش بێت .
شاعیری کۆچکردووی ئه‌ڵمان( نۆڤالس 1772-1801) که‌متر له سی ساڵ ژیا، بۆیه ده‌ڵێ : من به مردوویی له دایک بووم ، هه‌ر له منداڵیه‌وه هه‌ستده‌که‌م له نێوانی چرکه‌یه‌ک و چرکه‌یه‌کی تردا ده‌مرم ، من مردووم پێش ئه‌وه‌ی بژیم .
که‌وا بوو مه‌سه‌له‌ی مه‌رگ و ژیان بریارێکه له ناخی مرۆڤه‌کانه‌وه ده‌درێت ، منیش ئه‌گه‌ر مردن رێگه بدات زیاتر له‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌کۆڵمه‌وه .