سینەماکاری کورد “بەھمەن قوبادی” کە بۆ نمایشی نوێترین فیلمی خۆی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ سەردانی تورکیای کردبوو لە وتووێژی لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندنیی ئەم وڵاتەدا گوتی: بەداخەوە ئێستاکە سینەمای کوردیی بێ سەر و شوێنە و ھیوادارم رۆژێک بێت کە ئەم سینەمایە رێکبخرێت.
فیلمی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” Somtimes Look Up نوێترین بەرھەمی سینەماکاری ناوداری کورد “بەھمەن قوبادی” لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی “چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان” Words With Gods لە بەرھەمھێنانی “ئالێکس گارسیا” و “گیلێرمۆ ئاریێگا” و بە ئاوازدانەری موزیکزانی ناوداری بەریتانی “پیتێر گابریێل” بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە چوار سانسی جیاوازدا لە رۆژانی ٨ و ٩ و ١٤ نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٥ لە بەشی “گاڵا” لە میانەی سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەما، رۆژنامەنووسان، پەیامنێران و بینەرانی ئامادەبوو لە فیستیڤاڵ پێشوازیی لێکرا.
بەشی “گالا” یەکێک لە بەشە گرینگ و بەرچاوەکانی ئەم فیستیڤاڵە دێتەئەژمار کە تیایدا فیلمەکانی سینەماکارانی ناوداری جیھان نمایش دەکرێن کە پێشتر لە فیستیڤاڵە گرینگە نێودەوڵەتییەکاندا توانیبێتیان خەڵاتیان بەدەستھێنابێت و یا لە سینەمای ھۆلیڤوود نمایش کرابێتن و قوورسایی و ناوێکی بۆخۆی پەیدا کردبێت.
“بەھمەن قوبادی” کە ئێستا سەرقاڵی دوایین قۆناغەکانی نوێترین بەرھەمی خۆیەتیی تەنیا رۆژێک توانی کە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵدا ئامادەبێت، ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە لە کاتی نمایشی فیلمەکەیدا لە شوێنی فیستیڤاڵ نەبوو بەڵام لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئەم فیلمەدا بەشداریی کرد.
دەزگا راگەیاندنە گرینگەکانی تورکیا خوازیاریی وتووێژ و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەم فیلمسازە کوردە بوون کە قوبادی لەگەڵ چەندین دەزگای راگەیاندیی ئەم وڵاتەدا لەوانە: “میلییەت” Milliyet، “فیلم لاوێرز”Film Loverss واتە “ئەڤیندارانی سینەما” و “سی.ئێن.ئێن تورک” CNN TÜRK وتووێژی کرو و لە بەشێک لەم دیدارانەدا سەبارەت بە سینەمای کوردیی گوتی: سینەمای کوردیی ئێستاکە بێ سەر و شوێنە و شوێنێک بە ناوی ھەولێر لە ھەرێمی کوردستان بوو کە فیلمسازانی کورد دەیانتوانی روویتێبکەن و کاری تێدا بکەن، بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا بە ھۆی ئەو جەنگەی کە لە ناوچەکەدا خستوویانەتەڕێی و کوردەکانیش بەناچار تووشی بوون، فیلمسازانی کورد ھیوای خۆیان لەدەستداوە کە بتوانن لەوێی درێژە بە ژیانی ھونەریی خۆیان بدەن.
گوتیشی: نە دەوڵەتیی ئێران پشتیوانی لە سینەمای کوردیی دەکات و نە لە سووریا دەوڵەتێک بوونی ھەیە کە پشتیوانی لە سینەمای کوردیی بکات و نە لە تورکیاش پشتیوانییەکی ئەوتۆ لە سینەمای کوردیی دەکرێت. بەداخەوە ئەم سینەمایە ئێستاکە بێ سەر و شوێنە و ھیوادارم رۆژێک بێت کە ئەم سینەمایە رێکبخرێت.
سی و چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ رۆژی ٤ نیسان / ئەپرێل دەستی پێکردووە و تا رۆژی ١٩ نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٥ بە نمایشی ٢٣٠ فیلمی سینەمایی، دیکۆمێنتاریی و کورتە فیلم لە سینەماکارانی ١٠٩ وڵاتی جیھان لە زیاتر لە ٣٠ بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی “پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی”، بەشی “پێشبڕکێی فیلمەکانی ناوخۆ”، بەشی “پێشبڕکێی نەتەوەیی”، بەشی “گاڵا” بەشی “چاوخشاندنێک بە فیستیڤاڵەکانی دیکە”، بەشی “جەژنی ئاکبانک”، بەشی “مافی مرۆڤ لە سینەما”، بەشی “پێشبڕکێی دیکۆمێنتی”، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی “سینەمای نوێی تورکیا”، بەشی “کورتە فیلم” و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە شاری ئەستەنبووڵ وڵاتی تورکیا درێژەی دەبێت.
فیلمی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” ئەم رۆژانە ھاوکات لەگەڵ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ لە بەشی “نمایشی تایبەت”ی فیستیڤاڵی فیلمی پاناماش بەشدارە، ئەم فیلمە بە ئامادەبوونی “گیلێرمۆ ئاریێگا” یەکێک لە بەرھەمەھێنەرانی ئەم فیلمە، کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەمە ١5 نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٥ لە ھۆڵی شانۆی نەتەوەیی شاری پاناما لە وڵاتی پاناما نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ٦٠ فیلمی سینەمایی کە لە فیستیڤاڵە گرینگەکانی جیھان، لەوانە: کان، تۆرێنتۆ، ڤێنیز، سان سێباستییەن، ساندەنس و چەندین فیستیڤاڵی دیکەی نێودەوڵەتیی بەشدارییان کردووە و خەڵاتیان بەدەستھێناوە، لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: بەشی “تایبەتی ئەمەریکا” ٨ فیلم، بەشی “پانۆڕامای ئەمەریکا” ١٦ فیلم، بەشی “ئەمەریکای ناوەند و کارائیب” ١٠ فیلم، بەشی “نمایشی نێودەوڵەتیی” ١٦ فیلم، بەشی “چاوخشاندنێک بە بەرھەمانی فیلمسازی بڕازیلی کەریم ئاینۆز” Karim Aïnouz ٥ فیلم، بەشی “دیکۆمێنتاریی” ١٠ فیلم، بەشی “سووچی بنەماڵە” ٣ فیلم و ھەروەھا بەشی “نمایشی تایبەت” ٨ فیلم لە رۆژانی ٩ تا ١٥ نیسان / ئەپرێلی ٢٠١٥ پێتەختی وڵاتی پاناما لە ئەمەریکای لاتین بەڕێوچوو.
“بەھمەن قوبادی” ئێستا سەرقاڵی نووسینی سیناریۆی بڵندی فیلمی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە”یە، ئەم فیلمە بڵیندە سینەماییە لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکی بەم سینەماکارە کوردە پێشنیار کراوە و بڕیاروایە لە وڵاتی ئەمەریکا بە زمانی کوردیی سازبکرێت. تێمی ئەم ئایدایە ئەو کاتەی کە قوبادی بۆ نمایشی “ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە” لە حەفتا و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا ئامادەبوو، لە لایەن ئەم کۆمپانیایە ئەمەرییکەوە لەم فیلمسازە کوردەیان کڕیبوو.
بۆ زانیاریی زیاتر:
http://film.iksv.org/en/film/2940
http://variety.com/2015/film/festivals/iff-panama-guillermo-arriaga-presents-panama-with-words-with-gods-1201470165/
http://www.iffpanama.org/en/movies/words-gods
http://www.filmloverss.com/bahman-ghobadi-roportaji/
Discussion about this post