حەمەسوار عەزیز : مایەی خۆشحاڵی بوو وەزیری رۆشنبیری لە رۆژی جیھانی شانۆ بە بایەخەوە باسی ھونەری شانۆی کردو بەڵێنیدا وەزارەتەکەی ھەمیشە ھاوکاری شانۆکاران و پڕۆژە جییدییەکانیان بیت، ئەمەش سەرەتایەکی باشە ئەگەر حکومەت ھەوڵبدات لەنزیکەوە گوێ لە شانۆکاران بگرێت و ھەوڵبدات لەڕێگەی ھاوکاریکردنی شانۆکار لە دامەزراندنی سیستمێکی زانستی و پڕاکتیکی نەخشەی کاری شانۆیی لە کوردستان دابڕێژێتەوە.
ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە لەسەری ھەڵوەستە بکەم لایەنی تیۆری و توێژینەوەو ڕەخنەی شانۆییە کە پانتاییەکی زۆر گرنگی ھەیە لە برەودان بە ڕەوشی شانۆ و دەتوانێت لەڕێگەی شڕۆڤەکردنی زانستی و ئەکادیمی شانۆ لە تەنگژەو قەیرانە سەختەکان بپارێزێت و برەو بەکاری داھێنەرانە بدات و ڕەش و سپی لە یەکتر جیابکاتەوە.
ئەگەر ئێستا سەیری بڵاوکراوە کوردییەکان بکەیت دەبینی فەرامۆشکردنێکی زۆر گەورە ھەیە بۆ شانۆو وتارو توێژینەوە شانۆییەکان، لەبەر ئەوەی زۆرینەی بڵاوکراوەکان بڵاوکراوەی گشتین و بایەخ بە ھێلە گشتییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک دەدەن کە بێگومان شانۆ بەشێک نییە لەو کڵتوورەو نەچۆتە نێو بازنەی رۆژانەی بایەخپێدانی تاکی کودییەوە، لەلایەکی تریش ھەمیشە لێکۆڵینەوەو توێژینەوەی شانۆیی بۆ خەڵکی تایبەتمەند دەنووسرێت و ڕەنگە خەڵکی ئاسایی لێی سوودمەند نەبن.
جێگەی خۆیەتی ئاماژە بەوە بکەم کە دوای ئەوەی چەند گۆڤارێکی تایبەتمەند لەم بوارە وەستا یا وەستێنرا، ئێستا بۆشاییەکی زۆر گەورە لەم بوارە دەبینرێت و بەشێوەیەک کە تاکە بڵاوکراوەیەکی نووسراو نییە کە بایەخ بەو لایەنە گرنگەی شانۆ بدات کە بەقەد نمایشە شانۆییەکان بایەخی ھەیەو بە یەکێک لە بنەماکانی دامەزراندنی ھونەری شانۆ دەزانرێت.
لێرەدا پێمخۆشە ئەوە بەبیر بەرێز وەزیری رۆشنبیری و لایەنی پەیوەندیدار بێنمەوە کە یەکێک لە باشترین ئەو گۆڤارە تایبەتمەندانەی کە بەر ھەڵمەتی تەقەشوفی حکومەت کەوتن “گۆڤاری شانۆ” بوو، بە بڕوای زۆرینەی شانۆکاران گۆڤاری شانۆ بڵاوکراوەیەکی شانۆیی تیۆریی ناوازە بوو نەوەکو تەنھا لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی ھەموو عێراق و ژمارەیەک لە باشترین قەلەمەکانی کوردستان و عێراق لەو گۆڤارە جێ پەنجەیان دیاربوو.
بۆیە ھیوادارم بەڕێز وەزیری رۆشنبیری وەک سەرەتایەک بۆ باشکردنی کاری شانۆیی لە کوردستان دووبارە بوودجەی تایبەت بۆ گۆڤاری شانۆ تەرخانبکرێتەوە و جارێکی تریش بکەوێتەوە گەڕ، ئەگەر ئەوەش ناکرێت ھەوڵبدرێت لەڕێگەی سەندیکای ھونەرمەندانەوە گۆڤاری “شاکار” جارێکی تر ڕوناکی ببێنێت یا کارئاسانی بکرێت بۆ دەرکردنی ھەر گۆڤارێکی تری تایبەتمەند بە ھونەری شانۆ.