
پێشتریش لە وەسفی ئەودا ئەم چیرۆکەم گێڕاوەتەوە( بیرمە دوای ڕاپەڕین کاتێک ئێمە منداڵ بووین، خالید ڕەشید وەک گەنجێکی کوردی دڵ پڕ لە هیوا لە هەندەران گەڕابۆوە ، بەتەمابوو بە یەکجاری بمێنێتە وە و هەندێ پڕۆژەی هونەریشی دەستپێکردبوو. ئەوەی هەرگیز لە بیرم ناچێت ئەو وێنەیە بوو کە ئەو سەردەمە گەنجانی گەڕەک هەموو بە کڵاشینکۆف و دەمانچەوە دەسوڕانەوە، بەڵام ئەم فلووتێک لە جانتایەکی باریکی ڕەشدای دەکردە شانی و بە تەنها بەیانیان دەچوو میوزیکی دەژەنی و ئێواران دەهاتەوە) لەو وێنەیەدا بۆ هەمیشە جیاوای مرۆڤی ڕۆشنبیر و ناڕۆشنبیر چووە سەرمەوە) تێگەیشتم چەکدارەکان لەگەڵ فلووتدارەکان سەر بە یەک دنیای ڕۆشنگەریی و پەروەردە نین.
دەمەوێ بڵێم خالید ڕەشیدم خۆشدەوێت، زیاتر لەوەی هونەرمەندیکی دڵخوازی ترم خۆشدەوێت. بەڵام ئەمە نابێت بەرەو گەندەڵی و خۆگێلکردنم ببات و ئەم خۆشەویستیە نابێت کوێرم بکات لەئاستی دیاردەیەک کە خالید ڕەشید بەرەو جەهلێکی کوشندە دەبات.
ماوەیەکە ئەم پیاوە توشی جۆرێک لە خڵەفان بووە. خڵەفانێک کە سەرچاوەکەی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم و کەفوکوڵی خۆبەکەمزانیی و گرگنیی کوردییەتەکەیەتی. ماوەیەکە وامان نیشان دەدات کە ئەم جیهانە لەسەر ڕق لێبوونەوە لە ئینسانی داماوی کورد بونیاد نراوە. وادەزانێت خەلەلی گەورەی ئەم گەردوونە ئەوەیە کە کورد دەوڵەتێکی کوردی پەتی نیە .
بەڕای من هۆکاری ئەم پەلهاویشتنەی بۆ ئەم دنیا ناشرینە بەتەنها یەک ڕەهەندی نیە، بەڵکو کاریگەریی کۆمەڵێک بارودۆخ و ڕووداو و گۆڕانکاریین کە دەشێت دەستنیشانیان بکەین .
١/ پۆپۆلیزم : ئەم هونەرمەندە بەهۆی ئەو هەموو دژایەتییەی گەندەڵکاران و تێکەڵ نەبوونی بە دزی وفزیەکانی دەسەڵات وەک کاراکتەرێکی خاوەن هەڵوێست دەرکەوت و ژمارەیەکی گەورەی فان و هەواداری لە سۆشیالمیدیادا لێ کۆبوونەوە. لێرەدا دەبێت بڵێین بەداخەوە نەیتوانی ئیدارەی ئەو هەموو خۆشەویستییەی خەڵک بدات، لەبری ئەوە ئێستا ئەم کەوتۆتە دوای ئەو قەرەباڵغییە و ڕێک بەتەنیشت مێگەلەوە بەرەو تاریکی هەنگاو دەنێت و لایلایە بۆ هەوادارەکانی دەکات. لەوانەیە ئەمە وەک خۆی نەبینێت بۆیە وەک دەبینرێت خۆی لێبووە بە گۆدۆ و پێغەمبەر.
٢/ ڕۆشنبیر و هونەرمەند و خەڵکانی خوێندەواری ناو دەسگا موخابەراتیەکانی هەردوو حیزبی دەسەڵات بە بەرنامە و بە ووریایی دەفعی دەکەن و بە شان و باڵیا هەڵەدەن و دەیانەوێت بەردەوام بێت لەسەر ئەم گەمژاندنەی خەڵک. دڵنیام بۆخۆی بێئاگایە لەم جۆرە یارییانە.
٢/ وونبوون لەناو خەیاڵاتی کوردایەتی و ناسیۆنالیزم. ئەم ئایدۆلۆژیایە مرۆڤی ئێمەی کردۆتە قەشمەری هەندێک خەیاڵپڵاو، کە لە ئەساسدا سیاسیەکان پارەی پێ پەیدادەکەن. مەفهوومەکانی دەوڵەتی کوردی و دوژمنی نەتەوەیی و کوردستانی گەورە و داگیرکەرانی کوردستان… دەیان دەربڕینی تر کە لە ئەرزی واقیعدا هیچ واتا و ماهیەتێکیان نەماوە بۆ ئەو خەڵکەی ئەم نەتەوەی کوردە پێک دەهێنن.
٤/ دابڕان لە هەردوو دنیاکە: یەکێک لەو کێشە گەورانەی ڕووبەڕووی مرۆڤی هەندەرانیی دەبێتەوە، دابڕانە لە ڕەوتی گەشەسەندن و پەرەسەندن و پێشکەوتن لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کلتوری و فکرییەوە.
ئێمە کە نیشتیمانمان بەجێهێشت دابڕاین لەو پەرەسەندن و گەشەسەندنە سرووشتییەی ئینسانێک لەناو کۆمەلگای خۆیدا لە تێپەڕینی کاتدا تەجروبەی دەکات. لێرەیش (شۆکی کلتوریی) مرۆڤ زۆر دوادەخات لەوەرگرتن و هەزمکردنی کلتورە نامۆکانی هەندەران، بە تایبەت ئەگەر لە سەروو هەژدە ساڵەوە بیت. ساڵانێکی زۆری دەوێت تا مرۆڤ چاوی دەکرێتەوە و فێرە زمان دەبێت و شتێک لە کلتوری کۆمەڵگاکان حاڵی دەبێت. ئەمەیش دواکەوتن و وون بوون لەپێشوەچوونی لێدەکەوێتەوە. ئەم
حاڵەتە وادەکات زۆربەی جار مرۆڤی ئێمە زۆر بە تووندی دەست دەگرێت بە کلتوور و زمان و ڕەسەنایەتی خۆیەوە، بە بۆنە و بێ بۆنە دەیەوێت ئەوە بسەلمێنێک کە ئەم نەمردووە و هەیە و گەل و وڵات و کۆمەڵگا و داروبەردی ئەو جێگایەی جێیهێشتووە پیرۆزترە لە هەموو شتێکی ژیانی .
دەمەوێت بڵێم خالید ڕەشید نە توانی ببێتە هاوڵاتیەکی سویدی و ئەوروپایی، نە توانیشی لەگەڵ کۆمەڵگاکەی خۆیدا بە شێوەیەکی سروشتی گەشە بکات و پەرە بە فکری بدات هەتا بتوانێت خوێندنەوەی واقیعی بۆ شتەکان بکات. جا بەو حوکمەی ئەم بەڕێزە هونەرمەندە و هەواداری زۆری هەن، ناتوانێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی لێی دانیشێت هیچ نەڵێت. بۆیە دواجار کاتێک وەک فیگەرێکی کۆمەڵایەتی دەیەوێت شتێک بە کۆمەڵگاکەی بڵێت، دەکەوێتە ئەم گێژاوە بێ سەر و بنەوە و هەڵەی گەورە دەکات. هەڵەی گەورەی وەها کە سەری لە جەهلدا گیریخواردووە.
لەئێستادا خەڵکی کورستان پێویستی بەم هەموو خورافات و ناڕۆشنیی و بەم هەموو دەربڕین و گوتارە نالۆژیکی و ناجێگیرە نیە. ئەو خەڵکەی لە کوردستان دەژین ( جگە لەوانەی بەرژەوەندییان لە کوردایەتیدایە) ئیمانیان بە کوردایەتی نەماوە. خەڵک تێگەیشت کە پێکەوە ژیان جوانترە لە دوژمنداریی، خۆشگوزەرانی لە ئاشتی نێوان گەلاندایە نەک هەوڵدان بۆ بوون بە گەلێکی باڵادەست ( وەک ناسیۆنالیزم بانگەشەی بۆ دەکات) .
ئەوەی جێگای داخە، هێشتا ئەوانەی لە هەندەرانەوە خەریکی کوردایەتین نەگەیشتوونە بەو لۆژیکەی کە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو ناوچانە ئومێدی لەسەر هەڵدەچنن.
کاک خالید ئەگەر بێدەنگ نەبێت و نەگەڕێتەوە بۆ لۆژیک و عەقڵێکی تەندروست، خۆشەویستی وئیهتیمامی خەڵک لەدەست دەدات.
Discussion about this post