Published On: Fri, Jun 22nd, 2012

سروه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌

له‌باوه‌شی شینی ئاسماندا ده‌که‌ومه‌ خوارێ

له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌ی مناڵیم خۆم ده‌گرمه‌وه‌

له‌وێ

ئه‌ویاریانه‌م ئه‌دۆزمه‌وه‌

له‌گۆڕه‌پانێکی قه‌ده‌غه‌کراوودا

له‌منێکی کیژۆڵه‌و تۆیه‌کی کوڕ

شاردرابوونه‌وه‌

ده‌فته‌ره‌که‌م له‌ جانتاکه‌مدا ده‌ردێنم

نامه‌ دڕاوه‌کانم به‌یه‌که‌وه‌

ده‌لکێنمه‌وه‌

شه‌ونمی شه‌رم وشوره‌یی له‌سه‌ر

گۆناکانی ده‌سڕمه‌وه‌

له‌به‌ر خۆرێ ڕیزده‌بینه‌وه‌

ده‌سته‌ بچوکه‌کانم

ده‌که‌مه‌وه‌ سه‌رشانت

سرودێکی نیشتمانی ده‌ڵێینه‌وه‌

پێنوسه‌که‌م پڕ له‌ڕه‌نگی په‌مه‌یی ده‌که‌م

وێنه‌ی پڕبه‌رائه‌تمان ده‌نه‌خشێنین‌

به‌دیواری ماڵه‌ هاوسێکاندا

هه‌ڵیده‌واسین

جاریکی دیکه‌ شه‌رم له‌ هه‌رزه‌کاری خۆم ناکه‌م

مه‌مکه‌کان بۆ جوانی خودا گه‌وره‌ده‌بن

نه‌ک بۆ نه‌فره‌ت بوون و جودا

کردنه‌وه

له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ڕدا له‌ سوچێکی سه‌ربانه‌وه‌

چاوه‌ڕێت ده‌بمه‌وه‌

سڵ له‌براکانم ناکه‌مه‌وه‌

خۆشه‌ویستی خۆم ناشارمه‌وه‌

به‌باوکم ده‌ڵێم کچێنی خۆم

له‌گه‌ڵ وه‌همه‌کانی تۆو

خه‌ونه‌ درۆکانی دایکم

به‌فیڕۆدا…

له‌بری ده‌سته‌کانی مناڵیم

دووکه‌زی سپی و

سه‌رێکی ماندوو

ده‌که‌مه‌ سه‌رشانی کامڵ بووت‌

*******

له‌نێوان سنوره‌کانی گوناهو یه‌زداندا

منی کیژۆڵه‌ له‌دایک ده‌بمه‌وه‌

له‌وێش

له‌دووری سنوره‌کانی ده‌ریاو ئاگرداندا

تۆی کوڕجارێکی دیکه‌

دێیته‌ ژیانه‌وه‌

یه‌زدان له‌ده‌ریادا نوقم ده‌بێ و

گوناهیش له‌ ئاگرداندا

خۆی ده‌سوتێنێ

دێمه‌وه‌ له‌ته‌کته‌وه‌ داده‌نیشمه‌وه‌

له‌سه‌رته‌خته‌ ڕه‌ش پۆشه‌که‌

ده‌نووسین

ئه‌م وانانه‌ پڕدرۆبوون

ئه‌م پۆله‌سواوه‌ له‌خشته‌مان ده‌با

هه‌مووخه‌یاڵی مناڵی

له‌ته‌باشیره‌ ته‌پوتۆزاویه‌کاندا

ته‌فروتونا ده‌کا

به‌لاساری من و چه‌تونی تۆوه‌

شورای قوتابخانه‌که‌مان

ده‌ڕمێنین

ئاسه‌واری وازیه‌کانمان

ئه‌دۆزینه‌وه‌

ده‌سته‌کانمان ده‌که‌ینه‌وه‌ گرفانی

مناڵی

گوڵه‌به‌یبوونی که‌لاوه‌کان

ده‌چنینه‌وه‌

په‌نجه‌ره‌ی ژووری مامۆستاکان

ڕه‌ش ده‌که‌ینه‌وه‌

له‌قینی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی بۆ ئه‌وان شه‌رم بوو

ئێمه‌ له‌پۆلێکدا بمێنینه‌وه‌

ئای له‌و ته‌مه‌نه‌ی چه‌ندێ به‌ ئازاری

دووروودرێژدا

به‌سه‌رچوو

تۆ ده‌گه‌ڕای بۆ منی بیره‌وه‌ریت

منیش وێڵ بووم به‌دووی

تۆی مناڵیمدا……

فرمێسک مسته‌فا

13.2.2009

Comments

comments

Powered by Facebook Comments

About the Author

Copyright © 2012 www.chra.tv