Published On: Fri, Jun 22nd, 2012

باڵنده‌کان بۆ ته‌نیایی من ئه‌گرین

له‌م ئێواره‌ غه‌مگینه‌دا

له‌م مه‌غریبه‌ دره‌نگه‌دا

له‌م بێزارییه‌ دووباره‌دا

له‌م وڵاته‌ دڵته‌نگه‌دا..

که‌سێ نییه‌ گوێ له‌ خه‌مه‌کانم بگرێ و

ئازارێکم که‌م کاته‌وه‌،

که‌سێ نییه‌ فرمێسکی چاوم بسڕێ و

دڵنه‌واییم بداته‌وه‌،

که‌سێ نییه‌ ته‌نیا ساتێ میوانم بێ و

له‌م دۆزه‌خه‌م دوورخاته‌وه‌،

که‌سێ نییه‌ ده‌ستم بگرێ و

بۆ ڕۆژانی پڕ له‌ شادیم به‌رێته‌وه‌،

ته‌نیا خۆمم گشت مه‌غریبێ،

ئه‌چمه‌ ناو دنیای خه‌یاڵ و

ئه‌بمه‌ هاوڕێی

بیره‌وه‌ری ویادگاره‌کان..

ته‌نیا خۆمم گشت مه‌غریبێ،

ڕووئه‌که‌مه‌ قیبله‌ی خه‌م و

ئه‌بمه‌ هاوڕێی شین و گریان..

ته‌نیا خۆمم گشت مه‌غریبێ،

له‌ تاو دووری ئازیزانم

سه‌د جار ئه‌مرم..

ته‌نیا خۆمم گشت مه‌غریبێ،

بۆ سه‌فه‌ری ئاوابوونی

هه‌تاو ئه‌گریم..

من ئه‌گریم و

باڵنده‌کانی ئه‌م شاره‌ش

له‌گه‌ڵ منا شین ئه‌گێڕن..

ئه‌گرین.. ئه‌گرین

هه‌ریه‌ک به‌ ئاوازێ ئه‌گرین

من بۆ دووری ئازیزان و

ئه‌وانیش بۆ ته‌نیایی من!

گه‌لاوێژ حه‌مه‌ قادر

ده‌ربه‌ندیخان

Comments

comments

Powered by Facebook Comments

About the Author

Copyright © 2012 www.chra.tv