Published On: Fri, Jun 29th, 2012

ئەو دەنگەی بەر لە (٤٠) بەجێی ھێشتین، بەڵام ھێشتا گۆرانییەکانی لە گوێگرانیەکان

تائێستاش بەرھەمی (حسەن زیرەک) لەزۆربەی بەرھەمی ھونەرمەندانی ئەو سەردەمە زیاتر دەفرۆشرێت..!!
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦/ ٦/ ٢٠١٢  (٤٠) ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆچی دوایی ھونەرمەندی ناسراوی  کۆڕی گۆرانی کوردی (حەسەن زیرەک)، بەڵام گۆرانییەکانی ئەو ھونەرمەندە تا ئێستاکەش لە نێو ھزر و یادەوەری گوێگرانی کوردیی بە زیندووی ماوەتەوە، بەبۆنەی ئەو یادەوەرەیە بۆ خوێنەرانی “ھەولێر” ئەم راپۆرتەمان بۆ ئامادە کردوون.
ھونەرمەندی دەنگ خۆشی کورد (حەسەن زیرەک) (٤٠) ساڵ بەر لە ئێستا، لە رێکەوتی ٢٦/٦/١٩٧٢ لە بۆکانی روژھەڵاتی کوردستان، بە نەخۆشیەکی کوشندە کۆچی دوایی کرد و ماڵئاوایی یەکجارەکی لەدونیا و کۆری گۆرانی کوردی کرد.
(حەسەن زیرەک)ی ھونەرمەند ناوی تەواوی (حەسەن عەبدوڵڵا)ـیە لە ساڵی (١٩٢١) لە شاری بۆکان، لە نێو خێزانێکی ھەژارو کەم دەرامەتدا لەدایکبووە، لە نێو ئازار و مەینەتییەکانی ئەو کاتی ژیان و ڕوژگاردا، توانیویەتی داھێنانێکی نوێ بخاتە ناو ھونەری گورانی کوردییەوە، سەڕەرای ھەبوونی کومەڵێک گرفت لە بەردەمی کارکردنی ھونەریی، بەتایبەتی نەبوونی ئامێری موزیکی چاک و ستۆدیۆیەکی پێشکەوتووی تومارکردنی دەنگ، کەچی (حەسەن زیرەک) وەک بلیمەتێک توانیویەتی ئەرشیفێکی دەوڵەمەند لەدوای خۆی خەرمان بکات، بیکات بە قوتابخانەیەکی گۆرانی بو نەوەکانی داھاتوو، کە لەدوای ئەودا کۆمەڵێک دەنگ بێژ و خاوەن بەھرەی گۆرانی گوتن، لەسەر دەستی گۆرانییەکانی (زیرەک) ھاتنە نێو کۆری گۆرانی گوتن.

شارەزایان و پسپۆرانی بواری ھونەری گۆرانی کوردی چەندە لەگەڵ ھەبوونی رای جیا جیا لەسەر ھونەری ئەو ھونەرمەندە، بەڵام  لە بارەی ھونەرمەند بوونی (زیرەک) و ھەبوونی توانایەکی باش لەھونەریی گۆرانی گوتندا ھیچ گومانێکیان نەھێشتۆتەوە بۆ باسکرد، لەگەڵ ئەوانەشدا لەسەر رایەک کۆکن کە (حەسەن زیرەک) خوێندەواری نەبووە و شتێکی خۆرسک و بەھرەیەکی خودایی بووە دەنگ خۆشییەکەی.
(زیرەک) کەسێکی شارەزاو لێھاتوو بوو لە گۆرانی گوتندا!
سەرەتا ھونەرمەندی بە ئەزموون و شارەزای گورانی موزیکی کوردی مامۆستا (باکووری) گوتی : (حەسەن زیرەک)م لە ساڵی (١٩٥٣) لە ئێزەگەی کوردی لە بەغدا ناسی، ئەو کات من لەوێ کارمەند بووم، ئەو کەسێکی شارەزاو ولیێ ھاتوو بوو بو گۆرانی گوتن، و چۆنیەتی ھەڵبژاردنی بابەت و شێوازەکانی گۆرانی، ھەروەھا (حەسەن زیرەک) شارەزاییەکی زۆری ھەبوو لەسەر مەقامات و دانانی ئاواز وجۆرەکانی گۆرانی گوتن، لە رادیۆی کوردی بەغدا ھەفتانە ماوەی (٣٠) خولەک گۆرانی بە شێوەی راستەوخو دەگوت بو گوێگران، لەگەڵ گروپی موزیک زور بە سەرکەوتویی، بەبێ ئەوەی پرۆڤەیەکی زۆر بکات و جاری وا ھەبوو ھیچ پرۆڤەشی نەبوو کەچی  گۆرانییەکانی زۆر بە جوانی دەگوت و دەتوانم بلێم ئەو نیو کاتژمێرە بەشێکی زۆری گوێگر ھەستی حۆی بۆ ئەو رادیۆیە رادەگرت، لە ئێزگەی کوردی بەغدا ئەو ماوەیە ئەرشیفێکی زورجار چاکی کۆکردەوە ئەو چەند ساڵەی کە لە بەغدا بوو،  ھەژاری و نەداریی و بێ کەسی نەیھێشت زور لە ئاواتەکانی بە چاوی خۆی ببینێ و بیھێنێتە دی، من لە نزیکەوە زور لەگەڵی دا ژیاوم (زیرەک) کەسێکی سادە و نیشتمان پەروەر بوو. ھەردەم حەزی بەخۆشی خەڵک دەکرد، ھەردەم بەسادەیی دەژیا و بەسادەیش دەیڕوانیە ژیان، من لەو یادەدا کومەڵێک یادگاری ئەو ھونەرمەندە بەرزەم دێتەوە یاد، کە زور جار فرمێسک لەچاوانم بوی دێتە خوارەوە”.
ئێستاکەش گوێگرانی (زیرەک) لە گوێگری زۆربەی ھونەرمەندانی ئێستا زیاترە!
دوای (٤٠) تێپەڕبوون بەسەر کۆچی دوای ئەو ھونەرمەندە، بەڵام تا ئێستاکەش گوێگری بەرھەمەکانی ئەو ھونەرمەندە روو لە ھەڵکشانە، (رێدار شێرزاد) لە سەنتەری ئەربائیلۆ لە شاری ھەولێر دەڵێت : “ئێمە لە سەنتەرەکەمان کە زۆرترین سیدی ھونەرمەندان لای ئێمە بوونی ھەیە، بەتایبەتی ھونەرمەندە رەسەنەکان، ھونەرمەند (حەسەن زیرەک) تا ئێستاکەش زۆرترین رێژەی لێدەفرۆشین، ئەگەرچی لە سەردەمی (زیرەک) سیدی نەبوو، بەڵام ئێمە لە کاسێتەکانەوە گۆرانییەکانمان وەرگرتوون، لەگەڵ ئەوەی ھەندێکیان کوالێتیان باش نیە، بەڵام گوێگرێکی زۆر زۆری ھەیە و رۆژانە چەندیین دانە لە سیدیەکانی دەفرۆشین، لەکاتی ھاتنی جەژنی نەورۆزدا ساڵانە بەدەیان ھەزار دانە سیدی (حەسەن زیرەک) بەھۆی ئەو گۆرانییەی کە بۆ جەژنی نەورۆزی گوتووە، دەفرۆشرێت و ئەگەر ئەو گۆرانییەی زیرەک لێنەدرێت و خەڵک گوێی لێ نەبێت، ھیچ کەسێک چێژ لە نەورۆز وەرناگرێت، بەکۆی گشتی گۆرانییەکانی (حەسەن زیرەک) نزیکەی (٨٠٠) گۆرانی ئەو ھونەرمەندەمان ھەیەو خەڵکی بە پەرۆشەوە ئارەزووی گوێگرتنی دەکەن”.
(حەسەن زیرەک) توانی گوێگرێکی زۆر لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بۆ گۆرانی کوردی کۆبکاتەوە!
ھونەرمەندی بە ئەزموونی موزیکژەن مامۆستا (وریا ئەحمەد) لەمیانەی ئەو یادەدابەم شێوەیە ھاتە ئاخاوتن و گوتی بەرای من (حەسەن زیرەک) یەکێکە لە کوڵگە پتەوەکانی دونیای ھونەری گورانی کوردی ئەو لە رێزی ھونەرمەند گەورەکانی کورد وەک (سەید ئەسغەری کوردستانی، سێوە، مەحەمەد عارف جەزیری، مریەم خان) دەژمێردرێت، (زیرەک) کەسێکی نەخوێنەدەوار بووە، بەڵام توانایەکی تەواوی ھەبووە لە دەربڕین و رێکخستنی تێکستەکان بو گۆرانییەکانی، ئەو لەو سەردەمەی ھاتە نێو کۆری ھونەری گۆرانی، توانی گوێگرێکی زۆر لە ھەر چوار پارچەی کوردستان بۆ گۆرانی کوردی کۆبکاتەوەو سەرنجیان رابکێشێت بۆ گۆرانییەکانی خۆی، ھەروەھا توانی بە ھۆی ئەوەی لە ناو خەڵک زور دەژیا و زور دەگرا لە شارو  شارۆچکە و دێھاتەکانی کوردستان، توانی بووی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵک بکاتە ھەوێنێک و بە ھونەرەکەی دەری ببڕێت لە ناو گۆرانییەکانی دا ، (حەسەن زیرەک) توانی کومەڵێک ئاوازی جوان بەرھەم بھێنێت،  بەداخەوە لەبەر ئەوەی ئەو کات مەودای کارکردنی گۆرانی گوتن بەم شێوەی ئێستا نەبووە، زۆربەی ئەو ئاوازانەی ئەو گوتیەتی لەلایەن (فارس و عەرەبەکان و تورکەکان) بردراون، کە ئێستاکەش لە نێو گورانییەکانیان رەنگدانەوەی ھەیە، جگە لەوانەش زیرەک لە ستۆیەکانی تاران لە گەڵ ئۆکێسترای تاران کاری زۆر جوانی کردووە”.
(موجتەبای میرزادە)  لەرێگەی (حەسەن زیرەک)ـوە ئاشنای گۆرانی و ئاوازی کوردیی بووم!
ھونەرمەندی موزیکژەنی (وریا ئەحەمەد) ئەوەشمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە ناسینی ھونەرمەندی موزیکژەنی ناوداری کورد (موجتەبای میزادە) خاڵی وەچەرخانی ھونەرمەند (حەسەن زیرەک) بووە، چونکە لەگەڵ ئەو موزیکژەنە بە توانایە کاری زۆر ناوازەی کردووە، ئێستاکەش ئەو گۆرانییانەی (میرزادە) کاری دابەشکردن و موزیکی گۆرانییەکانی بۆ ژەنیوون، جوانترین گۆرانین تا ئەمڕۆکەش، وەکو گۆرانی (لەنێو سابلاغدا، گەوھەرێ، دینێ مەرۆ دینێ، ئەسمەرێ، ئامۆزا، ھەی بەلار، کرماشان)ـوو دەیان گۆرانی دیکەش، لەبەرامبەر ھەموو ئەوانەشدا (موجتەبای میرزادە) بەو ھەموو گەورەیی خۆیەوە دەڵێت : من لە رێگەی (حەسەن زیرەک)ـەوە ئاشنای گۆرانی موزیک و ئاوازی کوردیی بووم، چونکە من لە رێگەی دەنگی ئەو ھونەرمەندە زۆر بابەتی موزیک و ئاوازی کوردانەم ناسی، ئەو ھونەرمەندە موزیکژەنە بۆیە ئەوەی گوتووە، چونکە بەر لەوەی لەگەڵ زیرەک کار بکات، زۆربەی کات لەگەڵ ھونەرمەندە فارسەکان موزیکی ژەنیووە!”.

راپۆرتی – عەبدولغەفار عەبدوڵڵا

Comments

comments

Powered by Facebook Comments

About the Author

Copyright © 2012 www.chra.tv