Published On: Fri, Jun 29th, 2012

ئه‌ی جوانترین دزی دونیا

جوانیت باش

به‌ر له‌ دزینی دڵی من

چۆن دزێک بویت

جوانی مانگت به‌سه‌ر ڕوتا توانده‌وه‌

هه‌ورێکی تاڵتاڵت برد بۆ قژت

گوڵی قه‌دیفه‌ت له‌سه‌ر

لێوه‌کانت چاند و

باڵت له‌ فریشته‌ دزی

کراسی به‌فرت له‌ به‌ر کرد و

قۆپچه ی ئه‌ستێره‌ت پیا دوری

ئه‌ی بێمروه‌ت

ته‌زبیحت له‌ ته‌رزه‌ هۆنیه‌وه‌

گۆره‌ویت له‌ گه‌ڵا چنی

هاژه‌ت دزی بۆ هه‌لچونت

نه‌رمه‌ بارانیش بۆ هێمنیت

ئه‌ی دزترین پیاوی دونیا

ڕه‌نگت باش

هه‌رچی ڕه‌نگی په‌لکه‌زێڕینه‌ بوو

هه‌مویت دزی

(با)ت کرده‌ ناونیشانت

ئه‌ی خوانه‌ناس

تۆ ناترسی سبه‌ی شه‌قامت لێبگرن

خۆپیشانت لێ بکه‌ن

مانگ و ئه‌ستێره‌ و به‌فر و باران و با

په‌لکه‌زیرینه‌ و گوڵ و گه‌ڵا و فریشته‌ و خوا

‌ئه‌مجاره‌یان بۆ کوێ ئه‌چیت

ئه‌ی جوانترین  دزی دونیا

به‌ته‌نیا من لێت ئه‌بورم

داڵده‌ت ئه‌ده‌م

له‌ناو گۆزه‌ دزراوه‌که‌ی دڵدا

حیات مجید په‌رخی

نوسەری باب

Comments

comments

Powered by Facebook Comments

About the Author

- چراتێڤێ.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان.

Copyright © 2012 www.chra.tv