CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 48 میوان

کاتێک شکست بەرۆکمان دەگرێت!

ئاکۆ عارف : لە تۆپی پێدا شکست و دۆراندن لە دەرگای ھەموو تیپێک دەدات بەتیپە گەورەکانیشەوە ، بۆ ھەموو شکستێک و بۆ ھەر دۆڕاندنێکیش جا چاوەروانکراو بێت یان چاوەڕوان نەکراو  ھۆکارێک یان زیاتر لەھۆکارێک ھەیە ، شکست مانای کۆتای نیە و زۆرجار  دۆراندنیش دەتواندرێت قەرەبوو بکرێتەوە بەڵام ھەردووکیان باجەکەیان قورس و ئازارەکەیان جەرگبڕە و رەنگە کاتی زۆرتری بۆخۆگرتنەوەبوێت و رەنگە ببنە گرێ کوێرە و یان ھەرگیز نەکرێنەوە یان زۆر زۆر گران بکرێنەوە ، وەک دەوترێت دوای ھەموو کەوتنێکیش ھێشتا گۆڕەپانەکان لە چاوەڕوانی ھاتنەوە و دەرکەوتنەوە و دەسپێکی سەرەتایەکی تردان ، بەڵام ئەو کاتە کارەساتێک دەخوڵقێت کە لەیەکەم ساتەوەختی شکست بگرە لەیەکەم دەرکەوتەی ھۆکارگەلی شکستی چاوەروان کراو یان نەکراودا پەی بەنھێنیەکان نەبەین و لەپرسی چارەسەریاندا بێ باک و لەخەمی سبەی دا خەم ساردبین ، ھەروەک تراژیدیایە رابردوو بەسەرکەوتن وشکست ، بەبردنەوە و دۆراندنیەوە تابلۆی ئامادە و بەرنامەی تاکتیکی ھەمیشەی و نەخشەرێ یەکی ھەنگاوەکان بەرەو ووێستگەکانی سەرکەوتن نەبێت .
ئێمە کە بۆ ھەمیشە چاومان لەسەرکەوتن و بردنەوەی تیپی شارەکەمانە لەھەموو کاتێکدا دۆراندن و تەنانەت ھەواڵ ی شکستیشی ئازارێکە بەرۆحماندا رۆدەچێت ،ئێستاش کاتێک یانەی سلێمانی وەرزی نوێی  یاریکردنی لەخولی بژاردەی تۆپی پێی یانەکانی عێراقدا بەدۆراندن دەسپێدەکات لێ ناگەڕێین لێکەوتەکانی جەستەی تیپەکە ئیفلیج بکات بەڵکو دەخوازین ھەردوو حاڵەتی دۆراندنەکە ھەوێنی بردنەوە و ھەوڵدان بۆ بردنەوەی لەیارییەکانی تردا بەدوادابێت،پێموایە زۆربەمان راستیەک لەلامان جێگر بووە کە بەتەنیا خەم خواردن یش بەس نیە و وەک ھێمامان بۆ کردووە پەی بردن بە نھێنی ھۆکارەکانی شکست مەرجە و لەبەرامبەردا چارەسەری خێرا یان ھەوڵدان بۆ جارەسەری خێرا و دواتریش دووبارە نەبوونەوەی ھەڵە و کەم و کوڕی و بێ باکی و خەم ساردییەکان و ھتد پێویستە و دەبێت ھەموو ئەوانە بۆ ئێستاو ئایندە ش یاسایەکی جێگربن ، جا ئەوحاڵەتەنەخوازراوەنەی شکستی لێ دەکەوێتەوە لە ھەر کەس و ھەرلایەنێکیشەوە بێت  کەس ولایەنی بەر پرسیار لەھەمووکاتێکدا دەبێت لەبەردەم یاسا و ویژدانی خۆیدا لەبیری سەرکەوتن و بردنەوەدابێت و ناوی شارەکە و جەماوەری وەرزشی شارەکەی لەبیربێت ، بەتایبەتی بۆتیپێکی وەکو یانەی سلێمانی کەچیتر دۆران وشکستی گەورە کارێکی دروستنیە ، ھەروەک دەبێت ئێستا ئەو راستیە تۆخکەینەوە کە داننان بە ھۆکاری شکستدا دواکەوتن نیە ، خۆ ئێمە لەسەر ئاستی جیھان لەسەر وەختی دۆراندنی تیپەکاندا گوێبسیتی زۆرێک بووین کە ھۆکاری دەرنجامی خراپ و ئەنجامی نەخوازراوی تیپەکانیان خستۆتە ئەستۆی خۆیان یاخود باسیان لەلایەنی شکست و دەرنجامی خراپ و ئەنجام و دەرنجام ی نەویستراو و قبَوڵنەکراوی خۆیان کردووە و راستگۆیانە و وەک ھەستکردن بەبەرپرسیارێتی ھەموو لایەنێکی نێگەتیفی رووداوەکانیان ئاشکراو دەرخستووە ئەمە ئەگەر لەسەر خودی خۆشیان زۆر بەقورسی کەوتبێت ، بۆنمونە  لەیارییەکانی چامپیۆنس لیگ دا کاتێک یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی لەسەر دەستی یانەی ئەیاکس ئەمستردام ی ھۆڵندا نەک شکستی خوارد بەڵکو بوو بە فلیم و دووچاری دۆراندنێکی گەورەھات  ھەرزوو رۆبرتۆ مانشینی راھێنەری مان سیتی ووتی: لۆمەی کەس مەکەن .. بەرپرساری یەکەم خۆمم و ئەودۆراندنە لەئەستۆی منە ، ئێمە ئەمەمان جاری تریش لە مانشینی و لە کاتی دۆرانی تیپەکەیدا گوێ لێ بووە ، ھەروەک لەکاتی دۆراندن و شکستی تیپەکانی تریشدا لەسەر ئاستی جیھان یاریزانان و راھێنەری تیپی تریش ھەبووە دەستیان بۆ برین و دەستنیشانکردنی کەلێن و بۆ ھەڵەکانی خۆیان بردووەو ئازایانە دانیان بەھەڵە یاخود کەم وکوڕی یان بێ ئاگای خۆیاندا ناوە .
ئێمە بۆ ھیچ ئەنجام و دەرنجامێکی تیپەکانمان پەلەناکەین ،بەڵام لەھیچ کات و قۆناغێکیشدا لەبەرامبەر لانی کەم دۆراندن و شکستیاندا بێدەنگ نابین ، ھێڵی راست و چەپ بەسەر کەسدا ناھێنین بەڵام ھەمیشە قسەمان ھەیە بۆ ووتن ، ئەوەشی گەمەدەکات  دەبێت بزانێت کەئێمەش زۆرباش لەمانای دۆراندن تێدەگەین! بۆیە  بردنەوە مان لێیان دەوێت ، ئەنجامێکی خراپ و دووان سیانیش یان دۆراندندێک و دووان و رەنگە سێ جار دۆراندنیش کەم تازۆر  لەبیربکرێت و ھەوڵی  لەبیر خۆبردنەوەی بدرێت و رەنگە بەھۆکار گەلێکی زۆریش چاو پۆشی لەو حاڵەتانە بکرێت  بەمەرجێک ھەموو ئەوانە لە قۆناغێکی ناسک و ھەفتەیەکی گرنگ و یارییەکی چارەنوس سازدا نەبن ،ماوەتەوە بڵێین جارێکیتر بیری ھەموو لایەکی دێنینەوە ئێمەش لەم دەفەرە دەمانەوێت تیپی یانەکانمان لانی کەم ھاوشان و ھاوشێوەی تیپی یانەبەھێزەکانی دەفەرەکانی تربن .