CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 60 میوان

یارى عێراق و بەرازیل جیاوازیەکانى زیاتر دەرخست

ئاکۆ عارف : تۆپى پێ ى عێراق لەگەڵ بەرازیل نەک بەراورد ناکرێت بەڵکو لە زۆربەى کاتیشدا بەراوردکردن و هەڵوەستە کردن لەسەریشى ڕەنگە گوناح و نەکردەبێت ، لە تۆپى پێدا بەرازیل واتە بەرازیل !! ئەى عێراق ؟ ئەمى دووەمیان لەسەر ئاستى جیهان هێشتا ناوێکى دیارنیە چجاى ئەوەى ژمارە بێت ، هەروەک بەرواردکردنیشى لەگەڵ تیپە گەورەکانى تر هەر گونجاو و دروست نیە .
ئێمە دەمێکە باس و هەڵوەستە لەسەر جیاوازییەکانى ئێرە و ئەوێ دەکەین ، ئێرەو ئەوێ بەتەنیا هەر کوردستان و عێراق نا بەڵکو تەواوى رۆژهەڵات ى ناوەراست و جیهانى عەرەبى و بەشێکى زۆر زۆرى کیشوەرى ئاسیاش ، کەلێرە هێشتا یارى تۆپى پێ نەک لە ئاست گەورەى و ناوازەى کایەکەدا نیە و ناتوانێت شان لەشانى ووڵاتانى ئەمریکاى لاتین و ئەوروپا بدات بەڵکو زۆر جار لەبەرامبەر تیپەکانى ووڵاتانى کیشوەرى ڕەش یشدا پەکى کەوتووە یان بە جێماوە ، بۆ عێراق یش کە هەر لەسەرەتاوە تا ئەمرۆ وەرزشکردن تیایدا بارگاوى و گیرۆدەیە بە جۆرەها دەرد و غەمەوە هەروایە ، خۆ لە پێشدا سیاسەت درێسى بەرى یارى یاریزانەکانى عێراق بوو و حیزبیش یارى دەرکرد !!، ئەى ئەمرۆ چى کراوە تا وەرزش لەسەر سکەى خۆى رێبکات ، یارى دۆستانەى نێوان هەردوو هەڵبژاردەى عێراق و بەرازیل لەیەکەم مەسجیدا سەرلەنوێ جیاوازییەکانى پێوتینەوە ! ئەو جیاوازیانەى کەواى کردووە یاریگاکان لێرە چوڵ بن بەڵام بەردەم شاشەکانى تەلەفزیۆن بۆبینینى یارى تیپەگەورە و ستارەکانى تۆپى پێى جیهان هەمیشە پڕ بینەر بێت ،ئەو جیاوازیانەى کەواى کردووە ئەستێرەکانى تۆپى پێى جیهان خۆشەویست و یاریزانەکانى خۆشمان تارادەیەکى زۆر نەناسراوبن ، ئەو جیاوازیانەى کەواى کردووە گەنجێک تەواوى هەڵبژاردە بەهێز و یانەگەورەکانى جیهان و یاریزانە گۆڵکار و دیارەکانى تیپەکانى ئەورپا و ئەمریکاى لاتین بزانێت و بناسێت بەڵام کەمترین زانیارى لەسەر وەرزشى ووڵاتەکەى خۆى هەبێت و هتد .
بەدەر لە هەر هەست و سۆزێکى نەتەوەیى کەوادەکات بۆ هەمیشە خوێندنەوەیەکى جیاوازم بۆ عێراق و وەرزشەکەشى هەبێت ،ئەگەر بهاتبیایە یاریزانى کورد لەریزى تیپەکەدا نەبووایە بەتایبەتى لە یارى بەرامبەر بەرازیل دا ، بەجۆرێک لە جۆرەکان بەرامبەر بەوەرزش لەم ووڵاتە زیاتر لە ئێستا خەم سارد دەبووم ئەمە بۆ هەموو تاکێکى کوردستانى ش هەروایە ، بەڵام سەربارى ئەوەش هێشتا دەبوو سەرنج بدەین و بزانین هەگبەى هەڵبژاردەى عیراق بەتایبەتى بۆ رووبەرووبونەوەى تیپە گەورەکان چى تیایە ، وەک بینیشمان جارێکیتر راستى جیاوازییەکان لە نێوان ئێرە و ئەوێدا دەرکەوتنەوە و تۆختربوونەوە و ئەو یارییە راستى گەشەو پێشکەوتن و جوانى و بەهێزى و گەورەى و ناوەزەیى ئەوێ و چەق بەستووى و بەجێمان و داماوى ولاوازى و گیرۆدەبوون بەجۆرەها دەرد و خەم و قەیرانى ئێرەى نیشان و سەلماندەوە .
چەند رۆژێک بەر لە یارییە دۆستانەکەى نێوان هەڵبژاردەى عێراق و هەڵبژاردەى برازیل کە رۆژى 11 ى 10 لە سوید ئەنجامدرا ، رۆژنامەکانى بەرازیل نوسیبویان لە یارى بەرامبەر عێراقدا یاریزانەکانى بەرازیل پیاسەدەکەن ، ئەوان پیاسەیان کردبێت یان نا بە 6 گۆڵى بێبەرامبەر یارییەکەیان بردەوە و لەبەرامبەر ئەوانیشدا هەڵبژاردەى عێراق نەى دەتوانى وەک پێویست هەناسەش بدات ،لەو یارییەدا خاڵى بەهێزى عێراق تەنیا لە زیکۆى راهێنەر و نورسەبرى گۆڵچى دابوو کەوەک قەڵایەک وابوون لەپشتى یاریزانەکان ، ئەگەرنا بەتەنیا لە تایمى یەکەمى یارییەکەدا کە بەرازیل لەرێگاى ئۆسکارى تازە هەڵکەوتوى سامباوە 2 گۆڵى تۆمارکرد هەریەکە لە نیمار و کاکا و دافد لویز کە هەر یەکەشیان لە هێڵێکدا یارى دەکەن عێراقیان شپرزە کرد بوو و ئەمە جگەلەوەى گۆڵچى هەڵبژاردەى بەرازیل لەدۆخى ئارامیدابوو ! لە تایمى دووەم یشدا ئەوە بەرازیل بوو یارى ودەرکرد و گۆڵى تۆماردەکرد.
یارى نێوان عێراق و بەرازیل راستى حەزو عەشقى هەوادارانى وەرزشى کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهانیشى بەرامبەر تۆپێ لە ئەورپا و ئەمریکاى باشور سەلماندەوە و ئەوەى پێوتین کە هەرچەندە مەحاڵ نیە بەڵام هێشتا ئێمە زۆر زۆر مان ماوە بەلوتکەى گەشانەوە و مومارەسەکردنى سحرى یارى تۆپى پێ بگەین !، ئیتر ناهەقى هەوادارانیش مەگرن کەچاویان لەسەر تۆپى پێ ى ووڵاتانى ئەمریکاى لاتین و یاریزانان و یانە و هەڵبژاردەکانى ئەمریکاى لاتین و ئەوروپا یە .