CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 76 میوان

کلتورى دەست لە کار نەکێشانەوە !!!

ئاکۆ عارف : لە ووڵاتى ئێمەدا تا ئەم ساتەش دەست لەکار کێشانەوەو دەست هەڵگرتن لە پۆست وپلەو پایەکاندا هێشتا نەبۆتە نەریت ،ئەگەر بۆ هەموو سەرەتایەک کۆتاییەک هەبێت ئەوا بەر لە شکستى گەورەو بەر لە قەیران و لە هەموو ساتەوەختێکى پێویستدا و هەرکاتێک قۆناغەکە و ژینگەى شوین و پۆستى کارکردن و لێپرسرواێتى بى خوازێت دەست لەکارکێشانەوە و وازهێنان و

دەست هەڵگرتن لە ئەرک وپلە و پۆستەکان زەروورەتێکى مێژووى قۆناغەکانە ، بەڵام تا ئێستا دەست لە کارکێشانەوە لاى ئێمە کەمترین رووداو و شەرم ترین دەنگە و کلتورێکى باڵا دەست نیە .

 

لە جیهانى پێشکەوتوودا ووڵاتانى گەشەسەند و لە وەرزشەکەشیاندا بەر لە قەیران و بەر لە رووداو و بەرلەشکست و لە ساتەوەختى هەموو ئەوانەشدا کلتورى وازهێنان و دەست لە کارکێشانەوە بەهزر و بیریاندا رۆچووە و زیاتر لەوەش زۆر جار کەسایەتیەکان و ناو و ئەستێرە دیارەکان لە ترۆپکى ئامادەى و ناوبانگ وسەرکەوتندا لە پێناو نەمرى خۆیاندا و وەک هەڵوێست و وەک هەستکردن بە بەرپرسیارێتى و بە ئارەزووى گۆرانکارى و بە دروست کردنى بیانو گەلێک کە ئامانج تیایدا تەنیا خزمەت کردنە ، وازهێنان و دەست لەکار کێشانەوە لە ئەرک و کارەکانى خۆیاندا دوور لە چاوەروانییەکان دەکەنە پڕۆسە ، بۆ ئەمەش نمونە گەلێکى زۆرمان لەبەردەست و لەبەر چاوە ، وەک وازهێنانى خۆزیە مرۆینهۆى راهێنەرى ئێستاى یانەى ریاڵ مەدرید لە پۆستى راهێنەرى یانەى چێڵسى و وازهێنانى زینەدین زێدان ى فەرەنسى لە یاریکردن و هتد .

ئێمە کە دەمانەوێت تەریب بە هەموو کایە و جومگەکانى ترى ژیان بزافى وەرزشیمان بەکۆى بەش و لقەکانیەوە گەورەو بەهێز بکەین و بۆ هەمیشە جوڵەیەکى زیندو لە جەستە و رۆحى وەرزشەکەشمان دابێت ،لەزۆربەى کاتەکاندا هێشتا بیر لەوەرگرتنى پۆست و پلە و پایەکان دەکەینەوەو لەساتى گەیشتن بە پلە و پۆست وکورسى و جومگە و ئەرک و لێپرسراو ێتیە کانیشدا زۆرتر بیرمان لاى مانەوەى هەتاهەتاییە ، ئەمەش وەک تێبینى کراوە لەسەرى سەرەوە هەتا پەیامنێرێک هەروایە ، ئەگەر وانیە و پێچەوانەکەى راستە کەواتە با هێڵى کلتورى دەست لەکارکێشانەوە تۆخ کەینەوە و چى تر بە کاڵ ى و شەرمن ى نەى بینین .

ئێمە کلتورێک مان بە ماناى وازهێنان نیە ، بەڵکو ئەوەى هەیە کلتورى دەست لەکار نەکێشانەوەیە ، تراژیدیاکەش زیاتر لەوەدا فیلم ئامێزە کە وەرزشى ئێمە بەهەردوو دیوى جوڵە و چالاکیەکانی و بەدیوى میدیا و راگەیاندنەکەشیدا ئەم پڕۆسە نەخوازراوەى تیا باڵادەستە و وەک چۆن لێپرسراوێک یان راهێنەرێک یاخود کارگێڕێکى وەرزشى تیپێک لەو دەمەدا کە خۆیشى هەست بەسەرنەکەوتوى و کەم تواناى و شکستەکانى خۆیشى دەکات کەچى هەر وازیش ناهێنێت ، ئەوا راگەیاندکارێک یان رۆژنامەنوسێکیش کاتێک لەهەر ئەرکێک و لە هەرپۆستێکدا هەست بە کەم ئەزموونى و نابەهرەمەندى و هەژارى مەعریفە و نەگەیشتنى پەیامەکان یشى دەکات هێشتا ئەویش وازناهێنێت !! .

لە وەرزش و لە دەرەوەى وەرزش یش رۆژگار دەریخستووەو سەلماندوشیەتى کە هەتاسەر مانەوە لە پلە و پۆستەکاندا و داگیرکردنى پێگە و بە جێنەهێشتنى کورسیەکان و بەزۆر خۆدەرخستن و شاردنەوەى لاوازیەکان و دەستگرتن بەدامێنى هەموو ئەو شتانەى هۆکارى مانەوەى خراپ و مانەوەى بە زۆرن ،هیچ کام لەوانە ماناى شکۆمەندى یاخود ماناى کامڵى کەسەکان نیە ، کرۆیف ئێستاش بەهێندەى سەردەمى یاریکردنى مەزنە و زینەدین زێدان و نمونەکانیشیان هەروا ،کاتێک مرۆف لەلوتەکەدایە و وازدەهێنێت مێژوو و هەڵوێست بۆخۆى دروست دەکات ،کاتێکیش هەست بە داماوى و بەجێمان و شکست و ئیفلاسى فکرى دەکات و نەک دەست لەکارناکێشێتە وەو وازناهێنت بەڵکو لە بەرامبەردا خۆى دەسپێنێت و وەک سۆپرمان خۆى نمایش دەکات ئەوا دواجار کاڵاى شکستێک بە باڵاى خۆى دەدورێت کە رەنگە تاسەر پێوەى دیاربێت و دورنیە هاوکێشەکانیش ئاڵۆزتر و هەموو ئامانجەکانیش تێک بدات ، گرنگە و دەبێت کلتورى دەست لە کارکێشانەوە لە وەرزشى ووڵاتەکەماندا بکەینە مۆدیلێکى ترى کارکردن ، بەرپرسێکى ناکارا و راهێنەرێکى شکست خواردو و یاریزانێکى بەجێماو و راگەیاندکارێکى نەزان و رۆژنامەنوسێکیش کە تەنیا ئامانجى پارە و کورسى و سەفەر کردنە هتد هەموو یان مەحکومن بە وازهێنان و دەست لەکار کێشانەوە .