CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 38 میوان

وەرزش و لێپرسراوان

وەرزش و وەرزشکاران لەلایەن سەرجەم وڵاتانی جیھانەوە گرنگیەکی زۆریان پێ دەدرێت  بەجۆرێک  حکومەتی وڵاتان بودجەی گەورە تەرخان دەکەن بۆ پێشخستن و بەرەوپێشبردنی وەرزش و وەرزشکارانی وڵاتانیان ھەروەھا بۆ پێشخستنی دام و دەزگا

وەرزشیەکانیان ، بۆ نمونە وڵاتێکی وەک چین کە ئاستی بژێوی ژیانی تاکی ئەو وڵاتە زۆر کەمە دەبینین لە میوانداریکردنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی (٢٠٠٨)دا کە لە شاری بەیجین بەرێوە چوو بڕی زیاتر لە (١٠٠) ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لەلایەن حکومەتی ئەو وڵاتەوە بۆ سەرفکرا ھەر لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی یاریگا جۆراوجۆرەکان تا رێکخستن و بەرێوە بردنی یارییەکان ، ھەروەھا وڵاتی بەریتانیا کە ئێستا وەک زۆربەی وڵاتانی تری ئەوروپا بە قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت ،  بۆ سەرخستنی چالاکییەکانی ئۆلۆمپیاتی لەندەن (٤٢) ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە ، ئایا ھۆکار چییە کە ئەو وڵاتانەو چەندین وڵاتی تر ئەو پارە و بودجە زۆرانە  خەرجدەکەن بۆ خزمەتکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی وڵاتەکانیان ؟ ئایا ئەوە مانانی ئەوە نییە کە حکومەت و لێپرسراوانی ئەو وڵاتانە گرنگی و سودەکانی  وەرزش باش لێکدەدەنەوە کە لە ھەموو لایەکەوە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان دەکات . ئەوەی کە دەمەوێ بیلێم و ھیوای بۆ دەخوازم ئەوەیە کە لێپرسراوانی ھەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی لێپرسرا و ئیدارەی شاری سلێمانی  بچنە رێزی لێپرسراوانی ئەو وڵاتانە و گرنگی زیاتر بدەن بە وەرزش و وەرزشکاران و دام و دەزگا وەرزشییەکانی  ھەرێم بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی  ، لەبەرئەوەی گەر  سەیرێکی خێرا بکەین دەبینین کە  یاریگا و دام و دەزگاکانی ناو شاری سلێمانی ھەر لە مەلعەبەکەوە کە چەندین جار لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە بودجەی گەورەی بۆ تەرخانکرا بۆ نۆژەنکردنەوە و پڕکردنەوی کەم و کوڕییەکانی ھەروەھا یاریگا داخراوەکانی ئەم شارە  چەندین کەم و کەورتی بەرچاویان  تیا دەبینرێت  کە نەک نابێ ھەبێت بەڵکو شەرمەزارییە کە ھەبن  لە شارێکی وەک سلێمانیدا کە ژمارەیەکی ھێجگار زۆری وەرزشکارانی تیایە، ئایا راستە شارێکی وەک سلێمانی تا ئێستا یاریگایەکی تۆپی پێی تیا نییە کە یارییەکی نێو دەوڵەتی تیا ئەنجام بدرێت  یان خولێکی نێودەوڵەتی تیا ئەنجام بدرێت ! من پێم وایە ھۆکاری ئەو کەموکورتیانە جگە لە لێپرسراوانی سلێمانی ھەموو وەرزشکارانی ئەم شارە دەزانن چیە و کێن ! بۆیە داواکار و ھیواخوازم لێپرسراوانی حکومەتی ھەرێم و ئیدارەی سلێمانی   زیاتر ئاگاداری وەرزش و وەرزشکارانی سلێمانی بن لەبەرئەوەی لە چەندین چۆری وەرزشدا بەتایەتی تۆپی پێ کە زۆرترین جەماوەری ھەیە و زۆرترین گەنجی ئەم شارە خۆشەویستەی لێ کۆبۆتەوە ، لە دوای شارەکانی تری ھەرێم و عێراقەوەین ، تەنانەت  کارگەیشتۆتە ئەوەی  ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانەکانی یانە و تیپەکانی ناو سلێمانی شارەکە جێدێڵن و دەچنە یانە و تیپەکانی ھەولێر و دھۆک  کە ئەوەش مافێکی ڕەوای خۆیانە بۆ ئەوەی لە رێی ئەو یانانەوە خۆیان ببیننەوە لە ریزی پێکھاتەی ھەڵبژاردەکانی عێراق و لەوێوە بەرەو یانەکانی وڵاتانی دەرەوە .

 

 

 

کامەران حەمە ساڵح