CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 30 میوان

( لیۆنێل میسی) لە نێوان بەرشەلۆنە و ئەرجەنتیندا!!!

ئەحمەد سەنگاوی / بەشی یەکەم : بۆچی (میسی) ئەو رۆڵە گەورەیە دەگێڕێت لەگەل یانەی (بەرشەلۆنە) دا و ناتوانێت لەگەڵ ھەڵبژاردەکەیدا ھەمان کار ئەنجام بدات؟ ئەمە ئەو پرسیارە گرنگە لە رواڵەت ئاسان و لە ناوەڕۆک گرانەیە، کە لای زۆرێک لە تەماشاکەرانی تۆپی پێ بێ وەڵامە، بە جۆرێک بووەتە گرێکوێرەیەکی ە سەخت و دژوار. کە پێویستی بە شیکردنەوەیەکی  ورد و  زانستییانە ھەیە، بە چەشنێک بتوانرێت کۆی رەھەندە شاراوەکانی ئەم (کلۆربوون)ە بخرێتە ڕوو، بە ئامانجی ھێنانە کایەوەی گفتوگۆیەکی جدی وەرزشی  لە سەر بنەمای شیکردنەوەی زانستی، تاوەکو بەرچاو روونییەک ببەخشرێت بە خوێنەران و ھۆگرانی ئەم ئەستێرەیە، ئەم باسە پێویستییەکی ئێستەیی ( ھەنووکەیی) ییە، بۆ ئەوەی  تا ئەندازەیک بتوانین پێش چاوی خۆمان و خوێنەران رووناک بکەینەوە،  (ئۆرھان پامووک) ی گەورە رۆماننوس دەڵێت:(( ئەوەی من دەیبینم، ئێوەش دەیبینن، بەڵام جیاوازییمان لەوەدایە من تەندروستتر و ھەستیارتر گوزارشت لەم بارودۆخی بینینە دەکەم.)) رەنگە ئەم وتەیەی (پامووک) بڕێکی زۆر لە راستی تێدا بێت، چونکە گەر تەماشاکردنی نووسەرێک یان راڤەکارێکی وەرزشی یەکسان بێت بە تەماشا کردنی بینەرێکی ئاسایی، ئەوا کەسی نووسەر  یان راڤەکار پێویستی بەم ناوە نییە پێوەی بلکێنرێت، بە قەولی (پامووک)  دەبێت بەرچاو روونییەک  ببەخشین بە بینەر و خوێنەری وەرزش و  کۆی گۆشە تاریکەکان تا رادەیەک رووناک بکەینەوە، بە جۆرێک ستایلێکی نوێی گفتوگۆی وەرزشی بێنینە ئاراوە، بۆ ئەوەی چیتر خۆمان لەو تێگەیشتنە ھەڵەیە قووتار بکەین و لێ گەڕێین جەدەلی جدی لە دایک بێت.

زۆربەمان ئاگادارین لە ئاستی (لیۆنێل میسی) لە یانەکەیی(بەرشەلۆنە) و ھەڵبژاردەکەی(ئەرجەنتین)، تانە و تەشەر و توانجی زۆر نەرێنی دەوترێت، لە مەڕ ئەم دژوازییەی کە لە (میسی)دا دەبینرێت، ھەندێ جار سنووری گاڵتەجاری و سووکایەتیش تێدەپەڕێنیت، کە ئەمەش بۆ من مایەی نیگەرانییەکی لە رادەبەدەرە، بە جۆرێک مات و غەمگینم دەکات تا سنوورێک کە نزیکم دەکاتەوە لە کەناری بێ ھیوا بوون، بۆیە بە پێویستی دەزانم دەربارەی ئەم بەراوردکارییە ناتەندروستە بدوێم، کە دەگوترێت ئەم ئەستێرە لە ئاسمانی بەرشەلۆنە رووناکی پەخش دەکات، وەلێ لە ئاسمانی ئەرجەنتین بێ تینە، دەبێت جوداوازی لە نێوان بەرشەلۆنە و ئەرجەنتین لە چیدا بێت؟؟؟ سەرەتا لە ( بەرشەلۆنە) وە دەست پێ دەکەین.

یانەی (بەرشەلۆنە)  بەھێزترین و جوانترین ئاستی تۆپی پێ لە رووی ھونەریی و تەکتیکی و کارامەییەوە پێشکەش دەکات، بە شێوەیەکی رێکو پێک و گونجاو، ھەتا پلەیەکی خەیاڵی.
لە ئێستادا ھیچ کەس ناتوانێت بە دیاریکراوی شوێنی راستەقینەی ( میسی) دیاری بکات، کەس نازانێت شوێنی تەواوەتی کوێیە لە نێو یاریگادا، ئەو  یاریزانێکی بێ جێگایە ، دروسترین زاراوە کە لایەقی شوێنی یاری کردنی ئەم یاریزانە بێت وشەی ( ئازاد _الحر)ە، واتا لە ھیچ جێگایەکدا نییە و لە ھەموو جێگایەکیشدایە، ھەر ئەمەش ھۆکارە سەرەکییەکەیە کەوا دەکات زۆر بە باشی توانا بەرز و بڵندەکەی وە دەربخات، بە جۆرێک بتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڵ تۆمار بکات. ھەموومان پەی بەو راستییە دەبەین کە (میسی) دەتوانێت بگات بە ھەر جێگایەک و گۆڵی تێدا تۆمار بکات، وەک چۆن ھەموو جارێک شاھید حاڵی ئەو ھەموو گۆڵە زەحمەت و سەختەین کە لە ڕێگەی ئەم یاریزانەوە تۆمار دەکرێت.
زۆربەی جار یاریزانان بە ھۆی پەیوەست بوونیان بە جێگایەکی دیاریکراوەوە بڕێکی زۆری سەربەستییان لێ دەسەنرێتەوە و ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان جموجۆڵ بکات، چونکە ئەرکیان بۆ دیاری کراوە، ئەم فۆرمە لە یاریکردن ئەرکی یاریزانی تیپی بەرابەر سانا دەکات، بۆ ئەوەی بتوانێت بە وردی چاودێری جموجۆڵەکانی ئەم یاریزانە بکات، چاودێریکرنی یاریزانی بێ جێگا کارێکی زۆر سەختە، چونکە شوێنێکی دیاریکراوی نییە، ھەر ئەمەشە بووە بە فاکتەری سەرەکی سەرکەوتنەکانی (میسی) لە بەرشەلۆنە و دەتوانێت ژیرانە ھێڵی تیپی بەرابەر لە بەر یەک ھەڵبووەشێنێتەوە، بە چەشنێک پارچەپارچە بوون لە ھێڵی تیپی بەرابەردا دروست دەکات،  یاریزانانی بەرشەلۆنە  دەزانن کەی و لە کوێدا جێگیر دەبن، بۆ ئەوەی بتوانن زۆر بە باشی کۆمەکی (میسی) بکەن، ھاوڕێکانی (میسی) لە بەرشەلۆنە دەزانن ( کەی؟  لە کوێ؟ چۆن؟ ) تۆپ ئاراستەی (میسی) بکەن لە دۆخی تێپەڕبوون و دەرچوونی خێرا، ھە تا لە کاتێکدا ئەم یاریزانە ئەرجەنتینییە لە دووری ( ٣٠ بۆ ٤٠) مەتریش لە گۆڵی تیپی بەرابەرەوە  دەتوانێت بەو تۆپەی گەیشتووەتە بەرپێی  گۆڵی پێ بھێنێت.
جێگیربوون و دەستنیشان کردنی شوێنی یاریزانانی بەرشەلۆنە و ئەرجەنتین لە پەیوەندیدا بە (میسی) یەوە ھەست بە دژوازییەکی گەورە دەکرێت، ئاخر لەکاتی چوونی بۆ جێگەیەک  یان لە ساتی فشار دروست کردن لە سەر بەرانبەرەکانی بەردەوام سێ یاریزان کۆمەکی دەکەن، تاوەکو بتوانێت بە قەبارەی ئەستێرەیەکی ناوازە ببینرێت. لێھاتوویی یاریزانانی بەرشەلۆنە لەوەدایە ئەم یاریزانە لە ھەر جێگایەکدا بووەستێت ئەوان زۆر ژیرانە و ھۆشمەندانە تۆپی ئاراستە دەکەن، بۆ ئەوەی تووشی  ماندوبوون نەبێت لە گەڕان بە دوای تۆپدا.
لە لایەکی دیکەوە یانەی ( بلوگرانە) زیاد لە شوێنێک وبە زیاد لە یاریزانێک فشار دەخاتە سەر تیپی بەرابەر، بەم کارەش وزەیەکی لە رادەبەدەری یانەی بەرانبەر دەبەن و رووبەرێکی زۆر بە بۆشایی دەمێنێتەوە، چونکە خاڵی گرنگ بۆ بەرشەلۆنە بە دەستھێنانی رووبەرە بە تۆپ و بە بێ تۆپ، ئەمە وا دەکات ھەر کردەیەک بیانەوێت بە ئەنجامی بگەیەنن.
ئەگەر وردتر بروانین لە شێوە یاریکردنی (میسی) دەبینین زۆربەی جار لە لای راستەوە یاری دەکات، کە ئەمەش شیاوترین شوێنە ئەم یاریزانە باڵا کورتەی ئەرجەنتین توانا ئەفسووناوییەکی خۆی تیا بە دیار بخات، چونکە قۆڵی بە ھێزی بەرشەلۆنە و شوێنی سەرەکی بیناکردنی ھێرشەکانە، کە بەردەوام (گواردوێلا) وەکو ڕێگە چارەیەکی بەھێز پشتی پێ دەبەستێت . لەم باڵەوە (میسی) لە نزیک ھەر یەک لە یاریزانان ( دانیال ئەلفیز، چاڤی ھێرناندز) یاری دەکات، لە بەر ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی تەندروست یاریدەدەری (میسی) بن، پاشان ( بۆسکێس) یش دێتە پاڵیان، واتا بە ژمارەیەکی زۆر ئەم قۆڵە پتەو و تۆکمە دەکەن، بە چەشنێک کۆنترۆڵکردن و چاودێری کردنی (لێۆ میسی) دەبێت بە کارێکی ئەستەم بۆ یانەی دژبەر، ئینجا لە دۆخی گۆڵدروستکردندا ( چاڤی و ئینیستا) پاڵپشتییەکەی  گەورەی (میسی) دەکەن . ئەم دوو ئەستێرە ئیسپانییە توانایەکی گەورەیان ھەیە ، ھەم بۆ ماندووکردنی تیپی بەرانبەر ، ھەم توانایەکی بێ سنووریان ھەیە بۆ گۆڵ دروست کردن و تێگەیشتنێکی بێ وێنەیان ھەیە لەگەڵ (میسی) دا و کەمترین تۆپیان بە ھەدەر دەڕوات و دەزانن چۆن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەم یاریزانە ئەرجەنتینیەدا، زۆر بە وردی چاوەدێری ھەموو جووڵەکانی دەکەن تاوەکو بتوانن بە شێوەیەکی تەندروست کۆمەکی بکەن.
لەھەمووی گرنگتر ئەم دوو یاریزانە سەربەستییەکی تەواویان بۆ (میسی) دەستەبەر کردووە و کۆمەڵە ئەرکێکی قورسییان لە سەر شانی لابردووە، چونکە بەرپرسیارێتی گۆڵسازان لە ئەستۆ دەگرن، بەم کارەشیان ئەو بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی (لێونێل میسی) لادەیەن، بەو ھۆیەوە (میسی ) سوودێکی زۆر باش و ھێزێکی لە رادەبەدەرلە نێوەڕاستی یانەکەی وەردەگرێت. چونکە زۆربەی یاریزنانی ناوەڕاستی یانەی بەرشەلۆنە ھەم گۆڵزانن ھەم گۆڵسازن، ئەم دیاردەیەش لە ھیچ کوێی دونیای تۆپی پێدا نابینرێت، نە لە یانەکان نە لە ھە ڵبژاردەکان، پاشان لە ھەردوو لاتەنیشتەوە بڕێکی زۆری تۆپەکان دەبەخشرێت بە (لێۆ). بەردەوام یانەی بەرشەلۆنە کار لە سەر خاڵێکی زۆر گرنگ و جەوھەری دەکات، ئەمەیش گرتنە بەری ھەموو ڕێگایەک و تاقی کردنەوەی ھەموو شێوە یاریکردنێکە لە پێناو بە دەستھێنانی ئازادییەکی تەواو و قوتارکردنی ئەم یاریزانە لە چاودێری تاک و کۆی تیپی دژبەر.
زۆر جار بەر لە دەست پێکردنی یاری شوێنی (میسی) لە پێکھاتەکەتەدا بەم شێوەیەیە ( ئینیستا، میسی، چاڤی) ئەمە لە دۆخێکدا لە نێوەندی یاریگادا دەست نیشان دەکرێت ، ئەم فۆرمە لە دیاریکرن، ئەرکی (میسی)  قورس ناکات تا وەکو گۆڵسازێک  خۆی نیشان بدات، یان بەرپرسیارێتی گۆڵدروست کردن لە ئەستۆی بێت، بە قەدەر ئەوەی وێنەیەکی وەھمییە و ھیچی تر. ئەگەر سەرنج لە دەوروپشتەکەی (میسی) بدەین بۆمان روون دەبێتەوە چ جۆرە یاریزانێکی دانسقە و دەگەمەن و کەم وێنە لە تەنیشت و لە پێش و پاشییەوە دەجەنگن ، لەگەڵ ھەبوونی ئەم ھەموو یاریزانە ناوازە و ئاست بەرزەدا، وەلێ بە ئەندازەیەکی زۆر پشتئەستوور بە(میسی) یاری دەکەن و بەھێزترین تیرێک لە کەوانی بەرشەلۆنەدا ھەبێت بێگومان ( لێۆنێل میسی)ییە.