CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 43 میوان

(مامۆستا سەڵاح)، پێویستی بە ئیسڵاحە!

مامەیارە ئەحمەد : هەرچەندە ناوەکەم پیرانەیە، بەڵام وەک گەنجێک ماوەیەک دەبێت خۆم بە کاری ڕۆژنامەوانیی وەرزشیییەوە پەیوەست کردووە، لە هەر ڕووداو، یان کێشەیەکدا، هەمیشە لە ڕێگەی وتارەوە هەڵوێستم نوواندووە و باسی ڕاپۆرت و هەواڵیش ناکەم.
هەفتە و نیوێک پێش ئێستا، ڕۆژنامەوانێکی وەرزشی، کە کاربەری لیژنەی ئۆلیپمییش بوو، وە ئاگای هێناین، لەوەی هەڕەشەی لێ کراوە، بەندەیش دوای وەرگرتنی لێدوانی کەسی هەڕەشەلێکراو، 3 جاران پێوەندیم بە ژمارەی لایەنی دووەمەوە کرد، بەڵام بەرسڤ نەبوو، بۆیە قسەکانی هەڕەشەلێکراومان وەک خۆی وەشان کرد. دواتریش بە وتارێک ڕای خۆم خستە ڕوو. کەچی ڕۆژنامەوانێکی هاوڕێگەم، بە ئاگای هێنام، کە جێگری سەرۆکی لیژنەی ئۆلیپمیی هەرێم (سەڵاح حەسەن خەسرۆ) لە بەرنامەیەکدا وتوویەتی: "من وتبووم مامەیارە دەبێتە ڕۆژنامەوانێکی باش، بەڵام تازە نابێت".

من چونکە بە ڕۆژوو بووم (خوا لە خێری دەرنەکات)، نەمتوانی بەو قسەیە پێ بکەنم، دەنا هەر 31 ددانەکەم دەردەخست، چونکە من 32 ددانم نییە و دانەیەکی ئێوە خۆش.
سەیرە، هەر ئەو کابرایە، لە خولێکی ڕۆژنامەوانیدا پێش چەند مانگێک، لە نێو زۆربەی ڕۆژنامەوانانی کوردستاندا منی بە نموونەی نووسەر و نووسینزان هێنابووەوە، کەچی چونکە ڕەخنەم لە لیژنەی ئۆلیپمی و خۆی گرتووە، گێڕی گۆڕیوە و وتوویەتی "نابێتە ڕۆژنامەوانی باش". ئاخر من بۆیە ناچمە خولی لەو شێوەیەوە، چونکە وانەبێژەکانیشیان ڕای خۆیان دەگۆڕن، کاک سەڵاحیش نموونەی ئەوەیە.
لە مامۆستا وایە من بەدواداچوونم نەکردووە. ئەوە وا نییە، چونکە 3 جاران تێلم بۆی کرد، وەڵامی نەبوو، خۆ ئەگەر وەڵامی هەبووایە، قسەی ئەویشم وەردەگرت و پێویست بووایە دەچوومە لیژنەی ئۆلیمپییش.
باشە، کاک سەڵاح بە چی هەقێک دەتوانێت ڕۆژنامەوان هەڵبەسنگێنێت؟ خۆ من نەک ئەو، هیچ کەسێک لەم کوردستانە بە مامۆستای خۆم و کەسی دیکەیش نازانم و خۆیشم لە کەس پێ ڕۆژنامەنووستر نییە، ئەوەی فێر بووە، ئازایەتی خۆیەتی.
کاری من لە ئێستادا دیارە و کاری ئەو کەسانەیشی خەریکە خۆیان دەکەنە هەڵسەنگێنەر لە ڕابردوودا دیارە، با ڕۆژنامەنووسە هەرە باشەکانی دنیا بێن و وەرگێڕی کوردیشیان لەگەڵ بێت، ئەو جا بەراوردی وتار و ڕاپۆرتی ئێمە و ئەو و ئەوان بکات، وێڕای ڕێزم بۆ خزمەت و تەمەنی، کە جێگەی ڕێزێکی زۆرە، بەڵام خۆ بەوە نییە، هەرکەسێ تەمەنی زۆر بێت ئیتر پێرفێکت بێت، بەڵکوو بە بیرکردنەوە و داهێنانە لە بوارەکەدا، جا ئەو داهێنانە هەر کەسێک بیکات، هەر داهێنانە، مەرج نییە تەمەنزۆر، یان کەمتەمەن بێت. خەڵکیش ئێستا وریان و دەزانن کێ کارباشە و کێیش کارچەوت.
من پێم ناخۆشە کەسێک مەدحم بکات، بۆیە ئێستا لەو کاتە خۆشحاڵترم کە سەڵاح حەسەن بە باشە باسی منی کردبوو، دەزانن بۆچی؟ چونکە ناخی کەسێکی دیکەیشم بە باشی ناسی!!
تووخوا با هەر بۆ پێکەنینیش ئەوە بنووسم، مادامەکی کاک سەڵاح پێی وایە من نابمە ڕۆژنامەنووسێکی باش، با قەڵەمەکەم فڕێ بدەم و کارەکە بۆ ئەو کەسانە بە جێ بهێڵم، کە مەدحی کاکە سەڵاح دەکەن، چونکە لە دیدگەی ئەوەوە وایە، هەرکەسێ بە باشە باسی خۆی و لیژنەکەی بکات، ڕۆژنامەنووسی باشی لێ دەردەچێت و ئەوەیشی ڕەخنەی پێوە بنێت، خراپ. ئەی ئەوە نییە تا ئەو کاتەی من ڕەخنەم لەوان نەگرتبوو، ئەو منی وەکوو نموونە دەهێنایەوە، ئێستایش 180 پلە بای داوتەوە؟ با باشیش بزانێت، هێز نییە نووسینی من وا لێ بکات، بە ئاڕاستەی مەدحکردنی کەسانی وەهادا هەنگاو بنێت.
خەڵکانێک کە بەو شێوە بیر بکەنەوە، هەرکەسێک بن و لە هەر پلەیەکدا بن، پێویستیان بە ئیـ(سڵاح)ـە.
با بیرم نەچێت، کەسێکی دیکەیش لە جیاتی ئەوەی پێوەندی بە خۆمەوە بکات، چووە تێلی بۆ هاوڕێیەکم کردووە و توویەتی ئەو (یانی من) بۆ خۆدەرخستن ئەو وتارەی نووسیوە. ئەو کەسە ناوی (حەرب)ـیە و دیارە نیازی (شەڕ)ـی هەیە، دەنا تێلی بۆ خۆم دەکرد. با پێشی بڵێم، پێویستم بە خۆدەرخستن نییە، ئەوە خەڵکی ترە دەیەوێت خۆی بە ئێمەوە هەڵبواسێت و خەڵک بیناسێت. ئەگەر ڕەخنەی لە من هەیە، با تێل بۆ خۆم بکات، خۆم دەزانم چۆن وەڵامی ئەو و هاوشێوەکانی دەدەمەوە.