CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 44 میوان

‫ئەوەى گەمە دەزانێت بابێتە یاریگاوە !!‬

‫ئاکۆ عارف‬: ‫وەرزى رابردوو لەسەرەتا و لەدەسپێک ى بەڕێکەوتنى کاروانى خولى بژاردەى یانەکانى عێراق دا ،بەندە ووتارێکم نوسى و تیایدا ئاماژەم بەوەکرد کە ئەو خولە لەبەرئەوەى یانەگەلێکى بەهێز و تۆکمە بلیتى بەشدارى کردنیان تیایدا بەدەست هێناوە و کوردواتەنى یانەکانیش پۆشتەو پەرداخن ،ئەوا بۆ هەندێک یانەى تر وەک تەڵە وایەو بۆ ئێستاى یانەى سلێمانیش دەبێتە تەڵەیەکى گەورە و ئەگەر یانەى سلێمانیش پڕچەک و ئامادەکراونەبێت زوو دەکەوێتە لیستى

باىباى،ئەوەبوو بەداخەوە یەکێک لەو یانانەى تەڵەکەى پیاداتەقیەوە یانەى سلێمانى بوو .‬
‫خولى بژاردەى یانەکانى عێراق لەسەر ئاستى عێراق بە کوردستانیشەوە مانا و گەورەیى و نرخ و بەهاى خۆى هەیە و لەسەر ئاستى عەرەب و ئاسیاو جیهانیش خوێندنەوەى تایبەتى بۆکراوە ،بۆیە دابڕانى یانەکانى کوردستانیش لەو خولە تا رۆژى سەربەخۆى کوردستان سەربارى بەرێوەچوون و بوونى خول و پاڵەوانێتیەکان لە کوردستاندا لێکەوتەى خراپ ى هەیە و نەگەیشتن بەخولى بژاردەى یانەکانى عێراق بۆ هەر یانە و تیپ ى شارێک نیشانەى لاوازى و بەجێمان وپاشکەوتنە، وەک دەزانین ئێستا یانەى سلێمانیش لەو خولە بێبەشە و هیچ یانەیەکى ئەم دەفەرەش بەشدارنیە ، کەئەمە بەهەم وڕوانین و سەرنج و تێبینیەکەوە قورس و گران بەسەرماندا شکاوەتەوە و بەزۆر دیوشدا رەنگە تراژیدیا ئامێزبێت ! رەنگە ئەوەى لەم کاتەدا بۆ ئێمە دڵخۆشى بێت بەشدارى یانەى شارەکانى ترى کوردستان بێت ، ئەگەرنا دابڕان ى یانەى سلێمانى و یانەکانى ترى ئەم شارە لەو خولە داخى گرانە و بەرپرسیارێتیەکى مێژووى و گەورەیە .‬
‫وەک چۆن ناکرێت و نەکردەیە یانەکانمان بەلاوازى بەشدارى خول و پاڵەوانێتیەکان بکەن ،ئاوهاش بۆ دواى هەرشکست و دابەزین و دابڕانێکیش نەبوونى پلان و غیاب ى بەرنامەى گشتگیر و نەبوونى بەرنامەى دروست بۆچارەسەرى گرفت و لێکەوتەوە ودەرنجام و قەیران و شکستەکان خەمێک ى قورس و تاڵە و بێگومان بەدوایدا زۆرجار ئاڵۆزى زیاتریش دەڕەخسێنێت ،بۆیە وەک هەرجارێکیتر دەپرسین لەم ساتە وەختەى ئێستادا کوا پلان و کوا بەرنامەى گشتگیر و هەمەلایەن و کوا کار و کاردانەوەى تەندروست و زانستى، لانى کەم کوا قسەى دروست بۆ ڕەوینەوەى ئەو نا ئومێدیەى لە مێشکى هاندەران دایە و وەک مۆتەکەش سەرسنگى وەرزشى ئەم شارە یاخود ئەم دەفەرەى گرتووە .‬
‫بە ڕوانین لەبزافى وەرزشى کوردستان بەگشتى و وەرزشى ئەم شارە بەتایبەتى و لەسەرەتاکانى سەرهەڵدانیەوە تا ئەمڕۆ سەربارى جوانیەکانى ، سەربارى دەسکەوت و جوڵە وئەنجامە گەورەو دەرنجامە باش و لێکەوتەگرنگ و پلانە پڕ بەرهەمەکانى ، بەڵام وێنە گەلێکى ناشرین یش لە راهێنەرى هەگبە بەتاڵ و یاریزانى سەپێندرا و یارى بێ تام و هاندەرى بەرد هاوێژ و راگەیاندکارى قسە زل و رۆژنامەنوسى بێ زمان و پەیامنێرى بە زۆر خۆدەرخەر و ئیدارى لاواز و شکستى گەورە و سایتى وەرزشى ناکاریگەر و بەرنامەى تەقلیدى و پاشکەوتن و بەجێمانى زۆریش دەبینین .‬
‫وەرزش بەگشتى و یارى تۆپى پێ لەم دەفەرەى ئێمە پێویستى بەراچەنینێکى گەورەهەیە تاوەکو بەتەواوى بکەوێتەوە سەرسکەى خۆى ، ئیتر کاتى ئەوەیە ئەوەى هەگبەى بەتاڵە دانیشێت و ئەوەى دەزانێت گەمە بکات بێتە ساحەکەوە.‬