CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 37 میوان

ئەرجەنتین مێژوو دووبارە دەکاتەوە !

ئاکۆ عارف: هەڵبژاردەى ئەرجەنتین وەک یەکەم تیپى کیشوەرى ئەمریکاى لاتین بلیتى بەشداریکردنى مۆندیال ى 2014 ى بەرازیل ى بەدەستهێنا ،ئەمەش دواى کۆکردنەوەى ( 29 ) خاڵ کە دەرنجامى بردنەوە پڕ لە گۆڵ و پلان ى ووردبینى راهێنەرەکەیان و بەهرەمەندى یاریزانە ناسراوەکانیان بوو و هێشتا کاروانى یارییەکانیش بە کۆتا نەهاتووە ،لەناو کێشمەکێش و ڕکابەرییە سەخت و ئاڵۆزەکانى تیپەکانى ووڵاتانى ئەو کیشورە دا کە لەهەموو قۆناغێکى ڕووبەروبونەوەى یەکتریدا و لە بەرامبەر یەکتریدا ئامانیان نیە و گەورەو بچوک یەکسان دەبێتەوە، بێگومان ململانێ کان سەختن و هەڵبژاردەکان بۆ گەیشتن بە جامى جیهانى ڕێگایەکى پڕ لەبەر بەستیان لەپێشە بەڵام ئەرجەنتین مەسج ى خۆى زوو گەیاند !.

فەلسەفەى یارى کردنى ئەرجەنتینیەکان لەسەر دەستى ( سابیلا ) راهێنەرى ئێستاى هەڵبژاردەکە ، هەمان ئەو ریتم وشێوازەیە کە ئەرجەنتینیەکان حەزى پێدەکەن ، وەک ئەوەى ( مارچیلۆ بێلسا ) ى راهێنەرى پێشووترى تانگۆ لەپاڵاوتنەکانى مۆندیال ى 2002 ى کۆریا و ژاپۆن دا کردى ، بەوەستان لەسەر هێز و ناو و تواناى ئەستێرەکان ، کۆنترۆڵکردنى تۆپ و هێرشبردن و لەهەمووشى گرنگ تر تۆمارکردنى گۆڵ ، واتە درەوشانەوەى ئەستێرەکان لە یاریگادا خاڵى سەرەکى و رەنگە لە زۆرکات دا خاڵى یەکەمیش بێت بۆ یەکلاکردنەوە ، وەک ئەوەى بێلسا بە باتیستوتا. کریسپۆ . ئۆرتیگا و کلاودیۆ لۆپێز بەپشتیوانى کیلى گۆنزالێز و دیگۆ سیمیۆنى و پابلۆ ئەیمار کردى ، سابیلا ش تایارییەکەى بەرامبەر هەڵبژاردەى پاراگواى کە 5_2 بەسودى خۆیان کۆتاییان پێهێنا بە ئامادەبوون و ئامادەکردن ى میسى . ئەگوێرۆ . هیگواین و دیماریا دووبارەى کردەوە .
گەرچى خاڵى هێز و پۆزەتیفى تانگۆ لەیارییەکانى پاڵاوتنى گەیشتن بە مۆندیالى 2014 هێڵى هێرشبردنیەتى ، بەڵام هێڵى ناوەندى تیپەکە تاساتى گەرانەوەى ماکسى رۆدریگز گەرچى بەتواناکانى بانیگا و باستۆرى و گاگۆ دەوڵەمەندە یان دەوڵەمەند دەکرا بەڵام جۆرێک لەناتەبایى و زمانى لەیەک تێنەگەیشتن لەنێویاندا ئامادەیى هەبووە ، ئەوەندەى بەدرێژایى یارییەکانى ئەو تیپە سەرنجى هێڵى ناوەندى تیپەکەماندا زۆرجار ئەوانیش ئەرکى خۆیان لە دروستکردنى یارى ودروستکردنى گۆڵ دا فەرامۆش دەکرد و بەڵکو ئەوانیش لەخەم یان لەهەوڵى تۆمارکردنى گۆڵدابوون کە دەسپێک دەشزاندرا هەوڵەکانیان ناکام دەبێت !، بەدیوێکى تریشداکاتێک دەمانبینى یاریزانەکانى هێڵى ناوەند زیاتر لەخەمى ئەوەدان بۆخۆیان گۆڵ تۆماربکەن بەو کارە ئەرکى هێرشبەرەکانیشیان قورستر ئەکرد ، بۆنمونە واى لە یاریزانێک ى وەک لیۆنێل میسى دەکرد بگەڕێتەوە هێڵى ناوەند و کۆمەکى هیگواین و هاوڕێکانى ترى بکات لەتۆمارکردنى گۆڵدا ،کە ئەگەر ئەمە پلان ێکى ترى خودى راهێنەر نەبووبێت بێگومان وەک چۆن هەوادران تێبینیان لەسەرى هەبوو سەرپەرشتیارانى تیپەکەش باشتر درکیان پێى کردووە ،هەروەک هێڵى بەرگرى تیپەکە بەئامادەبوونى گاراى و زابالێتاش هێشتا بەقەد گەورەیى تیپەکە جێگیر نیە ، گەرچى ئەو دوویاریزانە پێگەى خۆیان تارادەەکى زۆر لە هێڵى بەرگرى و لە تیپەکەدا چەسپاندووە بەڵام وەک دیارە سابیلا هێشتا کۆمەڵێک یاریزانى خستۆتە ژێر نەشتەرگەرى تاقیکردنەوەو هەڵسەنگاندنەوە چونکە تارادەیەکى زۆر ئەو هێڵە بەبەراورد بەگەورەیى تیپەکە لاوازى پێوە دەبیندرێت و هێڵى ناوەندیش کەمترین کۆمەکى هێڵى بەرگرى کردووە .
بۆ ئەرجەنتینیەکان گرنگ و پێویست بوو ئەگەر وەک یەکەمى پاڵاوتنەکانى کیشوەرەکەیان نەگەنە مۆندیال ئەوا یەکەم تیپ بن بلیتى گەیشتن ببڕن ، چونکە بوونى لیۆنێل میسى وەک باشترین یاریزانى جیهان لەتیپەکەدا و غیابى هەڵبژاردەى بەرازیل لە یارییەکانى پاڵاوتن ى مۆندیال دا مەوداى درەوشانەوەى زۆرترى تیپى تانگۆى فراوانترکردووە ، هەروەک دەزانیین ئەو دووخاڵە جانسێکى ترە بۆ پێکانى نیشانە گەلێک کە دواجار لەبەرژەوەندى ئەرجەنتین دا بشکێتەوە و هەرواش بوو .
لە زۆر لایەنەوە ئێستاى هەڵبژاردەى ئەرجەنتین و شێوازى یاریکردنى تیپەکە لە یارییەکانى پاڵاوتنى مۆندیال دا ، وەک ئەوەى ساڵى 2002 وە و وەک ئەوەى مێژوو خۆى دوبارەکردبێتەوە یان ئەرجەنتین مێژوو دووبارەبکاتەوە ، بەڵام بۆ سابیلا ى راهێنەر گرنگە هەڵەکانى سابیلا نەک دووبارەنەکاتەوە ، بەڵکو بۆ ئەو ئەزمونێکى باشبێت و وەک دەڵێن وانەى سەرکەوتن بێت ، چونکە ئەگەر دواجار سابیلا بێتە کۆپى بێلسا و دوو وێنەى جیاوازى تانگۆمان لە یارییەکان ى پاڵاوتن و دواتریش لە رکابەرییەکانى جامى جیهانیدا نیشان بدات کەواتە هیچ و سفر بەدەستەوە!.
گەرچى یارییەکانى مۆندیال ى 2014 کە لە ووڵات ى بەرازیل بەڕێوە دەچێت رۆژ بەرۆژ نزیک دەبێَتەوە ، بەڵام لە کیشوەرى ئەمریکاى باشوریش یارییەکانى پاڵاوتن تەواو نەبووە و ئێستا دواى سەر کەوتنى هەڵبژاردەى ئەرجەنتین بۆ یارییەکانى جامى جیهانى مەوداکان لەبەردەم تانگۆدا فراوانتربوون ، بۆ بەهێزکردن و دەوڵەمەند کردنى تیپەکە و هەڵسەنگاندن ى زیاترى یاریزانەکان و بەتایبەتى بۆ بەهێزکردنى هێڵى بەرگرى و پاشان هێڵى ناوەند ى تیپەکە ، بیرمان نەچێت هەڵبژاردەى ئەرجەنتین بۆ هەردوو مۆندیال ى 2002 ى کۆریا و ژاپۆن و 2006 ى ئەڵمانیا هەردوو هێڵى بەرگرى و ناوەندى لە ساتەوەختى ئێستاى بەهێزتر و چاکتر بوو ، ئەو ( 29 ) خاڵە و گەیشتن بە دوایارییەکانى جامى جیهانى کات ى زۆرى داوەتە ئەرجەنتینیەکان تا تیپە بەهێزەکەى ئێستایان بەهێزتربکەن .