CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 123 میوان

لە فەلسەفەى مانشافتەوە بۆ لاماسیاى بەرشلۆنە

ئاکۆ عارف: لە ئەمڕۆدا وەرزش بەگشتى و یارى تۆپى پێ بەتایبەتى تەنیا لەسەر ڕیتمى پلان یان تاکتیک و تەکنیک ڕێدەکات و بۆخۆى ڕەنگە جۆرێک بێت لە زانست ، ئەگەر ئاوڕێکى خێرا لە ڕابردوو بدەینەوە سەربارى ناوازەیى و گەورەى و باڵادەستى تۆپى پێى ئەرجەنتین و بەرازیل دەبێت ئێستێک لە بەرامبەر گەورەیى تۆپى پێى بۆ نمونە ووڵاتێکى وەک ئەڵمانیا دا بکەین کە بەجۆرێک لە جۆرەکان پێناسەى ( فەلسەفەى ) بۆخۆى چڕیوەو هەمیشە ( فەلسەفەى

مانشافت ) لەتۆپى پێدا و بەتایبەتى لەیارییەکانى جامى جیهانیدا بۆخۆى جۆرێک بووە لەشۆڕش یان وەرچەرخانى وەرزشى ، فەلسەفەى مانشافت بەتایبەتى تر لەو خاڵەدا کە تا دواساتى یارى یان پاڵەوانێتیەکان کۆڵنەدان و نەسرەوتن یاسایەکى نەگۆڕەتیایدا بۆ ئەم سەردەمەش بەردەوامى هەیە ، ئەمە وەک ئاماژەم پێداوە نمونەیەک بوو لە مەوە دەمەوێت باسێک لە یانەى بەرشلۆنەى ئیسپانیا بکەم کە لەڕیگەى ( لاماسیا ) وە شێوازێکیترى لە لەتاکتیک و تەکنیک ى یاریکردندا دروستکردووە کە پێناسەکردنى یان دۆزینەوەى ناوێک پڕ بەوهەموو جوانیە تاڕادەیەک ڕەنگە گران بێت ، ئەگەر هەڵبژاردە گەورەکانى جیهان بۆخۆیان قوتابخانەبن لە بەرامبەردا یانەکانى تۆپى پێ ش بەدامەزراندنى قوتابخانە و فێرگە کانى دروستکردن و پێگەیاندن و دۆزینەوەى بەهرەى منداڵان و لاوان و گەنجان یان ئایندەى تۆپى پێ یان زیاتر بنیات ناوە یان نەخشەى ئایندەیان بۆ یانەکانیان بە شێوەیەکى عەقڵانى کێشاوە ، لێرەشدا هەڵوەستەیەک لە بەرامبەر یانەى بەرشلۆنەدا دەکەین کە لە ئێستادا و لەم چەندسالاِنەى رابردووشدا ( لاماسیا ) بۆى بۆتە بڕبڕەى پشتى و لە زۆر ڕووەوە بۆتە هۆى بوژاندنەوەى زیاترى یانەکە .
ئێمە لەساتەوەختى بینینى یارى تیپەکاندا بەتایبەت کاتێک بەدیار یارییەکى یانەى بەرشلۆنەوە دادەنیشین هەست بەگەورەیى قوتابخانەى ( لاماسیا ) دەکەین ، ئێمە دەزانین ئەم یانەیە ناو و مێژووى گەورەیە هەروەک بەحوکمى کەتەلۆنیاش وەک هەرێمێکى جیاواز هەست بەغەدرى سیاسەت بەتایبەتى لەساڵانى زوودا بەرامبەر بەرشلۆنە دەکەین و هەمووانیش لەوە بەئاگان ئەستێرەگەلێکى کایەکە لە ووڵاتانى ترەوە هاتوون و یارییان بۆ کردووە و ئەنجام و دەسکەوتیان بۆ دەستەبەرکردووە ، بەڵام کاتێکیش دەبینین لە زیاتر لەیارییەکدا 11 یاریزانى سەرەکى پێکهاتەى تیپەکە دەرچوو یان پێگەیشتووى قوتابخانەى لاماسیان و یارییەکەشیان بەبردنەوە و ئەنجامدانى یارییەکى جوان کۆتایى پێدێنن ئیتر زیاتر لەو راستیە تێدەگەین ئەمرۆ چەند تۆپى پێ بەقاچ دەکرێت هێندەى ئەوەش بە عەقڵ و بەیاسا و بەپلان و تاکتیک دەکرێت و عەقڵ دەستەبەرى ئەنجام و دەرنجام و دواڕۆژى تیپەکانە ، سود و کەڵکى قوتابخانەکانى تۆپى پێ ى دۆزینەوەى بەهرەمەندى منداڵان و لاوان و گەنجان تەنیا لە یانەکانیشدا سنوردار نابێت و نەبووە بەڵکو لەخزمەت هەڵبژاردەى نیشتمانیشدا دەشکێتەوە ئەوەتا لە بەدەستهێنانى 2 جامى ئەوروپا و بردنەوەى جارێکى جامى جیهانیدا 8 یاریزانى بەرشلۆنە دەرچووى لاماسیا ن و یاریزانى سەرەکى هەڵبژاردەى ئیسپانیا ن و بەشدارن لە دەستەبەرکردنى نازناوەکاندا .
گرنگە لەکوردستانى خۆشماندا کاریگەرییەکانى فەلسەفەى مانشافت و لێکەوتەکانى لاماسیا و هەموو داهێنان و ناوازییەکانى تۆپى پێ تەنیا بۆ چێژ و کات بەسەربدن و سەرنجدانى سەرپێى نەبێت ، بەڵکو بتوانین وابکەین بەشێوەیەکى عەقڵانى و زانستى لەلاى ئێمەش رەنگدانەوەى هەبێت و کارى لەسەر بکرێت .