CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 46 میوان

یاریەکەی زیکۆ لەگەڵ شێرەکانی رافیدەین کۆتایی ھات ...

ڕێباز ئاراس : ئارسەر ئەنتۆنیس کیۆبرا ناسراو بە (زیکۆ) ئەمە ناوی ئەو کەسایەتیە بەناوبانگەی وەرزش و تۆپی پێ ی بەرازیلە کە ھەگبەیەکی زێرین لە مێژوی یاری کردنیدا ھەیە و تارادەیەک لە کاری راھێنانیشدا توانیویەتی کەم تا زۆر ئەسپی خۆی تاوبدات و بەردەوام لەگۆرەپانی وەزشی ناوی خۆی بەدیاری بھێڵێتەوە، زیکۆ لە ژیانی وەرزشی و لە کاتی یاری کردنیدا ئاستێکی نمونەیی نیشانداوە و ھەربەو ھۆیەشەوە جگە لەو نازناوەی سەرەوە کە باسی لێوە کرا ناوێکی تریشی پێ دەبەخشرێت کە ئەویش (پێللێ ی سپی)ە .
دوای ئەوەی زیکۆ کۆتایی بە ژیانی یاری کردنی ھێنا، بەزووی پیشەی راھێنەری پەیرەو کرد و ئەرکی راھێنانی زۆرێک لە ھەڵبژاردە و یانەکانی جیھانی گرتە ئەستۆ، سەرەتا لە مۆندیالی ١٩٩٨ وەک یاریدەدەری راھێنەر لە ھەڵبژاردەی تۆپی پێ ی وڵاتەکەی ژیانی راھێنەری دەست پێکرد ، دواتر بەرەو کیشوەری ئاسیا گوزەری کرد و لە ساڵی ٢٠٠٢ ئەرکی سەرپەرشتی کردنی ھەڵبژاردەی سامورای ژاپۆنی وەرگرت، دوو دیاری بەنرخی بەخشیە ئەو ھەڵبژاردەیە ئەوانیش جامی نەتەوەانی ئاسیا و گەیشتنیان بە مۆندیالی ٢٠٠٦ بوو، بەڵام دوای شکست ھێنانی لەو مۆندیالە ئەو ھەڵبژاردەیەی جێھێشت و بەرەو وڵاتی تورکیا و یانەی فەنارباخچە بەڕێکەوت و ئەو یانەیەی گەیاندیە قۆناغی چارەگی کۆتایی جامی یانەپاڵەوانەکانی ئەوروپا کە ھیچ راھێنەرێک نەیتوانیوە ئەو ئەنجامە بۆ فەنارباخچە دەستەبەر بکات، بەڵام لەو یانەیەش ھەگبەکەی کۆکردەوە و ڕویکردە یانەی سسکا مۆسکۆی ڕوسی و پاشانیش بەرەو یانەی ئۆڵمپیاکۆسی یۆنانی .
زیکۆ بەوێشەوە نەوەستاو دواین وێستگە کە ڕویتێکرد وڵاتی عێراق و ھەڵبژاردەی شێرەکانی رافیدەین بوو، کە لە کۆتاییەکانی مانگی ٨ ی ساڵی ٢٠١١ بە گرێبەستێکی ٢ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دۆلار ئەرکی راھێنانی ھەڵبژاردەی تۆپی پێ ی عێراقی وەرگرت، زیکۆ لەگەڵ ئەوەی چەندین لەمپەر و بەربەست ھاتنە ڕێ ی، بەڵام تارادەیەکی باش ھەڵبژاردەی عێراقی گەیاندە ئاستێک کە پێشتر بەشێوەیەکی کەم بەو شێوەیە بینراوە، وەک گەیشتنی بە قۆناغی کۆتایی پاڵاوتنی ھەڵبژاردەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی ٢٠١٤ ی بەرازیل، زیکۆ لەماوەی کارکردنیدا لەگەڵ ھەڵبژاردەی عێراق سەرپەرشتی ٢١ یاری کردووە کە ١٠ یاریان بە بردنەوە کۆتایی پێ ھێناوە و  لە ٦ یاریشدا یەکسان بووە و ھەروەھا  ٥ یاریشی بە دۆراندن بەڕێ کردووە، زیکۆ لەگەڵ ئەوەی چەندین دەستێوەردان ھەبوو لە کارەکەیدا، بەڵام چاونەتراسانە چەندین یاریزان دیاری ھەڵبژاردەی عێراقی دورخستەوە لەوانە یونس محمود و نەشئەت ئەکرەم و چەندانی تر ، جگەلەوەش ھۆشداری دایە ئەو یاریزانانە کە ھەڵبژاردەی عێراق تەنھا پێک نەھاتووە لەوان و چەندین جەنگاوەری تری عێراق ھەیە کە دەتوانن بەشێوەیەکی باش جێگەی ئەوان بگرنەوە، بەڵام دواجار و دوای چەندین پلان کە ھەوڵیان دەدا شکست بەو راھێنەرە بھێنن و پاڵپشتی نەکردنی لەلایەن یەکێتی تۆپی پێ ی عێراقەوە، زیکۆ کۆتایی بەو یاریە و سەرکێشیەکانی ھێناو سەروەریەکانی بەخشیە عێراقیەکان خۆیان و دوور لە چاوەڕوانی ماڵئاوایی لە شێرەکانی رافدەین کرد، بەڵام پرسیاری سەرەکی لەوەدایە ئایا کێ دەبێتە جێگرەوەی ئەو راھێنەرە بەرازیلیە ، عێراقیەکان خۆیان؟ یاخود کەسایەتیەکی تری ئەوروپی ئەو پێگەیە دەگرێتەوە بەو ئامانجەی ناوی ھەڵبژاردەی عێراق لە وڵاتی بەرازیل و لە مۆندیالی ٢٠١٤ بۆ دووەم جار لە مێژویدا بنەخشێنرێت .