CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 48 میوان

چی وادەکات ھاوسەران بڕیاری جیا بوونەوە بدەن؟

راپۆر:شەوقی سەباح : جیا بوونەوەکان بەھۆی ناپاکی یەکێک لە ھاوسەران روو دەدات، بەڵام زۆربەی بۆچوونەکان پێیان وایە کە ناپاکی بە تەنیا ھۆکاری سەرەکی جیابوونەوە نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە ئەم پەیوەندییە دەمێکە کۆتایی ھاتووە، بەڵام ناپاکی یەکێکە لە ھۆکارە باوەکانی جیابوونەوە.

بەبڕوای ئاودەل گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵەی دانیشتووی شاری سۆران، توندوتیژی خێزانی چ جەستەیی بێت یان دەروونی، ھۆکاری سەرەکی جیابوونەوەی ھاوسەرانە. بە تایبەتی توندوتیژی دەروونی کە زۆر دژوارترەکە وەکو نەگونجان و کەم سەیرکردن دەژمێردرێت.
ئەم گەنجە ژیانی ھاوسەرگیری پێکھێناوەو زیاتر گوتی :"بەشێک لە ھاوسەران بەھۆی پاڵەپەستۆی خێزانەکانیان و دەروبەریان یان بەھۆی ھەست کردن بە تەنیایی ھاوسەرگیری دەکەن و دوای ماوەیەک بۆیان دەرکەوێت کە لەگەڵ ھاوسەرکەیان دووچاری لێک تێنەگەیشتن دەبن و بە یەکەوە ناگونجێن:"
شیرین محەمەد، شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتی بۆچوونی وایە زۆربەی ئەوانەی جیابوونەتەوە دەڵێن کە ھەرگیز لە کاتی شەڕ و ناکۆکیدا گوێیان لە ھاوسەرەکەیان نەگرتووە و گرنگیان پێنەداوە. پەیوەندی نێوان ھاوسەران زۆر گرنگە و ئەگەر نەتوانن گوێ لە یەکتر بگرن، ناتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ئەم شارەزایەی بواری کۆمەڵایەتی ئەوەش دەڵێت :"ھەندێک جار منداڵان دەبنە ھۆی سەرھەڵدانی ناکۆکیەکانی نێوان دایکان و باوکان، چونکە ناتوانن سەبارەت بەو بڕیارانەی کە بۆ منداڵەکانیان دەیدەن بە یەک بگەن. بۆیە یەکێک لەوان ھەست بەوە دەکات کە لایەنی بەرامبەر دەیەوێ دەسەڵاتەکەی لاواز بکات و ناکۆکی لێ دەکەوێتەوە:"
ھەرچەندە ئافرەتێکی تەمەن ٣٤ ساڵە خاوەنی ٥ منداڵ، باس لەوەدەکات کە :"رەنگە بەشێک لە ھاوسەران وا بیر بکەنەوە کە ھاوسەرگیریەکەیان ئەوە نەبووە کە ئەوان چاوەڕوانیان دەکرد. بە تایبەتی ئەگەر کولتور و بۆچونی جیاوازیان ھەبێت. زۆرجار بەھۆی کێشەی دارایی ناکۆکی لەنێوانیاندا دروست دەبێت، بۆ نموونە یەکێک لە ھاوسەران رەزیل و ئەوەی تر دەست بڵاو بێت.
لە کۆتایی وتەکانیدا ئەم ئافرەتە رایگەیاند :"ھەموو جۆرە ئاڵودە بوونێک کێشە و ناکۆکی لێ دەکەوێتەوە. ئەوەش تەنیا مادە ھۆشبەرەکان و جگەرە کێشان ناگرێتەوە، بەڵکو ئاڵودە بوون بە قومار و ئینتەرنێتیش دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ناکۆکی لە ژیانی ھاوسەرگیریدا، چونکە ھەموو ئەم شتانە وادەکات ھاوسەران لەبەر دڵی یەکتری سارد و بێ تاقەت ببن".