CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 35 میوان

جگەرەکێشان لای منداڵان لە نێوان ئارەزو و چاولێکەری

راپۆرت: توانا تەھا
جگەرەکێشان پەتایەکی نەخوازاری و کۆمەڵایەتیەو بەشێکی زۆری مرۆڤەکان بەدەستیەوە دەناڵێن، وەکو جگەرەکێشێک باسی لێوەدەکات ماوەی ١٣ ساڵە جگەرە دەکێشێت و لەماڵەوەش منداڵەکانی جگەرەدەکێشن و ناتوانێت رێگریان لێبکات". رەحمان بەکر لە

دایکبووی ساڵی ١٩٥٥ وەکو خۆی وتی "لەبەر ئەوەی ناتوانم پێیان بڵێم واز بێنن، چونکە خۆشم جگەرە دەکێشم و کە پێیان دەڵێک کارێکی خراپە، ئەوا پێم دەڵێن ئەی بۆچی خۆت جگەرە ئەکێشیت و پێشمان ئەڵێیت واز بێنن".
رەحمان باسی لەوەشکرد کە "زۆربەی ئەوکاتانەی وازی ھێناوە، بەڵێنی داوە کە ئیتر واز بێنێت، بەڵام بڕیارەکە دادی نەداوەو دەستی بۆ بردۆتەوە". گووتیشی "ماوەی ٦ مانگ دەست بەرداری جگەرە بووم، کەچی جارێکی دیکە بۆی گەڕامەوە".
شۆڕەش منداڵێکی کارکەرەو ساڵی ١٩٩٦ لەدایک بووەو وەکو خۆی دەڵێت لە ساڵی ٢٠١٢ دەستیکردووە بە کێشانی جگەرەو گوتی "کێشە و خەفەت پەنام بردوە بۆ جگەرە کێشان بۆ ئەوەی ئاسودە ببم، ھاوڕێکانم فێریان کردم و ئێستاش زۆر پەشیمانم، بەڵام ناتوانم تەرکی بکەم و رۆژانە لانی کەم ١٥ جگەرە دەکێشم و بۆ کڕینی جگەرە پارە بەزۆر لە ماڵەوە وەردەگرم".
دانا و فەرشاد و رەوەز، سێ منداڵن بەیەکەوە لەنێو پارکی شار دانیشتبوون و کاتژمێر ١٠ی شەوەو بەئاشکرا جگەرە دەکێشن، دانا دەڵێت "لەساڵی ٢٠١٠ ە فێری جگەرە کێشان بووم و ھاڕێکانم فێریان کردم و خۆشم لاسایی گەورەکانم دەکردەوەو لە قوتابخانە زۆرجار بەقەلەم لاسایی ئەو کەسانەم دەکردەوە کە جگەرە دەکێشن و خۆیان دەبەنە دنیایەکی دیکەو وای دەردەخەن کە لە کێشەو گرفت دوور دەکەونەوە". ئەو منداڵە ئەوەش دەڵێت "زۆرنییە بەدەستی براکەم لێدان نەخۆم و دایک بەھۆی منەوە نەگرێیت، بەڵام چیبکەم تازە کار لە کارترازاوەو ناتوانم وازی لێبێنم". بەھەمان شێوەی دانا رەوەزیش ماوەی چەند ساڵێکە جگەرە دەکێشێت، بەڵام ئەویان ماڵەوەیان ئاگایان لێی نییەو لەبەردەمی ئێمە پاکەت و چەرخەکەی وردو خاشکردو بەڵێنی بە ھاوڕێکانی دا ئیتر جگەرە نەکێشێت، بەڵام ھاوڕێکانی وتی لەگەڵ ئێمەیەو ناتوانێت واز بێنێت، چونکە گەنجانی گەڕەکەکەی ئێمە ھەموو ئێمەیان فێرە جگەرە کردووەو تەنانەت مادە کحولیەکانیش دەخۆینەوە".
ریبین محەمەد، خاوەنی دوکانێکی لاکۆڵانەو دەیان جۆری کەل و پەلی جۆراو جۆر دەفرۆشێت، بە وتەی خاوەنی ئەم فرۆشگایە "ئەو منداڵانەی کە جگەرە لە من دەکڕن زۆربەیان لە نێوان تەمەنی (١٥ بۆ ١٦) ساڵانن و ھەندێکیان بە تاک و ھەندێکیان بە پاکەت دەکڕن، زۆرجار پێیان دەڵێم جگەرە زیانی ھەیە، بەڵام بەقسەم ناکەن و منیش بۆ بژێوی ژیانی خۆم پێیان دەفرۆشم و رۆژانە زیاتر لە (١٠) منداڵ دێن جگەرەم لێدەکڕن".
کەنار جاف، شارەزا لە بواری کۆمەڵایەتی دەربارەی ئەم دیاریدەیەو تێکچوونی شیرازەی خێزان و گەڕانەوە دواوەی کۆمەڵگە رایگەیاند "ئێستا رێژەیەکی زۆری خەڵک جگەرە دەکێشێت و منداڵانیش بەدەر نین لەم جگەرە کێشانەو ئەوان وەکو قوربانین ئێستا چونکە بەھیچ شێویەک ئاشنا نین بە زیانەکانی جگەرەو رەنگە ھەر وەکو لاسایی بیکێشن و دەست بەرداری نەبن".
ئەو شارەزایەی بواری کۆمەڵایەتی گوتیشی "ھۆکاری چاولێکەری بە ھۆی برادەرەکانیان فێری دەبن، ھۆکاری راگەیاندن و پروپاگەندە کردن بۆ جۆری جگەرەی باش و نایاب لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە، ھەروەھا کارگەکانی جگەرە ھەڵدەستن بە رازاندنەوەی پاکەت، چەرخ، زەرف، جل و بەرگ لە شێوەی سەرنجراکێش. لەوانەیە زۆرێک لە جگەرەکێشان پەیرەوی ئەم دیاردەیە بگەڕێننەوە بۆ ھۆکاری دەرونی یا کێشەیەکی تایبەت بە خودی جگەرە کێشەکە، بۆ نمونە کە لە یەکێ بپرسی بۆ جگەرە دەکێشی و تەرکی ناکەی؟ لەوانەیە بڵێ خەمم ھەیە و پێی راھاتوم، ھەر جگەرەیە بۆم دەسوتێ، بەڵام لە راستیدا ئەمانە تەنھا پاکانەی دەرونین و ھیچ بنەمایەکی راستەقینە و زانستیان نییە، بەڵکو ئەوەی رۆڵی سەرەکی ھەیە ھۆکارەکانی ترن کە باسمان کردن، خودی ئەو مادانەی کە لە جگەرەدان جگەرە لای کێشەر شیرین دەکەن، کە ئەوانیش مادەی نیکۆتین و قەترانە لەگەڵ خوێن تێکەڵ دەبێت و بەردەوام مێشک داوای دەکات، ھەر ئەمەشە وادەکات کە تەرککردنی کارێکی گران بێت و بۆ تەرک کردنیشی ئیرادەیەکی بە ھێزی دەوێت".
کەنار پیشیوابوو ئەم ھەموو ریکلامە گەورەو پان و بەرینانەی لەسەر دیوارو ئۆتۆمبێل و مۆڵ و شوێنە گشتیەکان دەکرێن ھۆکارێکی بەھێزو بەردەوامن بۆ زۆر بوونی ئەم دیاریدەیەو بێ ئاگای خێزانەکانیش بەشێکی دیکەی ئەم حاڵەتەیە".