CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 33 میوان

لەحزووری حافزی شیرازیدا

لەتورکییەوە: یوسف عیزەدین : }ئەو بابەتەی کەکردوومانەتە کوردی.. بریتییە لە پێشەکییەکی –دانیالڕ لادنسکی- و دوو نموونەی شیعری و چەند بەشێکی ئەو بابەتەی کە-ھنری س.میندلین- لەکۆتایی دیوانی ( گوێم لەقاقای یەزدان بوو-Heard God Laughing) ی حافزی شیرازی-دا سەبارەت بەژیانی بڵاوی کردۆتەوە.

ڕەنگە بکەوینە ھەڵەوە، ئەگەر بڵێین: (دانیالڕ لادنسکی)، وەرگێڕی دیوانەکەیە، چونکە ھەروەک خۆی، لەپێشەکی دیوانەکەدا ئاماژەی بۆ دەکات: شیعرەکانی حافزی لەئینگلیزییەوە کردۆتە ئینگلیزی. ھەر بۆیە دەشێت بڵێین دایڕشتۆتەوە.
ڕەنگە ئەزموونیکی لەو چەشنە، سەیر و سەمەرە بێتە پێش چاومان!؟ بەڵام کاتێک کەپێشەکییەکەی-لادنسکی- دەخوێنینەوە..دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی، کەئەو عاشقێکی عەوداڵی، دنیای ڕەھاو جوانی حافزەو ئیدی ھێندەی پێی کرابێت و بەو چەشنە ھەوڵی خستنەڕووی ئەو دنیایەی داوە{
وەرگێڕ

ئازاکردنی ڕۆحی حافز
ن: دانیالڕ لادنسکی
بەیانییەکی زوو، لەکاتێکدا لەناوچەی مەھرازادی نێوەڕاستی ھندستاندا، پیاسەم دەکردو بەنێو ڕێگەیەکی ھەردوو لاتەنراو بەدار و درەختدا، گوزرەم دەکرد. بڕیارم دا کەبکەومە کارکردن، لەسەر خودی حافز و تێکستەکانی.
ناوچەی مەھرازاد، دەکەوێتە قەراغ شاری ئەھماد دانگەر. شایانی باسیشە، کە"ئاواتار مەھربابا"ی، ڕێبەری ڕۆحی ھیندییەکان، تا دواھەناسەی ژیانی، لەناوچەی-مەھرازاد-دا، ژیانی بردە سەر.
ئەو بەیانییە، لەگەلڕ یەکێک لەموریدەکانی"ئاواتار"دا، کەوتمە گفتوگۆ و باسکردنی "مەولانا جەلالاددینی ڕومی" شاعیر. کەدیارە یەکێک بووە لەو شاعیرە فارسانەی، کەدەمێک سالڕ لەمەو پێش ژیاوە.
بەپێی ئەو پرۆگرامە زۆر جوان و ناوازەیەی، کەپێشتر پێکەوە، دەرحەق بەشیعرەکانی "رومی"بینیبوومان. شیعرە وەرگێڕدراوەکانی"رومی"، زۆر لەوانی حافز تۆکمەتر و جوانتر دەھاتنە پێش چاوم.
گوتم :"بۆ دەبێت –ئاواتار مەھربابا- شیعرەکانی حافزی لەشیعرەکانی –رومی-، پآ جوانتر و مەزنتر بێت، لەکاتێکدا شیعرە وەرگێڕدراوەکانی –رومی- بۆ سەر زمانی ئینگلیزی، زۆر لەو شیعرانەی حافز جوانتر دێتە پێش چاو، کەکراوەتە ئینگلیزی".
ھاوڕێکەم لەوەڵامدا گوتی:
" مەھربابا، پێی وایە کە تا ئێستا ھیچ کەسێک نەیتوانیوە، بەجوانی شیعرەکانی حافز وەربگێڕێت".
ھەر کە ھاوڕێکەم وای گوت، بەشێوەیەک کەبۆ خۆشم سەرسام بووم، گوتم:
" دەتوانم وەک پێویست، وەریان بگێڕم".
گەرچی نە ئەو کاتە فارسیم دەزانی و نەئێستاش، بەڵام ھەر چۆنێک بوو، کەوتمە وێزەی ھەموو ئەو شیعرانەی حافز، کەپێشتر کرابوونە ئینگلیزی، ھەر لەوانیشەوە ئەوەی ئێستام ھەڵھێنجا.
خوێنەری زمانی ئینگلیزی سەدان ساڵە  بەعەزرەتی چێژ وەرگرتنە لەشیعرەکانی حافز: بەڵام بەحوکمی ئەو وەرگێڕانە حەرفییەی کەبۆ شیعرەکانی کراوە، ناکرێت خوێنەر چێژیان لێ وەربگرێت. شایانی باسیشە، کەوەک فارسییەکەی، وەزن و قافیەشی بۆ دانراوە، ھەربۆیە لەپێناو پاراستنی فۆرمالیتەی شیعرەکان، وەرگێڕەکان، ڕۆحی شیعری حافزیان، مەحکومی مەرگ و لەناوچوون کردووە.
لەکاتێکدا، ڕۆحی شیعری شیعرەکانی، لێوانلێوە لەبەزەیی و جومبوش و زەوق و قاقای پێکەنین، پڕە لەخۆشەویستییەکی عاشقانەی گڕگرتوو.
حافز بەچاوێکی پڕ سەرسامی و تەعەجووبەوە، دەڕوانێتە یەزدانی خوڵقێنەری کەون و کائینات و شیعرەکانی پڕن لەو چەشن و تەرزە تێڕوانینە.
ھەر بۆیە، ویستم بەپێی پێودانگەکان و مەوداکانی زمانی ئینگلیزی، کار لەسەر ڕەھاکردنی ئەو ڕۆحە شیعرییە بکەم.
زیاتر شیعرەکانی حافز، سۆناتای کورتن. سەبارەت بەژمارەی شیعرەکانیشی، کەلەلایەن پسپۆڕانەوە ساغ کراوەتەوە، نزیکەی (٨٠٠) شیعرێکە، گەرچی ھێشتاکە ناکۆکی لەنێوانیاندا ھەیە، دەرحەق بەژمارەی شیعرەکانی.
بەو پێیە دەبینین کەشیعرەکانی زۆر کەمن، بەتایبەت ئەگەر بەراوردیان بکەین، لەگەلڕ شیعرەکانی –رومی-.
ئاشکرایە کەزمانی فارسی، زمانێکی لاستیکی و شیاو بەگۆڕانە، لەڕووی ماناوە. ھەر بۆیە بۆ ھەر شیعرێکی حافز، دەکرێت چەند خوێنەوەیەکی بۆ بکرێت و لەزۆر ڕووەوە تاوتوو بکرێت.
ھەروەک ھاوڕآ فارسی زانەکانم دەڵێن، زۆر لەو وشانەی کەحافز لەشیعرەکانیدا بەکاری ھێناون، زیاد لەحەوت ھەشت واتایان ھەیە. ھەربۆیە دەکرێت، ھەمان کۆپلە شیعرێکی دیاریکراو، بەچەند شێوەیەکی لەیەکتر جیا، وەربگێڕدرێت و ھەر وەرگێڕانێکیشی بەڕاست بزانرێت.
پاش خوێندنەوەی سەرجەم وەرگێڕانە جیاجیاکانی شیعرەکانی حافز. ھەمان شتم بینییەوە. ھەر کۆپلەیەک لەشیعرەکانی حافز، چەندان شیعری سەربەخۆی لێ ھەڵدەھێنجرێت. کەھەر یەکێکیان ڕەنگدانەوەی، تاکە واتایەکی کۆپلەکەیە.
ھەربۆیە دەکرێت، بەپێی وەرگێڕانە جیاجیاکان، شیعرەکانی تاوتوو و شیکاری بکەین. تاوتووکردنی دەقێکی ئەدەبی ، چ بەواتای سوود و کەڵک لێ وەرگرتن و خستنەگەڕ و زیندووکردنەوەی دێت. چ بەواتای تەسلیم بوونمان دێت، کەدیارە لەو کاتەدا، دەکرێت ھەست بەڕۆحی شیعرەکە بکەین و خۆمان بدەینە دەم پێشەنگی شەپۆلەکانی.
ئەو شیعرانەی کەلێرەدا وەرم گێڕاون، گەر وشە بەوشەو دەقاو دەق لەگەلڕ ئەسڵی شیعرەکانی حافزدا بەراوردبکرێ. ناکرێت بڵێم وەرمگێڕاوە، پێشم وایە لەڕووی تەکنیکی و زانستیشەوە، شیاو و  ڕاست وەرنەگێڕدراوبێت. گەرچی حەز دەکەم بەڕاستی وەرم گێڕابێت، بەڵام ھێندە دەزانم، کەڕاستگۆ بووم، دەرحەق بەبەرجەستەکردن و خستەڕووی ڕۆحی ئیلاھیانەی شیعرەکان.
ئەو دەقەی کەبەشێوەیەکی سەرەکی لەوەرگێڕانی شیعرەکانی حافزدا، پشتم پآ بەست. وەرگێڕانە ئینگلیزییەکەی ( وێڵبێرفۆرس کلارک) بوو. کەلەساڵی ١٨٩١دا چاپی کردووە.
ئەمە جگە لەسوود وەرگرتن، لەدوا چاپی نوێی شیعرەکانی حافز، کەلەدوو توێی کتێبێکی(١٠١١) لاپەڕەدا، لەئێران چاپ کراوە. کەم تا زۆریش سوودم لەوەرگێڕانەکانی دیکەش وەرگرتووە.
شایانی باسیشە، کەبەبآ ھاریکاری و کۆمەکی ئوستادم (مەھربابا)، مەحالڕ بوو، بتوانم کارێکی ئاوا بەجآ بھێنم.
دەکرێت بڵێم، ھەموو ئەو جوانی و  قاقا و جازبییەت و ڕاستییانەی کەلەوەرگێڕانەکەدا، دەکەوێتە پێش چاوتان و ھەستی پآ دەکەن، دیارییەکی زاتی ئەوە بۆ من.

کەمێک وە ئاگا بەوە

( کەمێک وە ئاگا بەوە
ھەتا ھەتایە،
پێویست ناکات.
تەنھا، ئەئێستا...
یەک ھەنگاو، بەنێو دامێنی کراسە نەرمەکەی ئاسماندا
نەک ھەر بەسە، بەڵکو زۆریشە.
حافز،
کەمێک وەئاگابەوە
ئەڤینی ڕاستەقینە، تەنھا یەک دەقیقە دەخایەنآ
نەک ھەر بەسە، بەڵکو بەشی ڕۆژانێکیش دەکات.
جآ بھێڵە،
ھەموو  ئەو ڕێچکە فێڵاوییانەی
کەلەپێناو ناسینی ئەودا، چێت کردووە.
چونکە ھەریەکەیان،
بەلقە دارێکی بەھار دەچن..
کەبەستبێتی.
زۆر،
زۆر لە دوور دەمێنننەوە..
دوور لەتیشکی یەزدانیی ھاوین.
وەئاگا بەوە گیانم،
بەبەزەیی بە.
وەئاگا بەوە، بەرانبەر دڵت..
ھەڵیگرەو بیبەرە نێو دەغڵە فراوانەکانی تیشک.
جآ بھێڵە، ھەناسە بدات
بڵآ:
" ئەڤین"
ھەمدیسان باڵەکانم بەرەوەو
ھەڵمسێنە..
لەنزیکەوە ھەڵیسێنە..
بڵآ، بەمانگ و خۆر..
بڵآ، بەدۆستە خۆشەویستەکەمان:
خۆشەویستم، ھەر ئێستا ھەڵت دەسێنم
وەک بەڵێنم پآ دای
بۆ ئەو سەما جوانە).

ئەو شتەی کەبەچاو نابینرێت

( جارێکیان، لەئوستادەکەی خۆمم پرسی:
چییە، فەرقی نێوان..
من و تۆ؟
گوتی:
حافز تەنھا ھێندەیە:
گەر ڕەوێک حەیوانی کێوی
بێتە نێو ماڵی تۆ و
خۆیان بدەن، لەکاسە بەتاڵەکانی دەرۆزەییمان
ناڕژێت، تەنھا یەک دڵۆپیش
لەکاسەی تۆ.
ئەوەی کەبەچاویش نابینرێت،
ئەوەیە کەیەزدان لەکاسەکەی منی ناوە..
کەر بڕژێت، کاسەم
دەبات ھەموو دنیا
سێڵاوی ئاو).

ژیانی حافز
ن: ھنری س. میندلین

ھەرچەندە حافز، یەکێکە لەشاعیرە ناسراوەکانی ڕۆژھەڵات، بەڵام سەبارەت بەسەرگوزشتەی ژیانی، زانیارییەکی ڕاست و دروستمان لەبەر دەستدا نییە، تەنانەت بەتەواویش ڕۆژی لەدایک بوون و مردنی، ساغ نەکراوەتەوە. ڕەنگە لەساڵی ١٣٣٠ز، لەدایک بووبێت و لەساڵی ١٣٨٨دا، کۆچی دوایی کردبێت. کە لەساڵی لەدایک بوون و مردنی (جۆفێری چاوسێر)ەوە نزیکە کەدیارە جۆفێری، بەیەکەمین کەڵەشاعیرێک دەناسرێت، کەبەزمانی ئینگلیزی شیعری نووسیوە.
حافز، ناوی (شەمسەدین محەمەد)ە و ھەر کە دەستی داوەتە شیعر نووسین، نازناوی (حافز)ی بەکارھێناوە. پآ دەچێت، پاش خەتم کردن و ئەزبەرەکردنی قورئان، ئەو نازناوەی بەخۆ ڕەوا بینیبێت.
پاش ڕووخانی دەسەڵاتی مەغۆل و تەتەرەکان..لە شاری شیراز، چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە و زۆربەی ژیانی، لەو شارە پڕ لەباخچەیەدا، بردۆتە سەر.
حافز لەدەستپێکی ژیانیدا، ژیانێکی ئاسوودەو سانای بردۆتە سەر. یەکێک بووە، لەسآ کوڕی خانەوادەیەکی و ھەژار و نەدار. بابی حافز خەڵووز فرۆش بووە. حافز ھەر بەمنداڵی و پاش مردنی باوکی، ناچار بووە کەلەفڕنێکدا، دەست بەکارکردن بکات، بەڵام کۆڵی نەداوەو بەبەشێک لەو پارەیەی کەچنگی کەوتووە.. چۆتە مەدرەسەو وانەی قورئان و تیۆلۆژیک و گرامەر و ماتماتیک و ئاسترۆنۆمی خوێندووە. جگە لەفێربوونی خەت خۆشی، کەلەو سەردەمەدا، بەھۆی نەبوونی چاپخانەوە، ڕۆڵێکی زۆر گەورەی بینیوە.
خەت خۆشی لەو سەردەمەدا، زیاتر وەک پەیامێکی یەزدانی سەیرکراوە، بۆ نووسینەوەی قورئان. بەو حوکمەی، کەبەپێی یاساو دەستوورە ئاینییەکان، وێنەکێشان قەدەغە بووە، ھەموو جۆرە وردەکاری و ھونەرێک لەخەت خۆشیدا، بەکارھێنراوەو تابڵێی برەوی پێدراوە، شایانی باسیشە، کەپێویستە بزانین، حافز لەخەت خۆشیدا، تا بڵێی بەسەلیقەو پرۆفیشنالڕ بووە.
لەئێراندا شیعر وەک وەک چۆن ئۆپێرای ئیتاڵی، لەئیتالیادا پێگەو دنگەی میللی ھەیە. ئاوا پێگەو پایەی ھەیە. لەئێراندا مرۆکانی ھەرچین و توێژێک، دەرحەق بەو شیعر و شاعیرانەی، کەدەیانەوێت، گفتوگۆ و دەمەتەقێی لەسەر ساز دەکەن. ھەمیشە لەئاخافتنەکانی ڕۆژانەشیاندا، ئاماژەیان پێدەدەن و بەنموونە دەیانھێننەوە.
لەو سەردەمەدا، کەحافز تێیدا دەژیا.. زۆر گرنگی بەشیعر دەدرا. بەڕادەیەک کەھەردەم بۆ نێو مەجلیسی میر و شازادەو دەسەڵاتداران، گاز دەکران. ئەگەر یەکێک لەدەسەڵاتداران، سەرسامی خۆی بەشیعری شاعیرێک دەربڕی بایەو پێی جوان بایە.. فەرمانی دەکرد، کەھێندەی کێشی شاعیرەکە، زێڕی پآ ببەخشرێت و خەڵات بکرێت.
حافز ھەر لەمنداڵییەوە خولیای شیعر بووە و تابڵێی بەھرەمەند بووە، دەرحەق بەھەر بابەتێک کەویستبای بینووسێت. ھەر ئەمەشە بۆتە ھۆی ئەوەی، کەلەتەمەنی بیست ساڵیدا، لەسەرپاکی شیرازدا بناسرێت. ئیدی لەو تەمەنەوە، بووە یەکێک لەو شاعیرانەی کەھەردەم لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، بانگ دەکرایە نێو مەجلیسان. بەپشتگیری ئەوانیش توانی مەدرەسەیەک بکاتەوەو خۆشی وەک ئوستادێک، وانەی تێدا بڵێتەوە.
بەڵام دیارە بەو پێیەی، کەشیعرەکانی لەگەلڕ قەناعەت و ڕەوتی ئایینی ئەو دەمەدا نەدەگونجا. جار جارە دەبووە مایەی دەردەسەری بۆی و ناوی دەخرایە لیستی ڕەشەوە. زۆر جار لەمەدرەسەکەی دوور دەخرایەوەو ڕێگەی پآ نەدەدرا کەلەمەجلیسی نێو کۆشکی دەسەڵاتداراندا ئامادە بێت.
لەو کاتەدا ناچار دەبوو، کەکار بکات. تابژێوی خۆی خێزانەکەی دابین بکات. شایانی باسیشە، تەنیا کارێک کەبەو دەکرا. بەکارھێنانی تواناو سەلیقەی ھونەرییانەی بوو، لەخەت خۆشیدا.
بەدرێژایی ژیانیشی تەنیا یەک جار لەشیراز، شار بەدەرکرا. پاش گۆڕانی دەسەڵات لەشیرازداو ھاتنە سەر حوکمی دەسەڵاتدارێکی نوآ، توانی بگەڕێتەوە.
کەتەمەنی گەیشتە چل سالڕ، سەرەتا کوڕەکەی و دواتر ژنەکەی، کۆچی دواییان کرد. ئیدی لەو کاتەوە، بەتەنیا ژیانی بردە سەر و زۆرێک لەشیعرە پڕ حەسرەتەکانی، ڕەنگدانەوەی مەرگی ئەوانی پێوە دیارە.
لەتەمەنی شەست ساڵیدا، ھەر بەتەواوی ناو و ناوبانگی، لەزۆر شوێندا دەنگی دایەوەو لەھەموو لایەکەوە موریدانی ڕوویان تێ کرد، کەھەردەم وانەی پآ دەگوتنەوەو ڕێنمایی دەکردن.
لەحەفتا ساڵیدا، بەبێدەنگی سەری نایەوەو دنیای جآ ھێشت. موریدەکانی لەژێر ئەو درەختەدا ناشتیان، کەبەدەستی خۆی و لەنێو جوانترین باخچەیەکدا، دڵی پێی دەکرایەوە، ڕوواندبووی.
پاش مەرگی و بەدرێژایی پێنج سەد سالڕ.. شوێن و مەزاری حافز و سێبەری درەختەکەی، بووە جێگەی حەسانەوەی ھەزاران کەس، کەبەردەوام دەچوونە زیارەتی.
بەڵام بەداخەوە، لەسەرەتای چاخی بیستەمدا.. تەنیا شوێنەواری گۆڕەکەی مابۆوە.. ئەوەبوو لەساڵی ١٩٢٥دا، حکومەتی ئێران ڕێستۆرەی گۆڕەکەی حافزی کردو باخچەکەشی چاک و نوآ کردەوە. دیارە پارەی چاککردن و ھەڵبەستنی گۆڕەکە و نوآ کردنەوەی باخچەکە.. لەلایەنی "مەھربابا"ی ڕێبەری ڕۆحی ھیندییەکانەوە، درایە حکومەتی ئێرانی.
"مەھربابا" زۆرجار، بەدێڕە شیعرییەکانی حافز.. قسە و ئاخافتنەکانی خۆی تۆکمەو پتەوتر دەکردو دەیکردە مایەی ڕوونکردنەوەی ئەوەی کەدەیویست. "مەھربابا" دەیگوت: ( شیعرەکانی حافز، دەچنە سەر ئەو ڕێگەیەی کەڕۆحگەرایی پێدا گوزەر دەکات، بەسەرجەم نھێنی و پەنھانییەکانەوە). ئاشکرایە کەھەموو گوتارە مەعنەوییەکان، بناغەو بنەمایان عیشقە.
حافز، ھەر لەگەنجییەوە بۆتە موریدی یەکێک لە مەدرەسەکانی سۆفیگەرێتی و میستیک، تادواتر بۆ خۆیشی بۆتە ئوستادی ئەو ڕێچکەیە، شیعرەکانی ڕەنگدانەوەیەکی کلاسیکییانەی سۆفیزمە، کە لەسەر بناغەی تاکڕەوانەی، وابەستەگی خودو یەزدان دامەزراوە.
بەشێوەیەگی گشتی، لەڕۆژئاوادا.. مستیک و سۆفیگەرێتی، بەباڵێکی ئایینی ئیسلام دەزانرێت. کەبەپێی شوێن و جێگا جیاجیاکان، ناو و شێوەی جودا لەخۆی دەگرێت، بەڵام ئاشکرایە ھەر لە سەردەمی گریکەکانەوە، چەشن و شێوەی مستیک و سۆفێتی.. لەئارادا بووە. کەوابەستەی مەدرەسەی( سۆفیا-Sophia-) بووەو بە( پیتاگۆر-Pitaegor-)و (پلاتۆ-Plato-) ناسراون.
لە سەردەمی عیساشدا، بەئەسەنی و گنۆستیکەکان ناوبراون.
سۆفیزم، لە ئیسلامدا بەواتای بێگەردی و پاکی ڕۆح و دەروون دێت. موریدەکانی(ێوف) یان لەبەر کردووە و ھەر لەوەشەوە، سۆفییان پێ گوتراوە.
لەنێوان ساڵانی (٨٠٠-١٤٠٠ز ) سەدان مەدرەسەی سۆفیگەرێتی کراوەتەوە. ھەر بۆ نموونەش، دەکرێت ئاماژە بەمەدرەسەکانی( ڕۆمی و ئیبن عەرەبی ) بدەین، وەک پێشەنگی مەدرەسەکانی سۆفیگەرێتی.
ئاشکرایە کەجیاوازی لەنێوان مەدرەسە و ڕێبازەکانی سۆفیگەرێتیدا، بەڕاشکاوی دەبینرێت. لەکاتێکدا ڕێبازێکیان، گرنگی بە ( میدیتاسیۆن ) دەدات لەسۆفیزمدا. ئەوە ڕێبازێکی دیکەیان، کارکردن و خزمەتکردنی بآ بەرانبەر دەخاتە ڕوو. واتە دەبێت لەم دنیایەدا بآ ھیچ داواکاری و تەڵەبێک، خزمەت بکەین.
ھەندێکیشیان، خواپەرستی و عیبادەت دەکەنە بەردی بناغەی سۆفیگەرێتی و لەڕێی سەما و گۆرانی و شیعرەوە.. دەیانەوێت، عیشقی ئیلاھی باڵا بەرجەستە بکەن.
بەو پێیەی کەشیعرەکانی حافز، لەم بوارەدا پێشەنگە. موریدانی ئەم تەریقەتە، گرنگییەکی تایبەت بە شیعرەکانی حافز دەدەن.
تێبینی:
( -دانیالڕ لادنسکی- لەساڵی     ١٩٤٨ لە"میسۆری وڵاتە یەگرتووەکانی ئەمریکا" چاوی بەدنیا ھەڵھێناوە. ھەر لەھەڕەتی گەنجێتییەوە، عەوداڵی گەڕان و سەفەرکردن بووە... ئەو بۆشاییە ڕۆحییەی کەلەنێو خۆیدا ھەستی پێکردووە.. لەھیندستاندا پڕبۆتەوەو ھەر ئەمەش وای لێکردووە، کەشەش ساڵی تەمەنی لەوێدا بەرێتە سەر.
لەوآ بۆتە ھاوڕێی –ماندیلی- کەیەکێک بووە لەموریدانی –مەھربابا- و لەئەنجامی مانەوەشی لەگەلڕ ماندیلی-دا زانیاری دەربارەی -حافزی شیرازی- وەچنگ کەوتووە. کەدیارە یەکێک بووە لەو شاعیرانەی کە-مەھربابا- زۆر پێی سەرسام بووە. لادنسکی، لەو دەمەوە دەستی داوەتە، تۆژینەوەو شیکارکردنی شیعرەکانی حافز.. لەئێستاشدا لەباشووری –کارۆلینا- نیشتەجێیەو ھەر بەردەوامیشە لەتوێژینەوەو لێکۆڵینەوە سەبارەت بەدنیای ڕۆحی خودی حافز ز شیعرەکانی.
ژێدەر : Tanrı”nın Kahkahasnı Duydum- Hafiz-ten Aşk Şiirler- Danil Ladinsky- ٢٠٠٥*Mia yayinları İstanbul

سەرنج: (گوێم لەقاقای یەزدان بوو- ی حافزی شیرازی. بەسەرپەرشتی (پانتا نیرڤانۆ)و لەلایەن(ئایشە گوڕۆلڕ)ەوە لەئینگلیزییەوە، کراوەتە تورکی. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی Mia، ساڵی ٢٠٠٥    چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.