CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 125 میوان

کۆمەڵە گەوهەرێک لە دووتوێی کتێبێکدا

هۆمەر نۆریاویی
ڕۆژانێکە مخابن لە نێو جیهانی کتێبی کوردییدا بەدەگمەن بەرهەمی شیاوی خوێندنەوەت بەردیدە دەکەوێت. بێسەروبەرییەکی فرەوان بەسەر دونیای چاپ و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی کوردییەوە دەبینرێت و هەمووانیش خۆ لە هەمبەر ئەم پرسە هەستیارەدا لە گێلی دەدەن. ڕۆژانە بە دەیان کتێب و بڵاڤۆک دەکەونە نێو کتێبخانەی کوردییەوە کەچی بەشی فرەیان،تەنێ هەر تۆز دەخۆن و گەردیان لێ دەنیشێت. ڕەنگە نەبوونی خوێنەر یان بە واتایەکی دی، دابەزین و کەمبوونەوەی ژماری خوێنەری ڕاستینە،هۆکاری سەرەکیی ئەم پرسە بێت. بەڵام گەلێک هۆ و هەگەری تر لەم پێوەندییەدا دەور دەبینن کە ئێرە جێی باسکردن لەسەر ئەم پرسە نییە. بۆ منێک کە شەیدای زمان و تۆرە و کولتووری کوردییم و دایمە دووی زانیاریی نوێ و بەرهەمی تازە دەکەوم و ڕۆژانە لێرە و لەوێ بەردەوام خەریکی گەڕانم و گەر هەست بەوە بکەم نووسین و کتێبێک هەڵگری شتی نوێ و تازەیە و زانیاریی زێتر دەخاتە نێو هەگبەکەمەوە، خێرا هەوڵی خوێندنەوە و دەستخستنی دەدەم. کتێبی "لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ"ی نووسەر و ڕۆژنامەوان "کامەران سوبحان" یەک لە بەرهەمە شیاوەکان لەم ئاشوفتەبازاڕەدا بۆ خوێندنەوە دێتە ئەژمار کە گەلێک زانیاریی سوودمەند لەسەر زۆر سیمای هەرە گەشی نێو ڕووبەری چاندیی کوردان دەخاتە وەردەست خوێنەر. بە خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە، مرۆ پتر هەست بە مەزنیی ئەو نووسەر و ...کوردانە دەکات کە لەم کتێبەدا جارێکی تر و لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بە خوێنەر دەناسێندرێن.
نووسەر بە زمانێکی سادە و ساکار و پاقژی ئەدەبیی دەمانباتەوە تا نێو گوڵجاڕ و بەردەم دەربەندە خەیاڵاوییەکانی نێو جیهانی ژنە مێژوونووس و شاعیری سەوداسەر "مەستوورە ئەردەڵان" و لە گۆشە نیگایەکی تازەوە دەڕوانێتە بلیمەتیی ئەم خانمە بوێر و خامەڕەنگینە؛ پاشان بۆ غوربەتی نێو خەڵوەتگەکانی تەریقەت لای "مەولانا خالید شارەزووری" پەلکێشمان دەکات، لەوێوە دەمانبات هەتا بەردەم ناخە ئاشقەکەی هۆزان و شاعیری کوشتە و شەیدای نیشتمان، لای "بەختیار زێوەر"،دواتر ڕوخساری گەشی هزرێکی نوێخوازی نێو شێعری هاوچەرخی کوردییمان دەخاتەوە پێش چاو، هەر دوابەدوای ئەمەیش بە ڕوانگەیەکی نوێوە سەر دەکات بە حوجرەی غوربەتی لای "حاجی قادری کۆیی"دا، پەی بە ڕەهەندێکی تری ناخە تژیی ئەڤینەکەی "وەلی دێوانە" دەبات و ئەوینە قووڵەکەی ئەم مرۆ سەوداسەرەمان بۆ دەردەخات، خودی "ئەحمەد موختار بەگی جاف"مان بۆ دەگەڕێنێتەوە، "جەمیل سائیب" هەر بۆ خۆی چیرۆکی "لە خەوما"مان بۆ دەگێڕێتەوە، بۆنی غەزەل ڕاست دەمانبات تا بەر دەرکەی "تایەر بەگی جاف"، لەوێشەوە بۆ نێو کەشکۆڵە غەریب کەوتووەکانی لای "مەحموود پاشای جاف". گەشتەکەی کامەران سوبحان ئەمجارە دوور دوور دەڕوات تا دەگاتە بەردەم خودی دڵەی "ئەرەبی شەمۆ" و بەرامەی کوردانی کوردستانی سۆرمان بە ناخدا دەپژێنێت، دیسانەوە "مەمی ئالان"ی "عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاری" بە دڵ ئاشنا دەکاتەوە. مەلایەک پڕ پڕ بە ڕووناکایی و لێوانلێو لە هەست و نەستی بێگەردی کوردایەتی لامان دەکاتە میوان و "مەلای گەورە" هەر خۆی بە زمانە لێوڕێژ لە گەوهەرەکەی بۆمان دەئاخفێت، دەگەڕێتەوە سلێمانی و خەمساردیی ئێمە لە هەمبەر سیما تیشکاوییەکەی "نەجمەدین مەلا" دەخاتە بەردیدە. ئەم گەڕانە هەر وا درێژەی دەبێت و ڕوو لە مەریوان و زمانە پاراوەکەی "کاکە حەمەی ناری" دەنێت، چلچرای زمانمان پێ دەناسێنێتەوە و دەڵێت، هێشتا نیشتمان لە نێو توێشەبەرە هەزارڕەنگەکەی "تۆفیق وەهبی"دا بۆنی گوڵاوی زمانی کوردی لێوە دێت. لێرە بە دواوە شاگوڵی نێو دیوەخانی مێژووی کوردمان دێنێتەوە لا و بە خوێنەر دەڵێت ، پەیڤی ڕاست لەسەر مێژووت پێویستە هەر لە "ئەمین زەکی بەگ"ەوە ببیستیت، هەمدیس دەمانباتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی کە مەلای وەک "مەلا عەبدولکەریم مودەڕیس" ئاوپڕژێنی دڵانی دەکرد، "شێخ محەممەد خاڵ" هەر خۆی "ناڵەی دەروون"ی گشت کوردان بوو، "مەلیک مەحموود" خۆی و دڵەکەی، کوردستانی دەگوێزتەوە بۆ هەر هەموو ناخێکی گەلپەروەر ، "عەبدوڵڵا جەوهەر" خۆی تەنێ مژولی نووسینی قامووسێک بە فرمێسکی چاوەکەی بوو، "فایەق بێکەس"لە نێو غوربەتی ناخدا وانەی نیشتمانی بۆ ئەو دڵەی دەگوێزتەوە کە دواتر بوو بە شاعیرێک بۆ هەر هەمیشەی دیرۆکی تۆرەی کوردی یانێ "شێرکۆ بێکەس"، دوا مەنزڵی ئەم گەشتە خەیاڵاوییە، ڕێک ڕێنمونمان دەکات هەتا بەردەم ماڵەکەی هەمیشە بەخەم تەنراوی پاشای بلوێر لای کورد و خودی "قالە مەڕە". کۆتایی ئەم گەشتە پێمان دەڵێت، وەرن با لە هزر و ئەندێشەی قووڵی "ئەنتوان چیخۆف"، "ئەلبێر کامۆ" و "میخائیل بۆلگاکۆف"ی نووسەری ناسراوی ڕووسیایی بەشی دڵ هەڵبگرین. ئەم هەموو گەوهەرە لە دووتوێی کتێبێکدا خۆ دەبیننەوە کە ناوی "لە خەیاڵەوە.. بۆ خۆڵ"ی لەسەرە، بۆیە بەڕاستیی شیاوی خوێندنەوەیە.
نووسەر ،توخمی خەیاڵ و گێڕانەوە بە زمانێکی پاکژ بۆ نەخشاندنی بەرهەمەکەی دەکار دێنێت و خۆی و پێنووسەکەی بە شاباڵی خەیاڵ دەسپێرێت و لە ڕێی خوێندنەوەیەکی ورد و ژیرانەوە بۆ هەر کامە لەو شائەستێرانەی نێو کتێبەکەی،دیوێکی دی سیما و ڕوخساری ئەو کەسایەتییە ناودارانەی کوردمان لا ئاشکرا دەکات.
لە ڕۆژگارێکدا هەمە جۆرە پەتایەک ڕووی لە کوردانە و ناحەزان بە هەمە جۆرە چەکێکی ژەنگن، بەرەنگاری کورد و دەسکەوتەکانی دەبنەوە، گەڕانەوە بۆ ئامێزی ئەو ناسک خەیاڵانەی لە تاریک و نووتەکترین سەردەم و چاخ و خولدا ڕۆشنایی بۆ کوردان بوونە،هیوا دەخاتە دڵی مرۆی هیوابڕاوی ئەم ڕۆژانەی کۆمەڵگەی کوردییەوە. ئەم ئەرکە گرینگەیش لە ڕێی خامەیەکی پەرۆشەوە جێبەجێ کراوە. ئەمە ڕاستییەکی تاڵی لای ئێمەی کوردە کە خاوەنی بیرگەیەکی فەرامۆشکارین و زۆر زوو شتەکان لە بیر دەکەین. ئەگینا هەر ئەم نەتەوە بندەست بەڵام سەربەرزە ئەوەندە مرۆی مەزن و بەژن بڵندی تێدایە کە دەتوانین بۆ هەر هەمیشەی مێژوو، شانازییان پێکەوە بکەین. لەم نێوانەدا قوتارکردنی ئەم سیما هەرە گەشانە لە خانەی فەرامۆشی، ئەرکی گشت مرۆیەکی ژیر و وریای کوردە و پێویستە کۆمەڵەی ڕووناکبیریی کورد ئیش لەسەر ئەم ڕەهەندە بکات. ڕۆژاوایی و فارس و عەرەب و تورکەکان تا دێت پتر دەگەڕێنەوە سەر ئوستوورە و سیما درەوشاوەکانیان و ئەم ئەرکە،ئەم جیل بۆ ئەو جیل و نەوەی دەگوێزێتەوە و ناهێڵن تەمی زەمەن بنیشێتە سەر مێژوو و کولتوورەکەیان. کەچی بە سەد داخەوە ئەم نەریتە زۆر کەم لای ئێمەی کورد بەهەند وەردەگیردرێت. یەک لە هەوڵە هەرە شیاو و دڵخۆشکەرەکان لەم پێوەندییەدا ڕووی لە کتێبەکەی کامەران سوبحانە کە بە ناونیشانێکی هەستبزوێن و باڵکێشەوە (لە خەیاڵەوە بۆ خۆڵ)،جارێکی تر دەمانباتەوە بۆ لای نێرگزەجاڕەکانی کوردستان و ئۆخژنێک بە دڵ و گیانمان دەبەخشێت.
گەشت و گێڵ و گەڕانی زۆر،خوێندنەوەی بەردەوام و پاشخانی هزریی دەوڵەمەند،چەند تایبەتمەندیی لای کامەران سوبحان دێنە ئەژمار و دەبنە یارمەتیدەر و پاڵپشتی نووسەر بۆ ئافراندنی ئەم بەرهەمە زەنگینە. نووسەر بە پەنابردنە بەر هەست و نەست و ئاسۆی فرەوانی خەیاڵی خۆ،ئەوەندەی تر ئەم سیما پرشنگدارانەی نێو مێژوو، تۆرە و ئەدەبی کوردییمان لا خۆشەویستتر دەکات.
ئەم هەوڵە جێی دەستخۆشیی فرەوانە و ئەو مژدەیەشمان پێ دەدات کە هێشتاکە ڕۆڵەی وشیار و خەمخۆر لە نێو کورددا کەم نین. لێ، سەرباری دەیان ڕووپەڕی زێڕین، لە هەندێک شوێندا کتێبەکە کەموکووڕیی پێوە دیارە و هەڵە و پەڵەی تێدەکەوێت کە بڕێکیان هەڵەی پیتچنیی و تایپن. زۆر خێرا هەر لە دەستپێکی کتێبەکەوە تا کۆتایی، ئیشارەتێک دەدەینە خاڵە هەرە زەقەکان.
لە بابەتەکەی سەر "مەستوورە ئەردەڵان" لە لاپەڕەی 15ەوە تا 37 بەردەوام بە "مەستوورەی ئەردەڵانی" هاتووە کە پێویستە نووسەر ڕەچاوی ئەم خاڵە بکات کە "ئەردەڵان"ناوی ماڵبات و هۆزێکی ناسراوی کوردە و ئێستایش بە سەدان کەست پێ شک دێت کە دەچنەوە سەر هەمان ماڵبات و بە ئەردەڵان ناودێرن نەک ئەردەڵانی.
لاپەڕەی 19 ،"ماهـ شەرەف" دروستە نەک "ماه شەرەف"، ڕێنووسی دروستی وشەی "مەعریفەت" بەم چەشنەیە کە هاتووە نەک موعەرەفت.
لاپەڕەی 20 ،نیودەهلی یان دەهلی نوێ دروستە نەک نیودەلهی.هەمان ڕووپەڕ مێژوو، دروستە نەک مێژوویی. لاپەڕەی 21، شێعرەکەی مەستوورە، وشەی "نێشی" بە "نێژی" هاتووە، هەروەها ئەگریجە بە ئەگریچە هاتووە کە دروستەکەی هەمان ئەگریجەیە.
لاپەڕەی 22 هەر درێژەی شێعرەکە، بفەرموو دروستە نەک بمفەرموو. لاپەڕەکانی 31 و 32 لەم کتێبەدا پاتە دەبنەوە. لاپەڕەی 47 ،کۆتا بەیتەکانی شێعرەکەی "سالم" هەڵەیەکی تێ کەوتووە کە دروستەکەی بەم چەشنە دەبێت:
خالدا گر نیستی دیوانە و صحرانورد
نەک ئەوەی نووسەر :خالدا گر نیستی دیوانە و سەحرا و نورد، کە هەم ڕێنووسە فارسییەکەی هەڵەیە و هەمیش لاسەنگی دەخاتە نێو شێعرەکەوە.
لاپەڕەی 46 شێعرەکەی سالم، وشەی جانی بە جایی هاتووە.
لاپەڕەی 48، شێعرەکەی مەحوی، بەیتی دووەم، ڕێنووسی وشەی "حەسرەت"بە "حەسەرت"هاتووە کە دیارە هەڵەیە.
لاپەڕەی 62، شێعرەکەی سالم، "لە لایێ" دروستە کە بە "لە لایی"هاتووە.
لاپەڕەی 80، ڕاستیت گەرەکە هونەرمەند سەید ئەسکەر(سەیەسکەر)ی کوردستانی هەر بەم ناوە پتر دەناسرێتەوە و مخابن دوای شۆڕشی گەلانی ئێران چونکە بازرگانی بەسەر زۆر شتەوە دەکرێت، ئەمیش بە هەمان دەرد چووە. ئێستایش لەسەر کێلەکەی هەر بە هەمان "سەیەسکەر" هاتووە و لای جەماوەریش بە هەمان ناو دەناسرێتەوە و پێویستە جیاوازیی لە نێوان نووسینی فارسیی و کوردییدا دابنرێت و ئێمەی کورد ڕەچاوی پرسی فۆنۆلۆژی لای زمانی خۆمان بکەین و بە هەمان ڕێچکەکەی فارس و تورک و عەرەبدا لە هەمبەر کورد نەچین . بۆ ڕاستیی پرسەکە نووسەر دەتوانێت نووسینێکی هونەرمەند "ناسر ڕەزازی" لەسەر ئەم هونەرمەندە بخوێنیتەوە و بە دیدێکی دیکەوە ئاوڕ لە پرسەکە بداتەوە.
لاپەڕەی 110، دڵ "هەر" نیشانەی تیرئەندازییە، "ر"ێی،"هەر"ەکە کەوتووە.
لاپەڕەی 163، شێعرەکەی مەولەویی تاوگۆزی، چەند هەڵەی تێدایە:
جە دووریت دەروون مەوج دەریای هوون
مدۆ وە چەمدا، بەڵام چێش کەروون
پاتەختی مەحموود کە بە پایەختی ... هاتووە.
لاپەڕەی 164، شێعرەکەی شێخ ڕەزا ڕێنووسەکەی هەڵەیە.
بە محمود مرا روی نیاز است
کە صد شاە محمودش ایاز است
بە کیخسرو نژادی می کنم ناز
کە بە کیخسروانش کبر و ناز است
لاپەڕەی 168 ڕۆژنامەی "ڕێیا تەزە" یان "ڕێیا تازە" دروستە کە بە ڕیا تازە هاتووە.
لاپەڕەی 194، شێعرەکەی مەلای گەورە ،بەیتی دووەم، ڕێنووسی "بە قوڕیدا بردن" دروستە.
لاپەڕەی 214، شێعرەکەی ناری، چ بیمێ بۆ گرۆهی موئمینانە
دروستە کە بە چە بیمێ ... هاتووە.
لاپەڕەی 280، دێڕی 6، پیتی "ی"لە وشەی "سەیری" کەوتووە.
لاپەڕەی 300، دوابەشی شێعرەکە ،وشەی "گەڕەکی" دروستە کە بە "گەڕکی" هاتووە.
پێش ئەوەی بچمە سەر هەڵەی نێو لاپەڕەی 309، بە پێویستی دەزانم ڕوونکردنەوەیەک بدەم و خوێنەری کورد بەرانبەر بەم پرسە کە لەمێژە بەداخەوە هەر بە هەڵە دەڕوات، ئاگادار بکەمەوە.
دەمێکە چەندین هونەرمەندی وەک "عەزیز شارۆخ" و "ئیسماعیل سابوور" بە دەنگی بەرز هاوار دەکەن کە کاکە ناوی سییانی و شۆرەتی ئێمە "شارۆخ" و "سابوور"ە نەک "شارۆخی" و "سابووری"کەچی مخابن هەڵەکە هەر لە خودی نووسەر و هونەرمەندانەوە سەرچاوە دەگرێت و میدیای نەخوێندەواریش بە نێو جەماوەردا بڵاوی دەکاتەوە و قسەکە دەکەوێتە سەر زاران و خودی هونەرمەندیش ئەوەندە ڕاستی دەکاتەوە بەڵام دیسانەوە هەر بە هەڵە دەڕوات و ئیدی کۆڵ دەدات و تەواو شەکەت و ماندوو دەبێت و ئەم هەڵەیە دەبێتە مێژوو. ئەم پرسە ئەمدیو و ئەودیوی ناوێت و نابێت خودی ئێمەیش وەک ناحەزانی کورد بکەوینە شێواندن و خوار و خێچکردنی ناوی کەسان و شوێنەوارەکان. هەر لە خودی باشوور، دەیان ماڵبات و کەسایەتی کورد هەنە کە ناودارن و بە هەمان شێوەیش لای جەماوەر ناسراون و ئیدی خەڵک ئەملاولا بە ناوەکەیان ناکات.(شێخ ڕەزا تاڵەبانی، ڕەفیق حیلمی،کامەران موکری،ڕەسووڵ گەردی، حەسیب قەرەداخی،موفتی پێنجوێنی،حەسەن کوێستانی، مەلا مستەفا بارزانی،د.کوردستان موکریانی، نووری تاڵەبانی، قوباد جەلی زادە و...). بۆیە پێویستە نووسەری کورد بە وردی ڕەچاوی ئەم خاڵە بکات و دووی زۆرینەی هەڵە نەکەوێت و پێش نووسین، لە ڕاست و دروستیی ئەوەی دەینووسێت، ئاگادار ببێتەوە.
هەروەها گەرەک ئاماژەیەکیش بەم خاڵە بدەم کە لە بڕێک شوێن لە نێو ئەم کتێبەدا دوو وشەی سەربەخۆ و تەواو جیاواز ،پێکەوە نووساون کە بۆ ڕەچاوی پرسی خاڵبەندیی و ڕێنووسی دروستی زمانی کوردی و تێگەییشتنی باشتری خوێنەر،پێویستە نیوە مەودایەک بکەوێتە نێوانیان.
یەکێکی دی لەو خاڵانەی کە پاش خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە بەپێزە زەینی منی بە خۆوە مژول و سەرقاڵ کرد،ئەوەیە لە پەنا ئەم گەوهەرە درەوشاوانەدا جێی چەندین ڕوخساری نازەنینی وەک ئەمین باڵدار، دڵدار و ... لە نێو کتێبەکەدا بەتاڵە و وەک پێشنیازێک بۆ نووسەر بۆ درێژەدان بەم پرۆژەیە، دەتوانێت هەم ڕووبەری بەرهەمەکەی فرەوانتر و بەرینتر بکات و هەمیش خزمەتێک بە سامانی چاندیی نەتەوەکەی بکات و لەم ڕێگەشەوە ئاشتبوونەوەیەک لە نێوان کتێب و خوێنەردا چێ بکات.
شیاوی ئاماژەپێدانە کتێبی "لە خەیاڵەوە..بۆ خۆڵ"ی کامەران سوبحان ،ساڵی 2018 لە چاپخانەی کارۆ لە سلێمانی ،لە چاپ دراوە و لە نێو خودی کتێبەکەیشدا هاتووە کە" داهاتی ئەم کتێبە دەبەخشرێتە تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە و نەخۆشییە درێژخایەنەکان لە کوردستان".
ئومێدە نووسەر بۆ چاپەکانی دادێی ئەم بەرهەمە ڕەنگینە، ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکات و لەوەیش دڵنیا ببێتەوە کە مەبەستی نووسەری ئەم دێڕانە،تەنێ خزمەت بەم بەرهەمە زەنگینە بووە و بەس. لە کۆتاییدا دیسانەوە ڕێز لە هزر و قەڵەمی بەڕێز کامەران سوبحان دەنێم و پێی دەڵێم، خامە و پێنووست هەردەم بەری بەپێزی ئەوتۆ بگرێت.
سەرنجێک: ئەم نووسینە لە ژمارەی 34ی دوو حەوتەنامەی لووتکە،لاپەڕەی 8دا چاپ و بڵاو بووەتەوە. جێی ئاماژەپێدانە بڵاڤۆکی "لووتکە"،دوو حەوتەنامەیەکی فارسیی-کوردییە و لە لایەن ژمارەیەک ڕۆژنامەوانی سەربەخۆوە لە شاری "سنە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە و تا هەنووکە 34 ژمارەی لێ دەرچووە.å