CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 142 میوان

دوو کولتوور لە( رۆمانی گرەوەی بەختی ھەڵاڵە) دا

یاسین برایم
جیھانی رۆمان ، جیھانێکی ئاڵۆز و فرە و تەژی کێشە و رووداوی سەیر و نەخوازراو و جوان و ناشیرینە. کەسایەتییەکانیش ، لە دونیای ململانێ و دەسەڵات و حەز و شارستانییەت و مودێرنەدا ئەسپی خۆیان تاودەدەن . لە تونێڵی دونیابینین و خەون و حەزەکانی خۆیان دەگەرێن ومانا و بەھایەکی تر بە ژیان و ململانێیەکان و ئایدیاییەکانیان دەدەن. ھەر ئەوانیش ، بە رەنگ و کار و کردە جۆراوجۆرەکانیان ئاشنامان دەکەن بە ژیان و دونیایەکی تری دەمامکدار لە مرۆڤەکانی رۆژگار. رۆمانی (گرەوی بەختی ھەڵاڵە)(١)ی عەتا نەھایی، رۆمانێک پڕ لە تونێلی تاریک و تەسک و درێژ و کێشە و ئازار و خەم و چەوسانەوە ، لە ھەمانکاتیش ، ئاشنامان دەکات بە چەندین رێگا و رووداوی پڕ قوربانی و ئازادی و دڵسۆزی و خۆشەویستی و شکست و ھەستانەوە و متمانە بەخۆبوون و سەرکەوتن . نەخاسمە بۆ (ھەڵاڵە ) کەسایەتییێکی دیار و ئازا و بەرچاوی نێو رۆمانەکە و لە مەیدانی عەشق و ئازادیدا ، بە دونیا بینینێکی جوان نەمامی خۆشەویستی و ژیاندۆستی دەچێنێت. بوێری و چالاکی و متمانە بەخۆبونی ئافرەتی کوردمان بۆ دەخاتەروو . لە پێناو ئازادی و رزگاربوونی نەتەوەکەی ، شانبەشانی پیاو چەکی خەبات دەکاتە شان و بەرگری لە چەوساوەکان و ئازادیخوازانی وڵات دەکات. ئەو خۆراگری و چاونەترسەی وای لێدەکات بەرامبەر بە رووداوە و کێشە و خەمەکانی ژیان بکەوێتە سەر پێ خۆی . بۆکۆمەڵگاش ئەوە بسەلمێنێت، کە ژنیش بەھاو قورسایی خۆی ھەیە و ماف و ئازادییەکانی ئەو دەبێت رێزی لێ بگرێت و پارێزراو بێت. ھەڵاڵە تەوقی ژێردەستی و چەوسانەوە دەشکێنێت و تەوار ئاسا دەژێت و نمونەی مێرخاسی ژنانمان بۆدەردەخات. تا ئەو ڕۆژەی لە نێو کولتوور و دەسەڵاتی نێرسالاریدا ، دەبێتە قوربانی بیروراو ئازادییە تاکەکەسیەکانی خۆی . بۆیە بۆ نووسینێکی بچووک ئەوەندە ساناھی نییە ، ھەموو کووچە و کۆڵانەکانی ئەم رۆمانە بپشکنین . بۆیە دەروازەیەکی بچووک دەکەینەوە و ئاوڕێکی خێرا لە ھەڵاڵە و ژیان و خەبات و تێرونینی خێزان و کۆمەڵگا بۆ ئازادییەکانی ئەو دەدەینەوە ، تا ئەو ڕۆژەی دەبێتە قوربانی حەز و خەون و ئازادییەکانی .

بە پیاوکردنی ھەڵاڵە

لە دوای باڵاکردنی ھەڵاڵە و نزیکبوونەوەی لە باوکی و ئەنجامدانی سیفەتی کوڕانەی و بەردەوام دانیشتن لە دیوەخانی باوک و پۆشینی جلوبەرگی کوڕانە و دەستخشاندن لە چەک و کەلوپەلەکان ، خۆشی دەخستە دڵیی . ڕۆژ بە ڕۆژ ھۆگری ئەم کارەی دەبوو و خۆی دەردەخست. میوانشیان ھاتبایە ماڵیان دیوەخانی چۆلڕ نەدەکرد. بە شانازییەوە ، دەیگوت " خۆ من کچ نیم ، من کوڕم" * ل٤٨. باوکیشی بە پەیڤەکانی کچەکەی دڵخۆش دەبوو ، زیاتر ئەو کوڕبوونەی لە دەروونی کچەکەی مەزنتر دەکرد. کەچی دایکی ھەمیشە ترسی بۆ منداڵەکانی دروستدەکرد و بە (عوسە بۆر) دەیترساندن. ڕۆژێک ھەڵاڵە لە گەڵ باوکی دایە و بەردەوام دەترسێ و دانی پێدادەنێت ، کە کەسێک بە دوایەتی . بەڵام باوکی دڵنیا دەکاتەوە کە سێبەرە . دەیویست ئەو ترسەی لە دەروونی دوور بخاتەوە . بە زەردەخەنە دەیگوت" کوڕی ئازا چۆن دەبێ لە سێبەری باوکی خۆی بترسێت " ل٥٤ . ھەڵبژاردنی وشەی کوڕ بۆ کچەکەی و بە ئازا ناوھێنانی تەکانێکی تری دەدایێ بە متمانە بەخۆبوون. ھەڵاڵە لە نێوان دیالۆگی دایک و باوکیدا (ترسان) و (نەترسان) دەیویست بەلای باوکیدا بکەوێت ، تا بۆی بسەلمێنێت ئەو کوڕی باوکی خۆیەتی.
سەعادەت گوتی " کچ دەبێ لە سێبەری خۆشی بترسێ . ئەگەر نەترسێ تووشی ھەزار بەڵا و نەھامەتی دەبێت".
حەمە رەشید ئاغا گوتی " من کچێکم ناوێ کە لە سێبەری خۆشی بترسێت . من کوڕێکم دەوێ کە لە ھیچ نەترسێ ."
ھەڵاڵە گوتی :" من لە ھیچ ناترسم " ل ٥٢
دایکی بە پێچەوانەی باوکی باوەڕی وابوو ، ھەمیشە دەبێ کیژ ترسی ھەبێت . لە ھزری باوکیشیدا ، کچ دەبێت وەک کوڕ بێت. بۆیە بە کوڕکردنی کچەکەی بۆ ئەوە بوو نیشانی دەوروبەری بدا کە کچەکەی لە باوکی دەچێت ، وەک ئەو خۆراگرو چاونەترس و پیاوانەیە ، یان کچەکەی ئەو زۆر لە کوڕی خەڵکی تر پیاوانەترە. بەتایبەتی لە ھاندانی کچەکەی لە سەر ئەم ھەڵوێست وھەڵس و کەوتە کوڕانەیی دەیکرد. دەبینین لەو کاتەی لە گەڵ کوڕێک دەبێتە شەڕیان یاخود فاکتەری لێدانی زللەی لە کوڕەکەی ، ڕازی نەبوونی بە بڕیاری کوڕەکە کە داوای ماچی لێکردووە . ویستویەتی پێی بڵێ خۆشمدەوێی! ھەڵاڵە بەم قسەیە شەرم دایدەگرێ و بە تووڕەیی بە زللەیەکی بەھێز بەرسفی دەداتەوە ، چونکە قسەی باوکی لە گوێی دەزەنگرایەوە "من کچم ناوێ . کچێک کە کوڕان تەمای تێ بکەن و دەستی بۆ ببەن . من کوڕم دەوێ .."ل٥٦
بەمەش ناوەستێ وخشتێکی بە دەستە و دەیەوێت لێی بدات. لە سەر ئەم کارە نەخوازراوە ، باوکی دەستخۆشی لێ دەکات و بە شێر لە قەڵەمی دەدات.
گوتی : " ئافەرم کوڕی خۆم. کوڕی من شێرە مەردە"
سەعادەت گوتی " ئەوە کوڕ نییە ، کچە تێدەگەی ، کچە " ل٥٦
دایکی لە قسەی مێردەکەی ناڕازییە و لەوە دەترسێ ئەم سەرەڕۆیی و لووتبەرزییە ئاکامێکی خراپی ھەبێت و بەڵایەکی بەسەر بھێنن و بە کوردییەکەی (ئەتکی بکەن!)، بەڵام باوکی بە کارێکی ناوازەی سەیر دەکرد . ئەم لێدانەی وەکو زەنگێک بۆ کوڕانی ھەژمار دەکرد و تا سەرجەم کوڕەکان ترسیان ھەبێت لە نزیک بوونەوە . بۆیە حەمە رەشید ئاغا دەڵێت " کوڕی من کارێکی کردووە لە ئیمرۆوە تا سەد ساڵی تریش کەس لەم شارە وگەڕەکە ناوێرێ بەلایدا بکۆکی و ، بە خراپ سەیری بکات..."ل٥٦
ھەڵاڵەش ، بەردەوام ھزری ئەوەی ھەیە، جیاواز بێت لە ئەوانی تر. ئەم کارەش بە کردەوە دەکات . کاتێ جل و بەرگی پیاوانە دەپۆشێت. جارێکیان لە دیوەخان ، پیاوێکی ھاوتەمەنی باوکی پێی دەڵێت: ناوت چییە؟باوکی لە جیاتی ئەو وەڵامی دەداتەوە (ھەڵمەت) . ناو ھێنان و گۆرینی ناوی ھەڵاڵە بۆھەڵمەت ، نیشانەیەکی دیکەی باوکی بووی لە بە نێرینەکردنی کچەکەی! ئەمەش دایکی تووڕەدەکات ." ھەڵمەت؟! خۆ ناوی ھەڵمەت ناوی کوڕە". گوتی " ژنێکی جیرانمان تازە کوڕی بووە و ناوی ناوە ھەڵمەت" باوکی گوتی " ھەڵە گیانی منیش کوڕە . سەیرکە چ کوڕێکی ئازاشە!" ل٤٩
ھەموو قسەو ڕەفتار و کردەوەکانی باوکی ، ھەڵاڵەی گەورەتر وئازاتری دەکرد . دایکیش دونیایەک خەم و ترس و گومانی لە لا دروستدەکرد. باوکی لە دیدە و چاو وئاغابوون و گەورەبوونی کارەکەی خۆی سەیری کچەکەی دەکرد، دایکی ھەڵاڵەش لە چاوی ژنبوون ودایکایەتی و کۆمەڵگا و دابونەریت و قسەی خەڵک سەیری دەکرد. سەعادەت ھەمیشە بە چاوی گومان خوێندنەوەی بۆ کچەکە و ھاوسەرەکەی دەکرد. دایکێک دەیزانی لە دونیا چ باسە. بۆیە بێدەنگ نابوو لە کردەوە و کاری نەخوازراو. قسەیەک ئازاری دەروونی ئەوی دەدا، وەختێک لە دەمی دەبیسترا و لە ناخیدا ھەڵدەگیرا." دایکی ھەمیشە دەترسا . لە شتێک دەترسا کە پێی دەگوت حەیا و نامووس . شتێک کە لە لەشی ژندا بوو ، لە چاویدا ، لە دەم و زمانیدا ، لە ژێر جلەکانییەوە بوو ..."ل ٦٩.

دایکێک ھەمیشە لە ترس

سەعادەت خان دایکێکی دڵسۆز و بەخشندە، بە دوای ھێلانەیەکی ئارام وبێترس دەگەرێت بۆ منداڵەکانی . خۆشەویستی دەکاتە ھەوێنی ژیان و تا خێزانەکەی ئاسوودە بژێت. لێ ژیان ئاسوودەییەکانی دەشێوێنێ و ئاوارە و دەربەدەری لە پێناوی خەون و ھیوای ھاوسەرەکەی. باجێکی گەورەی ژیان دەدات ، بەڵام گوێڕایەڵی ھاوسەر و پەرۆشی و دڵسۆزی بۆ خێزان و منداڵەکانی ، نمونەیی دایکێکی نمونەیمان بۆ دێنێتە بەرھەم . داب و نەریت و کۆمەڵگا و چاوی مرۆڤەکانی وڵات و خەراپی و ناسەقامگیری سیاسی وحوکمڕانی، ترس و نائومێدی و بێھیوای زۆری بەم دایکە دەبەخشێ ، کە باجی گەورەی ھاوسەرەکەی دەدات . خەمی ژیان و خێزان و نیشتیمانی لێ ببووە ئازار و ژان . خەمی ھەڵاڵەش سەرباری خەمەکانیتر. ئەو پێچەوانەی ھاوسەرەکەی نیگەران دەبوو لە سەرەڕۆیی و ھەڵسوکەوت و ئاکاری کوڕانەی کچەکەی. کە باوکی ھاندەر و پشتیوانی بوو . ترسی ھەمیشەی لە (چاو) و(زار)ی خەڵک ، ئەم ترسەش لە گەڵ باڵابوونی ھەڵاڵە زیاتردەبوو ، ببوو کابووسێکی نەفرەتی.
سەعادەت دەیگوت " کچ دەبێ لە سێبەری خۆشی بترسێ ، ئەگەر نەترسێ تووشی ھەزار بەڵاو نەھامەتی دەبێت "ل٥٢
ئەوکاتەی لەگەڵ ئەو کوڕەی تووشی ئەم شەڕە ھات ، دایکی بە ھەرەشەوە پەنجەی لە کچەکەی دەھەژاند ، ئاگاداری کردەوە ، کە یاریکردنی لە گەڵ کوڕان قەدەغەیە ." لەمەودوا حەقت نییە لە گەڵ کوڕان یاری بکەیت ، تەنانەت حەقت نییە بە تەنیا لە ماڵ برۆیتە دەر". ئەوسا گریا بە گریانەوە گۆتی " ئەگەر بەڵایەکی بەسەر بێنن ، ئەتکی بکەن من قوڕی کوێ بەسەری خۆمدا بکەم؟" ل٥٦
دایکی ھەمیشە لە شتێک دەترسا ، لە شتێک دەترسا کە پێی دەگوت حەیا و نامووس ...ل٦٩
لە سەردەمی شاخیشدا ، ئەو کات ھەڵاڵە لە رادیۆی شۆڕش دەستبەکار بوو ، ڕۆژانە ھاتوو چۆی ئەو لوتکە شاخەی دەکرد ، کە بارەگای پێشمەرگە و ئێزگە بوو . بە یەکجاری دەستی لە کچەکەی شووشت. وەک باڵندەیەک لە قەفەز بەڕەڵا بێت ، گەڕانەوە و گرتنەوەی زەحمەت بێت. ھەڵاڵەش ئەوەندەی تر مامەڵەی پیاوانەی دەکرد ، وەکو پێشمەرگەیەک و ڕاگەیاندنکارێک ئەسپی خۆی تاو دەدا و ببووە کەسێکی ناسراو و چالاک و دڵسۆز. بەڵام دایکی لەو تێکەڵییە لە گەلڕ پیاودا ئاگاداری دەکردەوە ، کە ئەو ئاسکێکە دەبێ چاوەڕوانی دڕندەیەک بکات." بڕوا بەو قسانە مەکە کچم . فریوی رواڵەتی بنیادەمەکان مەخۆ . تۆ ھێشتا منداڵ و بێ ئەزموونی ، تۆ نازانی چۆن کەروێشکێکی نەرمونیانی بێئازار لە پڕ دەبێتە ژیشکێکی دڕکاوی. چۆن مەڕێکی بەستەزمان دەبێتە گورگێکی ھار و دڕندە. چۆن گیانە بە ڕواڵەت پەپوولەییەکان دەبنە زەردەواڵەی گەزک ، دەبنە دووپشک ، دەبنە مار ، ماری حەوت سەر ، ھەژدیھا...." ل٥٨
کاتێ لە رادیۆ ( ھەڵاڵە و برایمۆک) وەک دوو ڕاگەیاندنکار دەناسرێن و ھەردووکیان دەبنە دوو عاشقی ئازا و ئازاد و دڵخۆش. گۆرینەوەی دڵەکانیان لە کانی عاشقانی نزیک بارەگای رادیۆ و چاندنی تۆی ئەم عەشقە لە دڵی یەک و بەستنی چەندین ژوانی جوان. ژیانیان جوانتر دەکرد. تا ئەو ڕۆژەی لە لایەن کۆمەڵە کەسێکەوە لەم کانییە لە باوەشی یەکتربینران. ئاشکرابوونی ئەم عەشقە و دەھۆڵ لێدان و زوڕنا ژەنین بۆ ئەم رووداوە و گەورەکردن و ھەڵبەستنی بوختان و چیرۆکی سەیر و ئابڕووبەر لە نێوئاوایی و دەڤەرەکە بووە بنێشتە خۆشە. ئەم ھەڵەیەی ھەڵاڵەی لە لوتکەوە ھێنا خوار و تووشی ئابڕووچوون بوو. ماڵ و بنەماڵەکەی ، باجی ئەو ئابڕووچوونەیان دا . ئیدی ھەڵاڵە لە ماڵەوە بووە ژنێکی ڕەشپۆش و دڵ پڕ خەم. بەتایبەتی لەو کاتەی باوکی دڵنیای دەکاتەوە کە نایدات بەو کوڕەی خۆشی دەوێت، چونکە (ئەقڵی ناگرێت). زۆر بەسەر ئەم رووداوە تێنەپەری و شەھیدبوونی برایمۆکیش ئەوەندەی تر، دڵ و ھیوا و خەون و ژیانی ئەو کچەی ڕەشکرد. باوکی ھەڵاڵە بە مەبەستی پاراستنی منداڵەکانی و ھەڵاڵەی بە بەختی ڕەشەوە لە گەڵ فەتاحی برای رەوانەی دەرەوەی وڵاتی کرد ، تا ھەر ھیچ نەبێت لەوێ لەم بەڵا و ماڵوێرانی وڵاتی گرتۆتەوە بە دوور بێت. ئەم دایکە بە دوورکەوتنەوەی کچەکەی ، خەم و ئازاری زیاتر بەرۆکی گرت. ئەو ھەر زوو پێشبینی روودانی ئەم جۆرە کارەی لە کچەکەی دەکرد. ئیدی ئەمجارە بە تەواوی وون بوو، تەنھا لە رێگەی تەلەفۆنەوە لە گەڵ یەکتری قسەیان کردبوایە . بەڵام ھەر زوو لە لایەن مامۆژنی ھەڵاڵە چوونی ھەڵاڵە بۆ بار و گازینۆ و شوێنە گشتییەکان بەدایکی ڕاگەیاندرا ، ئیدی ئەم دایکە ھەموو ژیانی بووە ترس ، ترس لەوەی جاریکی تر کچەکەی ھەرایەکی تر بنێتەوە ، یاخود تووشی کارەساتێکی جەرگبر و ئابڕووبەری گەوەرتر بێتەوە.

پیاوێک لە دەمامکی شەرەفدا ( شانازیکردن و پشیمانبوونەوە)

پیاوێک لە بەرگی ئاغادا ، لە ھەمان بەرگیش ھەڵسوکەوتی دەکرد و کردار و بڕیار ڕۆژانەی دەدا، ھەمووش پابەندی دەبوون ، یان ناچاربوون لە فەرمانەکانی دەرنەچن. ئەگەر زیانیش ھەبێت. لە شاخیشدا ، وەک لێپرسراوێک فەرمان بەدەست بوو ، ئاخاوتنەکانی بەھاو قورسایی خۆی ھەبوو ئەو لە سەرەتا گرنگی بە ھەڵاڵە دەدا ، دەیویست لە ھەڵسوکەوتی پیاوانەی لە ئەو بچێت و رێگا و ئایدۆلۆژیای ئەو بگرێت. کەچی ھەمیشە ناکۆک و دژ بوو لە گەڵ بیروبۆچوون و گفتوگۆیەکانی کوڕەکەی کە سەر بە پارتێکی تربوو ، رقئەستوور و توندبوو لە گەڵی. تە نانەت ڕەوشت و بەھای کۆمەڵایەتی لە حزبەکەی کوڕەکەی بۆ خاڵی سفر دەگەراندەوە، خۆی بە دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرتر دەزانی . لە رووی خۆشەویستی و سۆزداریش دەیویست نمونەیەکی باش بۆ خۆی نیشان بدات . کەچی لە ئاوارەیی و پەرتەوازەبوونی خێزانەکەی ، ئەو ژن دەھێنێت بە سەر خێزانە دڵسۆزەکەی. ھەر ئەم مرۆڤە بە ناو گەورەیە ، دڵسۆز نابێ بۆ کچەکەی و دەبێتە رێگر کە شوو بە پێشمەرگەیەک بکات بە ویست و ئارەزووی خۆی. واتە عەشق بۆ تەمەنی گەورەی خۆی بە ڕەوا دەبینێ و بۆ کچەنازدارەکەی بە ناڕەوا دادەنا. کە رەواو یاسایی و ئاسایی بوو ، چرای دوو عاشقی خامۆش کرد. ھەر ئەو باوکە بوو کچەکەی فێری ئەوە دەکرد ئازاد بێت و نەترسێت ، دواتر ھەر خۆی ناھێلێ کچەکەی چێژی ئازادی ببینێ و دەیترسێنێت. ترسێک لەوەی عەشقی پیاوێک بێت . ھەمان ئەو ترسە و گومانەی لە لا دروست ببوو کە ھاوسەرەکەی لە سەرەتا لێی ھەبوو ، ترس لە شەرەف و ئابڕوو چوون ، بۆیە راستەوخۆ بە سەعادەت خانی دەگووت " کچ ھەر عەیب و ئیرادێکی ببێت دایکی تاوانبارە...."
لە شاخیش ، دوای تێگەیشتن لە ھەڵاڵە یان روونتر بڵێن دوای عاشق بوونی ھەڵاڵە و برایمۆک ئەویش گەیشتە ئەو باوەڕەی کچ بوون بەڵایەکی گەورەیە ودەبێت ھەمیشە ترست لێ ھەبێت. بە ناراستەوخۆ دەمامکداری خۆی ئاشکرا کرد و خۆی وانیشان نادا ، خۆی لە بەرپرسیاریەتی خۆی بە دوور دەگرت و ھەموو تاوان و پێخواردانانی کچەکەی دەخستە ئەستۆی ژنەکەی. پەرەوەردە و ھەڵسوکەوت و ڕەوشت و قسەکردنی دەبەستەوە بە دایکی . کەچی ھەردایکی سەرەتا نەیدەھێشت ھەڵاڵە بەو شێوەیە مامەڵەی لە گەڵ بکرێت و ببێتە قوربانی حەز و ئاواتەکانی باوکی، بەڵام ئەو پشتی کچەکەی گرت و دایکی بە کەسیکی ناتێگەیشتوو لە ژیان سەیردەکرد. نەیھێشت کچەکەی کۆپی دایکی بێت . کەچێ ئێستا دوای ئازادبوون و خۆناسین و ھەڵمژینی ھەوای عەشق و ھاتنە مەیدانی ھەڵاڵە ، دەیەوێت ببێتە رێگری وھەموو گۆتن و کردارەکانی پێشووی پێچەوانە بکاتەوە , پێشەرم و سووکی بوو پیاوێک کە وەکو ئەو عاشقی ئازادی و قوربانیدان و خەبات بوو عاشقی کچەکەی بێت .بۆیە ھەموو ھەڵە وسەرەڕۆیی وعاشقبوون و ئابرووچونی دەخستە ئەستۆی خێزانەکەی (سەعادەت خان).
حەمە رەشید ئاغا " ئێرە شار نییە ، شاخە. ئاگات لە کچەکانت بێت عەیب و ئیرادەیان نەیەتە سەر" بە سەعادەتی خێزانی دەگوت کە ھەمیشە لە دەست سەرەڕۆیی کچەکانی ، بەتایبەت لە دەست سەرەڕۆیی ھەڵاڵە دەیناڵاند.
حەمە رەشید ئاغا دەیگوت " سەرەڕۆیی کچ خەتای دایکییەتی . پەروەردەی کچ لە ئەستۆی دایکە ، ئەو بەر پرسە " ل ٨٧
بۆیە ھەر زوو نەخشەی ئەوی دانا ھەڵاڵە بنێرێتە دەرەوە ، بە قسەی خۆی تا لە شاخ چی بەسەر نێت ، کەچی ترسی ئەوەشی ھەبوو کچبوون چۆن لەم وڵاتە زەحمەتە ، لە دەرەوەش پاراستنی شەرەف و نامووس سەختە . بۆئەمەش شێرزادی پاسەوانی خۆی وەک دیاری و ھاوسەر بۆ کچەکەی نارد دەرەوە . ھەر ھیچ نەبێ وەکو مێرد پارێزگاری لە ھەڵاڵە بکات و وەکو گوڵاڵە مێردی ھەبێت. ئەویش بە نائاشنا بە کولتووری تر و تێگەیشتنی ھەڵاڵە و دونیابینی ئەو لە گەلڕ ھەڵسوکەوت و کولتووری شێرزاد ، بووە ھۆی بەریەکەوتنی دوو کولتووری جیاواز و سەخت و لەیەکدوور ، سەرئەنجام ژیانیان بووە دۆزەخ . لە دوای کوشتنی ھەڵاڵە لە لایەن مێردەکەی ھەموو خەمی باوکی ھەڵاڵە شەرەف و نامووس و لە کەدارکردنی ناوی خۆی بوو . بۆیە کاتێ قسە لە گەڵ مەجید دەکات بە سووک سەیردەکات و بە ترسنۆک ناوی دەبات ، ئەو ئەوەندە لە تەندروستی و خەمی کچەکەی نییە کە چیی بە سەرھاتووە.
حەمە رەشید ئاغا بە تەلەفۆن لە کاتی روودانی کارەساتەکە دەڵێ :
" بێ غیرەتی تۆ حەیا و شەرەفی منت برد . حەیا و شەرەفێک کە بە ساڵەھا زیندان و ئەشکەنجە و خەبات و ئاوارەیی کۆم کردبووەوە ...."
مەجید تووڕە بوو.
" ئێستا تۆ خەمی حەیا و شەرەفی خۆتە ، یان خەمی ئەو کچەکڵۆڵە کە بە جەرگی ھەڵدڕاو لە سەر تەختی نەخۆشخانە کەوتووە؟ بۆ لە بڕی ئەو قسانە ناپرسی ھەڵاڵە چۆنە؟ بۆناپرسی ماوە یان مردوە؟"ل ٣٠٥

ھەڵاڵە عەشقێکی دۆڕاو

ھەڵاڵە کیژۆڵەیەکی کراوە و لە ھەڵسوکەوتی پیاوانە ، ئەمەش لە رێگای ھاندان و قسە وکردەوەکانی باوکیەوە جیاوازتر لە ئەوانی تر دەردەکەویت ، جەستەیەک بە گڕ و تین و متمانەیەکی زۆر بەخۆی ، کەسایەتی خۆی پەروەردە دەکات. لە شاخیش وەک کیژی پێشمەرگەیەکی شۆڕشگێر و ناسراوی دەڤەرەکە لە رادیۆ کاردەکات ، ئازایانە و ئازادانە ئەسپی خۆی تاو دەدات و دەبێتە کەسێکی چالاک و(دەنگ و رەنگ)ێکی جیاواز .لە رادیۆش لە گەڵ برایمۆکی شاعیر و فلوتژەن دەبنە عاشقی یەک . ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم ئەوینە پەردەسێنێ و تا لەدواییدا بە ھۆی بەیەکەوە بوونیان و بڵاو بونەوە و ھەواڵ و بوختانی گەورە، کۆشکی ئەم عەشقە ھەرەس دێنێ . ھەڵاڵە دوای ئەم ھەموو ئەو رووداوانەش ئامادەبوو شوو بەو کوڕە بکات ، بەڵام باوکی وەک پێشتریش رقی لەم ڕاگەیاندنکارە دەبۆیەوە ، ناھێلێ کچەکەی شووی پێ بکات. دوای دوورخستنەوەی برایمۆک و زۆر پێناچێت شەھید دەبێت وھەڵاڵەی عاشق پەپوولەی بەختی دەفڕێت و ڕەشپۆش دەبێت . کەچی عەشقی ئەم کوڕە لە نێو دڵ و دەروونی بەردەوام مەزنتر و پاکتر دەبێت. تەنانەت دوای شووکردنیش بە شێرزاد لە دەرەوەی وڵات ھەمیشە چیرۆک و رووداو و یادگارییە جوانەکانی دەگێرایەوە و شانازی پێوە دەکرد، ھەتا وێنەی ئەو عاشقەشی لە نێو ھەردوو مەمکەکانی خۆی بە نھێنی ھەڵدەگرت. تا دوا یادگارییەکانی ئەم عاشقەی لە بەرچاو بێت . ھەڵاڵە لە ھەندەران بەردەوام ھەوڵی خۆ رۆشنبیرکردن وخۆپێگەیاندن و بەھرە و توانایەکانی خۆیەتی . چالاکانە کاردەکات وەک کەسێکی رۆشنبیر و چاوکراوە و ئاشنابوون بە کولتوورو ژیان و یاسا و داب و نەریتەکانی دەرەوە ، ئەو جارێکی تر روودەکاتەوە رادیۆ و کاردەکات ، لە زانکۆ دەخوێنێ و زمانی ئینگلیزی و سویدی بە باشی فێر دەبێت، ھەموو ئەو کارانە ئازادی و متمانەیەکی زیاتری بەم کەسایەتیەدا . جارێکی تر ھەڵاڵە دەبێتە قوربانی کولتوور و بریارەکانی خێزان و ئەویش لەو کاتەی شێرزادی ھاوڕێ و پێشمەرگەی باوکی، دەیانەوێت لە رێگای شوو پێکردنی ھەڵاڵە لە سەر کاغەز، تا ئەم گەنجە ڕابکێشنە سوێد ، بەڵام ئەو ژن و مێردەی سەر پەڕاو ، نەویستراو و نەخوازراوە ، دەبێتە قیڕو بنێشت. چارەنووسی ھەڵاڵە ڕەشدەکات. ئەو گاڵتەی بە بریارەکانی دایک و باوکی دێت ، بەڵام بۆ رازیکردنی دڵی ئەوان رازی دەبێت ناھێلێ دڵی دایک و باوکی لە خۆی برەنجێنێت. بەم شێوەیە ھاوسەرێک کە ئەو حەزی پێناکات ، لە کوردستانەوە بە دیاری بۆ ھەڵاڵە دێت ، دواتردەبێتە کلیلێک و بەختی ھەڵاڵەی پێ قفڵدەدرێت.
شێرزاد بە ھاوبەشی ھەمیشەی ھەڵاڵە لە سوێد جێگربوو ، لە کۆتاییش بوونە ھاوسەر وبەرھەمیشیان کچێک بوو بە ناوی ئارەزوو . سەرنجام لە تێنەگەیشتن لە یەکتر و جیاوازی بیرو بۆچوونەکان و کولتووری جیاواز، پردی خۆشەویستی ئەو ژن و مێردەی ڕووخاند. لە یەکتر جیابوونەوە ، بەڵام پیاوی ڕۆژھەڵاتی چەند رۆشنبیر و کراوەش بێت ناھێلێت مێش لە سەر جەستەی ژن و خوشکەکانی ھەڵبنیشێت. دوای جیابوونەوەش ، ھەڵاڵە ھەر بە موڵکی خۆی دادەنێت. ئەقڵی ئەو رازی نابێت لە بەرامبەر کردەوە و قسەکانی ھەڵاڵە ، تا لە دوایدا کۆتایی بە دایکی ئارەزوو دێنێت و خەون و ئارەزووەکانی لە گۆڕدەنێت .
شەڕی ھەڵاڵە و شێرزاد

شەڕەکانی ئەوان لە ئەنجامی بەریەککەوتنی دوو کولتوور و دونیای جیاواز دروستبوون . ھەڵاڵەیەک ئاشنا بە دونیای ئازاد و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان و خوێندن و کراوە بە کولتووری ئەو وڵاتە و شانازیکردن بەو ژیانەی کە ھەیەتی. تەنانەت بە ئاشکرا دەڵێ من و ئارەزووی کچم بۆ کاتژمێر نایمەوە ئەو پارچە زەوییەی پێدەڵێن (نیشتیمان). کەچی شێرزاد نامۆ و سەرگەردان و بێزار و بە ژیانی تازە و ناڕازی لە ھەڵسوکەوتی ھەڵاڵە و ژیان و کردەوەکانی. ھەڵاڵە لە ئازادی و ئەو ژیانە دڵخۆش بوو حەزی لە بەندایەتی و قسە و کردەوەکانی شێرزادی نەکردووە. کە بە چاوێکی سووک سەیری ھەڵاڵەی دەکرد. تا دواتر ئەو پەیوەندییە کەوتە دونیای فێڵ و دڕەو و جنێوو و شەڕکردن و قسە دروستکردن بۆیەکتر، بەمەش پەیوەندییەکان درزی تێکەوت و ڕۆژ بە ڕۆژ درزەکە گەورەتر دەبوو، بگرە خێزانی یەکتریش بکەونە بەر بەرداشی ڕیسوایی و سوکایەتیی نێوانیان.
شێرزاد دەیگوت " باوکت حەیا و شەرەفی لە کوێ بوو؟ پیاوێکی عارەق خۆری مێباز"
دەیگوت "سەیرکە کڵۆڵی ئەو میللەتە کە پیاوێکی وەک باوکت سیاسەتمەدار و سەرکردەیەتی !"
ھەڵاڵە دەیگوت : " تۆ تڤەنگچی بەر دەرکەی ئەو پیاوە بوویت ، کەر نەبوویت؟"
"من کەربووم ، نەمدەفاماند"
" تۆ ئێستاش کەری و نافامێنی"
" باوکت کەرە ، دایکت کەرە ، کەس و کارت کەرو نەفامن "
ھەڵاڵە دەیگوت : " راست دەکەی ، ئەوان کەرن ، کەرنەبوونایە زۆریان بۆمن نەدەھێنا کە ھەتیوە بەڕەڵایەکی وەک تۆ لەو شاخ و داخە ، لە ناو ئەو شەڕو شۆڕ وتەق و تۆقە ڕابکێشم و بتھێنم بۆ ئێرە . ئەوان زۆریان بۆنەھێنامایە ئێستا تۆ لەوێ ...."ل ٣٠
کێشەکانی ئەم دووانە ، جنێووی تێدەکەوێت و بەشێکی ئەم جنێوانە بەر خێزان و دایک و باوکی یەکتر دەکەون . کاتێ شەڕەکە گەرم دەبێت ، تووڕە بوونیش دەگاتە ئاستێکی بەرز و جنێوبارانی یەکتریش دەستپێدەکات. وشەی ( مێباز و قەحپە و بێ حەیا و بێ شەرەف) و سەگباب و ئارەقخۆر و نەزان و گێڵ و ھەتیوو .....ھتد. کۆمەڵە وشەیەکن لە کاتی شەڕکردن و تووڕەبوون ئاراستەی یەکتر دەکرێن. ھەندێکشیان وەکو ئیدیۆم بەکارھێنانی بە سیفەتێکی ناشیرین ئاکامەکەی خۆی دەپێکێت ھەرچۆنی ھەبێت بۆ بەکارھێنان مایەی (سووکی و ریِسوایی ) یە و مرۆڤی پێلەکەدار دەکرێت.
ھەڵاڵە گوتبووی " باشە بۆ دەبێ سەگ مافی ئەوەی نەبێت لە کونی خۆی بوەرێت؟
ئەی بۆ تۆ مافی ئەوەت ھەیە کە قسە بە من بڵێت" شێرزاد دەھری بوو.
" سەگ خۆتی . سەگ باوکتە . باپیرتە" ل٨٢
شێرزاد گومانی لە ھاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ھەڵاڵە ھەبوو بە چاوێکی سووک سەیری دەکردن بە تایبەتی دکتۆر سەعیدی مامۆستای زانکۆ و ھاوڕێ دڵسۆزەکەی ھەڵاڵە . ئەو رقی زۆری لەو پیاوە بوو کە حەزی نەدەکرد لە ھەڵاڵە نزیک بێت. ھەڵاڵەش لە رادیۆ کاری دەکرد و لە زانکۆش دەیخوێند ، ھەردووکار نەک بۆ ھەڵاڵە بۆ ھەموو کەسی تر وا دەخوازێ پەیوەندی پتەویان بە ھاوڕێیەکانیان ھەبێت. بۆیە کە دەبینێ ھەڵاڵە لە گەڵ ئەو مامۆستایە لە پەیوەندی بەردەوام دایە . شێرزاد وەکو بەڕەڵایەک سەیری ئەو دەکات ، کە ئەو و باوکی دەخاتە یەک تایی تەرازوو.
" بۆ باوکت لە تەمەنی ئەو عەجەمە سەگبابەدا بە تەمای لە ژنێکی ھاوتەمەنی خۆی نەکرد"
" ئەو ژن نەبوو ، بێوەژن بوو "
"تۆش لە باوکت دەچی . وەک ئەو ھەرزەو بەڕەڵلایە"ل١٣٨
جاریکی تریش لەکاتی بینینی ھەڵاڵەو دکتۆر ، شێرزاد دەستدەکاتەوە بە دەمەقاڵێ لەگەڵ ھەڵاڵە ، ئیدی جامەکەی ھەڵاڵەش لەسەری دەرژێت و ملی شێرزاد دەگرێت و دەیخاتە دەرەوە ، ئەمەش بۆ پیاو سوکایەتیەکی زۆرە . بۆیە بە جنێو و قسەی نەشیاو وەڵامی ھەڵاڵە دەداتەوە.
شێرزاد : " لە بیرت نەچێ کە تۆ منت بۆ ئەو عەجەمە سەگبابە لە ماڵی خۆم دەرکرد" بەداماویەوە گوتی . بەو پەری داماوی و بێ دەسەڵاتییەوە . ھەڵاڵە ھێڵنجی ھاتێ .
گوتی " بڕۆ و ملت بشکێنە".
ئیدی ئەم قسەییە ھیچ پیاو بوون و بەھایەکی بۆ شێرزاد نەھێشتەوە ، ئەویش کەوتە دونیای تۆڵە کردنەوە ، تا بە ھەر شێوەیەک خۆی لەو رێسووایی و کەمبایەخییە رزگار بکات.

خەنجەری مەرگ وئەنجامی گرەوەکە

شەڕەکان و سوکایەتی و بێرێزی درێژەی کێشا . جنێوو و بوختان وناو وناتۆرە و فێڵ و دڕۆکردن ، تا ڕەفاندنی منداڵ و گرتن و دادگا و چەندین کێشەی تر. رق و تووڕەیی شێرزاد زیاتر گەورە دەبێت ، تا لە دواتر وەک تۆڵەیەک دەستی بە خوێنی ھەڵاڵە سووردەبێ و دەیکوژێت. بەم شێوەیە ھەڵاڵە لە وڵاتێکی ئەو پەری ئازاد ، ئازادی و ماف و ژیانی لێ زەوت دەکرێت و دەبێتە قوربانی دوو کولتووری جیاواز. بۆیە خەنجەر**ی مەرگ ، کولتوور وداب و نەریت و کۆمەڵگا وئازادی و یەکسانی دوو وڵاتی خستە ژێر پرسیارەوە .
لە کۆتایی خوێندنەوەی ئەو رۆمانە و ئاوڕدانەوەیەک لەکۆی رووداوەکان و ، دۆزینەوەی ھۆکارەکان و ئەومان پێدەڵێت.( کولتووری توندوتیژی ، ھەمان زمانی و ھەڵسوکەوتی توندوتیژی بەرھەمدەھێنێت ، مرۆڤەکان باجی جیاوازی کولتووەرەکان دەدەن بە تایبەتی ئافرەت. بە سووک سەیرکردنی کچ و ژنان و پێناسەکردن و بەستنەوەیان بە شەرفی بنەماڵە و خێزانەوە. دوو ڕوویی مرۆڤەکان لە بەرامبەر یەکتر و گومان ھەبوون لە پەیوەندیەکانی یەکتر ، بەتایبەت لە رووی ڕەوشتەوە..ھتد) ئەمانە و چەندین ھۆکاری تر کە لە ئەنجامی خوێندنەوەی رۆمانەکە دەدۆزینەوە . بۆیە ھەر لایەنێکی لەمانەی سەرەوە لێکۆڵینەوەی بۆبکەین ئەو ھەڵدەگرێت قسەو باسی زۆری لەسەر بکرێت بە تایبەتی لە رووی کۆمەڵناسی و دەرووناسی ، کە رۆمانەکە زەنگین و بایەخدارە بۆ قسەلەسەرکردن و خستنەرووی رەھەندەکانی تری ئەم رۆمانە چەندین دەروازەی تر بۆخوێنەر دەکاتەوە .

سەرچاوە و پەراوێز :

١.عەتا نەھایی ، (گرەوەی بەختی ھەڵالە) ، رۆمان ، چاپی یەکەم ، چاپخانەی رەنج ، سلێمانی ٢٠٠٧.
* سەرجەم نووسینەکانی نێو کەوانەکان ، ھی خودی رۆمانەکەن .
**.لە بەکارھێنانی وشەی (خەنجەر و چەقۆ) ھەڵەیەک ھەیە لە لاپەڕە (٧ و ٣٢٤) وشەی خەنجەرو ، کەچی لە لاپەڕە(٣٦٠) چەقۆ بەکارھاتووە, بۆیە منیش خەنجەرم بەکار ھێناوە وەکو ڕەمزی کولتوور وبەکارھێنانی لای کورد.

ھاوینی ٢٠١٤ ڕواندز
تێبینی : لە گۆڤاری (رامان) ، ژمارە (٢٥٢)لە ڕۆژی ٥_٥_٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە.