CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 32 میوان

دواشەوەکانی ژیانی قەزافی لەڕۆمانێکدا

سەدیق سەعید ڕواندزی
تەمەنی دیکتاتۆرء ستەمکارەکان، ھەرچەنددرێژبێت،ھەرچەند بخایەنێت،ڕۆژگارێک دێت لەبەردەم ڕق ء تووڕەیی جەماوەر خۆیان ناگرنءکۆتاییان پێدێتءدەچنە زبڵدانی مێژوو.سەردەمانێک عێراقییەکان، خەونیان بەڕووخانی بەعسء سەددامەوە دەبینی.سەرەنجام ئەو خەونە ھاتەدیء چارەنووسی سەدداممان بینی چۆن بوو؟ لە کوێ خۆی حەشاردابوو؟ لەکاتێکدا خۆی بە قارەمانء بەرگریکاری دەروازەی ڕۆژھەڵاتی عەرەب دەزانی. لافی ئەوەی لێدەدا، کە کۆڵان بە کۆڵان، شەڕی دوژمنەکانی دەکات.یەکێک لە سیفەتە ھاوبەشەکانی دیکتاتۆرء ستەمکارەکان ئەوەیە، کەبەرامبەر گەلەکەیان جەلادێکی گەورەنء کاتێکیش ڕووبەڕووی ھێڕشێکی دەرەو دەبنەوە، ھێندە بودەڵەو ترسنۆکءلاوازء بێ دەسەڵاتن، کە مرۆڤ گومان دەکات لەوەی کە ئەوانە ھەمان ئەو سەرکردانە بن کە ڕۆژگارێک بە ئاگرء ئاسن، گەلەکەیان دەکوشتء مرۆڤییان بەجۆرەھا شێوەی ھۆڤییانە ئازار دەدا. قەزافی خۆی بە پێشڕەوی گەلانی ئەفریقی دەزانی.گاڵتەی بە سەرۆکءڵاتان دەکرد. لە نێو باڵەخانەی نەتەوەیەکگرتووەکان،وتاری دەداو ھەڕەشەی دەکردوو کاغەزی وتارەکانی دەدڕیء فڕێدەدا، کەچی بینیمان لە تونێڵێکی ئاووئاوەڕۆ، وەک جورج خۆی حەشاردابوو. کاتێ دەستگیرکرا، مێردمنداڵانی لیبیا گاڵتەیان پێدەکرد. ئەگەرچی بۆ مێژوو بە ویژدانەوە دەبێ دان بەو ڕاستییە دابنێین، کە قەزافی وەک سەددام نەبوو. ئەو تەنھا لە ڕووی سیاسییەوە نەیارانی دەکوشتءدژ بە بیروباوەڕیان دەوەستایەوە. بەڵام لە ڕووی کارگێڕی ئابوورییەوە، خزمەتێکی زۆری لیبییەکانی کرد لە ھەموو ڕووێکەوە.بەدرێژایی ھەزاروچوارسەد کیلۆمەتر، ئاوی لە دەریای ناوەڕاست بۆ بیابانە وشکءگەرمەکانی دوورترین ناوچەی باشووری لیبیا ھێنابوو. بۆ ئەوەی لە ڕووی کشتوکاڵیء گەشتوگوزاری، ھاووڵاتییان سوودی لێ ببینن.تاڕادەیەکی زۆری گرفتی بێ کاریء نەبوونی شوێنی نیشتە جێبوونی چارە سەرکردبوو. بەڵام ئەوەی لەوانە ھەمووی بەھادارترە ئازادییە. مرۆڤ باھەمووشتێکیشی ھەبێت، کە ئازاد نەبوو بایەخی چییە. قەزافی،کە بۆ ماوەی چلءدووساڵ(١-٩-١٩٦٩تاکو٢٠-١٠-٢٠١١)، فەرمانڕەوایی لیبیای کرد، خەسڵەتی کەسیەتیء کۆمەڵایەتییانەی سەیری ھەبوو. بۆنموونە: ئەو جلء بەرگانەی لە بەری دەکرد، ھەمووی بەنەخشەی کیشوەری ئەفریقیا نەخشێنرابوون.پاسەوانەکانی ھەموویان ژن بوون.بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتی ڕازی نەبوو پێی بوترێت سەرۆک.بەڵکو ھەمو گەلی لیبیاء دامودەزگاکانی وڵات، بە دەستەواژەی(برای سەرکردەی شۆڕش بانگییان دەکرد). ئەو لەپایتەختی لیبیا لە ژێر چادرێک دەمایەوەو دیدارەکانی ڕێکدەخست. سەیر لەودابوو بۆ ھەروڵاتێک سەفەری بکردایە، دەبوو ئەو چادرەی پێ بوایە بۆ دانیشتن. ئەمانەو زۆر خاسیەتی دیکەی سەیری ھەبوون. بەداخەوە دوای قەزافی بارودۆخی لیبیا نەک ھەر نەگۆڕا، بگرە ئێستا وێرانەیەک ء گە ڕەلاوژێیەک لەو وڵاتە ھەیە، کەس بە کەس نییە. رۆِمانی (دواھەمین شەوی سەرۆک) کە لەنووسینی نووسەری جەزائیری(یاسەمین خەزرایە) باسی شۆڕشەکەی لیبیاو دوا ساتەکانی تەمەنی قەزافی دەکات. کاتێ ھاووڵاتییانی لیبیادەستییان بەڕاپەڕین کرد. ئەم ڕۆمانە کەلە دەمی کەسی یەکەمی تاکەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە پاڵەوانەکەی ھەرخودی قەزافی خۆیەتی.ئەو کاتانەی لە گەڵ بەشێک لە کەسە نزیکەکانی کە پێشترلە گەڵی لەدەسەڵات بوون، لە قوتابخانەیەک، لە ترسی شۆڕشگێڕەکانء بۆردوومانەکانی ھاوپەیمانان خۆیان حەشارداوە. تەنانەت نووسەری ڕۆمانەکە ناوی ھەمان ئەو کەسانەی لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەی ناوە،کە بە شێک بوون لە دارودەستەی قەزافی. وەک:(ئەبوبەکریونس جابر، کە وەزیری بەرگری بوو،موعتەسمءمەنسوور کە کوڕەکانی خۆی بوون،ھەروەھا ژنە پاسەوانەکانیش،موقەدەم تورید)ء گەلێک کارەکتەری تر. قەزافی کە پێشتر ئەو ھەموو دەسەڵاتەی ھەبووە،ئیدی ئێستا سەرۆکێکە لە ھەموو کەسەکانی دەوروبەری بەگومانە. ئەو خەیاڵ دەکاتء دەگەڕێتەوە ئەو ساتانەی مولازمی یەکەم بووەو دواتریش کودەتایەکی سەربازی لە دژی شائیدریس سەنووسی بەرپا دەکاتء دەبێتە سەرکردەی شۆڕشی لیبیا. قەزافی لە ڕێی تەکنیکی فلاشباکەوە ئەو ساتانە دێنێتە بەرچاوی خۆی، کە تیایدا سەرکردەی لیبییەکان بووەوبە دیدی خۆی ھەمیشە لە نێو دڵءدەروونی لیبییەکان دابووە. بۆیە ناتوانێ باوەر بەوە بھێنێ کە ئێستا لە چ باردۆخێک دایە.چۆن لە ترس یاخی بووان خۆی حەشارداوە. ڕەنگە ئەو گەڕانەوەییەی پاڵەوانی ڕۆمانەکە بۆ ڕابردوو، ھەوڵێک بێت بۆ لەیادکردنی ئێستا.ئێستایەک کە وێنەیەکی دیکەی جیاواز لە ڕابردووی ھەیە. بەدەربڕینێکی تر، قەزافی بۆیە دەگەِرێتەوە ڕابردوو، تا ئەو واقیعە لە یاد بکات کە ئێستا تیایدا دەژیت. ئەو چونکە بۆ ماوەی چلء دوو ساڵ بەبەردەوامی لە ڕوانگەی خۆی برای سەرکردەی شۆڕش بوو، چۆن دەبێ ئێستابە ترسێکی زۆرەوە لە ژیانی خۆی لە قوتابخانەیەک خۆی حەشاربدات.قەزافی دەڵێت:( لیبیا بە بێ من نەگبەتیەکی بێ ناوو ئاییندەییە). دیکتاتۆرەکان چونکەنیشتمانء گەلەکەیان بچووک دەکەنەوە لە کەسیەتی خۆیان، ئیدی واھەست دەکەن، بەنەمانی ئەوان نیشتمانیش نامێنێت، چارەنووسی گەلیش نادیار دەبێت. بۆیە بەردەوام ھەوڵدەدەن، ئەودیگایە لە مێشکی ھاووڵاتییانی وڵاتەکەیان بچەسپێنن. ترسێک دروست دەکەن، کەھەر کاتێ ئەوان نەمان نیشتمانیش نامێنێ. لە کاتێکدا بەھۆی ئەوانەوە ساڵانێکی زۆرە شکۆی نیشتمان نەماوە. لەو ڕوانگەیەوە یەکێ لە نزیکەکانی قەزافی دەڵێت:( ھەرچەند دەکەم ناتوانم لیبیایەک بھێنمە بەرچاوی خۆم تۆی تێیدا سەرۆک نەبیت) یاخود دەڵێت:(من لە ژیانی سیاسیم ھەرچیم کردووە بۆتۆبوو نەک بۆ نیشتمان)ئەو شوناسە بۆ تاک، بە شێکی گەورەی شوناسی مرۆڤەکانەلە وڵاتە ستەمکارەکاندا. شوناسێک کەھەمیشە خۆی بە بچووکء زەلیل دەبینێت لە بەرامبەر دەسەڵاتء ھەیمەنەی سەرۆکدا. ئەوەش دەرەنجامی ھەموو ئەوترسء سامەیە، کە لە دڵء دەروونی تاکەکان،لەکاردانەوەی ستەمکردنیان دروست دەبێت. ترس لە جەلادو ستەمکاریش کۆتایی نایەت ئەگەر وەک (جوبران خەلیل ) لە کتێبی (پەیامبەر)دا دەڵێت: (سەرەتا دەبێ ترسی ناخمان بشکێنین، یاخود گەر بمانەوێ تەختی سەرۆکێکی ستەمکار بڕووخێنین، دەبێ سەرەتا دیوارەکانی ناخمان بڕوخێنین). پاوڵۆ فرێریش لەپەرتووکی( پێداگۆگی ستەملێکراوان)دەڵێت:( تراژیدیترین دۆخی ستەمکاری ئەوەیە، کە ستەملێکراوان لە ستەمکاریەکەیان ڕادێنء خەیاڵی ئەوە دەکەن ئەوان ھەر لە ئەزەلەوە بەو شێوەیە ژیاون).ئیدی کە مرۆڤ لەگەڵ جەلادەکەی ڕاھات، ئەوا دەبێتە قوربانییەکی ھەمیشەیی. کە ئەمەش دوا ترۆپکی دۆخی ستەمکارییە. بەڵام دەبێ ئەوەبزانین سەرەنجام ستەمکارەکان لە ناو دەچن. یەکێکی دیکە لە خەسڵەتی ستەمکار نەرجسیەتە. واتە خۆخۆشویستنءخودگەرایی تا ڕادەی خوایی بوون. ئەوان واھەست دەکەن، ھێزێکی نادیارء ئەزەلی بۆ ھەتایە، ئەو دەسەڵاتەی پێداون. یاخوود بوونی ئەوان نیعمەتێکی خودایە بۆ گەلەکەیان.بۆیە ھەندێ کات خودگەراییان دەگاتە ئاستێک کەخۆیان لە سەرووی مرۆڤەکان دەبیننەوە. قەزافی لەو ڕۆمانەدا دەڵێ:(من موسابووم لە شاخەکان ھاتمە خوارەوە بەڵام لە بڕی لەوحی شەریعەتەکان،کتێبی سەوزم پێ بوو!) یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی پەیامبەرانی پێ دەناسرێنەوە لە ڕوانگەی بڕوادارانەوە، پەرچووە.کەجیایان دەکاتەوە لە مرۆڤی ئاسایی. قەزافیش خۆی بە موسا دەچوێنێتء ڕەنگە گەلەکەشی بەشوێن کەوتووانی فیرعەون زانیبێت. بەڵام قەزافی نەیتوانی وەک موسا فیرعەونەکان لەناوبەرێت. بەڵکو ئەو کۆمارەی بە خەیاڵی خۆی بۆ گەلەکەی دامەزراندبوو، ھەروەھادوای ھەموو ئەو دەسکەوتانە بە تێگەیشتنی خۆی،ئێستا چی دەبینێت؟ خیانەتی گەلەکەی. ھەڵگەڕانەوەی نزیکەکانی. بێگومان قەزافی ئەوکاتەی ڕێبەری لیبیاش بوو، بەردەوام خۆی وەک رزگارکەری ئەفریقییەکانء عەرەب دەبینی. ئەمە تێگەیشتنی بە شێکی زۆری سەرکردەء دیکتاتۆرەکانی عەرەب بوو. کاتێکیش کەوتنە بەر ڕقءتووڕەیی گەلەکەیان، ئیدی لە پەنھاترینءقێزەوەنترین شوێن خۆیان حەشاردەدەا. ھەموومان بینیمان سەددامء قەزافی لە کوێ دۆزرانەوە.ئەو ڕۆمانە کە پاڵەوانەکەی ھەرخودی قەزافی خۆیەتی،دوایین ساتەکانی ژیانی قەزافی باسدەکات کاتێ لەترسی یاخی بووان خۆی حەشارداوە. تاکو دواتر لەوشوێنە دەردەچنء لە کۆتاییشدا لەتونێڵێکی تاریکء لاچەپ دەیدۆزنەوەو سەرەنجام بە شێوەیەکی زۆر کۆمیدیانە دەیکوژن. بە بڕوای من پەیامی ئەو ڕۆمانە ھەرتەنھا بۆ خوێنەر نییە، بەڵکو بۆ ھەموو ئەوسەرۆکە ستەمکارانەیە، کە ھەرگیز کورسی فەرمانرەوایی جێ ناھێڵنء گەلەکەیان دەچەوسێننەوە.کاتێکیش ڕووبەڕووی دوژمنێکی دەرەکی دەبنەوە، ھێندە ترسنۆکءبودەڵەن،شوێن نامێنێ خۆیانی لێ حەشار نەدەن. لە کۆتاییدا دەمەوێ پەیڤێک لە بارەی وەرگێڕانی کتێبەکەوەبڵێم. ئەو کتێبە بەزمانێکی کوردییانەی یەکجار ڕەوانء پاراو وەرگێڕدراوە.وەڕگێڕانێک کە یارمەتی خوێنەر دەدات بێ گرێء گۆڵ لە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە بگات. دیارە ئەمەش بەھۆی وەرگێڕی کتێبەکەیە کە یەکێکە لە وەرگێڕە بەتواناو لێھاتووەکانی دنیای وەرگێڕانی ئێمەء تا ئێستا چەندین کتێبی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاون.

پەراوێز/ دواھەمین شەوی سەرۆک/ نووسینی یاسەمینە خەزرا/ وەرگێڕانی ئازاد بەرزنجی/ بڵاوکراوەی ئەندێشە ٢٠١٧.
*لە میانەی خوێنەوەی پێشەکی ڕۆمانەکە، ھەستم بەوەکرد کە ساڵی لەدایکبوونی نووسەرەکە کە ١٩٩٥نووسراوە، ھەڵەبێت. چونکە لەگەڵ بەروارەکانی دیکە یەک ناگرێتەوە..