CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 113 میوان

مریه‌م سه‌عاده‌ت: سینه‌ماکارانی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ ده‌بێ روانگه‌ی خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه

بۆچی له‌ بواری ئه‌نیمه‌یشێندا له‌ ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌فسانه‌ جوانه‌کان که‌ڵک وه‌رناگرین؟

مه‌نووچێهر جیهانی ـ "مریه‌م سه‌عاده‌ت" ئه‌کته‌ری ناسراوی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران ده‌ڵێت: چاره‌نووسی فیلمه‌کانی منداڵان و ئه‌وه‌ی که‌ "بۆ منداڵ" به‌رهه‌م هێنراون، یا "سه‌باره‌ت به‌ منداڵ"ن دیار نیه‌.

به‌ پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی سی و یه‌که‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵانی ئیسفه‌هان، "مریه‌م سه‌عاده‌ت" ئه‌کته‌ری ناسراوی سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنی ئێران که‌ له‌ ساڵانی کار و چالاکیی خۆیدا له‌ سینه‌ما، شانۆ و ته‌له‌ڤیزیۆن له‌ بواری منداڵ و مێرمنداڵ، به‌رهه‌م گه‌لێکی دره‌وشاوه‌ی له‌ کارنامه‌ی خۆیدا تۆمار کردووه‌، له‌ وڵامی ئه‌وه‌ی که‌ نیاز و پێداویستیی سینه‌مای منداڵان و مێرمنداڵانی ئه‌مڕۆ چیه‌؟ رایگه‌یاند: له‌ سینه‌مادا ده‌بێ بۆ منداڵان ئه‌رزش و بایه‌خ دابندرێت و به‌ شێوه‌یه‌کی ساده‌ چاو له‌ نیازه‌کانیان نه‌کرێت. له‌ هه‌مان کاتیشدا قسه‌کان به‌ ساده‌یی بکرێن. منداڵان هه‌موو شتێک ده‌فامن و هه‌ر به‌م هۆیه‌ش ده‌بێ به‌ سه‌لیقه‌ و شیاو له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی که‌ تێیداین، به‌رهه‌م ساز بکه‌ین.

ئه‌کته‌ری فیلمی "ئۆپه‌راسیۆنی باخچه‌ی ساوایان" به‌ ره‌خنه‌ گرتن له‌ روانگه‌ی نوێ نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی که‌ له‌ بواری سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵدا کار ده‌که‌ن، درێژه‌ی به‌ قسه‌کانیدا گوتی: من کارگه‌لێکی زۆر له‌ بواری منداڵان و مێرمنداڵان له‌ ته‌له‌ڤیزیۆن و ته‌نانه‌ت شانۆدا ده‌بینم که‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ له‌ ده‌یه‌ی 50 تا 60ی کۆچی هه‌تاویدا وڵامده‌ری نیازی به‌رده‌نگی منداڵ و مێرمنداڵ بوونه‌. مه‌به‌ستم ناوه‌رۆکی ئه‌وانه‌ نیه‌، به‌ڵام له‌م رۆژگاره‌دا که‌ منداڵان ئه‌نیمه‌یشێن گه‌لی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ ده‌بینن، بینینی کارگه‌لێک که‌ ریتمێکی ئارامی هه‌یه‌ و بۆ منداڵان سه‌رنجڕاکێش نیه‌، هیچ سوودێکی نابێت.

سه‌عاده‌ت به‌ هێنانه‌ ئارای پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ هاوکاری و په‌یوه‌ندیی سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵ و ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌مه‌ندی وڵاتی ئێران گوتی: بۆچی له‌ بواری ئه‌نیمه‌یشێندا له‌ ئه‌ده‌بیاتی ده‌وڵه‌مه‌ند و ئه‌فسانه‌ جوانه‌کان که‌ڵک وه‌رناگرین؟ و بۆچی چاره‌نووسی فیلمه‌کانی منداڵان دیار نیه‌؟ ئه‌وه‌ی که‌ "بۆ منداڵ" به‌رهه‌م هێنراون؟ یا "سه‌باره‌ت به‌ منداڵ"ن؟!

ئه‌کته‌ری زنجیره‌ی "چیرۆکه‌کانی تا به ‌تا" به‌ ده‌ربڕینی ئه‌وه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ پێکهێنانی گۆڕانکاریی چکۆله‌ هاوڕایه‌، به‌ڵام کاریگه‌ری له‌سه‌ر سینه‌مای منداڵ و مێرمنداڵی ئه‌مڕۆدا هه‌بێت، ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: ئێمه‌ سینه‌ماکارانێکی باشمان له‌و وڵاته‌دا هه‌یه‌ که‌ کاره‌که‌یان له‌وپه‌ڕی خۆیدا ده‌زانن، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌چێت که‌سانێک که‌ ده‌یانه‌وێت کاری ئاماده‌ کردن و چێکردنی به‌رنامه یا فیلمسازی بۆ منداڵ و مێرمنداڵ ئه‌نجام بده‌ن، ده‌بێ شێوازی بیرکردنه‌وه‌ی خۆیان له‌ نیاز و پێداویستیی ئه‌م به‌رنامانه‌ی تایبه‌ت به‌ به‌رده‌نگه‌کانی منداڵ بگۆڕن و روانگه‌ی خۆیان نوێ بکه‌نه‌وه‌. ‌

"مریه‌م سه‌عاده‌ت" له‌ وڵامی ئه‌و پرسیاره‌دا که‌ ئایا فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان یارمه‌تیی گه‌شه‌کردنی ئه‌م جۆره‌ سینه‌مایه‌ی له‌ ماوه‌ی ساڵانی به‌ڕێوه‌چوونیدا داوه‌؟ گوتی: فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان ده‌بێ به‌ شێوه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌بچێت که‌ پێکهاته‌ی فیلمه‌ چێکراوه‌کان له‌م به‌شه‌دا له‌سه‌ر په‌رده‌ی سینه‌ما‌ ببینین. ئایا بڕیار وایه‌ ته‌نیا شاهید و چاوه‌ری به‌رهه‌مهێنان و چێکردنی چه‌ندین فیلمی منداڵ و مێرمنداڵ به‌ شێوه‌ی ساڵانه‌ بین؟ ئه‌و سینه‌ماکارانه‌ی که‌ ده‌توانن له‌ بواری منداڵ و مێرمنداڵدا چالاکی بکه‌ن، نابێ که‌ڵکه‌ڵه‌ی فرۆشتنی فیلمه‌کانیان هه‌بێت و ئه‌نگێزه‌یان بۆ کار و چالاکیی له‌م به‌شه‌دا ده‌بێ زۆر بێت.

سی و یه‌که‌مین خولی فیستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمه‌کانی منداڵان و مێرمنداڵان له‌ رۆژانی 8 تا 14ی خه‌رمانانی ئه‌مساڵ رێکه‌وتی 30ی ئۆگۆست تا 5ی سێپته‌مبری 2018ی زایینی له‌ دوو به‌شی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییدا له‌ شاری مێژوویی ئیسفه‌هان له‌ وڵاتی ئێران به‌ڕێوه‌ده‌چێت.