CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 17 میوان

فیلمی دیکۆمێنتی "هەزار و یەک سێو" له دوبەی و وارشؤ

فیلمی دیکۆمێنتی بڵندی "هەزار و یەک سێو" لە دەرهێنانی تەها کەریمی و لە بەرهەمێهنانی تەها کەریمی وکۆمپانیای "ئاوا میدیا" دوای بەشداریکردن لە سێ فێستیڤاڵی نێونەتەوەییدا توانی دووخەڵاتی گرنگ وەک باشترین فیلمی دۆکۆمێنتاری ساڵی 2013 لە فێستیڤاڵی فیلمی دۆکۆمێنتاری رۆما و باشترین فیلمی دۆکێومێنتاری فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دهوک - کوردستان بە دەست بهێنێت.

فیلمی 1001 سێو بۆ گێرانەوەی چیرۆکی دەربازبووانی ئەنفال روو لە وڵاتی پۆڵەندا دەکات و بەشداری لە سیانزەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی ( Watch- Doc ) بۆ مافی مرۆڤ دەکات، ئەم فێستیڤاڵە بە هاوکاری رێخراوی هیلسنکی بۆ مافی مرۆڤ لە شاري وارشؤ رۆژانی 9 تا 16 مانگی دیسەمبەر بەرێوە دەچێت و هەموو فیلمە بەشدار بووەکان سەبارەت بە ماڤی مرۆڤن ، 1001 سێو چیرۆکی ئەنفال و سێوی میخەکرێژ دەگێرێتەوە.
لە تەواوی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا کە 182000 مرۆڤی کورد لە لایەن حیزبی بەعسی عێراق لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی بیابانەکانی عێراقدا خرانە ژێرخاکەوە، تەنیا 13 کەس توانیان بە برینداری لە کاتێکدا شاهیدی ئەو تاوانە گەورەیە بوون، خۆیان ڕزگار بکەن. سێ کەس لەم 13 شاهیدە ئێستا لە ژیاندان نەماون و تەنیا 10 شاهید زیندوون و فیلمی 1001 سێو چیرۆکی ئه وان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە هەر لەم مانگەدا دەچێتە شاری دووبەی و بەشداری دەکات لە دەهەمین فێستیڤاڵی فیلمی دوبەی کە ئەویش رۆژانی 6 تا 14 ئەم مانگە (دیسەمیبەر ) بەرێوە دەچێت. فیلمی 1001 سێوە لە بەشی شەوانی عەرەبی ئەو فێستیڤاڵە نمایش دەکرێت و دوای نمایشی فیلمەکە قسە لەسەر فیلمەکە دەکرێت وبرنامەی پرسیار و ولام هەیە سەبارەت بە فیلمەکە کە فێستیڤاڵ بانگهێشتی هاوڕێ کەریمی بەرێوەبەری راگەیاندنی کارەکانی هونەرمەند تەها کریمی کردووە بۆ ئامادە بوون لە فێستیڤاڵەکە و وڵامدانەوەی پرسیارەکان.
فیلمی دیکۆمێنتی سینەمایی بڵندی "هەزار و یەک سێو بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری گەرمیان و وەزراەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست كراوه و ناوی فیلمی دیکۆمێنتی سینەمایی بڵندی "هەزار و یەک سێو لە سێوی مێخەک ڕێژەوە هاتووە و ئەم سێوە هێمای ئاشتی و خۆشەویستیی و ئەوینە و لە ڕابردوودا دڵدارەکان بۆ بۆنەی خۆشەویستی یەکترییەوە سێوی مێخەک ڕێژیان پێشکەش بە ئەوینەکەیان دەکرد.
ڕزگاربووان کە تەنیا شەهیدانی زیندووی ناو گۆڕەبەکۆمەڵەکانن لەم فیلمەدا هاوکات لەگەڵ گێڕانەوەی ڕووداوی گرتن، بردن، لە سێدارەدان و ... کۆی چیرۆکیان و خەباتی ئێستایان لە دوو خاڵە گرینگدا درێژە پێدەدەن. لە ئێستاوە و بە بەردەوامی ژیانی داهاتوویان هەوڵ دەدەن کارێک بکەن کە هەموو بەکارهێنەرانی ئەنتەرنێت لە دنیا بانگهێشت بکەن بۆ جارێکیش بێت بۆ وشەی "ئەنفال" بگەڕێین و سەبارەت بەم وشەیە بخوێننەوە. ئەوان پێیان وایە ئەو رۆژە ئەرکیان تەواو دەبێت کە کۆی بەکارهێنەرانی ئەنتەرنێت لە دنیا ئەو وشەیەیان سێرچ کردبێت. کاری دووهەمیان ئەوەیە کە هەر ساڵێک، هەزار و یەک سێوی مێخەکڕێژ بنێرن بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەشداربوون لە تاوانی ئەنفالدا، ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بە بێدەنگبووان لە ئاست ئەو تاوانە گەورەیەی مرۆڤایەتیی. ئەوان بۆ یەکەمجار و لەم فیلمەدا هەزار و یەک سێو دەنێرن بۆ شاری هەزار و یەک شەو واتە "شاری بەغدا" کە بڕیاری ئەو تاوانەی لێدرا و ... . وەک پەیامێک بۆ بیرنەچوونەوە و ئاشتی و دووبارە نەبوونەوەی.
فیلمی "هەزار و یەک سێو" زیاتر لەوەی ڕووی لە ڕابردووی ئەم دەربازبووانە بێت کە هەر کام بە چیرۆکێکی سەیر خۆیان لە مەرگ دەرباز کردووە، ڕووی لە ئێستا و داهاتوویانە.
ئەم 10 کەسە زیندووە کە تەنیا شەهیدی زیندووی تاوانی ئەنفال بوون، ئێستا پرسیاریان ئەوەیە کە ئەرکیان چییە وەک شەهید؟ دەبێت چی بکەن؟ ئەم ئەرکە چییە کە دەبێت بە ئەنجامی بگەیەنن؟
ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتی بڵندی "هەزار و یەک سێو" بریتین لە: نووسین و دەرهێنان: تەها کەریمی، وێنەگر: مێهدی ئازادی، دەنگهەڵگر: ئەرەستوو مەفاخری، مونتاژ: هەردی قادر، دەنگدانەر: ئاڕش ڕەسافی، یاریدەدەری دەرهێنەر: کارزان کاردۆزی، بەڕێوەبەری بەرهەم: سەیوان سەعیدیان، فۆتۆگرافەر و یاریدەدەری بەرهەم: ئەوین شەریفی، راوێژکار: عومەر محەمەد، یاریدەدەری وێنەگر: گەیلان ئەحمەد، پووستەر: رووناک ڕەسووڵپوور، بە بەشداری دەربازبووانی ئەنفال: فەرەج، عەبدوالقادر، هاشم، کەریم و ئەبابەکر، گێڕانەوە: فەرەجی تۆپخان. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنیی گشتیی: هاوڕێ کەریمى بەرهەمهێنەر: کۆمپانیای "ئاوا میدیا" و تەها کەریمی و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری گەرمیان و وەزراەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.


بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی گشتیی فیلمی "هەزار و یەک سێو