CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 123 میوان

ژیان لە نمایشی (ماڵێک لە بێدەنگی)

ن/ کامەران حاجی ئەلیاس
بیرۆکە شانۆگەرییەکە:
بیرۆکەی شانۆگەرییەکە باس لە شەڕ و ئاکامی شەر دەکات لە نێو خێزان لە کۆمەڵگاش بەگشتی روداوی شانۆگەرییەکە بە ژیانی پیاوێک دەست پێدەکات کاتێ وەکو وێنەگری فۆتۆگرافی جەنگ ھەموو چرکەساتەکانی جەنگی لە رێگەی کامیراکەی وێنەگرتووە ھەر لەوێنەگرتنی سەرکەوتن و ونوشستی تا وێنەگرتنی زۆربەی ھاورێیەکانی کە لەکاتی شەڕ دەبنە قوربانی .. ئەنجا شانازیش بە کارەکانی خۆی دەکات لە ھەمان کاتدا خۆی بە پاڵەوان و سەرکەوتوو دەناسێت کەچی لەناو ماڵەکەی خۆیدا کەسێکی دۆراو و ھەموو پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ژیانی لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە دەستداوە ئافرەتێک کەخێزانی ئەو پیاوەیە وەکو رەتکردنەوەو دەربڕینی نارەزایی بەرامبەر بە شەڕ بڕیار دەدات بەھیچ شێوەیەک قسەو گفتوگۆ لەگەڵ ھاوسەرەکەی نەکات تا ئەو کاتەی بتوانێ ھاوسەرکەی بگۆرێت،ھەر واش بوو بە بێدەنگی خۆی توانێ ببێتە فاکتەری خێر و گرەوی کلیلی سەرکەوتن بە بەرۆکی خۆی و ھاوسەرەکەیدا بدات ئەمە چەمکی شانۆگەری ماڵێک لە بێدەنگی بوو،کە پێمان دەڵیت : ھەردەم لایەنی خێر و پاک و راستگۆیی و خۆشەویستی گراوەکان دەکەنە ترۆپکی ئاشتی و بەختەوەری .
دەق:
بەندە چەندین جار لە نووسینەکانمداجەختم لەوە کردۆتەوە کە ئامادەکرنی دەقێکی شانۆیی لە دوو دەق و لە دوو نوسەری جیاواز،یاخود زیاتر کارێکی سەخت و ئاسان نیە، ئەگەریش ھەیە کە ھیچ نووسەرێک ئەوەی لاپەسند نەبێت چەند دێرێک یان بیرۆکەکەی لەگەڵ بیرۆکەی نووسەرێکی تر تێکەڵکێش بکرێت بۆ ئەوەی دەقێکی نوێی نمایشی لەسەر بونیاد بنرێت، راستە لەم نمایشەدا ھەردوو نوسەرەکە عێراقین (یوسف سائغ و فەلاح شاکر) وەگیراوە لەیەک کۆمەڵگاو لەیەک بارودۆخ ژیاون ، بەڵام مەرج نیە وەکو یەک بەیەک شێوە و بەیەک فۆرم بیر بکەنەوە واتە یەک بیرکردنەوەیان بۆ بابەتێک ھەبێت ، کەچی دەرھێنەر (کرمانج مستەفا) تارادەیەک توانیبووی دەقێکی نمایشمان پێشکەش بکات بە تایبەتی لە رووی سەرەتا ، ململا نێ ، روداو ، ترۆپک ، چارەسەر لەگەڵ کۆتایی.. بەجۆرێک بێت بینەر ھەست بەوە ناکات شانۆگەرییەکە لەدوو دەق وەرگیراوە، ئەوەشیان خاڵێکی گرنگی سەرکەوتنی شانۆگەرییەکە بوون.
نواندن/
نواندن لەم شانۆگەرییەدا تارادەیەک دەتوانین بە نواندنی تاکە کەسی (مۆنۆدراما) لە قەڵەم بدەین بەتاییبەتی لە رووی دیالۆژ (زمانی گفتۆگۆ)، ئافرەتەکە بە درێژی ماوەی شانۆگەرییەکە لەسەرەتا تاوەکو کۆتایی شانۆگەرییەکە بوونی ھەبوو بەڵام تەنیا یەک دیالۆژی لە کۆتایی نمایشەکەدا ھەبوو کە بریتی بوو لە وشەی (بەڵێ) ئەمە لەرووی دیالۆژەوە ئەگەر بەشێوە ھونەر و ئەکادیماییەکە سەیری رۆڵی ئافرەتەکە بکەین بێگومان نواندنەکەی زۆر زەحمەتە تۆ بتوانی دیالۆژەکان بەبێ دیالۆژی قسەکردن تەنیا لە رێگەی ئاماژە و ھێما بگەینیتە بینەرانی ئامادە بوو نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە نواندن بە زمانی ئاماژە و ھێمای و جەستەی مرۆڤ کارێکی ئاسان نیە دەبێ ئەو کەسە زانیاری تەوای لەسەر زانستی ھێما کان و ئاماژەکان ھەبێت بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە ئاڵوگۆر و بیروبۆچوونەکان و چەمەکەکان بەرجەستە بکات و لەگەڵ کەسی بەرامبەرو بگەێنێتە بینەران .
ئەو ئەکتەرەی رۆڵی ئافرەتەکەی دەگێرا خاتوون(لیلا مەجیدی) تارادەیەک توانی بووی لەرێگەی ئاماژە و جوڵەکانی دیالۆژەکانی بگینتێتە بینەران بەتایبەتی گەیاندنی ھەردوو چەمکی ناوەوە و دەرەوەی کەسایەتیەکەو سەرجەم حاڵاتەکان بەتایبەتی حاڵەتی دەرونی لەگەڵ،کاروکاردنەوەکانی پیاوەکە و لەرێگەی بەکارھێنانی کەلوپەلی (ئیکسسوارات) شانۆی بە تایبەتی مەکینەی دوورمان ، قوماش : مەقست .. روناکی و موزیکی شانۆیی یاردەرێکی باشی بوون زۆرجاریش لەیەک ساتی زۆر کورتدا بەجوڵەیەکی بچووک لەرێگەی چاو یان پەنجەکان یاخود لەرێگەی ئاوڕدانێک ماناو گوزارشتی زۆری دەبەخشی ھەندێ دیالۆژ کە ئەگەر راستەوخۆ بە دیالۆژی زمانی قسەکردنی کردبا لەوانەیە بەقەد زمانی جوڵە و ئاماژە بەھێزو کاریگەر نەبونایە بەڵام نابێ ئەوەشمان لەبیر بچێت ئەکتەری بەرامبەر(پیاوەکە) کە دەرھێنەر خۆی رۆڵەکەی بەرجەستە کردبوو ھاوکار و یارمەتی زۆر بوو بۆ سەرخستن و گەیشتنی پەیامەکەی (لیلا مەجیدی) بەجۆرێک بینەر درکی بەوە دەکرد ئافرەتەکە وەکو پیاوەکە دیالۆژەکانی بەزمانی قسەکردن دەڵێت نەک بە ئاماژە و ھێما ئەمەش بۆ توانستی ئەکتەرەکە دەگەرێتەوە بۆیە ماییەی رێزە دەست خۆشییە لەگەڵ ئەوەشدا (لیلا مجیدی) لەھەندێ حاڵەتدا وەک پێویست نەبوو بۆنموونە لەکاتی دیالۆژی کەتەنیا وشەی (بەڵی) زیاتر لە چەندجارێک دووبارەی کردەوە دەکرا ھەر جارە و بەشێوەیەکی جیاواز لەرووی دەموودووەکەی بکردایە ، یاخود تەنیا یەکجار ئەم دیالۆژەی گووتبا بەجۆرێک ماناو مدللولی خۆی کەدەرھێنەر مەبەستی بوو بگات بە ئامادەبووان .
ھونەرمەند کرمانج مستەفا رۆلی پیاوەکەی دەگێرا ئەوەندی من کارەکەکانی ئەم ھونەرمەندە م بینیوە ھەردەم لەبواری دەرھێنان سەرکەوتووتر بوو لە نواندن بەڵام لەم نمایشەدا دەتوانم بڵێم ھاوسەنگی تەواوی لە نێوان نواندن و دەرھێنان دورست کردبوو ئەگەر چی بۆچونێک ھەیە دەڵێت: ئەو کەسەی نواندن دەکات وەک ئەوەی بینەران نواندنەکەیان دەبینن خۆیان نوندنەکەی خۆیان وەکو بینەر نابینن لەھەموو روێکەوە بۆیە لەوانەیە کەموو کوڕی لە نواندنەکە ھەبێت بەڵام خودی خۆی درکی پێنەکات.
 ھەرچەندە زۆرجار ئەکتەر لەبەردەم ئاوێنە نواندنەکەی خۆی دەکات یان لەرێگەی کامیرا پرۆڤەکانی تۆماردەکات ،پاشان سەیری دەکاتەوە بەمەبەستی دیارکردنی لایەنی پۆزەتیف و نیگەتیڤی نواندنەکەی خۆی بەڵام بۆچوونی خۆم ئەوەیە کە کاتێ دەرھێنەر کاری دەرھێنان دەکات خۆی نواندن نەکات بۆ ئەوەی ھەموو ھزر و توانستی خۆی بۆ پرۆسەی دەرھێنان تەرخان بکات و نمایشەکە لەھەموو روێکەوە سەرکەوتوو بێت کاتێ لە کرمانج مستەفا پرسی بۆچی خۆت رۆڵی (پیاوەکەت ) بەرجەستە ، لە وڵامدا گوتی:" رێزم ھەیە بۆھەموو ئەکتەرەکان بەڵام بۆ رۆڵ بینینی ئەم کەسایەتییە ئەکتەری وام لەبەر دەست نەبوو بتوانێ ئەوەی من دەمەوێت ئەو ئەکتەرە بەرجەستە بکات لەلایەکی تریشەوە من ھەستم کرد خۆم زۆر لەم رۆڵە نزیکم ".
کرمانج مستەفا بەھۆی ئەوەی زۆربەی دیالۆژی گفتۆگۆکردن بەتەنیا بوو راستە ئەکتەری دووەم لەسەر تەختەی شانۆ بوو بەڵام کەسێکی (لاڵ) بوو ئەمەش ماندووبوون توانستێکی زۆری پرۆڤەی پێویستە لەھەمانکاتدا بۆ سەرکەوتنی رۆڵەکەی تارادەیەکی زۆر سوودی لە کەسایەتی (ھاملێت) و ( ئۆتۆئێلۆ)ی شکسپیر بینیوە بەتایبەتی لە دیمەنەکانی شێت بوون ، گوڵ فرێدان ، فرێدانی جلوبەرگەکە لەگەڵ زرۆبەی ھەڵچوونەکانی.. ئەمەش کارێکی ئاساییە بۆھەر ئەکتەرێک بۆ دۆزینەوەی حاڵەتە رۆحیەکانی ئەو کەساییەتیەی بەرجەستەی دەکات .
خاڵێکیتری سەرکەوتنی کرمانج مستەفا ئامادە باشی بۆ(فلاش باک) بوو کە پێویستیە ھەموو ئەکتەرێک ئەو ئامادەباشییەی ھەبێت بۆئەوەی ئەگەر ھاتوو ئەکتەرێک دیالۆژی لەبیر چووە یان روداوێک روویدا چۆن چاسەری دەکەیت بێئەوەی بینەران ھەستی پێبکەن واتە دەبێ ئەکتەری سەرکەوتوو ئامادەباشی ھەبێت بۆ رۆڵ بینینی کەسییەت لەناو کەسییەت ، روداو لەناو روداو ، کات لە ناوکاتدا.. لەنمایشی ئەم شانۆگەرییەدا روداوی ئاگر کەوتنەوە رویدا کاتێ پارچە ئاگرێک لە بنمیچی شانۆ کەوتە سەر تەختەی شانۆ لەم حاڵەتدا دەبێ ئەکتەر چۆن ھەڵسوکەوت بکات ؟چۆن ئاگرە بکوژێنێتەوە لەھەمان کاتدا کار لە رێرەوی نمایشەکە نەکات بەجۆرێک ھەڵسوکەوت بکات ھیچ کاریگەری نیگەتیڤی لەسەر نمایشەکە نەبێت کاتێ زیاتر لە (٣٠ -٤٠) جار پرۆڤەکراوە بەڵام ئەم حاڵەتە روینەداوە بەڵام لەرۆژ نمایش رویدا، کرمانج بەشێوەیەکی زۆر ھونەری ئاگرەکەی دامرکانەوە وە گیانی ئەکتەرەکان و بینەرانیشی پاراست بەجۆرێک روداوەکەی کردە خزمەتی نماشیەکەی و نواندنەکەی ، ئەگەر ئەکتەرێکی تر لە شوێنی ئەو بوایە لەوانەیە تووشی شڵەژان با و نمایشەکەش سەرکەتوو نەدەبوو گیانی ھەموولایەکیش دەکەوتە مەترسی دەست خۆشی لە کرمانج دەکەم کە توانی حاڵەتی ئاگرەکەی بە شێوەیەکی نۆرماڵ تێپەراند بەرادەیەک ھەندێ لە بینەران ھەستیان بە ئاگرەکە نەکرد ھەروەکو بەشێک لە نمایشی شانۆگەرییەکەیان بینی بۆیە دەبێ ئەکتەرئامادەیی ھەبێت بۆ ھەر حاڵەتێک .
کرمانج مستەفا راستە لە رۆڵەکەیەی وادەخواست کەسێکی شەرانگێز بە ھاتوو ھاوار و توڕە بێت ، بەڵام بەردەوامی لەسەر ئەم ریتمەی لە ھەندێ دیمەن دیالۆژ و نواندنەکەی وندەبوو، نا بێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە زۆرجار بێدەنگی مەبەستدار بەھێز ترین پرماناترین دیالۆژە.
دەرھێنان /
دەرھێنەر بەسوود وەرگرتن لە چەند قوتابخانەیەکی دەرھێنان وابەست نەبوون بە رێبازێکی دیارکراوی شانۆیی نمایشەکە سەرکەوتوو بوو لەھەمان کاتدا جۆرە دەرباز بوونێک بوو لە رەخنەگرتن . دەرھێنەر لە پانتایەکدا شەڕ و ئاشتی پیشانداین بە دابەش کردنی تەختەی شانۆ و ھاوسەنگی لە نواندن و کەرستەو دیکۆر روناکی.. لەھەمووی گرنگتر سینۆگرافیا ھاوکاری باشی پرۆسەی دەرھێنان بوو بەتایبەتی (فیگەری وێنەکان) ئەگەرچی زۆرێک لەئامادەبووان (فیگەرەکانیان) بەتێکەڵکردنی سینەما بە شانۆ دانابوو بەڵام ئەمە کارێکی سینەمایی نەبوو چەند (فیگەری) کامیرای فۆتۆی وێنەیی جێگیر بوون لەلایەکی تر دەرھێنەر زۆر زیرەکانە لە گۆرانی دیمەنەکان و لکاندی بەیەکەوە سەرکەوتوو بوو بە جۆرێک بینەران زۆر لەگەڵ دیمەنەکان ئاوێتەی روداوی شانۆگەرییەکە ببوون بەواتایەکی تر کەشێکی شانۆیی لەرێگەی دەرھێنان بۆ ئامادەبوان فەراھەم کردبوو.ھەڵبژردنی ھۆڵی نمایش زۆر گرنگە دەھێنەر ئەو ھۆڵەی ھەڵبژاد کە بینەر زۆر لە تەختەی شانۆ نزیک بوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ھەموو ھێماو ئاماژە و چرپەی ئەکتەر ببینێت .
ئیکسسواراتی شانۆی لەبەرجەستەکردن وشێوازی دیدگای دەرھێنەر لەخزمەتی پرۆسەی دەرھێنان بە ماناو مەدللولی زۆروە بەکارھاتبوو وەکو (مقست) وە سوود وەرگرتن لە دەستەواژەییەکی کوردی (زمانت بە مەقست دەبڕم) بەکارھێنانی مەقست بەشێوازێکی ھونەری لەگەڵ دورستکردنی نیشانەی (ئێکس) لە رێگەی پەتی ھەڵخستنی جلوبەرگ و فرێدانی پۆستاڵ وەکو ھێمایەک بۆ دەرباز بوون لە رۆحی شەر ، نیشاندانی تارمایی کۆمەڵی کەس لەدواوەی شانۆ لەکاتی ناشتنی قوربانیەکی شەڕ . دیمەنەکانی گرتەی ژیانی رۆژانەی (ئافرەتەکە) لەرێگەی فیگەرەکان لەچەند ساتێکی کورت سەرکەوتوو بوو، لە کۆتایی شانۆگەرییەکە ئەو کامیراییەی پیاوەکە بۆ شەری بەکار دەھێنا توانی بیگۆرێت بۆ وێنەی (سیڵڤی) خۆشەویستی خۆی و ھاوسەرەکەی.
دەرھێنەر کەشێکی شانۆیی بۆ ئامادەبووان دورستکرد بوو بە جۆرێک ھۆڵی شانۆی کپ کردبوو بە مانایەکی تر بینەر خۆی لەنێو نمایشەکە دەدۆزییەوە بەرادەی ئەبڵقبوون، شانۆگەرییەکە کۆتایی ھاتبوو بینەر ھەربێ دەنگ بوو.
شانۆگەری ماڵێک لە بێدەنگی لە دەقی (عەبا)ی ھەردوو نووسەری عێراقی یوسف سائغ و فەلاح شاکر وەگیراوە لە وەرگێڕانی رێبین رەسوڵ ، سینۆگرافیای (ئەیار سلێمان) دراماتورگ و دەرھێنانی ھونەرمەند (کرمانج مستەفا)بوو،بەرھەمی تیپی رۆژ - پەیمانگەی ھونەرجوانەکانی ھەولێرە بوو لە میانی چوارەمین فیستیڤاڵی نێوەدەوڵەتیی شانۆی ھەولێر لە ١٧/١٢/٢٠١٧ نمایش کرا.