CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 45 میوان

ھونەرمەند سەعدون یونس: بەرھەمەکانی خۆم بردە زاگرۆس لێی نەدا، بردمە یەکگرتوو لێی دا

"زەوی باشیان دامێ بۆ ئەوەی لە سلێمانی بژیم، بەڵام ناتوانمن ھەولێر بەدیلی نییە"
"ژنی دووەمم خەڵکی ھەولێرە"
چاوپێکەوتن: محەمەد گۆران – زانا دڵشاد دزەیی

کە سەیری بەرھەمەکانی سەعدون یونس دەکەی, وەک پیاوێکی میللی و فۆلکلۆریست وێنای دەکەی, بەڵام کە لەگەڵی دادەنیشی, دەبینی باکگراوندێکی رۆشنبیری قوڵی ھەیە, کە سەرچاوەکەی لە فەرھەنگ و مێژوو و کەلەپوری کوردییەوە ھەڵدەقوڵێ, بۆیەش جێپەنجەی بەشێوەیەکی کاریگەر لەنێو ھونەری کوردیدا دەبینرێ. رەجەب, یان مالەی سەرگردەکە, یان محەمەدی عاشقی سێوێ, یان جەلیلی خەریتەچی, ئەوانە ئەو کاراکتەرانەن کە سەعدون یونسی کردە ئاشنای ھەموو ماڵێکی کورد.
لەو دیمانەیەدا سەعدون یونسی ھونەرمەند دوور لەھونەر لەژیانی کۆمەڵایەتی خۆی دەدوێ, کۆمەڵێک یادەوەریی خۆی دەگێڕێتەوە.

سڤیل: سەرەتا با لەسەردەمی منداڵییەوە دەسپێبکەین؟
سەعدون یونس: ئەوەی ئەمن بزانم لەبەر ئەوەی بابم پۆلیس بوو، ئەوکاتە دەوامەکەی کەوتبووە رانیەو من لەوێ لەدایکبووم، ماوەیەکی باشیش لەرانیە بووین, ھەتا نزیکەی چوونە مەکتەبم ھەر لەرانیە بووین، بەس لەبەر ئەوەی نەبوون بووین، بابم لەتەمەنێکی زوو بەگەنجاتی خۆی خانەنشین کردو ھاتینەوە ھەولێر، ئێمەش چاومان لەوە بوو زوو ببینە موچەخۆر، ئەوجا مەکتەبی سەرەتای و ناوەندیم ھەر لەھەولێر تەواوکرد، لەبەر ئەوەی وەزعی داراییمان زۆر خراپ بوو، خۆم و برایەکم بووینە مامۆستا، پاشان چووینە بەغدا و خوێندنەکەم تەواوکرد.
سڤیل: لەرانیە کە ھاتنەوە ھەولێر، لەکام گەڕەک دانیشتن؟
سەعدون یونس: لەتەیراوەی سەرکەندێ، ھەموو ژیانی گەنجاتی و مەکتەبم لەوێ تەواوکرد. کارەبا نەبوو، لەبیرمە برایەکەم پۆلی پێنج و ئەمنیش سێ بووم، پێکەوە دەھاتنیە پێش دەرگا، لەبن عامودی کارەبا دەرسمان دەخوێند، ئەوجا ھەموو ساڵێ یەکەم دەبووین.
سڤیل: ئەو بەشەی تێیدا دەستبەکار بووی وەک مامۆستا، حەزی خۆت بوو یان نمرەکەت تۆی خستە ئەو بەشە؟
سەعدون یونس: نا, ئێمە خێزانەکەمان ھەموومان زیرەک بووین، بەس نەبوونی وایکرد زوو ببینە مووچەخۆر و بتوانین لەسەر پێ راوەستین، بەڵام نە براکەم تموحەکەی خۆی لەبیرکرد, نە منیش، براکەم پاشتر چووە بەغدا و جامیعەی تەواوکرد و بڕوانامەی ماجستێری وەرگرت.
سڤیل: چەند ساڵ مامۆستایەتیت کرد؟
سەعدون یونس: وابزانم ساڵ و نیوێک بوو، کە چوومە بەغدا بۆ خوێندن گەنجیش بووم، ھەر نۆزدە ساڵ دەبووم، بەڵام پێش ئەوەش جارێکی دیکەش لەگەڵ بابم چووبوومە بەغدا، ئەوکات تەمەنم پانزە ساڵ بوو، جادەکەم گرت راستاو و راست، زۆر حەزم لەسینەما و فیلم دەکرد، تەماشام کرد ئەوکات فیلمێک ئیشی دەکرد، بۆیە کە گەڕاینەوە ئوتێل، بابم خەوی لێ کەوت، یەکسەر بابم بەجێھێشت، چونکە دەمزانی ئەگەر بابم بخەوێ دوو سەعات دەخەوێ، بەپێ چووم فیلمەکەم دیت و ھاتمەوە، ھێشتا بابم لەخەو ھەڵنەستابوو.. زۆر حەزم لەو شتانەبوو، من قوتابی بووم، مامۆستا ھەڵیدەستاندم دەیگوت ھەڵسە لاسایی مامۆستاکان بکەوە، دائیمەن لەدەرێش دەمگوت دەبمە ئەکتەر و مەکتەبم بەجێدەھێشت، دەچووم فیلمم دەدیت لەسینەما سەلاحەدین دوایش دەگەڕامەوە مەکتەبێ، بابم ھەستی بەوەکرد، گۆتی سەعدون جارەشکە مەکتەبی بەجێناھێڵی بچیە سینەما، ھەرجارێک دەتەوێ فیلمێک ببینێ بەمن دەڵێی. تەسەور دەکەی بابم دەھات ئەمنی دەبردە سینەما سەلاحەدین، چایخانەکیش ھەبوو لەبەرامبەر سینەما کە دائیمەن گۆرانی ئوم کەلسوومی لێدەدا، بابم لەوێ دادەنیشت، ئەمنیش نەمزانی بابم لەوێ دانیشتییەو چاوی لەسەر منە، رۆژێک لەسینەما ھاتمە دەرێ گۆتم تا بابم دیار نییە با ھەندەک بچمە ناو بازاڕیش، وەختەک دەبینم بابم بانگی کردم، گوتی وەرە کێوە دەچی؟ گوتم حەزم لێیە بچمە ناو بازاڕ، گۆتی یەڵا ماڵێ، ئەوەندە بەسە.. مەبەستم ئەوەیە بابیشم کراوە بوو. لەمنداڵییەوە حەزم دەکرد بەرچاوبم، ئەوجا لەکۆڵانەکەی خۆشمان گەنجێکی بەرچاو بووم، لەخوێندن، لەنووسین و لەجل لەبەرکردن، کە تازە موم ھاتبوو ھەموو رۆژەک ریشم دەتاشی، ئێستاشی لەگەڵدا بێت، ئەوە ٤٠ ساڵە ھەموو سبەینەیەک ریشم دەتاشم.
سڤیل: کەواتە حەزت لەخۆدەرخستن بوو؟
سەعدون یونس: بەڵێ زۆریش، یەکەم کاری شانۆییم بەدەوری سەرەکی بەشداریم کرد، مامۆستا سەفوەت جەراح بەرەحمەت بێ، کە ھات گوتی ھەندێک کەسم دەوێت بۆ ئەکتەری، دەستی خۆم بڵندکرد، مامۆستا زیاد ھات، گوتی ھەندێکم دەوێ بۆ مۆسیقا، دیسان دەستی خۆم بڵندکرد، مامۆستا (جەلال غەریب) ھات گۆتی ھەندێکم دەوێت بۆ نەشرەی مەکتەب، دیسانەوە دەستی خۆم بڵندکرد، وەختێک بەئاگاھاتم لەناو شانۆ و مۆسیقا و نەشات مەدرەسیم. ئێستاش بەبیرم دێ یەکەم نەشرە کە لەمەکتەب بڵاوبۆوە مەقالەی منی تێدا بوو، تەمەنم ١٥ ساڵ بوو، کە چوومە شانۆ دەورێکی بچووکیان دامێ، گوتم من نایەم و تەمسیل ناکەم، ئیلا دەبێ دەورەکەم سەرەکی بێت، گوتیان جارێ گچکەی، ھەر رازی نەبووم، ئەوجا مامۆستا سەفوەت رازی بوو و دەوری سەرەکیم وەرگرت، کە مامۆستا یەحیا مەرجان، واحید مەرجان، سوڵتان عەبدوڵڵا، وریا ئەحمەدیش وەک مۆسیقا بەشداری کرد. ئەوجا سەرکەوتووش بووم، دوای سێ شانۆگەری ئەوجارە گوتم دەبمە دەرھێنەر.
سڤیل: بیرکردنەوەی دایکت چۆن بوو؟
سەعدون یونس: دایکم ئافرەتێک بوو ھەتا ئەمری خواشی کرد، نەیدەزانی ئافرەتیش چییە؟ ئافرەتێکی تێکۆشەر بوو، ھەموو خەونی ئەوەبوو منداڵەکان پێڕابگەیەنێ، شەرمی دەکرد بێتە دەرێ، زۆر سادە و دڵسۆزبوو، نەک ھەر دایکی من، ئەو داکیانەی ئەوکات ھەمووی وابوون.
سڤیل: ئەی نێوانی دایک و باوکت چۆنبوو؟
سەعدون یونس: وەڵڵا بابم زۆر کراوە بوو، زۆریش حەزی لەسوعبەتان بوو، دایکیشم پێچەوانەی ئەوبوو، دایکم زۆر تێکەڵ نەدەبوو، دائیمەن بابم دایکمی ئیزعاج دەکرد و سوعبەتی لەگەڵ دەکرد، بابم زۆر کراوەتر بوو، چونکە مۆسیقیش بوو، ھەموو ئێواران دەبوایە ئاڵای عێراق دابەزی و ھەموو شتێک لەکاتی دابەزینی ئاڵاکە یاخود بەیانیان کە ئاڵای عێراق لەسەر موحافەزە بەرز دەکراوە, دەبوا یەک دەقە ھەموو جولەک لەشار رابوەستی، ئەو مۆسیقایەی کە لەکاتی دابەزین و بەرزکردنەوەی ئاڵای عێراق لێدەدرا، بابم بوو.
سڤیل: مادام دایکت کراوە نەبووە، کەواتە حەزیشی نەکردووە ببیتە ئەکتەر و کاری شانۆ و مۆسیقا و ئەو شتانە بکەی؟
سەعدون یونس: بابیشم وابوو، کە لەبەغدا دەمانخوێند و دەھاتینەوە، براکەم گۆتی من لەکولیەی تەربیەم، من نەموێرا بڵێم لەھونەرە جوانەکان دەخوێنم، بەجۆرێک سەروبنم کرد و وامکرد کەس تێنەگات، دەیان گوتە بابم، سەعدون لەچ دەخوێنی؟ دەیگوت نازانم! ئەویش حەقی خۆی بوو، چونکە تێگەیشتنێکی غەلەت بۆ ھونەر و ئەوانەی کاری ھونەریان دەکرد، ھەبوو، بەڵام دوایی وایلێھات بابم دادەنیشت دەیگوت من بابی سەعدونم. بەوە دڵم خۆشە وا ھەستدەکەم یەک لەو کەسانە بووم، وامانکرد خەڵک بەچاوێکی رێز تەماشای ھونەر بکات، وامانکرد خەڵک بەچاوێکی بەرز تەماشای ئافرەت بکات، بەخۆم و بەسەمیرەخان و سەوسەن و سەلوە، ئێمە خێزانێکی ھونەریمان بەقەد ھونەرەکە بەرز.. پێکھێنا. پلانێکمان دانا کە زۆر نەچینە دەرێ و زۆر خەڵک نەتبینی، چونکە وایلێھاتبوو تێگەیشتنێکی غەلەت ھەبوو، خەڵکی ئێمە سادەیە، نازانێ خۆشەویستی خۆی چۆن دەربڕێ، وامانکرد خەڵک زۆر پەرۆشی بینینی سەعدون و خێزانەکەی بێت، ئێستاش ئەگەر ئیشێکی زۆر پێویستم نەبێ ناچمە بازاڕ، ئەوەش یەک لەکارەکتەری خۆتە، بەبڕوای من، ھونەرمەند نابێ ئەوەندە ئاسان بێ، کەسایەتی گەلێک پێویستە بۆ ھونەرمەند و رۆشنبیران، چونکە ئەگەر کەسایەتیەکەت ھەبوو، گوێت بۆ رادەگیرێ.
سڤیل: تۆ دەڵێی کەسایەتی تەواوکەری ھونەرەکەیە، بەڵام ئێستا تێگەیشتنێک لەکوردستان دروستبووە، بەتایبەت ئەوانەی بەمدوایە گەڕاونەتەوە کوردستان، پێیانوایە ئەخلاق و کەسایەتی ھیچ پەیوەندییەکی نییە بەئیشەکەت و بەرھەمەکەتەوە، بەبڕوای تۆ کورد گەیشتۆتە ئەوەی کە حیساب بۆ کەسایەتی نەکات؟
سەعدون یونس: من بڕوام وانییە، کەسایەتی دەورێکی زۆر کاریگەری ھەیە لەو ئیشەی کە پێشکەشی دەکەی، ناتوانین خۆمان لەدابونەریتی کوردەواری خۆمان لابدەین.
سڤیل: لەگەڵ سەمیرەخان چۆن یەکترتان ناسی؟
سەعدون یونس: خەڵکی یەک گەڕەک و کۆڵان بووین، بابی گرفتێکی خێزانی ھەبوو، سەمیرەخان خۆشی دەیگوت سەعدون عەبدولحەلیمی کۆڵان بوو، زڕدایکی سەمیرەخان لەگەڵ دایکی من خوشک بوون، پەیوەندییەک دروستبوو، دواتر بووینە ھاوسەری یەکتر، سەمیرەخان کە ھاتە لای من کوردیشی نەدەزانی، ئینجا بزانە چ شتێک وایکرد بێتە ناو شانۆ و تەلەفزیۆن و ببێتە یەکەم ئافرەت لەکوردستان وەک ئەکتەر لەدەزگای گشتی شانۆ و سینەما لەعێراق دابمەزرێ، گۆڕانکارییەکی گەورە لەژیانی ئەو دروست بوو، وامانکرد تاریخێک بۆ خۆمان دروست بکەین.
سڤیل: سەمیرەخان خوێندەواری ھەبوو؟
سەعدون یونس: ھەتا پێنجی سەرەتایی خوێندبوو، دیراسەی عەرەبی بوو.
سڤیل: ئەی ئەو راستگۆییە چۆن دروستبوو کە خێزانێک بە ژن و منداڵەوە بێنە ناو ھونەر، واھەست ناکەی پاش ئێوە ئەو راستگۆییە نەما؟
سەعدون یونس: من ناتوانم لەسەر ئەو مەسەلەیە زۆر قسە بکەم، ھەر ئەوەندە دەڵێم ھیچ نایبینم، کاک موحسین جارێک لەگۆڤاری کاروان نووسیبووی "خێزانێکی وەک سەعدون یونس سەد ساڵی دیکە لەھەولێر نایەتەوە"، بەڵام من پێموایە کە ھەیە و دەشبێ، بەڵام ئایا لەبەر زروفی سیاسی یاخود کۆمەڵاتییە. بەگشتی ھونەری ئەوکات لەگەڵ ئێستا گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەی بەسەردا ھاتووە، بەرەو خراپ نەوەک باش.
سڤیل: بەبڕوای تۆ دروستبوونی ئەو ئەحزابە ئیسلامی سیاسیانە نەبوونەتە ھۆکاری ئەوەی کە بەگشتی ھونەر لەکوردستان بەتایبەت لەھەولێر لەپاشەکشە دابێت؟
سەعدون یونس: بەپێچەوانەوە، مانەوەی بەرھەمە ھونەرییەکان یەکگرتووی ئیسلامییە، بڕوات ھەبێ تەلەفزیۆنی یەکگرتوو ئەو بەرھەمانەی ئێمەی پاراست، بەرھەمەکانم بردە زاگرۆس لێی نەدا، بردمە یەکگرتوو لێی دا، باشە کەناڵی زاگرۆس بۆچی لێی نادات؟ کام کەناڵ ھەیە جگە لەیەکگرتوو بەرھەمەکانی ئێمە لێ بدات؟
سڤیل: بۆچی لەدوای نەمانی سەمیرەخان، منداڵەکانیشتان کەسیان نەھاتنەوە ناو کاری ھونەری؟
سەعدون یونس: ھەموویان کەوتنە ئەڵمانیا، کەسمان لەھەولێر نەماوە، جگە لەوەش باوەڕ ناکەم ئەگەر بێینەوە ھەولێر وەک پێشان ھەموومان دەستبکەینەوە بەکاری ھونەری، منداڵەکان گەورە بوونە و منداڵیان بووە و زەمەنیان بەسەرچوو.
سڤیل: بەڵام پیربوون لەئیشی ھونەریدا نییە، ھەموو ھونەرمەندێکیش گەنج نییە؟
سەعدون یونس: منداڵەکانم ژیانیان کەوتە ئەوروپا، ئەوە ١٧ ساڵە لەئەوروپا دەژین، ئەگەر من ئەو ھەموو ھاتوچۆیەم نەبایە بۆ کوردستان، رەنگە ئەمنیش بەیەکجاری لەکاری ھونەری و لەکوردستان دابڕابام.
سڤیل: ھێشتا بڕیارت نەداوە بەیەکجاری بگەڕێیەوە کوردستان؟
سەعدون یونس: بڕیامداوە ھەولێر بکەمە جێنشینی سەرەکیم و ھاتوچۆم بکەمە ئەڵمانیا، یەعنی وەریدەگێڕم، پێشتر دانیشتنی سەرەکیم ئەڵمانیا بوو، ھاتوچۆم ھەولێر بوو.
سڤیل: تۆ پێشتر ئەوەت ئاشکرا کردووە کە ژنی دووەمت ھێناوە، بەڵام تائێستا نە ناو، نە پیشە، نە وێنەی خێزانەکەت نیشان نەداوە، بۆچی؟
سەعدون یونس: ئەوە شتێکی زۆر تایبەتمەند بوو، ئەو ئافرەتە لەگەڵ ھونەر شەریکم نییە، لەبەر ئەوە پێویست ناکات پیشانی خەڵکی بدەی، بەڵام کوردە و خەڵکی ھەولێرە.
سڤیل: ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ منداڵەکانت چۆنە؟
سەعدون یونس: پێنج کوڕ و چوار کچم ھەیە، لەقۆناغی باوکایەتی دەرچووە، ئێستا بووینە برادەر.
سڤیل: بەڵام ئەو جۆرە پەیوەندییە لەئەوروپا کێشە بۆ خێزان دروست ناکات؟
سەعدون یونس: نا بەپێچەوانەوە، لەئەوروپا وەک باوکایەتی منداڵت دەدۆڕێنی، وەک برادەرایەتی منداڵت دەپارێزی، دەبێ گوێ لەبرادەرەکەت رابگری و شت لەسەر منداڵەکەت وەک باب نەسەپێنی، ئێستا جوانترین پەیوەندیمان ھەیە.
سڤیل: چۆنبوو لەکاری حیزبایەتی دوورەپەرێزیت ھەڵبژارد، بەردەوام کارەکانت لەچوارچێوەی حکومەت بووە، نەک حیزب، بۆچی قەناعەتت وابووە؟
سەعدون یونس: ھونەرمەند دەبێ کەسایەتی خۆی بپارێزێ، وام ھەستدەکرد ئەگەر بێیە ناو سیاسەت، کەواتە تۆ بەھەموو شتێکی ئەو سیاسەتەوە رازی، سیاسەتیش واتا جێبەجێکردنی فەرمانی سەرەوەی خۆت، ھیچکات نەمتوانی ئەوە قبوڵبکەم، چونکە وا ھەستدەکەم من لەبواری خۆم ئەو توانایەم ھەیە کاربکەم.
سڤیل: لەکاتی گەنجێتیت لەگەڵ مەسەلەی خۆشەویستی چۆن بووی؟
سەعدون یونس: کابرایەکم زۆر بایەخم بەئافرەت نەداوە، من و باوکم پێکەوە چووینە مەکتەب، ئەو چووە ئێواران، منیش چوومە بەیانیەکەی، ئەو نەیتوانی بەردەوام بێ، بەس فێری ئەوە بوو ناوی خۆی بنوسی، ئەوجا بابم پێمی دەگوت، بەدوای دوو شت مەکەوە، ئەو دوو شتە ھیلاکت دەکات و نابیە ھیچ، یەکەم ئافرەت، دووەم پارە. قسەکانیشی زۆر راستە، من لەھەموو ژیانم بەدوو ئەو دوو شتە نەکەوتوومە، لەگەڵ رێزم ئەوەندەی ئافرەت بەدوای من کەوتووە من ئەوەندە بەدوای ئەو نەکەوتوومە.
سڤیل: پاش ئەو دابڕانەت لەھەولێر کە ھاتییەوە چ ھەستێکت لادروست بوو؟
سەعدون یونس: یەکەم دابڕانم بۆ لیبیا بوو, ساڵی ١٩٩٤ کە ھەشت مانگی خایاند و ھاتمەوە ماڵێ ببەم، ئەوە دابڕانێکی زۆر قورس بوو، کە ھاتمەوە تەیراوە، شەوێکی درەنگ بوو، کارەباش نەبوو، لەپێش دەرگا پڕ بەدەنگم سەمیرەخانم بانگ کرد، ناتوانم وەسفی ئەو ھەستەی خۆم بکەم، ئێستاش ھەموو جارێک کە لەئەڵمانیا دێمەوە ھەولێر، کە تەیارە دەگاتە سەر ھەولێر نەفسیەتم دەگۆڕێ. ھەولێر بەدیلی نییە، لەگەڵ رێزم بۆ ھەموو شارەکان, بەڵام ناتوانم لەسلێمانیش بژیم، زۆریش پێمگوتراوە و زەوی باشیان دامێ بۆ ئەوەی لەسلێمانی بژیم، بەڵام ناتوانم، پشیلە لەماڵێک دەیگوازییەوە بۆ جێگەیەکی دی ھەر دێتەوە ماڵەکەی، ئەی من چی بکەم؟، خۆ قابیلە بەقەد پشیلەیەک ھەستمان ھەیە.
سڤیل: منداڵەکانت لەگەڵ دایکی رەحمەتیان یاخود لەگەڵ تۆ نزیکبوونەوەیان زیاتربوو؟
سەعدون یونس: ھەموو شتێکیان لەگەڵ دایکیان و لەگەڵ بابیان بووە، ئێستا منداڵەکانم ھەموویان چووینە رێی خۆیان و نەوەشیان ھەیە، باوەڕ ناکەم تائێستا زللەم لەمنداڵێک دابێ، بەبیریشم نایە بابم لەمنی دابێ، رازیش نەبوومە ئەوانەی منداڵیشیان ھەیە لەپێش من لەمنداڵەکانیان بدەن، ئەگەر لەگەڵ یەکێکیان زۆر توڕە بووام, دەمگووت قسەت لەگەڵ ناکەم، ئەوە ئەگەر گەورە بوایە، لەگچکایەتیش دەمگوت بڕۆ ئەوەندە رۆژە نزیکم مەبەوە، لەژیانیشمدا یەکجار تەقەم کردووە، ئەویش کە کەرکووک ئازاد کرا. کەرکوک ئەوە دێنێ. ھەموو کۆمەڵگایەک ھەتا چەکی تێدابێ، قەد ناچێتە پێشەوە.
سڤیل: لە چ شتێکی ژیانت پەشیمانی؟
سەعدون یونس: لەبەرھەمە ھونەرییەکانم پەشیمان نیم، چونکە ئەوە بەدەستە خۆم بووە، بەڵام ھەندێ شت لەژیانی خۆم رویداوە پێم خۆش نەبووە، بەڵام بەدەستی خۆم نەبووە، وەک پێم خۆشبوو دوو کوڕ و دوو کچم ھەبێ، بەڵام بەپێچەوانەوە ئافرەتەکە حەزی لەمنداڵی زیاتر بوو، حەزم دەکرد ئەو چەند ساڵەی لەدەرەوە بووم لەکوردستان بوام و وەزعەکەی کوردستان شێوەیەکی دیکە بایە و بەدەیان بەرھەمی دیکەم بکردایە.
سڤیل: زۆرجار شانۆکاران دەڵێن لەبەرئەوە جەماوەری شانۆ نییە، چونکە قەزییە نییە، باشە شانۆکارانی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و سوید کە ھیچ قەزییەکی نەتەوەیی نییە، ئەوان چیدەکەن؟!
سەعدون یونس: نەخێر ئەو قسەیە ھیچ مەنتقی تێدا نییە، لەئەوروپا بچییە ھەر شانۆگەرییەک دەبێ مانگێک زووتر بلیت وەرگری، بەڵام لەکوردستان ئەوە کەموکوڕی شانۆکارەکان خۆیانە، پێشتر قەزییەی سیاسی ھەبوو، بەڵام ئێستا گەورەترین قەزییەی کۆمەڵاتی ھەیە، ئەگەر ئیشی لەسەر بکەن.
تا ئێرە پرسیارەکانی ئێمەبوو، بەڵام لەکۆتای دیمانەکەدا ھونەرمەند (سەعدون یونس) گوتی، منیش ماوەیەکی زۆر کاری رۆژنامەوانیم کردووەو ئەمجارە من پرسیار لەئێوە دەکەم، پرسیارێکی ئاراستەی ھەردووکمان کرد و داواشی کرد پرسیارەکەی ئەو و وەڵامەکەی ئێمەش لەگەڵ چاوپێکەوتنەکەدا بڵاوبکرێتەوە، لێمانی پرسی "ئێمە سەعاتێکە قسە دەکەین، منتان چۆن خوێندەوە؟ پێشتر منتان چۆن دەبینی و ئێستاکە لەدوای دیمانەکە چۆنم دەبینن؟".
محەمەد گۆران: من تێروانینێکی جێگریم ھەبووە بەرامبەر بەتۆ، بەو چاوپێکەوتنە و بە ١٠ چاوپێکەوتنی دیکەش من ھەر ئەو تێڕوانینەم لەسەر ئێوە ھەیە، کە ھونەرمەندێکی ھەولێری و لەبوارەکەی خۆت خزمەتی زۆرت کردووە و رێزێکی تایبەتت ھەیە، پێموایە مرۆڤ ئەگەر شتێکی تێدا نەبێ ناشتوانێ شتێک پێشکەش بکات.
زانا دزەیی: من پێش ئەو چاوپێکەوتنە یەکترمان ناسیوە و یەکترمان بینیوە، واتا تێڕوانینی من بۆ تۆ پێش ئەو چاوپێکەوتنەش زانراوە، ھونەرمەندێکی، خێزانەکەت بۆ پێشکەوتنی ھونەری ھەولێر ھێنایە پێشەوە، خزمەتت کردووە، ھونەرمەندێکی عاشق و ھەر گەنجی.