CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 30 میوان

نازم حەمباڵ فەیلەسووفی قسەخۆش

نازمی حەمباڵ ئێستە لەنێو یەکێک لە بازاڕەکانی ھەولێر حەمباڵی دەکات و ھەفتانە لێدوانی ڕەخنەگرانە لە نێو مۆبایل و لە ڕێگەی گەنجانی ھەولێرەوە بڵاودەکاتەوە،

ئەو لەوانەیە یەکێک بێت لەوانەی لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھاتنی مۆبایل ناوبانگێکی گەورەی پەیدا کردبێت، ئاخر ئەگەر مۆبایل نەبێت، لەوانەیە نازمیش ئەو تاقەتەی نەبێ ھەموو ڕۆژ لە وەسفی موقتەدا سەدر و مالیکی و تاڵەبانی و بارزانیەوە دەست پێ بکات تا دەگاتە بەگی خۆشناو و مەلای مزگەوت و شێخی تەکیە و سەید و پیاو چاک و حیزبە ئیسلامییەکان.
لەوانەیە کەس نەمابێت لە دنیا نەکەوتبێتە بەر ڕەخنە تایبەت و کۆمیدیەکانی نازمەوە، ئەو لە باسی نەوەوەی ئێرانەوە دێتە سەر جنوبی سودان و نانسی عەجرەم و شارۆنی ئیسرائیلی و شەکیرا و تۆنی بلێر و شەمۆ و ئۆباما و ھەیفا وەھبی!
ئێستە نازم ئەستێرەیەکی ھەمیشە گەشاوەی بواری گاڵتەجاڕی لاوانە و کەم مۆبایل ھەن لەناو شاری ھەولێر گرتەیەکی ڤیدیۆیی ئەو نازمەی تێدا نەبێت، کار گەیشتووەتە ئەوەی لەناو ماڵپەڕی یوتیوبی خاوەن گەورەترین جەماوەری ڤیدیۆیی گرتەکانی نازم بڵاوبکرێتەوە.
نازم تەمەنی لە دەوروبەری ٤٠ ساڵیدایە و بەردەوام تەنکە ڕیشێکی تێکەڵ و ناڕێکی بەرداوەتەوە، لە بەشێکی ئەو گرتە نوێیەی بڵاوکراوەتەوە، لە بن دیوارێکی بازاڕی حەمباڵانی ھەولێر قسە بۆ چەند گەنجێک دەکات، تیایدا ھێرش دەکاتە سەر قوتابی و مامۆستا و دەڵێ (تەڵەبە ھەیە بە کۆمەرەک چەقو و دامبۆکسەوە دەچیتە مەکتەب و چاوی لە مامۆستا سۆر دەکاتەوە، حەب و سیکۆتین و کۆکاینی دەباتە شوعبەی، ئاخر کوڕی بابم ئەتوو دەچیە جەبھەی یان دەتەوێ عیلم فێربی! مامۆستاش ھەیە ھەتا دونێ کوڕە فەقیر بوو، ئەوڕۆ قۆری فش دەکاتەوە و دەچیتە ناو شوعبەی، تەقلیدی جاک نۆرسی دەکاتەوە! ھەر بەم ھۆیەوە داوا لە بەڕێز وەزیری پەروەردە دەکەم دەرگای پۆلەکان گەورە بکات، ھەتا مامۆستا قۆرفشەکان پێوەبچن!".
لە شوێنێکی تردا دەڵێ "بابە عێراق فوگووڕە، بەس شێخ و مەلا و دەروێش لێیاندایە، ئێستە مەلا ھەمووی ئینتەرنێت و لابتۆپیان ھەیە، لەناو بازاڕیش جاسووسیان دانایە!لە پەنای تەراویح و خوتبە و تەکیەی دەبنە مەسئول!".
دوای ئەوەی نازمم لە مەیدانی ماتۆڕان لە ھەولێر دۆزیەوە و داوای ئەنجامدانی دیدارم لەگەڵ کرد، لە وەڵامدا گوتی "ئەمن حەمبارەکی بەسیتم، یەکەم جارە گێم لەو قسەیەی بی!" بەھەرحاڵ نازم بەوە قەناعەتی ھات بەرامبەر پێدانی ٣٠ ھەزار دیناری عێراقی دیدارەکە بکات! لە وەڵامی یەکەم پرسیاریشدا بۆ ئەوەی خۆی بناسێنێ بۆ (باس) گوتی "سەرەتا بەخێرھاتنی ھەموو ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن و جەریدەکان دەکەم، ناوم نازم محەمەد عەبدوڵایە، چونکە فەقیرم خەرک بە نازمۆک بانگم دەکەن، ھەر لە منداریەوە ھەستم بە نیشتمانپەروەری کردیە!".
نازم ساڵانێک شوانی و گاوانی کردووە و لە ماوەی خزمەتی سەربازیشدا کوێتی بینیوە، لەوێ لە ئەنجامی بۆردوومانێکی توند گورچیلەیەکی لەدەست داوە، دوای گەڕانەوەی ژیانی ھاوسەری پێکھێناوە، ئێستە دوو منداڵی ھەیە، یەکێکیان نەخۆشی ئیفلیجی دەماغی ھەیە، وەک خۆی گوتی "بەشێک لە خەمەکانی من ھی ھەژاری و بەشێکیشی ھی نەخۆشی مندارەکەم و نەتوانینی چارەسەرکردنیەتی".
نازم لە باسی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی کە بڵاودەکرێنەوە گوتی "قسەکانم لۆ پێکەنین نینە، ئەمن ڕاستییەکان دەڵێم و قسەی درم ناشارمەوە، بەس ئەو زەمانەی ئەوەی ڕاستی بدرکێنی خەرک پێکەنینیان پێدێ و بە شێتیی دەزانن! ئەمن ڕەخنە لە دەسەڵات و کۆمەڵگە دەگرم، قسەکانی من قەت باسی نامووسیان تێدا نییە".
لە وەڵامی ئەوەی ڕای چۆنە کە بەھۆی مۆبایلەوە ناوبانگی پەیدا کردووە؟ گوتی "ئەمن تا ئێستە نەمزانیە ناوبانگم ھەبی، بەس ئەگەر ئەو قسەیە وەبیت، دەبی کێشەکان چارەسەر بکرێن، ئەمن لۆ ھەندێ ئەو قسانە دەکەم، نەک لۆ ناوبانگ یان پێکەنینی خەرکی".
وەک لە قسەکانی نازم بەدەرکەوت، گەورەترین خەمی ئەو چاکبوونەوەی ئارامی کوڕیەتی و بەڵام ھەر خۆی دەڵێ "تازە عاردی روکن لە ھەولێرێ نەمایە بمدەنێ! جاران کورد شەڕی لەسەر گرتنەوەی ڕەبایە دەکرد، ئێستە لەسەر دابڕکردنی عاردی ڕوکن و ستراتیجی دەیکات!".
نازم ھێشتا تەواو بێ ئومێد نەبووە لە باری خراپی ژیانی و دەڵێ "لەوەتەی ھاتیمە سەر ئەو دنیایەی ١٢ محافزی ھەولێرێ گۆڕاینە، ئەمن ھەر ھیچم پێ نەبڕایە، بەس درەکم بەو نەوزاد ھادیەی خۆشە، پێدەچی شتەکم لۆ بکات، چونکە خەرک بەباش باسی دەکەن".
لە کۆتایی دیدارەکەشدا نازم گوتی "ڕاوە مەڕۆ، دوو قسەم مایە پێت برێم، یەکەکیان ئەو خوتبەی مەلایانەی ئێستەی ھەولێر خوتبە نینە خوتەن! دووەمیش ئەو بەزمەی تونس و میسر پلەی ستەیشنن و دەسکەکەیان لە دەست ئۆبامایە!".


تیبینی – ئەم بابەتە لە رۆزنامەی باس  بڵاوکراوەتەوە