CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 45 میوان

گفتووگۆیەك لەگەڵ عەموو ئۆیانۆس شۆفێری ماڵی شێخ لەتیف لە سلێمانی بۆ بەغداد لە ساڵانی ١٩٤٠ کاندا بە ئۆتۆمبیلی فۆرت

ئاشتی گەرمیانی .. هۆڵەندا

ئەو مرۆڤەی کە ٩٢ ساڵی تەمەنی بەسەر بردوە لە ئەزموونی ژیان وخۆشەویستی کارو ژیانێکی ڕۆتین و پڕ لەکارەسات و دەردەسەری ، لە ووڵاتێك کەناوی عێراقە.
ئێمە هەر دەڵێین عەموو ... عەموو ئەوانێس یەعقووب .. لەساڵی ١٩٢٢ لە شاری ئورفا لە ووڵاتی تورکیا لەدایك بووە ، لەتەمەنی ٩ مانگیدا کاتێك ئەرمەنییەکان لەتورکیا دەردەکرێن ، خانەوادەی ماڵی ئەو هەموو خەڵکە ئەرمەنیانەی کە تاوانەکەیان ئەرمەنی بوون ، ملی ڕیگەیان گرت لەگەڵ ئاوی فورات بەرەو خوار ، هەر وەکو کۆچە مەزنەکەی گەلی کورد لەساڵی ١٩٩١ ، لەساڵی ١٩٢٣ بەناو خاکی سوریادا بەڕی کەوتوون تا گەیشتونەتە دێرەزۆر و ڕاوە دواتر بۆ فەللوجە، کەبە عارەبانەی تریشقە و پێ و ووڵاخ کۆچیان کردووە ، هەروەك باوو باپیرانی عەموو ئەمەیان باس کردوە بۆ منداڵەکانیان ، ئەو ڕۆژە وەکو ڕۆژی حەشر بووە لە مردنی پیاوە پیرەکان و ژنەکان و منداڵەکانیان و بە هەژاری ، دواتر لە بەغدا نیشتە جێ بوونە ، بەهۆی نەبوونی کارو بێ دەرامەتی ، بەرێز یەعقووب باوکی عەموو ئەوانێس رۆیشتۆتە کەرکووك ، لەو کاتەدا کەرکووك تەنها کوردو تورکمان و یەهوودی و مەسیحی یەکانی لێ نیشتەجێ بوون ، لەگەڵ هەندێک ڕەشماڵە ماڵ کە خەریکی ئاژەڵ بەخێوکردن بوون ئەوانیش عەرەبە حەدیدیەکان بوون ، کوردەکانیش هەژارو بێ زمان بوون ، بەڵام تورکمانەکان خاوەن پیشەو شارەزایی بازرگانی بوون ، بێگومان سەدام حوسێن عەرەبی هێنایە ناوچەی کەرکووك ، خانەوادە تورکمانەکانیش نەفت چی و ئاوچی بوون لەکەرکووك ، بەڵام بەداخەوە ئێستا بوون بوون بەعەرەبی پێ پەتی ، ئەم باسانە هەموو عەموو ئەوانێس بۆمی گێڕایەوە ، پێم خۆش بوو چەند پرسێارێکی لێ بکەم.

* بەرێز عەموو ئەوانێس .. لەساڵی ١٩٢٣ ئەوکات بەغداد چۆن بوو ، چ ژیانێکی تێدا دەگوزەرا *
... ئەوکات کە ئێمە گەیشتینە فەللوجە و لەوێ ماینەوە دواتر چوینە بەغدا ،، ژیان لەبەغدا زۆر سەخت بوو .. ئاوی خواردنەوە بە زەحمەت دەستمان دەکەوت ، تەنها لە شەقامە گشتیەکاندا چرا هەبوو واتە فانۆس بە نەوت کاری دەکرد و شەوانە دەیانگوژانەوە ، بەڵام وەکو باسم کرد لەبەر نەبوونی کار چووینە کەرکووك ،

* باشە لەکەرکووك چ کارێکتان دەکرد *
... باوکم وەستای دروست کردنی حەمام و حەوز بوو ، کەم کەس هەبوو لەوکاتەداکاری وەستایی دورست کردنی حەوزو حەمام بزانێت ، هەربۆیە لەوێ کاری دەست کەوت و ژیانمان لەکەرکووك دەست پی کرد بەتایبەتی ئێستا پێ ی دەڵێن شەقامی دکتۆرەکان ، بەهەمان شێوە لەکەرکووکیش چراکان فانۆس بوون و شەوانە دایان دەگیرساند لە شەقامەکاندا ، سەبارەت بە ئاوی خواردنەوەش لەو سەری کەرکووکەوە لە یاروەلی بەنداوێکیان دروست کردبوو ئاو کۆدەکرایەوە و بە شێوەی جۆگە ئاوەکە دەهات و ماڵی ئێمەش ئاویان پڕ دەکرد بە کوپەو گۆزە و هەڵیان دەگرت .
باوکم لەگەڵ سەید نوری بەزازو قاسم سەعات چی لەکەرکووك پێکەوە حەوزیان دروست دەکرد، تا ئەوکاتەی باوکم ئۆتۆمۆبیلێکی بۆمان کڕی بەناوی دۆج و هەشت تایەی هەبوو و کارمان پی دەکرد لەگەڵ براکانم ، بەڵام زۆر بەزەحمەتی بە تاسلوجەدا سەردەکەوت.

* لەساڵانی رابردوودا باسی ئەوەت بۆم دەکرد بارهەڵگری نەوت و گازت هەبووە و سەردانی دەربەندیخانت دەکرد *
... بەڵێ لەساڵانی پەنجاکان کاتێك حوکمی مەلیك بوو کۆمپانیایەکی ئەمەریکی و فەرەنسایی لەدەربەندیخان سەدو تونێلەکەیان دروست دەکرد ، کۆمەڵێك زۆر کرێکار لەوێ کاریان دەکرد ، منیش لە کەرکووکەوە نەوتی ڕەش یان نەوتی سپیم دەبرد بۆ دەربەندیخان کە جادەی کەرکووك و سلێمانی خۆڵ بوو وە زۆر بە سەبر دەڕۆیشتین ، لەبازیانەوە خەڵك و پێشمەرگە لەبەر هێواشی بارەکە سەردەکەوتن من لەئاوێنەکەوە دەمبینی وە ئەوانیش منیان دەناسی ، لەتەیناڵ لام دەداو دوکانێکی بچووك هەبوو لەوێ پشوومان دەدا ، کە سۆبەیەکی داری هەبوو بە نەوتی ڕەش کاری دەکرد ، ئەوانێش بەتەنەگە نەوتی ڕەشیان لەسەیارەکەم پڕ دەکردو دواتر دەکەوتمە رێ ، لەلۆفەکانی تاسڵووجە ئەوەندە بەهێواشی دەڕۆیشتم لەبەر بار قورسی و جادەکە خۆڵ بوو پێشمەرگەکان دادەبەزین و دەڕۆیشتن ، لەساڵی پەنجاکان بارهەڵگری عەنتەرناشم هەبوو، زۆر جار پەکم دەکەوت لە ڕێگا بەدوورۆژو سێ ڕۆژ دەمامەوە تا وەستایەکم دەست دەکەوت و دەهات چاکی دەکرد بۆم .
* ئەی سەبارەت بە ماڵی شێخ لەتیف و چوونی بۆ ماڵیان و پەیوەندیت لەگەڵیان چۆن بوو *
... لەو ساڵانەدا من ئۆتۆمۆبیلی پلای مۆدی ساڵی ١٩٥١ م هەبوو لەنێوان کەرکووك و سلێمانی و بەغدا کارم دەکرد وە دواتر سەیارەیەکی فۆرتم هەبوو ، هەروەك باسم کرد ڕێگاوبانەکان خۆڵ و بەردو خراپ بوون ، ئەوکات لە گەراجی سلێمانی کەسێك هەبوو بەناوی گرابێت وەکیلی ماڵی شێخ بوو ، هەموو کارەکانی ماڵی شێخ لەتیف و شێخ قادر بەدەستی ئەو بوون، لەو کاتەدا ئەوان متمانەیان بە من هەبوو ، هەر بۆیە ڕۆژێک زووتر پێمی دەووت کە سبەینێ شێخ دەچێت بۆ بەغدا ، منیش ئەو ڕۆژە لەدوایی نیوەڕۆوە دەچوومە دێوەخانەکەی ماڵی شێخ و دەحەسامەوە تا سبەینێ .. شێخ لەتیف لە پێشەوە دادەنیشت و دوو کەسی تری لەگەڵدا بوو ، کە دەگەیشتینە دووزو خاڵس لامان دەدا و لەڕێگا تاوێك دەخەوت بەتایبەتی لەناو سەیارەکە ، دوایی چەند ڕۆژێك لە بەغداوە دەگەڕاینەوە سلێمانی .
* ئەوکاتە سلێمانی چەند گەورەبوو وە خانوو وە شێوەکەی چۆن بوو *
... سلیمانی ئەوکات لە پەنجاکان کە هاتووچۆم دەکرد زۆر بچووك بوون وە خانوەکانیش قوڕ بوون ، ئەوکات مزگەوتی گەورە کاك ئەحمەدی شێخ هەبوو وە لەدەورو پشتی قەڵەباڵغی هەبوو وە خانوەکان سەریان تەختی بوو ، بیگومان قووڕ بوو وە بە باگردێن دەیانکوتایەوە .
* دەگەڕێمەوە بۆ کەرکووك .. ژیان لە حوکمی ئینگلیزەکان چۆن بوو *
.. ئەو کاتەی کە حوکمی مەلیك بوو ژیان زۆر خۆش بوو ، چونکە ئینگلیزەکان کە نەوتی کەرکوکیان دۆزیەوە ، ئیدی خەڵك لەوێ دامەزراو کاری دەکرد ، باوکی منیش ئەوکاتە مانگانە بە ٦ دینار کاری دەکرد ، وە ئینگلیزەکان زۆر ئامێرو کەرەستەو سەیارەو ڕادیو ئەم شتانەیان هێنایە عێراقەوە دوایی ئەوەی کە نەوتیان دۆزیەوە وە پارەشیان دەدایە حکومەت و ژیان بەرەو باشی دەڕۆیشیت ، بەڵام دواتر عەرەبەکان کودەتایان کردە سەر ئینگلیزەکان و ووتیان (( نەوتی عەرەب بۆ عەرەب )) قوڕ کرایە سەرمان و لەو ڕۆژەوە عێراق بەو دۆخەدا ڕۆیشت کە تاکو ئێستاش قاتوو قڕی یە .

* چۆن بەم تەمەنە کەوتیتە ئەم غوربەتی یە *
.. لەساڵی ١٩٩٩ کە کوڕەکەم ڕاج لە هۆڵەندا بوو ، بە نەخۆشیەکی کوتووپڕ کۆچی دوایی کرد ، ئێمەش بەغدا مان بەجێ هێشت و هاتینە ئەم ووڵاتە لەبەر گۆڕی کوڕەکەم و منداڵەکانی .. بەڵام لێرە ئارامین چونکە ڕزگارمان بوو لەوەی کە هەموو شتێك هەیەو ئیدی ڕیز بەندی ناگرین .. کەلەو ووڵاتە ڕۆژێك نەوت نی یەو رۆژێکیش ئاردو غازو ئاو کارەبا ... هتد نی یە .