CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 45 میوان

مەھاباد ئیبراھیم: تەمەنم ١٢ ساڵ بوو کە دایکم منی بە شوودا

چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
خانمە گۆرانیبێژ مەھاباد ئیبراھیم، کە خاوەنی ٤ ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکراوەیە، دوای ٣٩ ساڵ مانەوەی لەئەمەریکا، ئێستا بڕیاری گەڕانەوەی یەکجارەکی بۆ کوردستان داوە.
ئەو ٣ مانگە ھەوڵدەدات شوێنی نشتەجێبوونەکەی لەیەکێک لەشارەکان دیاری بکات، بەڵام وەکو خۆی لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) ئاماژەی بۆ دەکات چاوەڕێی ھاوکاری حکومەتە
ئەوە سێ مانگە لەکوردستانی، بەو مەبەستە گەیشتی کە بۆی ھاتی؟
مەھاباد: یەکەم شت دەمێک بوو حەزم دەکرد بێمە کوردستان، لەبەر ئەو بارودۆخە و شەڕی داعش حەزمکرد لەگەڵ خەمی خەڵکی خۆم بم، ھەروەھا ویستم لەرێگای ھونەرەوە شتێک بۆ پێشمەرگە بکەم، ئێستاش خەریکی سرودێکم بۆ پێشمەرگە و کوردستان، ئاواز و تێکستەکە ئامادەیە، خۆشحاڵ دەبم کە کارێکی ئاوا بۆ وڵاتەکەم دەکەم، پەشیمان نیم لەوەی لێرەم و ئەوە ٣٩ ساڵە لەدەرەوە دەژیم، ئیتر بەسە نەچمەوە بۆ دەرەوە، ھەرچەندە ناتوانم لێرە بەھونەرەکەم بژیم.
کەواتە چ کارێک دەکەی بۆئەوەی خۆت و ھونەرەکەت بژیەنیت؟
مەھاباد: پێویستم بەھاوکاری حکومەتی ھەرێم ھەیە، چونکە ھیچ توانایەکی مادیم نییە، دەتوانم ببم بەمامۆستای ئینگلیزی یان وەرگێڕ، چونکە ٣٩ ساڵ لەئەمەریکا بووم، من لەساڵی ١٩٨١ ھونەر دەکەم، چەند بەرھەمم ھەیە، کلیپم ھەیە، ھەمووی لەسەر گیرفانی خۆم بووە، ھونەری منیش بۆ وڵاتەکەم و بۆ پێشمەرگە و ئەنفال بووە، ئەوەش خزمەتێکە، پێویستە ئەوانیش ھاوکاریم بکەن. من توانام نیە تەنانەت شوقەیەک بەکرێ بگرم، ئەگەر ٣٠٠ دۆلاریش بێت، توانام نییە سەیارە بکڕم، ئەوە سێ مانگە ھاتووم ھیچم بۆ نەکراوە، زۆر پێویستم بەھاوکارییە، چونکە ھاتووم لەرێگەی ھونەرەوە خزمەت بکەم.
تۆ لە نێوان ھەولێر و دھۆکدا لەھاتوچۆدایت، ئێستا لەکوێ نیشتەجێیت؟
مەھاباد: من ھەفتەیەک ھاتم بۆ دھۆک بۆ ماڵی خوشکم دواتر گەڕامەوە ھەولێر. خۆم لەھەولێر لەگەڕەکی تەیراوە لەدایکبوومە، ھەولێر زۆر شارێکی خۆشە و لەخەڵکەکەش رازیم، بەڵام ئێستا لەدھۆکم، پێشتر لەماڵی چەند برادەرێکی خۆم بووم لەھەولێر، زۆر سوپاسیان دەکەم، خۆشم حەزم لێیە لەداھاتوودا لەھەولێر بژیم، شارێکی خۆش و جوانە و خەڵکی ئەوێم، جگەلەوەش پایتەختە و ئازادی زۆر ترە.
گۆرانی و میوزیکی کوردی چۆن ھەڵدەسەنگێنیت؟
مەھاباد: گۆرانبێژمان زۆر بووە و موزیکی جۆراوجۆرمان زیاتر بووە لەجاران، گەنج و ستایلی تازەمان بۆ ھاتووە و من ئەوەی دەبینم لەبەرەو پێشچووندایە، تەنیا شتێک کە بەدڵم نییە موزیکی راپ و ئەو شتانە لەئەمریکاوە زۆر ھاتووە بۆ کوردستان، چونکە موزیکی ئەمریکی زۆر دەوڵەمەندە، کەچی راپیان وەرگرتووە و شتە باشەکانیان وەرنەگرتووە، وەکو جاز و ئارمبی، پۆپ و چەندان تریش.
دەگوترێت ئەوانەی گۆرانی راپ دەڵێن ھونەرمەند نین، خەڵکی سەرشەقامن، ئەو راستە؟
مەھاباد: بەڵێ راستە گۆرانیبێژ نین، چونکە ئەوە گۆرانی نییە، قسەیە.
تۆ تەمەنێک لە ئەمریکا ژیاوی، ژیانی ئەوێ چ شتێکی لەتۆدا گۆڕیوە؟
مەھاباد: من لەتەمەنی ١٢ ساڵی لەئێران شووم کرد ئەویش دایکم منی بەشوودا، دواتر لە ١٣ ساڵیدا ھاتم بۆ ئەمەریکا، خێزانی پیاوێک بووم و مەسئولیاتم لەسەر بوو، ئەمە بۆ منداڵێکی وەک من کە تەمەنم ١٣ ساڵ بێت و لەئەمریکا بم، زۆربوو. جگەلەئیشی ناوماڵ دەڕۆشتم بۆ خوێندن، ماوەی ٣٩ ساڵ لە ئەمەریکا بووم و ئێستاش بەیاسا ھاوڵاتییەکی ئەمەریکیم، بەڵام ھەر کوردم و ھەر کوردستانیم و نەگۆڕام.
تەمەنی ١٢ ساڵی زۆر زووە بۆ ھاوسەرگیری، بەڵام دیارە عاشقی کوڕەکە بوویت؟
مەھاباد: نابەخوا من نەمدەزانی خۆشەویستی چییە، دەزانم کوڕەکە عاشقی من ببوو و ھاتە خوازبێنی من، بەڵام باوکم گوتی مەھاباد زۆر بچووکە نایدەم بەشوو، کوڕەکە دەستیکرد بەگریان لەبەردەم ماڵی ئێمە، ئەوجا باوکم دواتر قبوڵی کرد. دوای ساڵێک ھاوسەرگیریی رۆشتم بۆ ئەمریکا و زمان فێربووم و چووم بۆ قوتابخانە، دواتر عاشقی مێردەکەم بووم، ھاوسەرکەشم ھونەرمەند و گۆرانیبێژ بوو بەناوی رەمەزان زاخۆیی، چونکە ئەو برای ھونەرمەند ئەیاد زاخۆیی بوو.
چەند نمونەیەکی کارە ھونەریەکانتمان پێبڵێ؟
مەھاباد: من دوای ساڵی ٢٠٠٥ سێدی (ھەی دوونیایێ)م بڵاوکردەوە، دوای ئەویش سێدی (کاروانی پیرۆز)، ساڵی ٢٠٠٨ دوایین سێدیم بڵاوکردەوە، ھەروەھا دواین کلیپم ساڵی ٢٠٠٩ بوو بەناوی (گەزی).
ئەی ئێستا وەک زانیومانە لەھاوسەرەکەت جیابوویتەوە؟
مەھاباد: بەڵێ زۆر دەمێکە بەتەنیا دەژیم.
بۆچی جیابوونەوە؟
مەھاباد: جیابوونەوە زۆر ئاساییە، خۆت دەزانی تەمەنم زۆر منداڵ بوو کاتێک شووم کرد، ئێمە لەتەمەن زۆر جیاواز بووین. ئینجا لە دەرەوە جیابوونەوەی ژن و مێرد عەیب نییە و زۆر ئاساییە، ئەوە باشترین چارەسەرە بۆ دوو کەس کە بیرکردنەوەیان جیاواز بێت.
پەیوەندیت لەگەڵی ماوە؟
مەھاباد: بەڵێ پەیوەندیم ھەیە و ھاوڕێیەتیم لەگەڵی ھەیە، ئەمریکیەکان دەڵێن ئەگەر ناتوانیت ببن بەژن و مێرد، بەڵام دەتوانن ببن بەھاوڕێی زۆرباش.
بەنیازی شوو بکەیتەوە؟
مەھاباد: بەخوا تەنیایی زۆر ناخۆشە، من زۆر حەز بەدونیا و ھاوڕێیەتی و تێکەڵاوی دەکەم، ھاوڕێی زۆریشم ھەیە و خۆشحاڵیشم بەبوونی ئەو ھەموو ھاوڕێیە. من لەبەر تەنیاییەکەم حەز دەکەم ھاوسەرگیریی بکەم، بۆچی نا، بەڵام بۆ ئازادیم و ھونەرەکەم نەبێتە رێگر.
چ مەرجێکت ھەیە بۆ ئەوەی دەبێتە ھاوسەرت؟
مەھاباد: متمانەی بەخۆی و بەمنیش ھەبێت، رێزگرتن لەنێوانمان ئەساس بێت، ئاساییە ئەگەر ئامۆژگاریم بکات، چونکە ئامۆژگاری شتێکی جوانە، بەتایبەت بۆ من کە لێرە گەورە نەبوومە، ھەندێک شت ھەیە لەوانەیە نەزانم و فێری نەبووبم، ھەروەھا راستگۆیی زۆر پێویستە بۆ ژن و مێرد، حەزەکەم گرنگیم پێبدات بتوانم ھونەرەکەم بکەم.
ئەگەر پارەی نەبێت و پێشمەرگە بێت؟
مەھاباد: پارە گرنگ نییە، کەسایەتی ھەموو شتێکە، پێشمەرگەش بێت جێی شانازییە، گرنگ ئەوەیە چۆن من خۆشحاڵ دەکات.