CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 52 میوان

بەیان مەحموود: حکومەت زۆر غەدرم لێکردووم کە دەبوو من لە پێشی زۆر کەس بم کەچی ئێستا لە دواوەی دواوەم

چاوپێکەوتن: زانا دڵشاد دزەیی
بەیان مەحموود ژنە ئەکتەرێکی کۆنە وەکو خۆی باسی دەکات زیاتر لە ٤٠ ساڵە کاری ھونەری دەکات و ئێستاش دەم بە گلەییە، لەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ (سڤیل) ئەو خۆی بەھونەرمەندێکی شۆرشگێڕ وەسف دەکات کە ھیچی بۆ نەکراوە و لەلایەک سەرپەرشیاری بەشی ھونەری چالاکی قوتابخانەکە لەسلێمانی لەلایەکی دیکە بەردەوامە لەتەمسیل لەگەڵ بەرنامەی یەترۆل لەکەناڵی ئێن ئارتی.
سڤیل: لەگەڵ ھونەرمەند ماھیر حەسەن زۆر تێکەڵی و کاری ھونەریتان زۆرە، ھۆکاری ئەم تێکەڵبوونە چییە؟
بەیان مەحمود: یەکەم شت ماھیر حەسەن کەسایەتییەکی خۆش و دڵپاکە و ئەم مرۆڤانەش زیاتر ھونەرمەند خۆیان لێ نزیک دەکاتەوە، ماھیر حەسەن ھاوڕێیەکە کە لەپەیمانگا لەگەڵمان بووە و ھاوڕێیەکی خۆشەویست بووە نزیکبوونەوەم لە ماھیر و بەیەکەوە کارکرنمان دەگەڕێتەوە بۆ ھاوڕێیەتی کۆنمان، من کاتی خۆی لەشانۆگەری تراژیدیا کارم دەکرد، بەڵام لەشانۆگەرییەکی کۆمیدیادا بەشداریم کرد کە ماھیر ھات لەوێدا لەسەر شانۆ منی بینی لەکاتێکدا قەت کاری کۆمیدیام نەکردبوو ماھیر بەبینینی ئەم کارەم پەیوەندی پێوە کردم و گوتی: حەز دەکەم کارمان لەگەڵدا بکەیت، ئیتر بەم جۆرە کارمان بەیەکەوە کرد.
سڤیل: کۆمەڵێک ژنە شانۆکاری وەکو تۆ و بەیان زەریفی و بەدیعە دارتاش و گەزیزە و فرمێسک مستەفا ئەم جیلە بە شتێک ناویان دێنی؟
بەیان مەحمود: ئەوانەی تۆ ناوت ھێنان و ھاوتەمەنی خۆم و ھاوپیشەی خۆمن ناویان دەنێم ھونەرمەندە شۆڕشگێڕەکان، ئێمە شۆڕشمان کردووە بەبێ چەک، کاتێک ئێمە شانۆمان دەکرد من و گەزیزە و فرمێسک و بەیان زەریفی کۆمەڵێک ھونەرمەندی دیکە لەھیچ شتێکی ھونەردا کۆلمان نەداوە ھەر ھونەرمەندێک لەکارەکەی زەحمەتی بینی بێت و قوربانی دابێت و کۆل نەدەیت من پێیان دەڵێم شۆرشگێڕ لە زێر بە نرخترە.
سڤیل: گەورەترین قوربانی لەپێناو ھونەرە دابێتت چییە؟
بەیان مەحمود: خۆی لە خۆیدا کاری ھونەری قوربانییەکە، من ناتوانم گەورەترین قوربانی بدەم لەپێناو ھونەرەدا، بەڵام خۆی لە خۆیداا ھونەرەکەم قوربانییە لە پێناو ژیانی خۆمدا.
سڤیل: کارکردنتان لە ئێن ئارتی٢ چۆنە، ئایا ئاسانکاریی ھەیە، ئانسۆر ناخەنە سەر کارە ھونەرییەکانتان؟
بەیان مەحمود: من پێم وایە ھیچ کەناڵێک رێگر نییە لەکارێکی ھونەری ھونەرمەندان بەتایبەت کارێک کۆمیدیا بێت، کەناڵی ئێن ئارتیش یەکێکە لەو کەناڵانە کە رێگر نییە لەکاری ھونەری و راوبۆچوونی ھونەرمەنداندا، ئینجا با ئەوەش بڵێم بەلای منەوە لەھەندێ شت رەنگە کەناڵەکانی دیکە باشتر بن لەئێن ئارتی ھاوکاری ھونەرمەندان بکەن، وەکو ھاوکاری مادی، بۆ نموونە ئێن ئارتی تەنیا وەک کارە ھونەرییەکە ھاوکاریمان دەکات، بۆیە چووین بۆ ئەوێ، ئەگەرنا وەک مادی یارمەتی ئێمەیان نەداوە.
سڤیل: واتا تۆ ھیچ پارەیەکت وەرنەگرتووە؟
بەیان مەحمود: وەرمگرتووە، بەڵام ئەو پاداشتی مادییە ئەوە نەبووە چێژێکی لێ ببینم، ھەر ھی ئەوە نییە باسی بکەم، شتێکی ئاسایی بووە.
سڤیل: تۆ وەکو ئەکتەرێکی کۆمیدی ئەگەر لە بەرنامەیەکی وەکو (بەزمی بەزم) داوات لێ بکەن ئامادەی بەشداریان لەگەڵ بکەیت و تێیدا تەمسیل بکەیت؟
بەیان مەحمود: ھەموو کارێکی ھونەری بینەری تایبەتی خۆی ھەیە، خەڵکی ئێمەش زیاتر حەزی لەکاری کۆمیدیایە لەبەرئەوەی لە ژیانەکە بێتاقەت بوونە و کرفت و کێشەی کۆمەڵێک شتیان ھەیە ئەوە وایکردووە خەڵکەکە پەنا بۆ کاری کۆمیدیا ببات و پێ بکەنێت و بێتاقی بیر ێتەوە، ئینجا (بەزمی بەزم) راستە کارێکی کۆمیدیایە و دەستخۆشیان لێدەکەم، بەڵام لەکۆمیدیا ھاتۆتە دەرەوە! تۆ دەتەوێت شتێک بگەیێنیت بەخەڵک بەڵام بە فشقیات! ئەوە نابێتە کۆمیدیا وەکو مەحەریجێک مەیگەیێنە وەکو کەسایەتیەکی خۆت کۆمیدیا بەکاربێنە، خۆ کۆمیدیا ئەوە نییە بەزۆر وا لەخۆت بکەیت خەڵک پێبکەنن و فشقیات بکەیت! من ئەوە بە کۆمیدیا نازانم.
سڤیل: واتا پێت وایە (بەزمی بەزم) کۆمیدیایەکی فشقیاتە؟
بەیان مەحمود: مرۆڤ ناتوانێ بەزۆر خۆت ھەزەلی بکەیت، کۆمیدیا دەبێت خۆت لەکەسایەتی خۆتدا ئەو شتە ھەبێت، بۆ نموونە ھونەرمەند مستەفا ئەحمەد قەت خۆی کردووە بە ھەزەلیات؟ قسەش دەکات و خەڵکیش پێی پێدەکەنێت، ھەروەھا ئەحمەد جۆلا و ماھیر حەسەن زۆرشت ھەیە لەکۆمیدیا مەچۆ دەرەوە یانی پێی دەگوترێت کۆمیدیا، کۆمیدیا لە تراژیدیا زۆر قورسترە و ھەموو کەس ناتوانێ ببێتە ئەکتەرێکی کۆمیدی، دەبێت وریا بیت ئەگەر لەکۆمیدیا دەرچیت دەبیتە ئەکتەرێکی گاڵتەجاری، بەڵام تۆ کە دەبینی کەسێکی کۆمیدیایت و جەماوەرێکی باشت ھەیە خۆت جوانتر بکە نەک خۆت ناشرین بکەیت، کاک ئەحمەد رەوف و عیرفان ئەوان کەسانی باشن جەماوەری خۆیان ھەیە، بەڵام وەکو بەزمی بەزم بەباشی ھەڵی ناسەنگێنم، شت نەکاتە ئەو ئاستەی تەنیا بۆ پارە ئیش بکەیت.
سڤیل: ئەو بارودۆخەی کوردستان تاچەند کاریگەری ھەبووە بەسەر سستی کارەکانتان؟
بەیان مەحمود: من ھەموو کات گوتوومە ئێمە لەپێش راپەرین گەرموگوریمان پێوە دیار بوو، بەڵام لەدوای راپەرین حکومەت گرنگی نەدا بەھونەرمەند ئەوەی خۆیان ویستوویانە کام ھونەرمەند ھاوکاری بکەن بۆیان کردووە ئەوەشی خۆیان نەیانویستووە لەدوای دواوە جێماوە، من یەکێکم لەو ھونەرمەندانە لە دواوەی دواوەم کە دەبوایە ئێستا ژنە ھونەرمەندەکانمان لەسەرەوەی پیاوەکاندا نەھاتبانەوە خوارەوە، بەڵام ئێمە لەدوای دواوەی پیاوەکانین، ھیچ حیسابێکیان بۆ نەکردووین کە ئێمە ژنین و منداڵمان ھەیە ھاوسەرمان ھەیە خێزانێک کەوتۆتە سەرشانمان ئینجا ئیشمان کردووە، جاری واھەیە خەڵک پێمان دەڵێن بۆچی ئەوە ناکەیت بۆچی ئاوا نابیت وادەزانن ئێمە ھونەرمەندە جیھانییەکانین! راستە ھیچیشمان لەوان کەمتر نییە، بەڵام ئەوان لەکوێ ئێمە لەکوێ لەرووی سیستەم و ناوبانگ و سەرمایە، من وەکو خۆم زۆر گلەیم ھەیە لەحکومەت کە ھیچی بۆ نەکردووم.
سڤیل: تۆ لەھونەرمەندە غەدرلێکراوەکانی؟
بەیان مەحمود: بەڵێ زۆریش، لەساڵی ١٩٧٤ تاوەکو ئێستا من ھەر کاردەکەم و تائێستا یەک رێز لێنانم پێنەبەخشراوە، خۆناچم بەزۆری خۆم دەربخەم و لەدەرگای ئەم و ئەو بدەم، پێویستە حکومەت و وەزارەتی رۆشنبیری و بەڕێوەبەرایەتی شانۆ کارەکانی ئێمە ببینیت و دەستخۆشیمان لێ بکەن و مافمان بدەنێ، ناکرێ ھونەمەند ئیلا بە ماستاوکردن کارەکانی خۆی پێشبخات و خۆی بباتە پێشەوە، ماستاوچیاتی قەت نەمکردووە و نایکەم.