CHRA.TV

Voorbeeld-HTML-pagina

ئامادەبووانى ئێستا 41 میوان

به‌زم و بالۆره‌ی ساڵانی گرانی

گرانی نیشتمانی هه‌موو کڕی
به‌ڵام ئێمه‌ پێکه‌نینمان هه‌ڕاج ده‌کرد!!

به‌ پێنج که‌سه‌وه‌ پاره‌ی جگه‌ره‌یه‌کمان پێ نه‌بوو
که‌چی له‌ ناو پاکه‌تی جگه‌ره‌دا
به‌ یانسیب، سه‌دان دینارت بۆ ده‌رده‌چوو..

مانگێک موچه‌ی مامۆستایم وه‌رگرت
دووسه‌د و بیست دینار،
نه‌متوانی جوتێ پێڵاوی پێ بکڕم
ناچار په‌نجا دینارم له‌ دایم قه‌رز کرد
پێڵاوه‌که‌م کڕی،چونکه‌ به‌ دووسه‌د و حه‌فتا بوو..

هه‌موو شتێک لێک ترازا،
بامێ و ته‌ماته‌ نه‌بێ
به‌ بێ یه‌کتر نه‌ده‌فرۆشرا!!

شه‌کر له‌ گرانیا تاڵ بوو
ئیتر خورما بووه‌ هاوڕێی چای و
پێکه‌وه‌ ده‌ژیان..

نیوه‌ڕۆیه‌ک هیچمان نه‌بوو بیخۆین
باوکم ووتی:
شیعرێکی عومه‌ر بێنن با سووری بکه‌ینه‌وه‌ بیخۆین!!

ئافاتی گرانی هه‌موو شتێکی داڕزان
عه‌شق نه‌بێ هه‌ر جوان ده‌بوو..

گرانی نیشتمانی که‌چه‌ڵ کرد و
شه‌ڕی ناوخۆش ئاوێنه‌که‌ی دایه‌ ده‌ستی.

شا پیاوه‌کان نیشتمانیان ده‌کڕی و
ویژدانیان ده‌فرۆشت
هه‌ژاره‌کانیش مناڵه‌کانیان هه‌ڕاج ده‌کرد و
نیشتمانیان ده‌کڕی!!

ئه‌وه‌نده‌ فیشه‌ک نرا به‌ ئاسمانه‌وه‌
بارانیش له‌ ترسا نه‌ده‌باری

قۆپی کردن له‌ مه‌کته‌به‌وه‌
گواسترایه‌وه‌ بۆ بازاڕ
قۆپی له‌ مزگه‌وتیش کرا
که‌چی که‌س تیایدا ده‌رنه‌چوو..

عومه‌ری حاج