تۆ وابکه
- زياتر
-
30 ت یەکەم 2012
- دواین نوێکردنەوە پێنج شەممە, 06 کانونی یەکەم 2012 20:32
- بڵاوكراوەتەوە لە سێ شەممە, 30 تشرینی یەکەم 2012 06:43
- نوسراوە لە لایەن Hiwa Seid
هیوا سه‌عید
بۆم –
سێبه‌ری دره‌ختێ بی
له‌سه‌ر ڕێگه‌ی ماندوبوونم
شیله‌ی لێوی کانیێ بی
له لێواری تینوبوونم
تاکو منیش خۆشه‌ویستیت
داچۆڕێنمه ناو خوێنمه‌وه،
ناو دڵمه‌وه،
ناو گیانمه‌وه،
ناو گلێنه‌ی چاوانمه‌وه.
بۆوه‌ی نه‌ڵێم:
ئاسمانێک بووم هه‌ور جوانی لێ تۆراندم،
باخی دڵی زه‌مینێک بووم
پایز گوڵی لێ وه‌راندم
بۆوه‌ی نه‌ڵێم:
چوومه ژوانی ئێواره‌یه‌ک
به‌جێیهێشتم،
له بناری تاریکی شه‌و
وه‌ک خۆره‌تاو باڵای ناشتم
ئه‌ستێره‌کی گه‌شاوه به
تا سپێده‌ش تۆی خۆشبوێ
به‌هارێکی ڕازاوه به
تا بارانیش تۆی خۆشبوێ
تۆ وابکه
له چیرۆکه خه‌ماوییه‌کان
نه‌تناسمه‌وه
له‌گه‌ڵ هاژه‌ی هیچ ڕوبارێ
توڕه‌بوونت نهبیسمهوه
داستانیک بی
خۆشه‌ویستی
نه‌فره‌ت نه‌کا له هه‌بوونت
کوژانه‌وه قه‌ت نه‌بێته
به‌سه‌رهاتی ئاوابوونت.