لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی دا ئەمرۆ لە بەغداد بەرێووە چوو داواکرا لایەنە پەیوەندیدارەکان بەزوترین کات توێژینەوەی ورد بکەن بۆ دەست نیشان کردن و دۆزینەوەی ھۆکارەکانی بڵاو بوونەوەی شێرپەنجە لە عێرقدا .لەوبارەیەوە لانە محەمەد ئەندامی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند:" ئەمرۆ کە ٤/٢ رۆژی جیھانی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجەیە لە جیھانداو ئێمەش وەک لیژنەی تەندروستی و ژینگە لە پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانی یەکەدا دەست خۆشی تەواومان کرد لە کارمەندو پزیشکانی نەخۆشخانەکانی تایبەت بەو نەخۆشیە کە بەردەوامن لە خزمەتی ھاوڵاتیان و چارەسەر کردنیان "
ناوبراو گوتیشی:"ھەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانی یەکەدا داوامان کرد ئەو کەسانەی توشی ئەو نەخۆشیە بوونە خۆیان تۆمار بکەن لە نەخۆشخانە تایبەتە کاندا و چارە سەری وردیان بۆبکرێت ، ھەروەھا ئاماژەشمان بەوە کرد ،کە پێویستە ھۆشیاری زیاتر بڵاو بکرێتەوە و ھاوڵاتیان لە بەرامبەر مەترسی ئەو نەخۆشیە ئاگاداربن و پشکنینی وردبۆ خۆیان بکە ن ، پاشانیش ئاماژەمان بەوە کرد کە پێویستیشە لایەنە پەیوەندی دارەکان توێژینەوەی وردبکەن بۆ دۆزینەوەو دەست نیشان کردنی ھۆکارەکانی بڵاو بوونەوەی ئەو نەخۆشیە"
لانە محەمەد گوتیشی:"داواکارین ھاوڵاتیان زیاتر گرنگی بە تەندروستی خۆیان و پیشکنینی خۆیان بکەن ،تا ئەگەر لە سەرەتای ئەو نەخۆشیەدا بوون چارەسەری وردیان بۆبکرێت ":..




