رووداو- رانیه شه‌وى رابردوو له گوندێكى ناحیه‌ى سه‌ركه‌پكان ده‌سترێژى گولـله له مامۆستایه‌ك ده‌كرێت‌و به خه‌ستى بریندار ده‌كرێت. رائید حه‌سه‌ن خۆشناو لێپرسراوى نوسینگه‌ى توندوتیژى دژ به ئافره‌تان له رانیه به ماڵپه‌ڕى (رووداو)ى راگه‌یاند "شه‌وى رابردوو له گوندى ده‌ڵاڵان سه‌ر به ناحیه‌ى سه‌ركه‌پكان مامۆستایه‌كى كچ به‌ر گولـله ده‌درێت‌و تاوه‌كو ئێستا هۆكاره‌كه‌ى نه‌زاندراوه‌و ناشزانرێت كێ ته‌قه‌ى لێكردووه".
مامۆستاكه ناوى (ساكار حه‌مه‌ده‌مین، 28 ساڵ)ه له گوندى پڵنگان مامۆستای قوتابخانه‌ى بنه‌ڕه‌تی پڵینگانه، به‌ڵام بكه‌رى تاوانه‌كه نادیاره‌و كه‌س به‌م هۆیه‌وه ده‌ستگیر نه‌كراوه. رائید حه‌سه‌ن گوتى "لێكۆڵینه‌وه له رووداوه‌كه به‌رده‌وامه‌و دۆسیه‌ى بۆ كراوه‌ته‌وه، بۆئه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ته‌قه‌كه بدۆزرێنه‌وه‌و راده‌ستى یاسا بكرێت"، گوتیشى "كچه‌كه بێ هۆشه‌و نه‌توانراوه ئیفاده‌ى لێ وه‌ربگیرێت".
به‌پێى زانیارییه‌كانى (رووداو) مامۆستا ساكار گولـله به‌ر سنگ‌و ملى كه‌وتووه‌و به‌شێك له‌جگه‌ر‌و گورچیله‌یه‌كى گرتووه‌ته‌وه چاره‌سه‌رى سه‌ره‌تایى بۆ كراوه‌و بۆ نه‌خۆشخانه‌ى سلێمانى ره‌وانه‌كراوه به‌هۆى ناجێگیرى بارى ته‌ندروستییه‌وه. كه‌سوكاریشى ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه "ئاگادارى رووداوه‌كه نه‌بوون‌و كاژێر 3:30 خووله‌كى له‌ناو ماڵى خۆیان ته‌قه‌ى لێكراوه".




