ئەحمەد سەنگاوی: شکستھێنانی (ڕیاڵ مەدرید) بە (بەرشەلۆنە) بووە بە دیاردەیەکی ئاسایی, ھەتا کاتێک (ڕیاڵ مەدرید) بەگۆڵێکیش پێش دەکەوێت دوو دڵ و بە گومانە لە بردنەوە وپێویستیان بە تۆمارکردنی گۆڵی دیکەیە, بۆ ئەوەی بڕوا بە چاوەکانی خۆیان بکەن کە پێشکەوتوون و ئەوھەستەیان لا گەڵاڵە بووبێت کەپێشی دژبەرەکەی کەوتووە, بەردەوام ئەم خەونە (میسی) وھاوڕی بێزارکەرەکانی نەیانھێشتووە بێتەدی.
وا بۆ شەشەم یارییە لە دوای یەک لە (کلاسیکۆدا) دا (مۆرینھۆ) ناتوانێت بە ڕووسپییەوە لە یاریگا دەرچێت, دەشێت بڕێکی زۆری شکستەکانی یانەی (شاھانە) لە ئەستۆی ڕاھێنەرەپۆرتوگالییەکە بێت، چونکە یاریزانانی یانەکەی لە ژێر فشارێکی زۆری ئەودا یاری دەکەن، ھەندێک جار دەگاتە ڕادەی سەپاندنی بۆچوونی کەسی، بە ئەندازەیەک زۆر لە یاریزانان دەکات لە جێگایەک یاری بکەن کە لە بنەڕەتداشوێنی سەرەکی ئەوان نییە، بۆ وێنە دەبینین بەرگریکار دەھێنێتە ناوەڕاست یاریزانی ناوەند دەباتە بەرگری یاریکەری لای ڕاست دەنێرێتەلای چەپ وپەپێچەوانەیشەوە.ئەم نموونانە بەڵگەن لەسەر سەپاندنی بۆچوونەکانی مورینھۆ بەسەر یاریزاناندا, کە چ دەستێکی باڵای ھەیە لە ئاراستەکردنیان لە یاریگادا,واتا بەرپرسیارییەتی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ئەخرێتە ئەستۆی مۆرینھۆ.
لە یاری چوونی کلاسیکۆدا,ڕیاڵ مەدرید پشتی بەپلانی دژەھێرش دەبەست چاوەڕوانی بەرشەلۆنەی دەکرد تاوەکو نێزیک دەبنەوە لە دەروازەکەی (کاسیاس),زۆربەلامەوە سەیرە وەک ئەوەی (ڕیاڵ مەدرید) (مالاگا و مایۆرکا) بێت، ناچار بێت گیربخوات لە گۆڵەکەیدا. ئەوەی مەدریدی تێک وپێکداوە ئەوھەمووشکستە نییە، بەلکو ئەوخۆبەدەستەوەدان و لەپێکەوتنەیە لە بەرابەر یانەی (بەرشەلۆنە)دا,لەبری ئەوەی خاڵە کزو لاوازەکانی (گواردیۆلا) بگرێت، لەوانە فشارخستنەسەر یاریزانانی (بەرشەلۆنە) بە شێوەیەکی گورج, دواتر خێراکردنی ڕیتمی یاریکردنیان. "واوەیلا بۆ ئەو یانەیەی بەپلانی بەرگری یاریدەکات لە دژی میسی و ھاوەڵەکانی". "ھەشبەسەر ئەو یانەیەی ڕیتمی یاری خێرا نییە لەگەڵ بەرشەلۆنەدا".
بڕواناکەم ھیچ یانەیەک ھەبێت لەئێستادا لە ڕووی ھونەرییەوە بگات بە ئاستی (بەرشەلۆنە) ھەر بۆیە گەیشتوومە بەو دەرئەنجامەی (مۆرینھۆ) ھێندەی ھۆشی لەلای بردنەوەیە بە ھەرشێوەیەک بێت, نیو ھێندە بیری لەلای بەرەنگاربونەوەی بەرشا نییە.
لەو دەمەی ئەم پرتوگالییە بووە بە ڕاھێنەری یانەی مەدرید، کلاسیکۆ بووە بە کۆمیدیایەکی قێزەون، بووە بە ئیھانە بۆ مەدرید، ڕەنگە ھیچ قۆناغێک نەبینینەوە لەمێژووی یانەی مەلەکیدا بەم شێوەی ئێستا چۆکی دادابێت و ئەژنۆیان پێ لەزەوی نابێت.
نووکتەیەکی تری وەرزشی ئەوەبوو (ڕیاڵ مەدرید) پلانی ئۆفسایدی جێبەجێ دەکرد لە کلاسیکۆدا، کە بە تێگەیشتنی من یاریکردنە بە ئاگر, چوون یاریزانگەلی لە شێوەی (فابریگاس, ئینیاستا, میسی) زۆر لەوە ژیرانەتر مامەڵەدەکەن وکەمترین کات دەکەونە داوی ئۆفسایدەوە, وەک بینیمان یاریزانێکی بەرگری (ئیریک ئەبیداڵ) توانی سوود لەم ھەڵە کوشندەیە وەربگرێت.
سبەی شەو لەیاریگای (نیوکامپ) ئەگەرچی کەس نازانێت ( خۆسێ مۆرینھۆ) بە نیازی چییە و بەچ شێوازێک یاری دەکات, ئایا بەردەوام دەبێت لەپەیڕەویکردن لەپلانی بەرگری کە عاقبەتەکەی شکتھێنانە؟ یان کار لەسەر گەڕانەوەی ھەیبەت و سام و شکۆی یانە خاوەن مێژووییەکە دەکات؟
شەکم نییە لەوەی یاری بە(ئەلتینتۆپ) ناکات،بەھۆی گەڕانەوەی (ئاربیلۆ)وە,بۆیە نابێت بە ھیچ کلۆجێک بیر لەپلانی بەرگریکردن بکاتەوە, چونکە پێویستی بە تۆمارکردنی دووگۆڵە, ھەرچەندە لەتۆپی پێدا ھیچ شتێک مەحال نییە، جوانی تۆپی پێ لەوەدایە کە زۆرجار ئەو شتەی ئێمە چاوەڕێی ڕوودانین، ئەوە ڕوونادات، دەگمەن جار ئەوە ڕوودەدات کە بینەر بیری لێدەکاتەوە، وەلێ سەرکەوتن بەسەر یانەیەکی وەکو ( بەرشەلۆنە) دا وەک "سەرکەوتنە بەسەر چیای ھەڵەمووت و سەختدا" چونکە ئەم یانە کاتەلۆنییە ئارا وقارای لە یانەکانی دونیا ھەڵگرتووە و بڕستی لێ بڕیون, بەڵام تەنھا ڕێگەچارە لە بەردەم (مۆرینھۆ)دا کە بە ئەگەرێکی لاوازیشی دەبینم لە یەککاتدا ھێرشبەرێت و بەرگری بکات, پاشان زیاد لە گۆڵدروستکارێک بێنێتە نێو یاریگاکەوە لەچەشنی (کاکا, ئوزێل) و دەبێت بە پلانی خنکاندن یاری بکات، واتا خنکاندنی یاری (بەرشەلۆنە) لە ناوەندی یاریگادا کە بەھێزترین چەکی یانەی بارشایە.
ھەروەھا زۆر گرنگە (ڕۆناڵدو) ھێرشبەری پێشەوە بێت و ھاوئاھەنگ لەگەل (بنزیمە) دا یاری بکات، نابێت مۆڵەت بدەن بە (بەرشەلۆنە) پەیوەندی ناوەند و پێشەوەی ڕیاڵ ببچڕێنن، بۆ ئەوەی مۆرینھۆ کەمێک بەتەکتیکی خۆیدا بچێتەوە, دەبێت ئەم جارە وردتر (بەرشەلۆنە) بخوێنێتەوە, چونکە گەورەترین کێشەی (مۆرینھۆ) لە کلاسیکۆدا نەتوانینی خوێندنەوەیەکی دروستی بەرابەرەکەیەتی, کە ھەردەم نوشووست میوانێکی بەردەوامی سەر سفرە و خوانی یانە مەلەکییەکە بووە لە بەرانبەر کەتەلۆنییەکان.
ووتاری ئەمڕۆ لەڕۆژنامەی کۆمەڵ
خوێندنەوە ھەڵەکانی (مۆرینھۆ) بۆ (بەرشەلۆنە)!!!!
- Ahmed Sengawi




